ڕاپۆرتی کوردستانی

05:41 - 31/10/2019

١/١/٢٠٢٠ دواین دەرفەتی ماڵی تاڵەبانییە بۆ پارتی‌

پەیسەر

دوای سێ مانگ لە هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئێستا گەڕێکی دیکە لە گرژییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە دەستی پێکردووەتەوە. ڕەنگە دروستتر بێت ئەگەر بگوترێت گرژییەکانی نێوان ماڵی تاڵەبانی و ماڵی بارزانی، چونکە پێناچێت ماڵی کۆسرەت رەسوڵ لە دۆخەکە زۆر ناڕازی بن.

رۆژی پێنج شەمە ٣١ی ئۆکتۆبەر، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەیدا بەشێک لە ناکۆکییەکانی ئاشکراکرد، بەڵام ئەوەی وتەبێژەکەی یەکێتی باسی کرد هەموو ناکۆکییەکان نەبوون، جگە لەوەش قسەکانی لەتیف شێخ عومەر زیاتر رەنگدانەوەی داخوازییەکانی ماڵی تاڵەبانی پێوەدیاربوو تا هەموو یەکێتی.

لەتیف شێخ عومەر باسی نیگەرانییەکانی حیزبەکەی کرد لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی، کە بە وتەی ناوبراو بەشی زۆری رێککەوتنە سیاسییەکە جێبەجێ نەکراوە، رێککەوتن لە سەر پشکەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمیشدا وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و تێبینیشیان هەیە لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی بەشێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، سەبارەت بە رێککەوتنەکەشیان لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کە هیچی جێبەجێ نەکراوە.

ناکۆکییەکانی نێوان ماڵی تاڵەبانی و ماڵی بارزانی لەسەر چین؟
بەپێی زانیارییەکان ماڵی تاڵەبانی بە فەرمی نیگەرانی خۆیان گەیاندووەتە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت. بۆ ئەمەش تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠یان مۆڵەت داوەتە ماڵی بارزانی کە داخوازییەکانیان جێبەجێ بکەن. بەم پێیەش ئەگەر ماڵی تاڵەبانی رازی نەکرێن ئەوا لەوانەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠وە جارێکی پرسی کشانەوەی یەکێتی کە لە حکومەت ببێتە پرسێکی جدی و لەم حاڵەتەشدا کابینەی نۆیەم بە تەواوی دەکەوێتە مەترسییەوە و تەنانەت ئەگەری لەبەریەکهەڵوەشانەوەشی هەیە.

ناکۆکییەکانی نێوان ماڵی تاڵەبانی و ماڵی بارزانی بریتین لە:
یەکەم:ماڵی تاڵەبانی نیگەرانن پارتی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کردووە و یەکێتی هیچ رۆڵێکی لە بڕیارداندا نەماوە

سەبارەت بە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم ماڵی تاڵەبانی دەڵێن نێچیرڤان بارزانی تەواو دامەزراوەکەی بۆ خۆی قۆرغ کردووە، بەڵام ئەمە نیگەرانییە سەرەکییەکەی ماڵی تاڵەبانی نییە، بەڵکو نیگەرانییە سەرەکییەکەی ئەوان خودی جەعفەر شێخ مستەفایە. چونکە پێیانوایە ناوبراو لەگەڵ باڵی کۆسرەت رەسوڵ کار دەکات و هەماهەنگە لەگەڵ پارتیش. بەمجۆرە ماڵی تاڵەبانی ئێستا هیچ پێگەیەکیان لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا نییە.

هەربۆیە داوایان کردووە کە جێگرانی سەرۆکی هەرێم بگۆڕدرێن، پاساوەکەشیان ئەوەیە ئەو دوو کەسەی کە جێگری سەرۆکی هەرێمن کەسی سەربازیین و توانای دیپلۆماسیان نییە و پێویستە دوو کەسی دیکە بکرێنە جێگر کە توانای دیپلۆماسیان هەیە. پێدەچێت ئەم پاساوە تەنیا بۆ گۆڕینی جەعفەر شێخ مستەفابێت و ئەوان کێشەیان لەگەڵ مستەفای سەید قادر نییە.

سەبارەت بە ئەنجومەنی وەزیرانیش، هەرچەندە بە رواڵەت کێشەی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی چارەسەرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوەی کرد. بەڵام پێکهاتەی تیمی یەکێتی لەناو ئەنجومەنی وەزیران زۆر بە دڵی ماڵی تاڵەبانی نین و جگە لەوەش بەبۆچوونی ماڵی تاڵەبانی ئەو تیمەش تا ئێستا بەهۆی فشارەکانی مەسرور بارزانییەوە نەیانتوانیوە رۆڵێکی ئەوتۆ ببینن. هەربۆیە داوای گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کابینەکە دەکەن. بەو واتایەی کێشەیان لەگەڵ پشکەکان نییە، بەڵکو دەڵێن دەبێت گۆڕانکاری لە وەزیرەکاندا بکرێت. پاساوەکەشیان ئەوەیە کە بەشێکی وەزیرەکان کەسی سەربازین و شارەزا و تەکنۆکرات نین و ناتوانن چاکسازی بکەن.

ماڵی تاڵەبانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش نیگەرانن و پێیانوایە پارتی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشی قۆرخ کردووە، سەرۆکی پەرلەمان سەر بە باڵی کۆسرەت رەسوڵە و ئەوانیش لە پارتییەوە نزیکن. جگە لەوەش پارتی لەڕێی دوو جێگرەکەیەوە واتە هێمن هەورامی و مونا قەهوەچی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کردووە. 

 

دووەم: خالید شوانی کە وەزیری هەرێمە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

تا ئێستا نەک هیچ رۆڵێکی پێنەدراوە، کەچی پارتی لە بەغدا ناوەندێکی کردووەتەوە بە ناوی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا کە کەسێکی پارتی لەو پۆستەدا دانراوە. ئەو دەسەڵاتانەی کە بڕیاربوو بدرێت بە خالید شوانی ئێستا ئەو نوێنەرەی پارتی لە بەغدا رایدەپەڕێنێت.

 

سێیەم:  یەکێتی ئاگاداری دۆسیەی نەوت نییە. 
یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی یەکێتی لە هەموو کابینەکاندا هاوبەشیکردن بوو لە بڕیاردان لەسەر دۆسیەی نەوت. لە کابینەکانی رابردوودا جێگری سەرۆکی حکومەت ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گاز بوو و لەمڕووەوە تا رادەیەک ئاگاداری دۆسیەی نەوت بووە. کەچی لەم کابینەیەدا وەک لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی پێدا ئەو ئەنجومەنە تا ئێستا یەک کۆبوونەوەشی نەکردووە.

جگە لەوە دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بووەتە سەرۆکی هەرێم، دۆسیەی نەوت بە تەواوی کەوتووەتە دەست خودی مەسعود بارزانییەوە و ماڵی تاڵەبانی پێیانوایە کە لە جیاتی حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی نەوت و گاز ئەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییە کە سیاسەتی نەوت و گاز بەڕێوە دەبات و بڕیار دەدات کە نەوت رادەستی بەغدا بکرێت یان نا. ئەمەش نیگەرانی ماڵی تاڵەبانی لێکەوتووەتەوە چونکە بە تەواوی لە سیاسەتی نەوت پەراوێز خراون.

 

چوارەم: پارتی و یەکێتی دوو بۆچوونی تەواو جیاوازیان هەیە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بەغدا
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق، یەکێتی و ماڵی تاڵەبانی پێیانوایە نابێت کورد کێشە لەبەردەم هەموارکردنەوەی دەستور دروست بکات، بە بۆچوونی ئەوان کورد دەبێت تەنیا پێداگری لەسەر نەگۆڕینی ئەو مادە دەستوریانە بکاتەوە کە پەیوەندییان بە کورد و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، وەک مادەی ١٤٠ و دەسەڵاتەکانی هەرێم، هەربۆیە یەکێتی کێشەی نییە کە سیستمی سیاسی عێراق لە پەرلەمانییەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی.

بەڵام لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی و پارتی گۆڕینی دەستور و سیستمی سیاسی عێراق بە هێڵی سوور دادەنێن، پێیانوایە سیستمی سەرۆکایەتی و کۆبوونەوەی دەسەڵاتەکان لە تاکە کەسێکدا کە سەرۆکی عێراقە، دیکتاتۆری لێ دەکەوێتەوە و مەترسی بۆسەر کورد و هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

پارتی و مەسعود بارزانی بەهیچ جۆرێک رازی نین بە گۆڕینی عادل عەبدولمەهدی و پێیانوایە لەم دۆخەدا بۆ کورد باشترە عادل عەبدولمهەدی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، چونکە ناوبراو زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە ئامادەیی هەیە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات.

لە بەرامبەردا بەپێی زانیارییەکان یەکێتی بە لایەنە شیعەكانی راگەیاندووە، ئەوان لاریان نییە لەسەر گۆرینی عادل عەبدولمەهدی بەو مەرجەی ئەو كەسەی كە دیاریدەكرێت بۆ جێگرتنەوەی ناوبراو، کۆدەنگی هەموو لایەنە شیعەکانی لەسەر بێت. بۆ ئەمەش یەكێتی لە رێی بەرهەم ساڵحەوە هەوڵی داوە شیعەكان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی رێک بخات. ئەم هەوڵەی یەکێتیش پارتی بە تەواوی نیگەران کردووە.

ئایا پارتی تەسلیمی فشارەکانی ماڵی تاڵەبانی دەبێت؟
لە راستیدا ئەو داواکارییانەی یەکێتی ئاراستەی پارتی کردووە، داواکاری ماڵی تاڵەبانین، ماڵی تاڵەبانی نامەیەکی فەرمیان بۆ پارتی ناردووە و لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو و ١/١/٢٠٢٠یش وەک دوا مۆڵەت دیاری کراوە بۆ رێککەوتن.
داواکارییەکانیش لەم دوو خاڵەدا کورت کراونەتەوە:

• ئاگاداربوون لە رەوتی دانیشتنەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی كێشەكان بە بەشداری هەردوو لا
• پێداچوونەوە بە پۆستەكان لەڕووی كەسایەتییەكانەوە  نەک پشکەکان

پارتی پێشتر چەند جارێک ناچار بووە مل بدات بۆ داواکانی یەکێتی و بە تایبەت ماڵی تاڵەبانی، چونکە دەزانێت بەبێ یەکێتی و بە تایبەت ماڵی تاڵەبانی ناتوانێت حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بکات. ئەمجارەشیان پێدەچێت لە دوو حاڵەتدا پارتی لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە ناچار بێت مل بداتەوە بۆ داواکارییەکانی ماڵی تاڵەبانی و یەکێتی

یەکەم: یەکێتی کۆنگرەی لە پێشە، ئەگەر کۆنگرەی یەکێتی لە وادەی دیاریکراودا ببەسترێت و پێگەی بنەماڵەی تاڵەبانی لە کۆنگرەدا بەهێزتر بێت، ئەوا بە ئەگەری بەهێز پارتی ناچار دەبێت مل بدات.
دووەم: ماڵی تاڵەبانی تا چەندە ئامادەی ریسک کردن و بەکارهێنانی کارتە فشارەکانی خۆیان. بۆ نمونە ئایا ماڵی تاڵەبانی ئامادەن لە حکومەت بکشێنەوە یان نا؟ ئەگەر هەڕەشەی کشانەوەیان لە حکومەت جدی بێت، پێدەچێت پارتی هەندێک ئیمتیاز بدات چونکە وەک ئاماژەی پێدرا پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومڕانی بکات، دەریشکەوت کە کاتێک قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوەی کرد لە چەند رۆژێکدا مەسرور بارزانی دەسەڵاتەکانی بۆ گەڕاندەوە.