ڕاپۆرتی کوردستانی

06:46 - 17/10/2019

فەتحوڵا گولەن و كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان‌

پەیسەر

محەمەد فەتحوڵڵا گولەن ( Fethullah Gülen)  كەسایەتیەكی توركەو لەڕووی ئاینییەوە  ئیسلامییەكی سونە مەزهەبەوبیرمەندو بانگەوازکارێکی دیاری پەیامەكانی نوورە كە سەعید نورسی –یان سەعیدی كوردی- بە دامەزرنەری دادەنرێت ، لەمیدیای دەوڵەتی توركیادا بە (فەتۆ) بەناوبانگە و لەناو لایەنگرانی خۆشیدا  مامۆستا ، لە ٢٧ی نیسانی ١٩٤١ لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئەرزڕوم ی باكووری كوردستان لەدایکبووە، هەندیك باس لەوە دەكەن بەڕەگەز كوردبێـت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی پشتڕاستی نەكردووەتەوە، لە هەمان كاتیشدا لە زاری خۆیەوە شتێكی لەو شێوەیە باس نەكراوە، بەڵام ئەوەی كە جێگەی مشت و مڕنییە ناوبراو لەدایك بووی پارێزگایەكی كوردستانی باكوورە . لە تۆمارە فەرمیەكانی وڵاتی توركیادا  بە‌ "محمدفتح اللە "ە‌وە ناوی تۆمار كراوە.


هاوڕێ و هاوخەباتی یەكتری دوێنێ و نەیارو دوژمنی ئەمڕۆن
لە خوێندنگەی ئایینیدا خوێندویەتی و لە مناڵی و گەنجیدا و ڕۆیشتوەتە تەکییەوە و لەگەڵ زانستە ئایینیەکاندا پەروەردەیەکی ڕۆحی کراوە، ھەروەھا خوێندنی زانستەکانی تر و فەلسەفەی لە بیر نەکرد، لە ماوەی ساڵەکانی خوێندنییدا بە( پەیامەکانی نوور) ئاشنا بوەو  زۆر کاریگەر بوو پێیان،  بووە بە ئەندامی ئەو ڕێكخراوەی كە پێیان گورتراوە –نوور-یەكان یان شوێنەوتووەكانی –پەیامی نوور- کە بزوتنەوەیەکی نوێخوازی و نوێکەرەوەی ئاینیی گشتگیر بوو و بەدیعوزەمان سەعید نوورسی پێشەوایەتی کردووە.

فەتحوڵڵا گولەن لە دوای ١٩٩٠ ھەستاوە بەدامە‌زراندنی بزوتنەوەیە‌ک بۆ گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن لە نێوان ئایینەکاندا بەمیانڕەوی و دوور لە تورەبوون و گرژیی، و ئەم بزوتنەوەیە لە تورکیادا ناوبانگی درکرد، پاشان لە دەرەوەی تورکیا بە هۆی وەرگێڕانی بابەتەكانی بۆ سەر زمانەكانی دیكە بزووتنەوەكەی كاریگەری لەسەرئەو كەسانە دادەنا كە لە ژێر كاریگەریی پەیامەكانی نووردا بوون، 

لەسە‌رداوای پاپا فەتحوڵلا گویلەن رۆشتە ڤاتیکان و لە‌گە‌ڵ پاپادا کۆبووە‌وە. ئەم بزوتنەوەیە بە پێویستی ئەزانێت بە ڕووی ھەموو جیھاندا بکرێتەوە و چەندین بواری ھاریکاری ھەبێت لە نێوان ئیسلام و ئایینەکانی تردا. ئە‌مە‌ش لە‌سە‌ر بنە‌مای ئە‌و وتە‌ی "بە‌دیعوزە‌مان سە‌عیدی نورسی"ە کە‌دە‌ڵێت لە ئاخیرزە‌ماندا نە‌ک تە‌نھا موسوڵمانان بە‌ڵکو دە‌بێت ئیسلام و ھە‌موو ئاینە‌کانی تر دژی بێ دینی یە‌ک بگرن.

دواتركارەكانی زیاتر بەرەو پێش چوون و لە شاری ئیزمیرلە ساڵی 1979 بزووتنەوەكەی ناونا "خزمە‌ت" لە بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تر بە‌وە جیادەکرێتەوە کە پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن ڕۆژئاواوەوە لێدەکرێت، بە ھۆی کرانەوەیەی بە ڕووی جیھاندا، رەتی هەموو هەڵس و كەوتێكی توندوتیژی دەكەنەوەو پێیان وایە تەنها لە ڕێگەی ئەو جۆرە پەروەردەیەی خۆیان دەیانەوێت كاری راستەقینە ئەنجام دەدرێت، بانگەشەی ھاریکاری و لێک تیگەیشتن دەکات لە نێو ھەموو ئایینەکان و ھەموو جیھاندا، لە بابەتە سیاسییەکاندا، دیموکراسی بە باشترین چارەسەر دادەنێت. بزوتنە‌وە‌کە خۆی بە‌دور لە سیاسە‌ت دە‌گرێت و ھیچ دە‌ست تێوە‌ردانێکی سیاسی ناکات،بەڵام كاتێك دێتە سەر كاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی توركیا و ئۆپۆزسیۆن بوون ئەو كاری خۆی دەكات و لەناو دام و دەزگا فەرمیەكانی ئەو وڵاتەدا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لایەنگری هەن و كارەكانیان بە شێویەك ڕێكخستووە كە دژایەتی ئەردۆگان و حكومەتەكەی بەئاشكرا پێوە دیارە. بەڵام هەندێكی دیكە باس لەوە دەكەن خۆرئاواییەكان بۆیە لایەنگری بزووتنەوەی خزمەت دەكەن بۆ ئەوەیە وەك كارتێكی فشار بەدیستیانەوە بێت بۆ ئەوەی دژایەتی دەسەڵاتدارانی توركیای پێبكەن.

وێنەیەك لە ژووری نوستنەكەی گولەن لە ئەمەریكا
 لە‌و کاتە‌دا کە "فە‌تحوڵا گولە‌ن" بە کامپی خوێندنە‌وە و خوێندکارانە‌وە سە‌رقاڵبوو لە ئیزمیر لە ساڵی ١٩٦٩، نە‌جمە‌دین ئە‌ربە‌کان سە‌ردانی کرد و داوای لێکرد بچێتە ڕیزی پارتە‌کە‌یە‌وە و واز بھێنێت لە پە‌روە‌ردە‌کردنی منداڵ و واز لە خوێندن و خوێندنگە بھێنێت چونکە بە‌بڕوای ئە‌و خزمە‌تی ئیسلام لە ڕێگە‌ی سیاسە‌تە‌وە خزمەت دە‌کرێت بۆیە بە "فەتحوڵڵا گویلەن"ی ووت:" واز لە‌م خوێندکارانە بھێنن چونکە خزمە‌تی وڵات لە ڕێگە‌ی سیاسە‌تە‌وە دە‌بێت"، گولە‌ن داواکە‌ی پە‌سە‌ند نە‌کرد و بە‌ردە‌وام پێی ڕاگە‌یاند کە سیاسە‌ت كاری ئە‌و نیە و بە‌ردە‌وام دە‌بێت لە ڕێبازە‌کە‌ی خۆی.

بەڵام كاتێك دێتە سەر هەڵوێست وەرگرتن لە گەورەترین حیزبی كوردی لە باكووری كوردستان كە پارتی كرێكارانی كوردستانە، فەتحوڵا گولەن بە ئاشکرا دژی پارتی کرێکارانی تورکیایە و دەزگای زەمان و دەزگاکانی تری هەمیشە پەکەکە بە "تیرۆریست" ناو دەبەن. لە کاتی دوا دانیشتنەکانی ئۆجەلان و تورکیا لە ٢٠١٣، گولەن ڕێکەوتنەکەی بە "پەیماننامەی حودەیبیە" شوبهاند . ئەمانیش وەڵام ئەدەنەوە کە گوایە مەبەستیان ئەوە نەبوە پەکەکە بە کافرەکانی قوڕەیش بچوێنن، بەڵام چواندنی ئەو ڕێكەوتنە هیچ مانایەكی دیكە هەڵناگرێت و لە نێو كایەی سیاسی گولەندا شتێك نیە بەناوی پارتی كرێكاران و بە هەموو شێوەیەك بوون و بەرنامەكانیان ڕەت دەكاتەوە. 

هەروەها لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رەخنە لە چەكدارەكانی توركیا دەگرێت كە بۆچی ئەوەندە دەستەوسانن لەبەرامبەر پارتی كرێكاراندا و پێیان دەلێت: ئێوە یەك ملیۆن چەكدارتان هەیە، وەك دەگوترێت پەكەكە تەنها پێنج هەزارن، نەك پێنج هەزار با پەنجا هەزایش بن، بچن چواردەوریان بگرن و لەناویان بەرن، كەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستەییەی كە گولەنیەكان لە ئاستی نەتەوایەتی دا توركێكی زۆر توندڕەوەن و باوەڕیان بە قەتڵ و عامی ئەندامانی پەكەكە هەیە تا ئاستی كۆمەڵكوژیی.

لە لایەن زۆرێک لە نەیارانەكانیەوە فەتحوڵا گویلەن تۆمەتبار ئەکرێت بە شێوازی شاراوەی کار کردن بە جۆرێک هەندێ دەڵێن :کۆمەڵگاکەی گولەن وەک (خێو) وان، لەهەموو جێگایەک هەن و نیشن. مایەی ترسن بۆ کۆمەڵگا چونکە ئەوان کۆنترۆڵی پۆلیسیان کردوەو بەشێكی زۆر ئەو سێكتەرەیان گرتوەتە دەست.

هەروەها تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی لەگەڵ دەزگا سیخوڕیەکاندا وەک( سی ئای ئەی ئەمەریكی) ئەم تۆمەتە لەلایەن سەرۆکی پێشوی دەزگای سیخوڕی تورکیا (MIT) خۆیەوە خراوەتە ڕوو کە گوایە لە ساڵەکانی 1990دا لە قرغزیستان جێگای هەندێ سیخوڕی سی ئای ئەی کردۆتەوە لە قوتابخانەکانیدا. وە هەروەها لە لایەکی ترەوە تۆمەتبارە بە هاوکاری کردنی دەزگای سیخوڕی (تورکیا) خۆشی. ئەوە سەرەڕای ئەوەی مانەوەی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا تا ئێستە مایەی هەڵوێستە لەسەر كردنە. چوون ئەو بەناوی چارەسەركردنی نەخۆشییەوە چووە دەرەوەی وڵات لە ساڵی 1999 بەڵام تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە هەرچەندە چەندینجار وڵاتی توركیا بە فەرمی داوای لێكردوون كە ڕادەستی بكەنەوە بەڵام ئەوان ڕازیی نەبوون. زۆرێکیش ئەڵێن بەهۆی ئەو داوا سیاسیانەوە لە تورکیا چووەتە دەرەوە کە تۆمەتبارکراوە بە ڕووخاندنی دەوڵەت و هاندانی خەڵك لە دژی دامەزراوەكانی .

تۆمەتباری سەرەكی لە كودەتاكەدا گولەنی هاوڕێ و مامۆستاكەی بوو
دواجار لەتەمموزی ٢٠١٦دا لە توركیا هەوڵی کودەتا دراوە بەسەر حکوومەتی ئاکپارتیدا، لەدوای شکستی کوودەتاکە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا تۆمەتی هەوڵدانی کودەتاکەی ڕووبەڕووی گولەن كردەوە، لەبەرامبەردا گولەن بەناڕاستەوخۆ ئەوەی ڕاگەیاند کەئەگەری هەیە کوودەتاکە لەلایەن خودی ئەردۆگانەوە ئەنجامدرابێت و بۆ تێوە گلانی ئەو بووبێت، یان بۆ ئەوەی چەندین كەس بەو ناوەوە پاكتاو بكات.

هەر لەو ساڵەدا داواکاریی گشتیی ئەنكەرە بەمەبەستی دادگاییكردنی فەتحوڵا گولەن، دۆسیەیەكی تایبەتی بۆ ئامادە کردووەو تیایدا 8 تاوانی گەورە بە غیابیی ڕووبەڕووی كراوەتەوە. تیایدا ئاماژە بەزانیاری لەسەر ناسنامەی گولەن و شوێن و مێژووی ئەنجامدانی تاوان و سزای دیاریکراو لەمبارەیەوە کراوە.بەپێی زانیارییەکان ئەو كارە بەمەبەستی رادەستکردنەوەی گولەن، وێنەیەكی دەدرێتە بەرپرسانی ئەمریکا.

لەو دۆسیەیەدا تاوانەکانی "ھەڵخەڵەتاندن"، "ساختەکردن لە بەڵگەنامەی فەرمی"، "سیخوڕیکردن لەسەر خەڵک و تۆمارکردنی دەنگ" و "دەستێوەردان لە ژیانی تایبەتی" لەسەر فەتحوڵا گولەن سەلمێنراوە. مێژووی هەموو تاوانەكان لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٠-٢٠١٦ و شوێنی تاوانیش شاری ئەنكەرە دانراوە. ھاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە چەند كەسێك لە ئەندامەكانی فەتحوڵا گولەن پرسیاری تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەكانیان پێش ئەنجامدانیان بەدەست ھێناوە و بەسەر ئەندامانی خۆیاندا بەمەبەستی دامەزراندنیان لە دامەزراوەکانی حکوومی دابەشیان کردووە. لەبەر ئەوەی ناوبراو (نەخۆی نەپارێزەری بەرگریی) ئامادە نەبوون تاوانەكان یەك لایەنانە بەسەریدا سەپێنراوە. 

پرسی ڕادەستكردنەوەی گولەن بە دەسەڵاتدارانی توركیا بەردەوامەو لە هەر بەریەك كەوتنێكی سیاسی و هەموو كۆبوونەوەیەكدا دێتەوە بەرباس، هەرچەندە گولەن چەندین جار ڕایگەیاندووە كە ئەو هیچ لارییەكی لەوە نیە بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام پێی وایە دادگاكانی توركیا سەربەخۆ نین و لایەنگرانەو بە ڕق و كینەوە بڕیار دەدەن.

بە پێی هەواڵی میدیاكان لەدوای 2011 و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، كە سوریای دراوسێی توركیاشی گرتەوە، كوردەكانی رۆژئاوا، توانییان ببنە خاوەنی كیانێكی بەهێزی خۆبەڕێوەبەریی، ئەوەش بۆ توركیا مایەی نیگەرانی بوو، هەربۆیە ڕێكخراوی داعشی تیرۆرستی بەهێزكرد، لەڕێگەی وڵاتەكەیەوە هەرچی تیرۆرستی جیهان هەیە پەلكێشی كردن بۆ ئەوەی كورد كیانێكی نەبێـت، بەڵام كوردەكان بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانیان توانییان تەلیسمی داعش بشكێنن، دوای ئەوە گفت و گۆی نێوان توركیا و ئەمەریكا بۆ ڕادەستكردنەوەی گولەن پێی نایە قۆناغێكی دیكەوە، ئەویش ئەوەیە (كورد – گولەن)ی خستە بەرامبەر یەك، بەو مانایەی ئەگەر پشتیوانی لە كوردەكان دەكات ، ئەوا گولەنیان ڕادەست بكاتەوە، خۆ ئەگەر گولەنیان ناداتەوە، ئەوا دەست بەرداری كوردەكان بێت، چوون ئەو ڕێگە بەوە نادات لەناو وڵاتێكی دراوسێ و هاوسنووریدا كورد بگاتە دەسەڵات و حكومەتێكی نوێ دابمەزرێنێت، هەر بۆیە بەشێك لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن كاتێك ئەمەریكا هەوساری بۆ توركەكان شل كردووە هێرش بكاتە سەر رۆژئاوا، بەو مانایەش دێت كە داواكارییەكانی بۆ ڕادەستكردنەوەی گولەن بۆ ماوەیەكی دیكە دوابخات و لە گەڕێكی دیكەدا بیخاتەوە بەرباس و گفت وگۆ.

بەشێك لە ئەندامان و لایەنگرانی گولەن بەرەو لێكۆڵینەوە دەبرێن
بەڵام بە پێی قسەی وەزیری دادی توركیا بێت كە ماوەیەك بەر لە ئێستا سەردانی ئەمەریكای كردووە و لەگەڵ هاوتاكەیدا كۆبووەتەوەو پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: ئەوان نازانن بۆچی ئەمەریكا خاوەخاو دەكات لە ڕادەستكردنەوەی (فەتۆ)دا، چوون هەرچی ڕێكەوتنی نێوان ئەمەریكاو توركیا هەیە بەشێكی پەیوەندی بەو كەسەوە هەیە. نیگەرانیی خۆشی لەوە دەربڕیی كە تائێستا دۆسیەی ئەو داواكراوە نەدراوەتە دادگاكانی ئەمەریكا. لە هەمان كاتیشدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەرچی قوتابخانەكانی سەر بە فەتحوڵا هەیە دابخرێن.

سەبارەت بە هەڵوێستی گولەن لەبارەی كێشەی رۆژئاوای كوردستان كە ئەو پێی دەڵێت باكوری سوریا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت: چەندین جار ئامۆژگاریی دەوڵەتی توركیامان كردووە، كە بۆ چارەسەری كێشەكان جگە لە چەك ڕێگەی دیكەش هەیە، ئەویش ڕێكەوتنە لەگەڵ بەشار ئەسەد، تا دەستی بگیرێت و بخرێـتە سەر سیستەمی دیموكراسەیەت، تەنانەت ئەگەر پێویستیان بە هاوكاریی مادیش هەبێت بیانكەن، بەڵام ئەوان بە لەخۆی بایبونەوە سووربوون لەسەر ئەو بەرنامەیەی كەخۆیان گرتویانەتە بەر. هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو ئەوەی كە ئەمڕۆ دەبینرێت پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە كە بووەتە هۆی وێرانكارییەكی زۆری خاكی سوریاو كوژراوێكی زۆر و ئاوارەبوونی بەرفراوان.

دڵیان بۆ بكەنەوە با لەڕووماندا چەك بەرزنەكەنەوە
ئەوەی جێگەی سەرنجە گوتاری گولەن لەناو كێشەكاندا بەشێوەی ئامۆژگاریی یەك لایەنەیە بۆ دەسەڵاتی توركەكان، نەك چارەسەری هەمە لایەنە، ئەو كاتێك دێتە سەرباسی كوردەكان بەشێوەیەك قسە ناكات كە كێشەی نەتەوەیەك لە توركیا بوونی هەیە، دەڵێت جیاوازییمان نیەو هەموومان خەڵكی ئەنادۆڵین با زمانیشمان جیاواز بێت. پاشان هەموو پێكهاتەكان دەتوانن لە پەرلەمانی سوریا دا نوێنەریان هەبێت و دەكرێت لەو ڕیگەیەوە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت. كێشەكان بە لوولەی تفەنگ چارەسەر نابن، دەبێت ئێمە دڵ بۆ هەموو لایەك بكەینەوە بۆ ئەوەی تفەنگمان بەڕوودا بەرزنەكەنەوە. بەڵام من چەندین جار پێمگوتوون پەنا بۆ تندوتیژی نەبەن، كە بە گوێیان نەكردم ئازاردانی كوردەكانی لێكەوتوەتەوە.. بە كورتی من چەند جار گوتوومە كێشەكان بە تفەنگ چارەسەر نابن، بەڵكو بە دانوستان و دانانی پێگەو رێزگرتنی بەرامبەر دەبێت.