ڕاپۆرتی کوردستانی

04:02 - 26/10/2019

خانەی راپەڕاندن دەتوانێ ببێتە خانەی تێپەڕاندن؟‌

پەیسەر

هەواڵی گەرمی ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی خانەی تیمێكی نوێ بوو بۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەو خانەیەش دیسان متمانەی دایەوە بە عومەری سەید عەلی تا لە پۆستی رێکخەری گشتییدا بمێنێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە حزبییانەی گۆڕان بەدەر نەبوو لە رەخنە و تەنانەت تانەوتەشەریش. بەڵام بەلای چاودێرانی سیاسییەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەی خۆنوێکردنەوەی سەرکردایەتی حزبێکی نوێخواز و گرنگی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان.

لای بەشێکی بەرچاوی لایەنگرانی گۆڕان نوێبوونەوەی خانەی راپەڕاندن هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بە ئاراستەی نوێکردنەوە و بوژانەوەی گۆڕان، بە تایبەت دوای ئەوەی چوار کەس بوونە ئەندامی خانە کە زیاتر سیمایەکی گەنجانەیان هەیە و نوێنەرایەتی گەنجانی بزووتنەوەکە دەکەن، ئەم کەسانەش بریتی بوون لە هەر یەکە لە عەدنان عوسمان، برزۆ مەجید، دەرباز محەمەد و شەماڵ عەبدولوەفا.

لە بەرامبەردا رەخنەگرانی بزووتنەوەکە لە یەکەم ساتەکاندا رەخنەیان ئەوەبوو کە بۆچی لەناو حەوت ئەندامی خانەدا ژنێکی تێدانییە؟ ئەم رەخنەیە لە ڕوویەکی دیکەوە لەجێی خۆیدایە و ئەویش ئەوەیە کە چۆن بزووتنەوەیەکی وەک گۆڕان لە ماوەی دە ساڵدا نەیتوانیوە  ئەوەندە ژنان لە ریزەکانی بزووتنەوەکەدا بهێنێتە پێشەوە کە بە لایەنی کەمەوە ژنێک یان دوو ژن ئەندامی خانەی راپەڕاندنبن.

رەخنەیەکی دیکەش کە لە نوێبوونەوەی خانەی راپەڕاندن گیرا و زیاتریش ناڕازییەکانی ناو گۆڕان ئەم رەخنەیان دەگرت ئەوەبوو کە جڤاتی نیشتمانیی خۆی لە ٢٥ی حەوتەوە ماوەی یاسایی کۆتایی هاتووە، هەربۆیە جڤات شەرعیەتی ئەوەی نییە خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت، چونکە پێویست بوو سەرەتا خۆی نوێ بکاتەوە.

بەڵام لە وەڵامی ئەم رەخنەیەدا عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتمانیی بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت راستە کە جڤات ماوەکەی تەواو بووە بەڵام شەرعییەتی تەواو نەبووە. چونکە گۆڕان سیستمێکی سەرکردایەتی جیاوازی لە حزبەکانی دیکە هەیە، سیستمی دیاریکردنی ئەندامانی جڤات بە شێوازێکە کە بەردەوام لە حاڵی خۆنوێکردنەوەدایە.
عەدنان عوسمان بۆ ئەم بۆچوونەی پشتی بەستووە بە شێوازی دیاریکردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی کە بەم شێوەیەیە: بەشێک لە ئەندامانی جڤات لە نوێنەرانی مەکۆکانی گۆڕان پێکدێن کە ئەم بەشەیان بە هەڵبژاردنی ناوخۆیی مەکۆکان دیاری دەکرێن، بەشێکی دیکە لە ئەندامانی جڤات، هەمان ئەندامانی خانەی راپەڕاندنن، سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەندامی جڤاتن، بەو واتایەی هەر کەسێک ببێتە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا یان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوا دەبێتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی، بەشێکی دیکە لە ئەندامانی جڤات لە سەرۆکی ژوورەکان پێکدێن، کە سەرۆکی ژوورەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە هەڵبژاردن دیاری ناکرێن بەڵکو بە دامەزراندن دیاری دەکرێن. بەم شێوەیە بە وتەی عەدنان عوسمان جڤاتی نیشتمانیی بەردەوام لە خۆنوێکردنەوەدایە، هەربۆیە کێشەی شەرعییەتی نییە.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم خانەی راپەڕاندن

خانەی راپەڕاندنی پێشوو ڕووبەڕووی رەخنەی زۆری لایەنگرانی گۆڕان بووەوە، لە دوو هەڵبژاردانی رابردوودا ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی گۆڕان بۆ نیوە دابەزی و زۆرێک لە رەخنەگران خانەی راپەڕاندنیان بە بەرپرسیاری ئەم پاشەکشێیە دادەنا. ژمارەیەکی دیار لە هەڵسوراوانی گۆڕان وەک ناڕەزایەتی بە ئەدای خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی دەستیان لەکار کێشایەوە.

لە ئێستادا ئەم خانەی نوێیە کۆمەڵێک کێشەی خانەی پێشووی بۆ بە میرات بەجێماوە، هەربۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەم خانە نوێیە تا چەندە دەتوانێت بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بێت، یان وەک هەندێک کەس دەڵێن تا چەندە دەتوانن گۆڕان ببووژێننەوە؟

ئاشتکردنەوەی جەماوەری گۆڕان

لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا بەشێک لە جەماوەری پێشووی گۆڕان دوای بێهیوابوونیان لە گۆڕان ئاراستەیان بەرەو جوڵانەوەی نەوەی نوێ گۆڕی. بەشێکی دیکەش لە جەماوەری پێشووی گۆڕان هەر لە دوای بێهیوابوونیان لە گۆڕان و لە دەسەڵات رێگای بایکۆتی هەڵبژاردنیان گرتەبەر. بە جۆرێک دەکرێت بڵێین زۆربەی ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد لە دەنگدەرە توندڕەوەکانی پێشووی گۆڕان بوون. هەربۆیە لەم قۆناغەدا ئاشتکردنەوەی جەماوەر تەحەدایەکی گەورەی بەردەم ئەم خانەی نوێی راپەڕاندنەیە.

لە یەکەم لێدوانەکانی ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕانداندا ئاماژە بەوەکرا کە دەیانەوێت گۆڕان لەگەڵ جەماوەر ئاشت بکەنەوە، بۆ ئەمەش هیوایەکی زۆر لەسەر سیما نوێ و گەنجەکانی ناو خانە هەڵچنراوە. بەڵام ئایا دەتوانن جەماوەر ئاشت بکەنەوە؟
لەوانەیە زۆرێک پێیانوابێ ئاشتکردنەوەی جەماوەر تەنیا لەڕێگەی گەڕانەوە دەبێ بۆ گوتارە ئاگرینەکانی قۆناغی سەرەتای گۆڕان، یان ئەو کاتەی کە ئۆپۆزسیۆن بوو. بە تایبەت ناڕازیی و هەڵسوڕاوە زویربووەکانی گۆڕان زیاتر باسی گەڕانەوە بۆ ئەو گوتارە ئاگرینە دەکەن لە دژی پارتی و یەکێتی. بەڵام ئەم بۆچوونە دەکرێت بە چەند هۆکار هەڵە بێت. یەکەم: ئەگەر قسە لەسەر ئەوەبێت خەڵک لە دەوری گوتاری ئاگرین کۆدەبنەوە، ئەوا لە ماوەی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ گۆڕان قۆناغێکی گەرمی لە گوتاری ئاگرین تێپەڕکرد، کەچی دەنگیشی زیادی نەکرد. کۆمەڵی ئیسلامیش بە هەمان شێوە ئۆپۆزسیۆنێکی رادیکاڵ بوو، هەرچەندە توانی پێش یەکگرتوو بکەوێت بەڵام کۆمەڵیش نەیتوانی بەو گوتارە ئاگرینە پێگەی جەماوەری خۆی بەهێز بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا قۆناغی ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ی تێپەڕکردووە.
دووەم: هێزێکی وەک نەوەی نوێ بە گوتارێکی پۆپۆلیستیانەوە دەستکراوەترە بۆ وتاری ئاگرین.

سێیەم: گۆڕان لە دەسەڵاتدایە و ئەولەوییەتی یەکەمی ئەوەیە بەرنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێ بکات، هەربۆیە لە ئەگەری توندکردنەوەی گوتاری سیاسی ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی و بەم شێوەیە جارێکی دیکە گۆڕان شکست دەهێنێت لە ئەزمونی بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا، لەو حاڵەتەشدا مەترسی ئەوە هەیە کە پێگەی گۆڕان لاوازتربێت و چیتر لەناو لایەنگرانی گۆڕاندا هیچ هیوایەک بە گۆڕانکاری نامێنێت، مەگەر ئەوەی گۆڕان بڕیاری کارکردن بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بدات، کە ئەمەش بریارێکی ترسناکە.

ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە ئەندامە گەنجەکانی ناو خانە گوتارێکی توندتر هەڵبگرن پێچەوانەی گوتاری رێکخەری گشتی کە محافزکارانەترە، بەڵام لەم حاڵەتەشدا مەترسی ئەوە هەیە خانە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بێت و کێشەی ناوخۆیی لەناو گۆڕاندا دروست بکات.
کەواتە ئاسانترین رێگەی ئاشتکردنەوەی جەماوەر ئەدای بەرپرسانەی ئەو حزبەیە لە حکومەتی هەرێمدا، ئەگەر پارتی جدی بێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی کابینەی نۆیەم و کۆمەڵێک چاکسازی بکرێت ئەوا هیوا بە بزووتنەوەکە دەگەشێتەوە. 
 
ئاشتکردنەوەی هەڵسوڕاوە زویربووەکانی ناو گۆڕان

لە یەکەم راگەیەنراوی خانەی نوێی راپەڕاندن لە خالێ سێیەمدا باس لەوەکراوە کە خانەی راپەڕاندن دەرگای واڵایە بەڕووی ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕاندا کە دوورکەوتوونەتەوە لە بزووتنەوەکە. ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنەوەی گۆڕان، بەڵام کارێکی قورسە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە خانەی راپەڕاندن نەتوانێت زۆربەیان بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ریزەکانی بزووتنەوەکە، چونکە:

بەشێکی زۆری ئەم هەڵسوراوە زویربووانە لەژێر کاریگەری قادری حاجی عەلی و هاوبیرەکانیدان، کەواتە تا خانەی راپەڕاندن نەتوانێت قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود ئاشت بکاتەوە ناتوانێت بە ئاسانی هەڵسوڕاوەکانی دیکەش ئاشت بکاتەوە.
بەپێی چاوپێکەوتنێکی قادر حاجی عەلی کە لەدوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن بڵاوبووەتەوە و دیاریش نییە کە کێ چاوپێکەوتنەکەی کردووە یان بۆ کام میدیا بووە، بەڵام شێوازی قسەکردنی قادری حاجی عەلی بە شێوەیەکە کە کوێرەرێگەیەکیشی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو بزووتنەوە نەهێشتووەتەوە. قادری حاجی عەلی گۆڕانی ئێستا بە جۆرێک وەسف دەکات کە بووەتە حزبێکی بنەماڵە خراپتر لە پارتی و یەکێتی، یان دەڵێت تاقمێکی هەلپەرست لەپێناو بەرژەوەندی و ئیمتیازدا گۆڕانیان کردووەتە شەریکی گەندەڵەکان.
ئەم گوتارە هیچ ئاسۆیەکی ئاشتبوونەوەی تێدا بەدیناکرێت، جگە لەمانەش زویربووەکان سێ کێشەی سەرەکیان هەیە لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستای حزبەکە کە بریتین لەم سێ خاڵە:

یەکەم: پێیانوایە سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان گوێڕایەڵی کوڕانی نەوشیروان مستەفان
دووەم: دژی بەشداریکردنی گۆڕانن لە حکومەتدا و پێیانوایە نزیکبوونەوە لە پارتی بە واتای لادان دێت لە پرەنسیپەکانی گۆڕان
سێیەم: کێشەی دەسەڵاتیان هەیە لەگەڵ ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا
بەپێی ئەم کێشانە بێت زۆر قورسە زویربووەکان رۆژێک لە رۆژان بتوانن لەگەڵ ئەم سەرکردایەتییەی ئێستای گۆڕاندا ئاشت ببنەوە، چونکە ئەوان ئەم سەرکردایەتییەی ئێستای گۆڕان وەک سەرچاوەی کێشەکان سەیردەکەن.

راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵات

لە خولی رابردوودا گۆڕان لەپێناو متمانەی جەماوەر لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ پارتی گەیاندییە مریشکە رەشە و لە دەسەڵات دوورخرایەوە، لەم خولەشدا گەورەترین تەحەدای بەردەم گۆڕان هەمان کێشەیە. ئایا گۆڕان دەتوانێت بە جۆرێک چاودێری تیمی خۆی لە حکومەت بکات کە جەماوەر لێیان رازی بن؟ ئایا پارتی ئەوەندە جدی دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی بۆ ئەوەی دوای چەند ساڵی دیکە گۆڕان لە بەردەم جەماوەرەکەی ڕوو سور بێت کە کارێکی باشیان کرد چوونە حکومەت و لە حکومەتدا کۆمەڵێک چاکسازی باشیان کردووە؟

لە بەرامبەریشدا ئەگەر هەنگاوەکانی چاکسازی بە خاوی بڕواتە پێشەوە، لەو کاتەدا گۆڕان چۆن دەتوانێت هاوسەنگییەکە رابگرێت، چونکە ئەگەر بەلای جەماوەری ناڕازیدا بشکێتەوە ئەوا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی تێکدەچێت و ئەزمونێکی شکست خواردوو دووبارە دەکاتەوە، ئەگەریش بێدەنگ بێت وەک حزبێکی دەستەمۆ وێنا دەکرێت و پاساوی باش دەداتە دەست نەیارەکانی.

هاوسەنگی لەنێوان پارتی و یەکێتی

لە چەند ساڵی رابردوودا کە کێشە و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی قوڵبوونەتەوە، هاوکێشەکە بە جۆرێکە لە یەکێتی نزیک بێت واتە لە پارتی دوور کەوتوویتەوە، بەپێچەوانەشەوە لە پارتییەوە نزیک بیت واتە لە یەکێتی دوور کەوتوویتەوە، پێگەی گۆڕان لە سلێمانییە و لە ئێستاشدا پەیوەندیی باشی هەیە لەگەڵ پارتیدا، بەڵام ئەمەش بووەتەهۆی خراپبوونی پەیوەندی گۆڕان و یەکێتی. هەربۆیە گرنگە ئەم سەرکردایەتییەی ئێستای گۆڕان بتوانێت ئەم هاوسەنگییە رابگرێت و تەنانەت لەوەش زیاتر لە بەرژەوەندی گۆڕاندایە لەم قۆناغەدا پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایی ببێتەوە، چونکە ئەگەر لە هەر کەرتێکدا یەکێک لەم دوو لایەنە دژایەتی چاکسازی بکەن ئەوا پرۆسەی چاکسازی پەکی دەکەوێت.

جگە لەوەش نزیکبوونەوە لە پارتی بە واتای چوونە بەرەی دژی یەکێتی دێت، لەم حاڵەتەشدا یەکێتی بە ئەگەری بەهێز هەموو کارتەکانی خۆی بۆ فشار خستنە سەر گۆڕان بەکاردەهێنێت، لەوانە هاندانی جەماوەری دژە پارتی لە دژی گۆڕان، یان پەنابردن بۆ حزبەکانی دیکەی وەک نەوەی نوێ بۆ لێدان لە پێگەی گۆڕان، یان خود فشارخستنەسەر هەڵسوڕاوانی گۆڕان و یان بە تەماح خستنەبەر هەندێک لە هەڵسوڕاوان بۆ ئەوەی ریزەکانی ئەو بزووتنەوەیە جێ بهێڵن.

تا هەڵبژاردنی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان دەرفەتی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە خۆی نوێ بکاتەوە ئەگەر بێتو ئەم خانەی راپەڕاندنە نەیتوانی لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی جەماوەردابێت، بەڵام ئەرکی ئەم خانەیە لەوە قورسترە کە زۆرکەس لە لایەنگرانی گۆڕان بیری لێ دەکەنەوە، راگرتنی دڵی جەماوەر، راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان پارتی و یەکێتی، راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان جەماوەر و حکومەت، لێپرسینەوە لە ئەدای بەرپرسانی گۆڕان لە حکومەت و کۆمەڵێک ئەرکی دیکەی قورس کە وا دەکات ئەم خانەیە بە ئاسانی نەتوانێت لەژێر باری ئەم هەموو بەرپرسیارێتییە بێتە دەرەوە.