ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:23 - 28/10/2019

ئایا لە ئەبوبەکر بەغدادی مەترسیدارترە؟‌

پەیسەر

قارداش کە لە مانگی ئابدا لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادیەوە وەک "خەلیفەی داعش" ڕاگەیەنرا، دوایین جار لە ئیدلب بینراوە و لەوێ بەرپرس بووە. دەگوترێت ئەویش لە ئیدلب و دەوروبەری لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکیادایە.
دوای ئەوەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هابەشی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا کوژرا، دەگوترێت عەبدوڵا قارداش کە تورکمانی شاروچکەی تەلەعفەری موسلە، دەبێتە خەلیفەی داعش.
قارداش لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ لە زیندانی بوکا لە ئوم قەسر لە باشووری عێراق لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی و ئەبوو محەمەد عەدنانی ( تەها سوبهی فەلاحە) و هەندێک بەرپرسی دیکەی ئیسلامی توندڕەو زیندانیکرا. دوای کوشتنی عەدنانی، قارداش بوو بە نزیکترین کەسی ئەبوبەکر بەغدادی و بڕوایەکی زۆری پێهەبوو.
ئەبوبەکر بەغدادی لە مانگی ئابی ئەمساڵدا عەبدوڵا قارداشی وەک خەلیفەی داعش ناساند. دواتر ئەمریکا بۆ ئاشکراکردنی شوینی قارداش و ٤ بەرپرسی پلەبەرزی داعش پێنج ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاریکرد. قارداش کە ناوە ڕاستیەکەی (ئەمیر محەمەد سەعید عەبدولرەحمان مەولایە) دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی و وەسیەتەکەی پێویستە ببێتە خەلیفەی داعش.
قارداش لە زیندانی بوکادا
قارداش لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری تەلەعفەری موسڵ لەدایبووە. تورکمانە و لە زانکۆی موسڵ بەشی ئیلاهیادی تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری ڕیزەکانی 'دەوڵەتی ئیسلامی عێراق'ی کرد و کاروباری شەڕی لە ئەستۆ گرت. لە هەمان ساڵدا بە هۆی ئەندامێتی ئەلقاعیدە لە لایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا. لە زیندانی بوکا لە ژێر کۆنتڕۆلی ئەمریکا زیندانیکرا کە بوکا وەک ناوەندی دروستبوونی داعش پێناسە دەکرێت و پەیوەندیەکی زۆر بەهێزی لە گەڵ ئەبوبەکر بەغدادی و ئەبوو ئەدنانی دروست کرد.
کاروباری شەڕی بەڕێوەدەبرد
قارداش لە ساڵی ٢٠١١ لە زیندانی بوکا ئازاد کرا و دواتر لە گەڵ ئەمیر ئەبوو مووتەز قوڕەیشی ئەرکی بەڕێوەبەردنی شەڕیان لە ویلایەتی شام گرتە ئەستوو. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ دا موسڵ لە لایەن داعشەوە داگیرکرا پۆستی ئەبوو مووتەز قوڕەیشی بەرزکرایەوە و بوو بە بەرپرسی ئایدۆلۆژیای داعش و قارداشیش بوو بە یاریدەدەری.
قاچێکی پەڕیوە و قاچێکیشی سەقەتە
لە ساڵی ٢٠١٥ لە موسڵ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان دا بریندار بوو  و قاچی چەپی سەقەت بوو. هەر لە موسڵ چارەسەری پزیشکی بینی و دەستی بە کارکردن لە ناو داعشدا کرد. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا دیسانەوە ڕووبەڕووی هێرشێکی فڕۆکەکانی ئەمریکا بووەوە و ئەمجارە قاچی ڕاستی لە ئەژنووە پەڕی و لێبووەوە. دیسانەوە لە مردن ڕزگاری بوو و دواتر وەک ئەندامی شوورای بالای عێراقی داعش دەستنیشانکرا.
بە فەرمانی تایبەتی بەغدادی ڕزگار کرا
بە پێی قسەکانی بەرپرسێکی پلەبەرزی داعش کە لە لایەن هیزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە زیندانی کراوە و قسەکانی لە میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بلاوبووەتەوە، ئەبوبەکر بەغدادی عەبدوڵا قارداشی زۆر خۆشویستووە و بە فەرمانێکی تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادی کەتێک موسڵ گەماڕۆدرا، بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت ڕزگار کراوە. بە پێی وتەی ئەو بەرپرسەی داعش، لە کاتی گەماڕۆدانی موسل لە لایەن هیزەکانی عێراقەوە، لە پلانێکی ٧ ڕۆژەدا قارداش لە موسڵ رزگارکراوە و گواستراوەتەوە بۆ شاروچکەی بووکەمالی دێرەزۆر. لەوێ بۆ ماوەیەک کاروبارەکانی داعشی ڕاپەڕاندووە.
'لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دا بوو بە ڕۆژەڤی جیهان'
لە مانگی ئابی ٢٠١٧ بەرێوەبەرایەتی سەرەکی داعش لە عێراق و سوریا بوون بە یەک و قارداشیش وەک ئەمیری لیژنەی بەرگری هەڵبژێردرا. ئەبوبەکر تورکی کە بەرپرسێکی داعشە و لە ئێستادا لە دەستی هێزەکانی هەسەدە دایە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسیدا بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوا باسی ئەوەی کردووە، قارداش لە خێڵی قوڕەیشە و دەمێکە لەناو داعشدایە و ئەندامێکی کۆنە و لەگەڵ بەرپرسە پلە بەرزەکانی داعش لە زیندانی بوکا ماوەتەوە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
ئەبوبەکر تورکی دەڵێت، " لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا ئەبوبەکر بەغدادی ویستی ئەبوو محەمەد عەدنانی وەک خەلیفە ڕابگەیەنێت، بەڵام دوای ئەوەی عەدنانی لە ئابی ٢٠١٦ دا کوژرا، ئەبوبەکر بەغدادی قارداشی وەک جێنشینی خەلیفە هەڵبژارد.
ناکۆکی لە نێوانیاندا هەبوو
دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ و سەرەتای ٢٠١٩ داعش زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی لەدەستدا ناکۆکی و شەڕ لە نێوانیاندا ڕوویداوە. لە ساڵی ٢٠١٩ دا بەغدادی، قارداشی وەک خەلیفە دەستنیشان کرد. بە هۆی ئەوەی لە ناو داعشدا بانگەشەی ئەوەدەکرا خێڵی قوڕەیش دەسەڵاتدارە، ئەبوبەکر بەغدادیش بەو هۆیەوە ڕایگەیاندووە قارداش لە خێڵی قوڕەیشە، بەڵام هەندێک کەسیتر ناڕەزاییان دەربڕیوە.
قارداش لە کوێیە؟
دەگوترێت برایەکی قارداش ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراق بووە و کاتێک قارداش لە زیندانی بوکا دا بووە براکەی لە لایەن 'دەوڵەتی ئیسلامی عێراق' کوژراوە. داعشێک کە لە زیندانەکانی ڕۆژئاوادایە دەڵێت، برایەکی تری قارداش بە ناوی عادل  مەحمود سەیید لە ئیستاشدا ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقە و لە تورکیایە.
بە پێی زانیاریە هەواڵگریەکانی ڕۆژئاوای کوردستان قارداش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا لە گوندی هیرانیچی دێزەزۆر بووە. دواتر داعش ناردوویەتی بۆ ئیدلب. پێشبینیدەکرێت قارداش لە ئیدلب  یان هەرێمەکانی جەرابلوس، باب، عەزازی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکیادا بێت.