ڕاپۆرتی کوردستانی

04:55 - 13/10/2019

دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی تاوانی جەنگیان لە ڕۆژئاوا ئەنجامداوە‌

پەیسەر

سوپای تورکیا و چەکدارەکانی کە پاشماوەی داعش و بەرەی نوسرە و ئەلقاعیدەن، بە ئەنقەست و بە شیوەیەکی پلان بۆ دارێژراوە، خەڵکی مەدەنی ڕۆژائاوای کوردستان و نەخۆشخانە و عەمباری ئاو و نانەواخانەکان دەکەنە ئامانج و شەرڤانانیش بە هەموو هێزیانەوە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە.

 بە درێژایی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە و هەولی ئەوە دەدرێت ناوچەکان لە هاوڵاتی مەدەنی چۆڵبکرێت.

تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی لە سەرێکانی
شەڕ و پێکدادان زیاتر لە شاروچکەی گرێسپی ڕوودەدات. بە دریژایی شەوی ڕابردوو شەڕ بە هەموو هێزیەوە بەردەوام بووە، تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ژمارەیەک گەڕەک کە لە لایەن سوپای تورکیاوە داگیرکرابوون، کۆنتڕۆڵکراونەتەوە.

 

سوپای تورکیا بەپێی یاساکانی شەڕ ناجووڵێتەوە و بە ئەنقەست شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بۆردومان دەکات. بەپێی ئەو دیمەنانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکراونەتەوە، نەخۆشاخانەی ڕۆژ کە گەورەترین نەخۆشخانەی ناوچەکەیە، تۆپباران کرا و ژمارەیەک کارمەندی نەخۆشخانەکە برینداربوون.

هاوکات ئۆتۆمبیلی ئامبولانس و تیمە گەڕۆکەکانی تەندروستیش لەلایەن فڕۆکە و تۆپخانەکانەوە بۆردومان کراون و ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیش بریندار بوون.
لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکە بەجێبهێڵن، خوێندنگای سالحیەی سەرێکانی بۆردومان کراوە.

بەپێی زانیاریەکانی پەیسەر پرێس کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەستی گەیشتووە، سوپای تورکیا ٣ هەزار چەکداری تری بۆ سەرێکانی ناردووە، شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوامە.

تاوانەکان لە گرێ سپی
هاوڵاتیانی مەدەنی گرێ سپیان بەجێنەهێشتووە و جگە لەوەش بە سەدان هاولاتی تەبقە و ڕەقە و منبج بۆ یارمەتیدانی خەڵکەکە چوونەتە شارۆچکەی گرێ سپی. بەڵام تۆپخانەکانی تورکیا دەست ناپارێزن و ناوەندی شارۆچکەکە تۆپباران دەکەن.

بەپێی زانیاریەکان گەڕەکی عەین عەروسی باشووری شارەکە بۆردومان کراوە و هەندێک کەس ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

 

هەروەها فڕۆکەکانی تورکیا کاروانێکی خەڵکی مەدەنیان کردووەتە ئامانج کە لە ڕەقەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی مەدەنی ڕوویان لە گرێ سپی کردبوو و لە ئاکامدا بە دەیان کەس شەهید و بریندار بوون.

لە قامیشلۆ وێستگەی کارەبا و نانەوا و فڕن دەکرێتە ئامانج
سوپای تورکیا زیاتر گەڕەکی قەنات سویس و قەدور بەگ لە ڕۆژئاوای قامیشلۆ بۆردومان دەکات. قەناس بەدەستەکانی سوپای تورکیش لەو دیو سنورەوە جگە لە شەڕڤانان تەقە لە خەڵکی مەدەنیش دەکەن.

 

سوپای تورکیا وێستگەی کارەبای قامیشلۆی کردووەتە ئامانج  و زیانێکی زۆر بەر وێستگەکە کەوتووە و هێڵی کارەبا لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ پچڕاوە.

لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ بە بەردەوامی فڕۆکەکانی تورکیا دەفڕن و گوندی کرکی زیرایان بۆردومان کردووە. بەڵام تا ئێستا زانیاری لە سەر قوربانیان بلاونەکراوەتەوە.

هەروەها کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن قەناس بەدەستەکانی سوپای تورکیا لە سەر سنووری نسێبین شەهید کرا و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنیش بریندارکران.

لە گوندەکانی شاروچکەی دێرکی سەر سنوری باکووری کوردستانیش، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بە هۆی تۆپبارانەوە شەهید و بریندار بوون.

گولەبارانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی
سوپای تورکیا و پاشماوەکانی داعش و ئەلنوسرە لە سەر رێگەی گرێ سپی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنیان دەستگیر کرد و لە بەرچاوی کامێراکان گولەبارانیان کردن کە ئەمەش دیمەنی سەردەمی داعش دێنێتەوە بیر. دیمەنی کوشتنی هاولاتیە مەدەنییەکان لەلایەن ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مڕۆڤ بلاوکرایەوە.

سوپای تورکیا تۆپباران دەکات و داعشەکانیش هەوڵی ڕفاندنی خێزانەکانیان لە عەین عیسا دەدەن
لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی، شانە نووستووەکانی داعش لە هەندێک ناوچە دەستیان بە جووڵە کرد. ئاژانسی (ئێف تی پی) ڕایگەیاند، تۆپخانە و فڕۆکەکانی تورکیا بنکەکانی شەرڤانان نزیک لە کەمپی عەین عیسا بۆردومان  دەکەن  و تیرۆریستانی داعشیش هەوڵ دەدەن خێزانە داعشیەکانی ناو کەمپەکە بڕفێنن.

 

بە پێی هەواڵی ئاژانسەکە تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ کەس لە خێزان و ئەندامانی داعش توانیویانە بە پشتگیری داعش و تۆپبارانەکانی تورکیا هەڵبێن.

هەرچەندە مانگی سووری کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا ئاماری شەهید و برینداری مەدەنیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ١٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و نزیکەی ٥٠ هاوڵاتیش برینداربوون، بەڵام لەم دوو ڕۆژەی دوایی دا هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا و پاشماوەکانی داعش و ئەلنوسرە زیادیکردووە و پێشبینیدەکرێت، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار کرابن.

لە لایەکی ترەوە بە پێی هەندێک دیمەنی ڤیدیۆیی ناوچە سنوورییەکانی باکووری کوردستان وەک نسێبین و پێرسوس بۆردومان کراون و ژمارەیەک هاوڵاتی باکووری کوردستان شەهید و برینداربوون، هەرچەندە حکومەتی تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکات، شەرڤانانی هەسەدە باکووری کوردستانیان تۆپباران کردووە، بەڵام هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی ڕەتکردەوە و هاوڵاتیانی باکووری کوردستانیش ئەوە بە کاری سوپای تورکیا دەزانن.

١٣٠ هەزار کەس ئاوارەبوون
نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون.
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس پێویستیان بە یارمەتی هەیە و ژیانیان لە مەترسیدایە.