ڕاپۆرتی کوردستانی

01:49 - 23/10/2019

حکومەت سیاسەتێکی ستەمکارانەی بەرامبەر بە کشتوکاڵی کوردستان هەیە‌

پەیسەر

 ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بەستووە. هەرچوار پارێزگاکەی رۆژهەڵات سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی ئێران و تەنانەت عێراقیشن، زەوی کشتوکاڵی بە پیتی هەیە، هەر بۆیە لە کۆنەوە لەڕووی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە ناوچەیەکی گرنگ بووە. کشتوکاڵ لەو ناوچەیە مێژوویەکی ١٠٠٠٠ ساڵەی هەیە. 

بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمی حکومەتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا  رۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەرەکەی ١٧٨٨٣٥ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی ٧٤٠٠٣٣٧ کەسە.  خاوەنی ٢٦٩٧٠٠٠ هێکتار زەویی کشتوکاڵییە و نزیکەی ٤٩١٧٨٧ جوتیار و باخەوان و ئاژەڵدار لەم کەرتەدا کار دەکەن.

ساڵانەی نزیکەی ١٤ ملیۆن تەن بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنرێت

زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 
کۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٦٩٧٠٠٠ هێکتارە، کە لەم ڕێژەیە ٧١٧٠٠٠ هێکتاری لە پارێزگای ورمێ، ١٠٥٢٠٠٠ هێکتار لە پارێزگای سنە، ٦٦٣٠٠٠ هێکتار لە پارێزگای کرماشان و ٢٦٥٠٠٠ هێکتار لە پارێزگای ئیلامدایە. زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ورمێ ٢٥٣٠٠٠ هێکتاری زەویی بەراوە و ٤٦٤٠٠٠ هێکتاری زەوی دێمەکارە. لە پارێزگای سنەش ٩٥٠٠٠ هێکتار زەوی بەراو و ٩٥٨٠٠٠ هێکتاریش زەوی دێمەکار هەیە. پارێزگای کرماشانیش خاوەن ١٣٣٠٠٠ هێکتار زەوی بەراو و ٥٣٠٠٠٠ هێکتار زەویی دێمەکارە. بەڵام زەوییەکانی پارێزگای ئیلام لە سەدا ٢٨ی زەوی بەراوە و سەدا ٧٢یشی دێمەکارە. ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگترین سەرچاوە ئاوی ئێرانە بەڵام  بە هۆی پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە تا ئێستاش ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانێت  بە باشی سەرچاوە ئاوییەکانی خۆی بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بەکار بهێنێت. ئەمە لە حاڵیکدایە کە ڕێژەی باران بارین لە کوردستان لە ساڵێکدا زیاترە لە ٥٤٠ میلیمەترە و  نزیکەی ٤.٣ میلیار مەتر سێجا ئاوی سەر زەوی هەیە کە ساڵانە پڕ دەبێتەوە. 

بۆ ئەوەی ئاستی هەڵاواردن و جیاکاری سیاسەتی حکومەتی ئێران روون ببێتەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە پارێزگای خوراسانی رەزەوی کە خاوەنی ١٤٥٠٠٠٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵییە، زیاتر لە ٥٥%  زەوییەکانی بەراون، لە حاڵێکدا ڕێژەی باران بارین لەم پارێزگایەدا ٢٣٠ ملیمەترە و ١.٤ میلیار مەتری سێجا ئاوی سەرزەوی هەیە، کە ئەمەش بەراورد بە کوردستان رێژەیەکی یەکجار کەمە.

ڕێژەی بەروبوومی چوار پارێزگاکە و کۆی گشتی
کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەرەڕای گەشەنەسەندوویی، هەموو ساڵێک لانیکەم ١٣.٥ ملیۆن تەن بەروبوومی هەیە کە لەم ڕێژەیە ٦ ملیۆن تەنی لە پارێزگای ورمێ، ٤ ملیۆن تەن لە پارێزگای کرماشان، ٢.٧ ملیۆن تەن لە پارێزگای سنە و ٨٠٠ هەزار تەنیش لە پارێزگای ئیلام بەرهەم دێت. بەروبوومە سەرەکییەکان بریتین لە گەنم و جۆ و پەتاتە و نۆک و نیسک و شلیک و گوێز و ترێ و سێو و قۆخ و بڕێکی زۆریش وێنجە و ئاڵفی ئاژەڵ. بڕی گەنمی بەرهەمهێنراوی ساڵێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە ٢.٧ ملیۆن تەن. دوای گەنم، سێو لە پلەی دووەمدا دێت کە نزیکەی ٢ ملیۆن تەنە.

 

بەشەکانی دیکەی بەروبوومی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
 ئاژەڵداری لە پاڵ کشتوکاڵدا سەرچاوەیەکی گرنگی دیکەی داهاتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی وشکەساڵی و گرانیی ئاڵف و گرنگی نەدانی حکومەت بە کێشەکانی ئاژەڵداران، بەشێکی زۆری ئاژەڵەکانی ڕۆژهەڵات لەناو چوون. لە ئێستادا ڕێژەی گشتیی ئاژەڵ لە کوردستان بە مەڕوماڵات و بزن و ڕەشەوڵاخیشەوە دەگاتە ٦.١٥٤ ملیۆن سەر.

مەڕوماڵات
لە ڕێژەی ٦.١٥٤ ملیۆن سەر ئاژەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی ٤.٨٧٠ ملیۆن سەری مەڕە کە بەم شێوەیە دابەش بوون: پارێزگای ورمێ ٢.٥٢٠ ملیۆن سەر و پارێزگای کرماشان٩٨٠ هەزار سەر و لە پارێزگای سنە ٨١١ هەزار سەر و لە پارێزگای ئیلامیش ٥٥٩ هەزار سەر مەڕ هەیە. هەروەها ٧٧٢ هەزار سەر بزن و ٥١٢ هەزار سەریش رەشەوڵاخ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. بە گشتی ئاژەڵداری ژیانی زیاتر لە ٣٥٠هەزار خێزانی رۆژهەڵاتی کوردستانی دابین دەکات. بەروبوومی کەرتی ئاژەڵداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانه نزیکەی ٢.١٧٠ ملیۆن تەن شیرەمەنی و ١٣٥ هەزار تەن گۆشتی سوورە.

بەروبوومی کەرتی ئاژەڵداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانه نزیکەی ٢.١٧٠ ملیۆن تەن شیرەمەنی و ١٣٥ هەزار تەن گۆشتی سوورە

کێڵگەی پەلەوەر
ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ٢٥٦٦ کێڵگەی پەلەوەرە، کە هەموو ساڵێک ٢٨٨ هەزار تەن مریشک بەرهەم دێت. ئەوەی لەم بابەتەدا جێ سەرنجە ئەوەیە کە بە پێی ئامارەکانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ بەشێک لەم کێڵگانە بەهۆکاری جیاواز داخراون. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧دا ١٩٠١ کێڵگەی پەلەوەر بەردەوامییان بەکار و چالاکی داوە بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٨دا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە ١٧٨٧ کێڵگە. هۆکارەکانی ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن و هەروەها گرانبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی کێڵگەکان وەک جووجەڵە و ئالف و نرخی وزە و ...

کێڵگەی ماسی
لە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ساڵانە ٤٠ هەزار تەن لە هەموو جۆرەکانی ماسی بەرهەم دەهێنرێت. بەشێکی زۆری ماسی بەرهەمهێنراو لە جۆرەکانی کارب و سیلوێرن کە لە بەنداوەکاندا بە شێوەی سروشتی بەرهەم دێن و بەشێکی دیکەشی لە جۆری ماسی سەلەمون لە حەوزەکاندا بەرهەم دەهێنرێت. جۆری یەکەم لە سەردەستی ڕاوچییانی ماسی ڕاو دەکرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت و تەنیا دوو وەرزی ساڵ ڕاو ڕێگەپێدراوە.

هەرچەندە ئەمە هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بۆ نزیکەی ٥٠٠٠ هەزار کەس ڕەخساندووە، بەڵام بە هۆی وەرزی بوونیەوە، ئیشکەرانی ئەم بەشە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە. پیسبوونی  ژینگە کاریگەری لە سەر دۆخی بەرهەمهێنانی ماسی لە بەنداوەکاندا داناوە و ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی بەرهەمهێنان دادەبەزێت. 

مێش هەنگوین
ژمارەی کەندووی مێش هەنگوین و ڕێژەی هەنگوینی بەرهەمهێنراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەیەکی بەرچاوە. لەم بەشەی کوردستان زیاتر لە ١.٧ ملیۆن کەندووی هەنگ لە لایەن ١٨٩٠٠ کەسەوە بەخێو دەکرێت و ساڵانە نزیکەی ٢٧١٥٠تەن هەنگوین بەرهەم دەهێنرێت. بەروبوومی بەخێوکردنی هەنگ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ ٢٠٠ هەزار کەس خوڵقاندووە. لەم ساڵانەی دواییدا کەرتی بەخێوکردنی هەنگیش وەک بەشەکانی دیکەی کەرتی کشتوکاڵ ڕووبەڕووی گەلێک کێشە بووەتەوە و ڕێژەی بەرهەمهێنان  و ژمارەی کەندووەکانی مێشهەنگوین ڕووی لە کەمی ناوە.

کێشەکانی بەشی کشتوکاڵ
سەرەڕای ئەوەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ  سەرەکیترین سەرچاوەت داهاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام گەلێک کێشەی وەک زۆربوونی تێچووی بەرهەمێنان، بەکارهێنانی شێوازی کۆنی بەرهەمهێنان، هەرزان بوونی نرخی بەرهەمەکان، گرانبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئالف و لەوەڕ و پەینی کیمیایی و پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ لەلایەن حکومەتەوە بوونەتەهۆی ئەوەی خەڵک لە کارکردن دڵسارد ببنەوە.

ئازەرنووش عەمووزادە بەڕێوەبەری بەشی وەبەرهێنانی فەرمانگەی کشتوکاڵیی پارێزگای ئیلام  به پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند کە کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای ئیلامدا چەندین کێشەی سەرەکی هەیە کە گرنگترینیان بریتین لە؛ نەبوونی ڕێگەکانی پێوەندی بۆ نموونە ڕێگەی ئاسن و ڕێگەی ئاسمانی و ڕێگەوبانی شیاو و هەروەها زۆربوونی تێچووی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی کەرتی کشتوکاڵ و دواتریش کێشەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکان. جگە لەوەش دابەشبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەنێوان وەرەسەکان و بچوکبوونەوەی زەوییەکان بووەتەهۆی ئەوەی جوتیارەکان نەتوانن بژێویی ژیانی خۆیان دابین بکەن و ناچار دەبن واز لە کشتوکاڵ بهێنن.

عەلی مورادی پسپۆڕی ئابووری دانیشتووی کرماشان سەبارەت بە کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند؛ گەورەترین و سەرەکیترین کێشەی کەرتی کشتوکاڵ ئەوەیە کە هێشتا مۆدێڕنیزە نەکراوە. زۆربەی بەروبوومی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی خاو ڕەوانەی بازاڕەکانی ئێران دەکرێت ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داهات و دەسکەوتێکی ئەوتۆیان لەم کەرتە دەست نەکەوێت.

 ١٩ هەزار کەس سەرقالی پەرەوەردەکردنی مێش هەنگوینن و ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تەن هەنگوین بەرهەم دەهێنن

مورادی هەروەها پێی وایە لە ئێستادا کەرتی کشتوکاڵ پێویستی بە سیستمی ئاودێری مۆدێڕن و دروستکردنی کارگەکانی پیشەسازیی تایبەت بەم بەشە هەیە، بەڵام و حکومەت هیچ پلانێکی بۆ ئەم مەبەستە نییە، هەربۆیە ساڵانە زیاتر لە ٤٠% ئاوی  ڕووبارەکانی کوردستان بە فیڕۆ دەچێت.

موحسین بیگلەری نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پارلەمانی ئێران سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان بە نادادپەرەوەرانە و ستەمکارانە وەسف دەکات و دەڵێت بە شێوەی مامناوەند ٤٦% زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێران بەراون، بەڵام بە داخەوە ئەم ڕێژەیە لە کوردستان ١٠%ە. لە حاڵێکدا نزیکەی ١ لەسەر ٦ی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران کەوتووەتە کوردستانەوە و ئەگەر بە شێوەی دادپەروەرانە وەک ناوچەکانی دیکە حکومەت گرنگی بە کوردستان بدایە دەبوو لانیکەم ٧٠% زەوییە کشتوکاڵییەکان بەراو بووایەن.