ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:59 - 15/10/2019

ناکۆکیەکانی تورکیا و سوریا لە سەد ساڵی ڕابردوودا‌

پەیسەر

لە سەد ساڵی ڕابردوودا تورکیا و سوریا کە ٩١١ کیلۆمەتر سنوریان لەنێواندا هەیە، هیچ کاتێک بەیەکەوە هەڵیان نەکردووە و لە هەموو قۆناغێکدا لە ناکۆکی و دژایەتیکردنی یەکتری دا بوون.

لە چاوی تورکیا، سوریا هەموو کاتێک "تیرۆریستانی" داڵدەداوە و ئاوای دیجلە و فوراتی کردووەتە کێشە، هەروەها سنوورەکانی بەزاندووە. حکومەتی سوریاش لە هەموو قۆناغێکدا تورکیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە سەرچاوەی ئاوی دیجلە و فورات بە یەکسانی دابەش ناکات و وەک کارتێکی فشار بەکاریدەهێنێت. هەروەها هەموو کاتێک لەدژی سوریا پشتگیری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە و خاکی سوریای داگیرکردووە.

لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئەنجامی شکستی سوپای عوسمانی، تورکەکان بە ناچاری سوریا و لوبنانیان ڕادەستی فەڕەنسا کرد.

لە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسا دا لوبنان و سوریا بە سەر شەش هەرێم و خۆبەرێوەبەریدا دابەش بوو کە ئەوانیش خۆبەرێوەبەری شام، خۆبەرێوەبەری حەلەب، خۆبەرێوەبەری نوسایری، خۆبەرێوەبەری دوورزی، خۆبەرێوەبەری لوبنان و خۆبەرێوەبەری خەتای (هاتای) بوو.

کێشەی خەتای (هاتای)
خەتای دوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ساڵی ١٩١٩ بە بڕیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەوتە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسا. لە ساڵی ١٩٣٧ مافی خۆبەڕێوەبەری بە خەڵکی خەتای درا و پەرلەمانێک دروستکرا و لە ساڵی ١٩٣٨ دوای مانگێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، جیابوونەوەی خۆی لە تەواوی سوریا ڕاگەیاند و وەک دەوڵەت خۆیناساند. بەڵام بە ڕەزامەندی فەڕەنسا لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٣٩ خەتای کۆنتڕۆڵکرد و کردی بە پاریزگایەکی تورکیا.

دوای بەجێهێشتنی فەڕەنسا سوریا کەوتە دەستی حزبی بەعس و خانەوادەی عەلەوی ئەسەد دەسەڵاتیان گرتە دەست و دەستبەسەرداگرتنی خەتای لە لایەن تورکیاوە وەک داگیرکەریەک لەقەڵەمدرا و ئەمەش بووە هۆی سەرەتای ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکە کە تا ئێستاش سوریا خەتای بە پارچەیەک لە خاکی خۆی دەزانێت.

قەیرانی ١٩٥٧
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم کە وڵاتانی جیهان بە سەر دوو بەرەی سۆڤیەت و ئەمریکادا دابەش بوون و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٠ ناکۆکیەکی زۆر کەوتە نێوان کۆماری تورکیا و کۆماری سوریای عەرەبی.

 

لە ساڵی ١٩٥٠ لە سەردەمی سەرۆکایەتی عەدنان مەندەرەس دا تورکیا بووە ئەندامی ناتۆ و سوریاش لە ڕووسیا نزیکبووەوە.

لە سەردەمی شەڕی ساردی نێوان سۆڤیەت و ئەمریکادا، بە هەمان شێوە ناکۆکیەکی زۆر لە نێوان سوریا و تورکیادا دروست بوو و لە ساڵی ١٩٥٧ هەردوو وڵات سوپایان جوولاند. هەرچەندە ناکۆکیەکانی نەگەیشتە قۆناغی شەڕ بەڵام هەردوولا بەرامبەری یەکتری لە ئامادە باشیدابوون.

قەیرانی ئاو

وەک دەزانرێت، ڕووباڕی دیجلە و فورات لە باکووری کوردستان هەڵدەقولێت و سەرچاوەیەکی گرنگی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشتیاری عێراق، سوریا و تورکیایە.

لە ساڵی ١٩٦٥ حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا لە سەر ڕووباڕی فورات بەنداوێکی دەستی بە دروستکردنی "بەنداوی کەبان" لە ناوچەی کەبانی پارێزگای خارپێتی (ئەلازیغ) باکووری کوردستان کرد و لە ساڵی ١٩٧٥ کارکردن لە بەنداوەکە کۆتایی هات.

بەنداوەکە ٣١ ملیۆن مەتر سێجا ئاڤ لەخۆی دەگرێت و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی حکومەتی سوریا و ناکۆکیەکان دەستیان پێکردەوە. دوای ئەو پڕۆژەیەش، بێ ئەوەی گوێ لە نیگەرانیەکانی سوریا و عێراق بگیرێت، تورکیا لە ساڵی ١٩٧٦ دەستی بە دروستکردنی بەنداوێکی تر بە ناوی بەنداوی کاراکایا و ویستگەی هایدروئەلکتریک کرد و ئەمەش بووە هۆی قوڵترکردنی ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و سوریا و حکومەتی تورکیا گرتنەوەی ئاوی فوراتی وەک کارتێکی فشار بەرامبەر سوریا و عێراقیش بەکاردەهێنا.

ناکۆکی تورکیا و سوریا لەبارەی پەکەکەوە
دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان و ژمارەیەک بەرپرسی پەکەکە لە ساڵی ١٩٨١ ڕوویان لە سوریا و لوبنان کرد و لە ساڵی ١٩٨٤ پەکەکە هێرشی چەکداری لەدژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکرد، دەوڵەتی تورکیا لە هەموو قۆناخەکاندا داوای لە حکومەتی سوریا دەکرد، کاروچالاکیەکانی پەکەکە لە سوریا و لوبنان رابگرن و داوای رادەستکردنەوە عەبدوڵا ئۆجالانی دەکرد، بەڵام حکومەتی سوریای هیچ کاتێک داواکەی تورکیای جێبەجێنەکرد و ئەویش پرسی کوردی لە باکووری کوردستان وەک کارتێکی فشاری لەدژی حکومەتی تورکیا بەکارهێنا و بەو هۆیەوە ناکۆکیەکانی هەردوولا گەیشتە ئاستێکی باڵا. لە کۆتاییدا هەردوولا بە پێی پەیمانی ئەدەنە رێککەوتنێکیان ئیمزا کرد و تا ڕادەیەک لەیەکنزیکبوونەوە لەنێوانیاندا دروست بوو.

پەیمانی ئەدەنە نەبووە هۆی دۆستایەتیەکی دوورودڕێژ لەنێوان تورکیا و سوریادا
لە ساڵی ١٩٩٨ دوای دانوستانێکی دوورودرێژ بەرپرسانی تورکیا سوریا لە شاری ئەدەنەی تورکیا لە بارەی پرسی پەکەکە و کێشەی ئاو و بەزاندنی سنوور ڕێکەوتن.

تورکیا دەستی بە کردنەوەی ئاوی بەنداوەکانی دیجلە و فورات کرد و بەڵێنیدا بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری سوریادا نەکات. هەرچەندە ئەم خاڵانە لە پەیمانەکەدا نەنووسران، بەڵام لە میدیاکاندا بە ڕوونی باسکرا.

ده‌قی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌:
1.له‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌دواوه‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان-ی سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان ‌ له‌سوریا نامێنێته‌وه‌، هاوكات ڕێگه‌شی نه‌درێت بۆ سووریا بگه‌ڕێته‌وه‌.
2.ڕێگه‌ به‌ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ نه‌درێت له‌ده‌ره‌وه‌ بێنه‌ ناو خاكی سوریاوه‌.
3.له‌م ساته‌وه‌ باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌نێو سوریا نامێنن، هاوكات ڕێگه‌ش نادرێت چالاكییان هه‌بێت.
4.به‌گوێره‌ی لیستێك كه‌ توركیا ده‌یداته‌ سوریا، ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن‌و ڕاده‌ستی دادگای توركیا ده‌كرێنه‌وه‌.

چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی
1.دامه‌زراندنی هێڵێكی گه‌رم له‌نێوان هێزه‌ئه‌منییه‌كانی  سوریا‌و توركیا، بۆ ئاگاداربوون له‌كاره‌كانی یه‌كتر.
2.له‌پاڵ دیپلۆماتكارانی هه‌ردوو وڵات له‌دیمه‌شق‌و ئه‌نكه‌ره‌، ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكاری ئه‌منیش ڕه‌وانه‌ی هه‌ردوو پایته‌خته‌كه‌ ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی ورد بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌ده‌نه‌ بكرێت.
3.ده‌بێت لوبنان-یش به‌شێك بێت له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌‌و ڕێگه‌ به‌ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ دۆڵی بیقاع له‌و وڵاته‌ نه‌دات، كه‌ بۆته‌ مۆڵگه‌ی مه‌شق پێكردنی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌.
به‌ڵام له‌ لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی میسر و سعودییه‌ و ئیمارات ڕه‌تیانكرده‌وه‌، ئه‌وان نایانه‌وێت ڕۆڵی توركیا له‌ سوریا و ناوچه‌كه‌ زیاتر بێت، هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و ئیسرائیلیش ڕه‌تیانكرده‌وه‌ توركیا له‌ سوریا ڕۆڵی سه‌ردار و سه‌روه‌ر بگێڕێت.
سوریا بەندەکانی پەیمانی ئەدەنەی جێبەجێکرد، بەڵام دوای شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیمانەکەی پێشێل کرد و بە پشتگیریکردنی گروپە جیهادی و توندرەوەکان و داعش دەستوەردانێکی قوڵی لە سوریا کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە.

ناکۆکیەکان لە سەرەتای ئالۆزی سوریاوە

لە سەرەتای قەیرانی سوریا، ئەردۆغان و حکومەتەکەی دژایەتیەکی تەواوی بەشار ئەسەد و حکومەتی دیمەشقیان کرد و داوای ڕووخاندنی حکومەتەکەیان دەکرد و گروپە توندرەوەکانی پرچەک کرد.

هەرچەندە دیسانەوە شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولادا ڕووینەدا، بەڵام گروپە جیهادیەکان بە وەکالەت شەڕیان بۆ تورکیا کرد.

بەو شێوەیە هیچ واتایەکی ڕێککەوتنی ئەدەنە نەما، بەڵام لەم دواییانەدا لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی نێوان ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیمانی ئەدەنە زیندووکرایەوە و ئەم هێرشەکە داگیرکەریەی حکومەتی تورکیا و چەکدارەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.

هەرچەنە لەم ٩ ساڵەی قەیرانی سوریادا، ووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولادا ڕووینەدا، بەڵام قەیرانی خستنی هەلیکۆپتەری ڕژێم و پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریا لە لایەن تورکیاوە، هۆکاری دوورکەتونەوەی ئەو دوو حکومەتە بوو.

هێرشی ٩ی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان

٩ی ئەم مانگە دەوڵەتی تورک بە بەشداری پاشماوەکانی سوپای سوریای ئازاد، داعش و ئەلنوسرە، هێرشێکی فراوانیان لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد کە تا ئیستاش بەردەوامە. دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانەکان و کشانەوەی ئەمریکا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتنێکی سەربازیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا و ڕووسیا کرد و بەشێک لە هێزەکانی ڕژێم بۆ کۆبانێ و منبج گەڕانەوە.

حکومەتی تورکیا بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەگەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا لەو ناوچانەی کە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە، بەرامبەریان بووەستنەوە، دەستی لێناپارێزێت.

حکومەتی سوریا باش دەزانێت ئەو ناوچانەی کە تورکیا داگیری دەکات، دەبێتە موڵگەیەک بۆ چەکدارەکانی سوپای سوریای ئازاد و گروپە جیهادی و دوژمنانی و بەو هۆیەوە پێدەچێت، ڕێگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بگرێت و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی دیکەی ناکۆکیەکانی نیوان سوریا و تورکیا.