ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:14 - 29/10/2019

پەیامە ناڕاستەوخۆكانی نامەكەی عەبدولمەهدی بۆ موقتەدا سەدر‌

پەیسەر پرێس

ئەمڕۆ هادی عامری سەرۆك وەزیرانی عیراق نامەیەكی بۆ موقتەدا سەدر ناردووەو لە هەمان كاتیشدا وەك بەیاننامەیەك لەو ڕێگەیەوە ئاڕاستەی هەمووانی كردووە.

عادل عەبدولمەهدی لە بەشێكی نامەكەیدا بەشان و باڵی موقتەدا سەدرا هەڵیداوەو لەچەند شوێنێكیشدا بەناوهێنانی ئیمامی زەمان و هێنانەوەی ئایەتی قورئان ئەوەی بیری موقتەدا خستۆتەوە كە هەردووكیان هەڵگری یەك ئەجێنداومەزهەبن، پاشان لەبارەی داواكاریی سەدرەوە كە بە عەبدولمەهدی ڕاگەیاندووە بچێتە پەرلەمان و لەوێوە دەست لەكار بكێشێتەوەو ئیعلانی حكومەتی كار بەڕێكەر بكات بۆماوەی یاسایی و پاشان كابینەكەی دەست لەكار بكێشێـتەوە.

هەرچەندە عادل عه‌بدولمه‌هدی ئینكاری ئەوە ناكات بڕواتە پەرلەمان و دەست لە كاربكێشێتەوە، بەڵام كۆمەڵێك لەمپەر و بیرخستنەوە دەخاتە بەردەمی سەدرو پێی دەڵێت، بە پێی مادەی (64) دەبێت سەرۆك كۆمار ڕازی بێت و لە كۆی ئەندامانی پەرلەمانیش 110 كەس دەنگی پێ بدەن، بەڵام ئەوەش ماوەكە درێژ دەكاتەوە، پاشان دەڵێت ئەگەر تۆ دەتەوێت لە ماوەی (چەند كاتژمێر)ێكدا دۆخەكە چاك ببێت ئەوا بچۆ لەگەڵ (برا)عامری دا ڕێبكەون و هەموو شت كۆتایی دێت، چوون چوونە پەرلەمان و دەست لەكار كێشانەوەی ئێمە دۆخەكە بە چارەنووسێكی نادیار دەسپێردرێت، نازانرێـت بەرەو كوێ دەڕوات، ڕێكەوتنی تۆو هادی عامری هەموو شت دەبڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەی حكومەت دەست لەكاربكێشێـتەوە، پرۆژەكان ڕادەگرێت و بوودجە پەسەند ناكرێت و كۆمپانیاكان كارەكانیان ڕادەگرن و چەندین گرفتی دیكەی لێدەكەوێـتەوە.

پاشان عەبدولمەهدی باس لە خاڵێكی دیكە دەكات كە ئەگەر حكومەت هەڵوەشایەوە دەبێت ئەو حیزبانە بەشداریی بكەن كە گەل هەڵیان ببژێرێت، ئەو وەبیری سەدر دەهێنێـتەوە كە سندوقەكانی هەڵبژاردن ئەنجامەكەی نادیارە و ناتوانرێت عێراق لە ئێستەدا بەو دۆخەنادیارە بسپێردرێت و دەڵێت ناكرێ ئیجتیهادو بۆچوونێكی شەخسی بكرێـتە بەرنامەو بەسەر هەموواندا فەرز بكرێت.

عەبدولمەهدی لەدرێژەی نامەكەیدا باس لەوە دەكات كە ئەو كاتێك تەمەنی 14- 15 ساڵان بووە خۆپیشاندانی كردووەو بۆ ئەو مەبەستەش بێبەش كراوە لە خوێندن و زیندانی كراوە لە ساڵی 1956-1957 دا، وەك ئەوەی وەبیری سەدری بهێنێتەوە كە لەدایك بووی 1974 و پێی بڵێت چەندین ساڵ بەرلەوەی تۆ لەدایك ببیت من خۆپیشاندانم كردووە، لەو ڕێگەیەشەوە بە خۆپیشاندەران دەڵێت كە ئەوەی ئێوە دەیكەن من ساڵانێك پێش لە ئێستە كردوومە.

شایانی باسە كۆتایی نامەكەی بە ئایەتێكی قورئان هێناوەو ناوەڕۆكی ئایەتەكەش باسی ئەوە دەكات كە هەرچی لە تواناماندا بووە كردوومانەو ئەوەش كە نەمانكردووە داوا لە خودا دەكات بیبەخشێت و لە قسووری عەفوو بكات.