ڕاپۆرتی کوردستانی

04:46 - 20/10/2019

لە شارە تورکیەکان هێرش بۆ سەر هاوڵاتیە کوردەکان زیادیکردووە‌

پەیسەر

لەو دواییانەدا لە تورکیا هێرشی تورکە نەژادپەرستەکان بۆ سەر هاوڵاتیە کوردەکان زیادیکردووە و پارێزەرانی مافی مڕۆڤ دەڵێن، هۆکاری هێرشەکان دوژمنایەتی حکومەتی ئاکاپە بەرامبەر گەلی کوردە.

 دوای هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و میلیشیاکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ناو خۆی تورکیادا کوردەکان ڕووبەڕووی هێرشی تورکە ڕەگەزپەرستەکان دەبنەوە .

کوردێکی تەمەن ٧٤ ساڵ بریندار کرا
لە ١٥ی ئەم مانگەدا (تشرینی یەکەم) لە شاری چاناکالەی تورکیا کوردێکی تەمەن ٧٤ ساڵ بە ناوی ئەکرەم یاشلی کە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، بە هۆی ئەوەی بە کوردی قسەی کرد، ڕووبەڕووی هێرشی خزمی نەخۆشێکی تورک بووەوە و بریندا کرا. بە کوردە ٧٤ ساڵەکەیان وت،'ئێرە تورکیایە و نابێت بە هیچ زمانێکی تر قسە بکرێت' و بە شووشەی شەربەت سەریان شکاند.


دوای ڕووداوەکە ئەکرەم یاشلی سەردانی کۆمەڵەکەی مافی مڕۆڤی کرد و لە دادگا سکالای تۆمار کرد، بەڵام پێی ڕاگەیەندرا کە هێرشبەرەکە (شێتە) و لە شێتیش ناگیرێت و تا ئێستاش دەستگیرنەکراوە.

پارێزگاری چاناکالەش بەیانامەیەکی لەبارەی ڕووداوەکە دەرکرد و ڕایگەیاند، هێرشەکە هیچ پەیوەندیەکی بە حاڵەتی ڕەگەزپەرستیەوە نییە و نابێت ڕووداوەکە لەلاڕێدا ببرێت و دادگا بڕیاری خۆی دەدات.

ئینجە ساغر پارێزەری ئەکرەم یاشلی ڕایگەیاندووە، لە چ کاتێکدا هێرش و شەڕ و پێکدادان ڕووبدەن، ڕوو لە هاوڵاتی کورد دەکەن و برینداریان دەکەن و دەیانکوژن و بەم هێرشەی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوە هێرشەکان زیادیکردووە.


کوشتنی باوکێک و بریندارکردنی کوڕەکەی
لە شاری ساکاریای تورکیا هاوڵاتیەکی کورد بە ناوی قادر ساکچی تەمەنی ٤٣ ساڵ و کوڕەکەی تەمەنی ١٦ ساڵ بە هۆی ئەوەی بە کوردی قسەیان کرد ڕووبەڕووی هێرشی ژمارەیەک ڕەگەزپەرستی تورک بوونەوە.


ڕووداوەکە بەم شێوەیەیە"
"کۆمەڵێک ڕەگەزپەرست لێی کۆدەبنەوە پێیان دەڵێن ئێوە کوردن یان خەڵکی سوریا؟ ئەوانیش دەڵێن بەلێ ئێمە کوردین. ڕەگەزپەرستێک دەمانچەکەی دەردەهێنێت و تەقەیان لێدەکات. باوکە کوردەکە دەکوژێت و کوڕەکەشی بریندار دەکات."

لە بارەی ڕووداوەکە پارێزگاری ساکاریا بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت، 'هێرشەکە هیچ پەیوەندیەکی بە ڕەگەزپەرستیەوە نییە و هەندێک لایەن بەکاری دەهێنن.

وەیسی ئەسکی پارێزەری باوک و کوڕە کوردەکە بۆ مالپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، ئێمە ئاگادارین دەیانەوێت وەک کوشتنێکی ئاسایی لەقەلەمبدرێت. هەرچەندە هەموو ئاماژەکان باس لە هێرشێکی ڕەگەزپەرستی دەکەن، بەڵام دادگا تا ئێستاش دانیشتنەکەی دوا خستووە.

برای قوڕبانیەکە دەلێت، وەک ئەوەی ئەوان تاوانەکەیان ئەنجام دابێت، چوار جار وتەیان لێوەرگیراوە و هەموو جارێکیش دانیشتنەکە دوادەخەن.

٥٠ ڕۆژە گەنجێکی کورد بێهۆشە
١٣ی ئەیلول لە شاری ئاداپازاری تورکیا شیرین تۆسۆنی ١٩ ساڵ بە هۆی ئەوەی بە کوردی قسەی کرد ڕووبەڕووی هێرشی ٦ ڕەگەزپەرستی تورک بووەوە. شیرین تۆسۆن شاگردی پاسی کۆمپانیای جان دیاربەکر بوو. لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ کۆکردنەوەی فستق و بندوق وەک کرێکاری وەرزی سەردانی شاری ئاداپازاریان کردبوو. ئەو گەنجە ١٩ ساڵە کوردە نزیکەی ٥٠ ڕۆژە بێهۆشە و لەژێر چاودێری پزیشکدایە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا سوکایەتی بە کورد دەکرێت
ئەرەن کەسکین پارێزەری مافی مڕۆڤ و بەرگریکاری دیاری مافی ژنان لە تورکیا بە هۆی ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا ناڕەزایی لەبەرامبەر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕیبوو، لە لایەن نەدیم شەنەر ڕۆژنامەنووسی دیاری دەسەڵات لە تورکیا ڕووبەڕووی قسەی نەشیاو بووەوە و وەک ئەندامێکی پەکەکە لەقەڵەمیدا.

کەسکین لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بۆ مافی مڕۆڤ تێکۆشان دەکەین. لەدژی توندوتیژی کارمان کرد و کار دەکەین، بەڵام دەوڵەت خۆی توندوتیژی بەرەو پێشەوە دەبات. دوای ڕێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپە و کودەتای ١٦ی تەمموز لە تورکیا توندوتیژی گەیشتووەتە لوتکە.

لە میدیاکاندا لەدژی کورد لێدوانی دژ دەدرێت و ئەمەش وا لە ڕەگەزپەرستە تورکەکان دەکات، هێرش لەبەرامبەر کوردەکان زیاتر بکەن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا سوکایەتی بە کورد دەکرێت لەبەرئەوەی دەوڵەت لە پشت خۆیان دەبینن. دەست بە کاری توندوتیژی دەکەن، لەبەر ئەوەی دەوڵەت سزایان نادات.

بەو شێوەیە هاوڵاتیە کوردەکان لە شارەکانی تورکیا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوونەتەوە و ئەمەش هۆکارێکە کە نەوێرن تەنانەت بە زمانی خۆشیان قسە بکەن و ئەمەش هۆکارێکە کورد لە زمان و کلتوری خۆی دووربکەوێتەوە و سیاسەتی توانەوە (ئاسیمیلاسیۆن) کاریگەریەکی تەواوی لەسەر دابنێت.