ڕاپۆرتی کوردستانی

09:29 - 25/10/2019

کۆمپانیای نیشتمانیی دەرمان دەوای کێشەکە دەکات؟‌

پەیسەر

کورد وتوویەتی: ئەگەر پێستە بۆگەن بکات خوێی پێوە دەکەن، بەڵام ئەی ئەگەر خوێ بۆگەن بکات چی پێوە دەکەن!

کێ دەتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە ئەم گوزارشتە کوردییە سەد لە سەد بۆ ئەم بارودۆخەی کەرتی تەندروستی نابێ؟ ئەگەر پێتوایە زیادەڕۆییە ئەم راپۆرتە بخوێنەرەوە ئەوسا دەزانی کە ئەو دەرمانەی بڕیارە چارەسەری نەخۆشی کوردستان بکات، چۆن گرفتارە بە دەست گیرفانی قوڵی کۆمپانیا و بەرپرسە حزبییەکانەوە.

ساڵی ٢٠١٨ کەناڵی رووداو لەڕێی رەنج سەنگاوییەوە هەڵمەتێکی گەورەی لە دژی بازرگانی دەرمان و هاوردەکردنی دەرمانی کوالێتی نزم دەستپێکرد، خەڵکێکی زۆر پشتگیری کەمپینەکەیان کرد. دوای ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە، حکومەتی هەرێم لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد سەبارەت بە بازرگانی دەرمان.

لە ساڵانی رابردوودا کۆمپانیا حزبییەکان نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار داهاتی ساڵانەیان هەبوو، کەچی ئێستا داهاتەکەیان بۆ نزیکەی ٦٥ ملیار دینار کەمیکردووە

بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، پێویست بوو هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی مۆڵەتی بازرگانیکردنی دەرمانیان هەیە، سەر لەنوێ مۆڵەت وەربگرنەوە و مۆڵەت بە هیچ کۆمپانیایەکی دیکەش نەدرێت. 

هەر لەو سەروبەندەدا پرسی دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی دەرمان ورووژا، کە بڕیاربوو ٥١٪ی پشکی کۆمپانیاکە بۆ حکومەت بێت و ٤٩٪ی بۆ کەرتی تایبەت بێ.

لە سەرەتای کابینەی نوێشەوە وەزیری نوێی تەندروستی رایگەیاند لەم کابینەیەدا کۆمپانیای نیشتمانیی دەرمان دروست دەکەن. بەمجۆرە جگە لەو کۆمپانیایە هیچ کۆمپانیا و بازرگانێکی دیکە بۆی نییە دەرمان هاوردەی هەرێم بکات.

ئێستا نزیکەی ساڵێک بەسەر کەمپینەکەی رووداو و ریزە بڕیارەکەی حکومەت تێپەڕ بووە، نەک کۆمپانیای نیشتمانیی دەرمان دروست نەکراوە، بەڵکو بازرگانی دەرمانیش وەکخۆی بەردەوامە.

ئێستا دوای نەوت، بازرگانی دەرمان پڕ داهاتترین جۆری بازرگانییە، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٢٠٠ کۆمپانیای بازرگانی دەرمان هەن، بەڵام گەورەترین کۆمپانیا، کۆمپانیای هۆزە کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتییە. ٦٠٪ی پشکەکانی کۆمپانیاکە بە ناوی فازڵ میرانییە و ٤٠٪یشی بە ناوی کۆسرەت رەسوڵەوەیە. رێناس کۆسرەت رەسوڵ کە پزیشکە و کچی کۆسرەت رەسوڵە سەرپەرشتی پشکەکانی باوکی دەکات و عەلی قەمبوریش سەرپەرشتی پشکەکانی فازڵ میرانی دەکات.

ساڵی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەڕێی ورووژاندنی بابەتی دەرمانەوە ویستی زیان بەو کەسە نزیکانەی مەسرور بارزانی بگەیەنێ کە قازانجێکی زۆریان لە بازرگانی دەرمان دەست دەکەوێت

بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەیسەر پشکەکانی فازڵ میرانی لە (کۆمپانیای هۆز) هەر بە رواڵەت بە ناوی ناوبراوەوەیە و بەشی زۆری داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکی بنەماڵەی بارزانییەوە. کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ٦٠٪ی داهاتی کۆمپانیای هۆز بۆ چەند کەسێکی بنەماڵەی بارزانییە، بۆچی رووداو ئەو کەمپینە گەورەی دەستپێکرد و نێچیرڤان بارزانیش ئەو بڕیارانەی دەرکرد؟

کەمپینەکە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا بوو، نێچیرڤان بارزانی هەستی بە مەترسی کردبوو لەلایەن ئامۆزاکەیەوە، وردە وردە ئەو مشتومڕە لەناو پارتیدا دروست ببوو کە لەنێوان دوو ئامۆزاکە کامیان دەبنە سەرۆکی حکومەتی داهاتوو و کامیشیان دەبنە سەرۆکی هەرێم؟ هەروەها دەسەڵاتی کامیان زیاتر دەبێ؟ لەمبارەیەوە کەسێکی ئاگادار بە پەیسەری وت لەو سەروبەندەدا نێچیرڤان بارزانی مەبەستی بووە لەڕێی ورووژاندنی پرسی دەرمان زیان بەو چەند کەسەی بنەماڵەکەی بگەیەنێ کە پشتگیری لە ئامۆزاکەی دەکەن.

هەربۆیە بە سەرپەرشتی خۆی، وەزارەتی تەندروستی نەخشەرێگەیەکی دانا بۆ هاوردەکردنی دەرمان بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەتدا.

هەربەهۆی ئەمەشەوە بووە کە لە ئەمساڵدا داهاتی کۆمپانیاکانی حزب لە هاوردەکردنی دەرمان کەمیکردووە، لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار داهاتی ساڵانەیان هەبوو، کەچی ئێستا داهاتەکەیان بۆ نزیکەی ٦٥ ملیار دینار کەمیکردووە، چونکە ئێستا حکومەت خۆی دەرمان دەکڕێت و پارەی کاشیش دەدات بە کۆمپانیاکان نەک قەرز. بۆ نموونە ساڵی رابردوو تەندەرێکی پێداویستی تاقیگە بە بڕی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیایەکی حزب دەرچووە، کەچی ئەمساڵ هەمان تەندەر بە ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیایەک دەرچووە.

شایان عەسکەری: هەرچەندە دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی کۆتایی بە  گەندەڵی و هاوردەکردنی دەرمانی ساختە ناهێنێ، بەڵام دەبێتەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئاسانتر بتوانێ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دەرمان بکات.

وەک ئاماژەی پێدرا ساڵی ٢٠١٨ پرسی دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی بە گەرمی ورووژێنرا، حکومەت و وەزیری تەندروستی پێشوو چەندین جار لێدوانیان لەسەر ئەم بابەتەدا و رایانگەیاند کۆمپانیای نیشتمانیی دروست دەکەن. کەچی دروستکردنی کۆمپانیاکە لەسەر ئاستی لێدوان و بەڵێندا مانەوە. ململانێی نێوان کۆمپانیا حزبییەکان هۆکاری سەرەکی بوون لە دواخستنی ئەم پرسە.

بڕیاربوو ٥١٪ی پشکەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی بۆ حکومەتبێ و ٤٩٪ی بۆ کەرتی تایبەت. کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی هەرکامیان ٢٤.٥٪ پشکەکانی کەرتی تایبەتیان لەناوخۆیاندا دابەش کردبوو. کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵی رابردوودا فشارێکی زۆریشیان دروست کردبوو بۆ ئەوەی حکومەت دەستبەرداری ٥١٪ی پشکەکانی خۆشی بێ و بیداتەوە بە کەرتی تایبەت. ئەم بابەتە هەرچەندە لەسەرەتای ئەم کابینەیەدا وەزیری نوێ جەختی کردەوە لەسەر دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانی، بەڵام تائێستا بێدەنگی لێکراوە.

رەنگە جگە لە ململانێی نێوان کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی، هۆکارێکی دیکەش بۆ بەرژەوەندی کەسە نزیکەکانی سەرۆکی حکومەتی نوێ بگەڕێتەوە، چونکە وەک ئاماژەی پێدرا ساڵی رابردوو نێچیرڤان بارزانی لەڕێی ورووژاندنی بابەتی دەرمانەوە ویستی زیان بەو کەسە نزیکانەی مەسرور بارزانی بگەیەنێت کە قازانجێکی زۆریان لە بازرگانی دەرمان دەست دەکەوێت. جگە لەوەش وەزیری ئێستای تەندروستی خۆی پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای هەولێر بووە، بەپێی زانیارییەکان ئەو کاتەی بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بووە کارئاسانی کردووە بۆ چەند کۆمپانیایەکی حزبیی بۆ هاوردەکردنی دەرمان، تەنانەت وەک باسیش دەکرێت لە ئێستادا هەندێک لەو کەسانەی لە دەوروبەری وەزیرن بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا حزبییەکانی هاوردەکردنی دەرمان. هەربۆیە بەم حاڵەوە زۆر قورسە کابینەی نوێ و وەزیری نوێ پرۆژەی دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانی دەرمان جێبەجێ بکەن، یان لانیکەم بەوجۆرە کۆمپانیاکە دامەزرێنن کە دەستێوەردانی حزبی تێدا کەم بکرێتەوە.

شایان عەسکەری جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت، حکومەت تائێستا بێدەنگی لێکردووە، بەڵام ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەت پرسی دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەخاتەوە بەرباس، ئەوان وەک لیژنەی تەندروستی سەردانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی دەکەن.

نزیکەی ١٠٪ی دەرمانی بازاڕەکانی هەرێم لەڕێی سنوورەکانی ئێران و تورکیا یان لە کەرکوکەوە بە قاچاخ هاوردە دەکرێن

بە وتەی شایان عەسکەری هەرچەندە دروستکردنی کۆمپانیای نیشتمانیی کۆتایی بە  گەندەڵی و هاوردەکردنی دەرمانی ساختە ناهێنێ، بەڵام دروستکردنی کۆمپانیاکە دەبێتەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئاسانتر بتوانێ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دەرمان بکات و دۆخەکە وەک ئێستا نامێنێ، کە بەهۆی زۆری کۆمپانیاکەوە پەرلەمان نازانێت لێپرسینەوە لەگەڵ کێدا بکات.

دەرمانی قاچاخ و کوالێتی نزم مۆتەکەی نەخۆش
دەرمانی بازاڕەکانی کوردستان بە گشتی لە سێ سەرچاوەوە دابین دەکرێت، یەکەم: پشکی ١٧٪ی ئەو دەرمانەی حکومەتی عێراق دەیکڕێت دەدرێتە هەرێمی کوردستان. دووەم: کڕینی دەرمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی پارێزگاکانی هەرێم. سێیەم: هاوردەکردنی دەرمان بە قاچاخ.

نزیکەی ١٠٪ی دەرمانی بازاڕەکانی هەرێم لەڕێی سنوورەکانی ئێران و تورکیا یان لە کەرکوکەوە بە قاچاخ هاوردە دەکرێ. جاری وایە دەرمانەکان لەڕێی تانکەری نەوتەوە دەهێنرێتە ناو هەرێمەوە و جاری واشە ئەوەندە بە کانیتینەر و بە ئاشکرا دەهێنرێت، کەوتووەتە سەر ئەوەی کام کۆمپانیای دەستڕۆیشتووی حزب لە پشتی قاچاخکردنی دەرمانەکەوەیە.

جاری وایە دەرمانەکان لەڕێی تانکەری نەوتەوە دەهێنرێتە ناو هەرێمەوە و جاری واشە ئەوەندە بە کانیتینەر و بە ئاشکرا دەهێنرێت

دەرمانی قاچاخ لەناو بازار بەپێی شار و ناوچە جیاوازەکان ڕێژەکەشی جیاوازە، کەمتر دەرمانخانەیەک هەیە لە هەرێم دەرمانی قاچاخی تێدا نەبێت، بەڵام لە بازاڕە سنوورییەکان زیاتر دەرمانی قاچاخ دەست دەکەوێت، بۆ نمونە نزیک بە نیوەی دەرمانی ناو بازاڕی رانیە دەرمانی قاچاخە، ئەوە لە کاتێکدایە لەسەدا ١٠ دەرمانەکانی ناو بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی دەرمانی قاچاخە.

زۆرترین قازانجی کۆمپانیا حزبییەکان لە دەرمانی قاچاخ و بێ کوالێتیدایە، چونکە لە بازاڕەکانی تورکیا و ئێران یان لوبنان و وڵاتانی دیکەش بە نرخێکی یەکجار کەم دەستیان دەکەوێت و ئەم دەرمانەش بە نرخێکی زۆر لە بازارەکانی هەرێم ساخ دەکەنەوە. هەرچەندە لیژنەکانی تەندروستی زۆرجار دەرمانخانەکان لەسەر فرۆشتنی دەرمانی قاچاخ سزا دەدەن یان بۆ ماوەیەک دایاندەخەن، بەڵکو قازانجی دەرمانی قاچاخ ئەوەندە زۆر کە لە سزادان ناترسن و دوای کردنەوەی دەرمانخانەکان دیسان دەست دەکەنەوە بە فرۆشتنی دەرمانی قاچاخ.

لەوانەیە لە ماوەی رابردوودا سەبارەت بە دەرمانی قاچاخ تەنیا گۆڕانکارییەکی ئەرێنی روویدابێت ئەوەبێت کە لە ئێستادا لەڕێی فرۆکەخانەکانەوە رێگە با هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ نادرێت.

سەبارەت بە دەرمانی کوالێتی نزمیش، بە هەمان شێوەی دەرمانی قاچاخ سودێکی زۆری بۆ کۆمپانیاکان و بە تایبەتیش کۆمپانیا حزبییەکان هەیە، چونکە لە بازاڕەکانی دەرەوە بە نرخێکی کەم دەستیان دەکەوێت و لە هەرێمیش بە نرخی دەرمانی کوالێتی بەرز دەیفرۆشنەوە، پێچەوانەی کاڵاکانی دیکە، کێشەکە ئەوەیە نەخۆشەکان ناتوانن دەرمانی کوالێتی نزم لە دەرمانی کوالێتی بەرز جیا بکەنەوە، جگە لەوەش هەندێک لە پزیشکەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان و دەرمانخانەکان رێککەوتوون بۆ ساخکردنەوەی دەرمانە کوالێتی نزمەکان، هەربۆیە دەرمانی کواڵێتی نزم بازاڕی گەرمە و تەنیا هەنگاوی جدی حکومەت دەتوانێت کۆتایی بە هاوردەکردنی دەرمانی کوالێتی نزم بگرێت.

کێشەیەکی گەورەتر بۆ دەزگای کوالێتی کۆنتڕۆل دەگەڕێتەوە، دەزگاکە لە هەولێر دەزگایەکی حزبییە و رەچاوی بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبییەکان دەکات، زۆرجار رێگە بە هاوردەکردنی دەرمانی کوالێتی نزم دەدات چونکە کۆمپانیایەکی حزبی و بازرگانێکی حزبی دەستڕۆیشتووی لە پشتە. لەوەش خراپتر دەزگای کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە هەولێر لە ململانێی حزبیشەوە تێوەگلاوە، بۆ نموونە بەپێی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. ئەم دەزگایە بڕیار لەسەر هاوردەکردنی دەرمان دەدات، ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەم دوو حزبە لە دۆخێکی خراپدا بێت تا ئەنجامی دەرمانێکی سلێمانی دەدەنەوە، ئەنجامی ١٠ دەرمانی هەولێر دەدەنەوە. هەربۆیە هەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن چاکسازی لە کەرتی دەرمان دەبێت لە دەزگای کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە دەست پێ بکات و بکرێتە دەزگایەکی زانستی و دەستی حزبی لێ دوور بخرێتەوە.

حکومەت چۆن دەرمان دەکڕێت؟
بەپێی بەدواداچوونی پەیسەر لە ئەمساڵدا کڕینی دەرمان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووە بە تەندەر، بەڵام هێشتا قۆرخکاری بەردەوامە. چونکە بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سنووری پارێزگاکان سێ لیژنە بۆ کڕینی دەرمان دروست دەکەن. لیژنەکان بریتین لە لیژنەکانی خەمڵاندنی نرخی دەرمان، لیژنەکانی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و لیژنەکانی جێبەجێکردن و کردنەوەی تەندەر. هەموو ئەندامانی لیژنەکان لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکانەوە دادەنرێن و زۆرجاریش پزیشکی تایبەتمەند لە لیژنەکە دانانرێن. یان لیژنەی کردنەوەی تەندەرکان پێشتر ئەو کۆمپانیایانەی لە خۆیانەوە نزیکن ئاگادار دەکەنەوە کە کەمترین پارە چەندە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە لەو بڕە کەمتر بنووسێت و تەندەرەکەی بۆ دەربچێ. 

کۆمپانیا حزبییەکان دەرمانی یەک دۆلاریان بە چوار دۆلار فرۆشتووەتە حکومەت، هەربۆیە ئێستا وەزارەتی تەندروستی ١٠٠ ملیار دینار قەرزاری کۆمپانیاکانە

بۆ نمونە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ئەندامی لیژنەی کڕینی دەرمان بووە، ئەم بەڕێوەبەرە بەهۆی نزیکایەتی لە کۆمپانیای قەیوانەوە هەموو دەرمانەکانی شێرپەنجەی لە کۆمپانیای قەیوان کڕیووە. یان وەزیری ئێستای پلاندانانی هەرێم کە کەسێکی نزیکە لە کۆسرەت رەسوڵ و پێشتر سەرۆکی سندوقی هاوکاری نەخۆشانی شێرپەنجە بووە، هەموو تەندەرەکانی کڕینی دەرمانی شێرپەنجەی داوەتە کۆمپانیای هۆز لە کۆسرەت رەسوڵ خاوەنی ٤٠٪ی پشکەکانیەتی.

لە هەرێمی کورستان دوو کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی دەرمان هەیە، ئەوانیش ئاوامیدیکا لە هەولێر و کارگەی پایۆنێر لە سلێمانی، ئەم دوو کارگەیە لەسەدا ٨٠ی دەرمانەکانیان دەفرۆشن بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق، تەنیا لەسەدا ٢٠ی بە کۆمپانیاکانی هەرێم دەفرۆشن. سەیرەکە لەوەدایە ئەگەر دەرمانێک بە دوو دۆلار بە حکومەتی عێراقی بفرۆشن ئەوا هەمان دەرمان بە ١٠ دۆلار بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکانی هەرێمی دەفرۆشن، هۆکارەکەشی بۆ دەستێوەردانی کۆمپانیای حزب دەگەڕێتەوە. کۆمپانیاکانی حزب رێگە نادەن کارگەکان راستەوخۆ دەرمان بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بفرۆشن، بەڵکو کۆمپانیای حزب خۆی بە دوو دۆلارەکە لە کارگەکانی دەکڕن و بە دە دۆلار دەیفرۆشنەوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی. هەربۆیە بە وتەی شایان عەسکەری ئەگەر دەستی حزب لە دەرمان کورت بکرێتەوە ئەوا نرخی دەرمانیش دادەبەزێت.

نمونەیەکی دیکە بۆ ئەوەی زانین کە کۆمپانیا حزبییەکان چۆن بوونەتە هۆی گرانبوونی نرخی دەرمان ئەوەیە کە ئێستا وەزارەتی تەندروستی ١٠٠ ملیار دینار قەرزاری کۆمپانیاکانە، چونکە حکومەت کاتی خۆی پارەی کاشی نەبووە بیداتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی بۆ کڕینی دەرمان، هەربۆیە ناچاربوون بە قەرز دەرمانەکە بکڕن، کۆمپانیاکانیش دەرمانێک کە نرخەکەی بە پارەی کاش بە دۆلارێک بووە، بە قەرز بە چوار دۆلار فرۆشتوویانە بە بەڕێوەبەرایەتییەکان، هەربۆیە ئێستا وەزارەتی تەندروستی ١٠٠ ملیار دینار قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیا حزبییەکانی لەسەرە و دەبێت بیانداتەوە.