ڕاپۆرتی کوردستانی

05:21 - 31/10/2019

مزگێنییەکەی ئەردۆغان بۆ گەلی تورک دەبێت چی بێت؟‌

پەیسەر

ئەردۆغان رۆژی چوارشەمە کاتێک باسی تیرۆر ( کورد)ی دەکرد، وتی بەم نزیکانە مزگێنییەک بە گەلی تورک دەدەین. ئەم وتەیەی ئەردۆغان لەوانەیە یەکێک لەم ئەگەرانە بێت:


یەکەم:
لە دوای بڕیارەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە بە جینۆسایدناساندنی کوشتاری ئەرمەنەکان و سەپاندنی سزای ئابوری بەسەر تورکیادا، ئەردۆغان و تورکیا کەوتوونەتە ژێر فشارەوە. هەربۆیە یەکێک لە ئەگەرەکان لەوانەیە تەنیا بانگەشەیەکی ڕووت بێت بۆ ئەوەی لەناو رای گشتیدا کەمێک لەو فشارە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و لە کرداردا ناتوانێت هیچ بکات و هیچ مزگێنییەکی راستەقینە لەئارادا نییە.

دووەم: لە یەکەم ساتەکانی دوای لێدوانەکە زۆر کەس بیریان بۆ ئەوەچوو کە لەوانەیە مەبەستی ئەردۆغان کوشتن یان دەستگیرکردنی مەزڵوم کۆبانێ بێت کە ئەم رۆژانە ناو و ناوبانگێکی زۆری هەیە و تورکیاش بەم پێگەیەی مەزڵوم کۆبانێ زۆر توڕەیە. بەڵام ئەم گریمانەیە لاوازە، چونکە ئەم مزگێنییە پێشوەختە دەبێتەهۆی ئەوەی فەرماندە و بەرپرسانی یەپەگە و هەسەدە زیاتر لە جاران لەڕووی ئەمنییەوە خۆپارێزی بکەن. جگە لەوەش  کاتێک پلان بۆ کوشتن یان دەستگیرکردنی کەسێک دادەنرێت، پلانەکە زۆر بە نهێنی و شاراوە بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی کەسە بیر لە تێکدانی پلانەکە و خۆپارێزی نەکاتەوە.

سێیەم: ئەگەر مزگێنییەکەی ئەردۆغان جدی بێت، یەکێک لە ئەگەرە دەکرێت ئەوەبێت کە رێککەوتنێکی شاراوە لەنێوان روسیا و تورکیا و حکومەتی سوریا هەبێت. بەو واتایەی رێککەوتنەکەی سوچی کە دەقەکەی بڵاوکراوەتەوە ناوەڕۆکەکەی شتێکی دیکەیە و ئەو خاڵانەی بڵاوکراونەتەوە تەنیا بۆ بەلاڕێدابردنی نەیارانی رێککەوتنەکەیە. 

ناوەڕۆکی رێککەوتنە شاراوەکەش دەکرێت ئەوەبێت کە دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر، لەم رۆژانەدا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی تورکیا و روسیا و سوریا لە دژی هەسەدە دەست پێ بکات. تورکیا و روسیا بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە بە ئاسانی دەتوانن دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرن کە تورکیا پێشتر وەک ناوچەی ئارام دیاری کردبوو. حکومەتی سوریاش لە هێڵی باشورەوە ئۆپراسیۆنێک لە دژی هەسەدە دەست پێ بکات. لەوانەیە بیانووپێگرتنەکەی ئەم دوایەی سوریا بە هەسەدە لەچوارچێوەی ئەم پلانەدا بێت، کە پێچەوانەی رێککەوتنە سەربازییەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر حکومەتی سوریا دەڵێت ئەندامانی هەسەدە دەتوانن بە تاک بێنە ناو سوپای سوریاوە، ئەمەش واتای ئەوەی هەیە کە سوریا ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەک وەک هێزێکی سەربازی دان بنێت بە هەسەدەدا تەنانەت ئەگەر ناوەکەشیان بگۆڕن.  بەرپرسانی هەسەدەش بە توندی ئەم هەڵوێستەی سوریایان رەتکردەوە.

ئەگەر رێککەوتنێکی شاراوە لەنێوان روسیا  و تورکیا و سوریا هەبێت، ئەوا ئەردۆغان راست دەکات و دەتوانێت مزگێنییەکی گەورە بدات بە گەلی تورک. چونکە ئاسانتر دەتوانێت شکست بە کورد بهێنێت. لەوانەیە بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر تێک بچێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستکەوتێکی گەورەش دەبێت بۆ ئەردۆغان. ئەردۆغان بیر لەوە دەکاتەوە کە فشاری ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ سەر تورکیا لەوانەیە تەنیا چەند ساڵێک بخایەنێت و تورکیاش بەرگەی ئەم فشارانە دەگرێت.

لەم رێککەوتنە شاراوەیەدا دەستکەوتی روسیاش ئەوە دەبێت کە لەلایەکی تورکیا بە تەواوی لە ئەمریکا دادەبڕێت و دەیکاتە گوێڕایەڵی خۆی، جگە لەوەش حکومەتێکی ناوەندی سوریا کە لەژێر هەژمونی خۆیدابێت مسۆگەر دەکات. دەستکەوتێکی دیکەی روسیاش دەکرێت ئەوەبێت کە ئەمریکا جارێکی دیکە ناچار بێت لە سوریا بکشێتەوە، چونکە دڵنیایە ئەمریکای سەردەمی ترەمپ بەرگەی ئەم فشارە هاوبەشەی روسیا و تورکیا و سوریا ناگرێت.

 دەستکەوتی بەشار ئەسەدیش ئەوە دەبێت کە دەست بەسەر نەوت و بەشێکی زۆری خاکی رۆژئاوای کوردستاندا دەگرێت و پرسی دابەشبوونی سوریا کۆتایی پێ دێت، جگە لەوەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی دەبێتەوە و لەوانەیە تورکیاش چیتر رێگە نەدات گروپە جیهادییەکان هیچ مەترسییەک بۆسەر بەشار ئەسەد دروست بکەن.

چوارەم: گریمانەیەکی دیکەش ئەوەیە هەدەپە دابخرێت بە بیانووی پشتگیریکردنی تیرۆر( کورد)، یان خود لەوانەشە پەیوەندی بە ژیانی ئۆجەلانەوە هەبێت.