ڕاپۆرتی کوردستانی

04:39 - 01/11/2019

داعشەکان هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا وەک زیندووکردنەوەی خەلافەت دەبینن‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورک و میلیشیاکانی کە لە ژێر ناوی "سوپای نەتەوەیی سوریا" یەکخراونەتەوە، ٩ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. شارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی یەکەمین ئامانجی هێرشەکان بوون.

 دەوڵەتی تورکیا بە سوپایەک کە پاشماوەی داعش و ئەلنوسرەیە و بە تەنها جلەکانیان گۆڕاون هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. لە هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەمەوە و تا ئیستا لە شێوەی شەڕ و لیدوانەکانی بەپرسانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە لایەن میلیشیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە دەردەکەوێت، هێرشەکە بە تەنها بۆ داگیرکردنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو ئامانجێکی سەرەکیان ئەوەیە خۆیان بگەیێنە ئەو کەمپانەی کە خێزانی داعشیەکانیان تێدایە، بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەن.

 

ئەم ڕاستیە لە لایەن ژنانی داعشەوە لە کەمپی عەین عیسا بە دیمەنی ڤیدیۆیی پشتڕاست کراوەتەوە. بەم شێوەیە "داعش و بنەمالەکانیان هێرشەکانی تورکیا وەک هیوایەک بۆ زینداکردنەوەی "خەلافەتی داعش" دەبینن.

بەو هۆیەوە لە ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، لە کەمپی عەین عیسا بە دەیان رووداو روویانداوە و خیزانی داعشەکان هەوڵی هەڵهاتن و نانەوەی ئاژاوە دەدەن.
بەڵگە بۆ ئەوەیش هەڵهاتنی نزیکەی ٧٨٥ کەسی ناو کەمپی عەین عیسا بوو لە ١٣ی تشرینی یەکەم.

 

کەمپی عەین عیسا دەکەوێتە سەر رێگەی ستراتیژی (ئێم ٤)ی نێوان هەرێمی جزیر و فورات. بۆ ئەوەی هەردوو هەرێمەکە لەیەکتری داببڕن، چەکدارە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا هێرش دەکەنە سەر عەین عیسا و دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی بکەن.

چەندین ڕۆژە لە سەر رێگەی (ئێم ٤) شەڕێکی سەخت لە نێوان شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و چەکدارەکاندا ڕوودەدات. لەگەڵ ئەوەی ئاگربەست ڕاگەیەنرابوو، بەڵام بە هۆی ڕێکەوتنی تورکیا و ئەمریکا – تورکیا و ڕووسیا، هێرشی گروپە چەکدارەکان و سوپای تورکیا لە ڕۆژئاوای سەرێکانی و دەوروبەری گرێ سپی بەردەوامە.

چەند کەس لە کەمپی عەین عیسا نیشتەجێکراون و خەڵکی کوێن؟
کەمپی عەین عیسا بە تەنها چەند کیلۆمەترێک لە شاروچکەی عەین عیساوە دوورە. کەمپەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانان دا بەرامبەر ڕەقا دروستکرا. ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی کە لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگارکران و خێزانی داعشەکان لە کەمپەکە نیشتەجێکران.

لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی کە لە دێرەزۆر هەڵهاتبوون، لە کەمپەکە دەژین. بە پێی ئاماری فەرمی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا نزیکەی ١٥ هەزار و ٥٠٠ کەس لە کەمپی عەین عیسا دەژین. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە خۆسەری دیموکراتیک، کەمپەکە دەپارێزن.

چەند کەس لە کەمپی عین عیسا دەژین و خەڵکی کوێن
١٢٦٩٥ کەسی خەڵکی سوریا
٤٧٩ کەسی عێراقی
٨٠٠ بیانی
٢٣٢٥ خێزانی خەڵکی سوریا
١١٨ خێزانی خەڵکی عێراق
٣٠١ خێزانی بیانی

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ١٣ تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵی داعش لە کەمپەکە هەڵهاتوون و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کۆمکاری عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا کرد بەرامبەر ئەو قەیرانە بێدەنگ نەبن و دەستوەردان بکەن.

ڕێکخراوە مرۆییەکان کشانەوە
دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٩ی تشرینی یەکەمدا ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوە مرۆییەکان کە بۆ هاوکاری ئاوارەکان ڕوویان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردبوو، کشانەوە.

 

دوو لەو رێکخراوانەش ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی و پزیشکانی بێنسوور بوون. دوای هێرشەکان لە ١٥ تشرینی یەکەمدا ڕاگەیاندراویان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا تیمەکانیان لە عەین عیسا، هۆل، گرێ سپی، تل تەمر ، تل کۆچەر، کۆبانی و ڕەقا کشاندووەتەوە.

خێزانی داعشەکان بۆ هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا هەڵهاتوون
١٣ی تشرینی یەکەم دەوڵەتی تورک و میلیشیاکانی بە ئاسمانی و زەمینی هێرشیان کردە سەر شاروچکەی عەین عیسا و کەمپەکەی. ژنە داعشیەکان هەمان ڕۆژ دەستیان بە ئاژاوەنانەوە کرد و ژمارەیەکی زۆر خێمە و چادری کەمپەکەیان سووتاند.

ئاژانسی ئەشوشێتدپرێس و ژمارەیەک ئاژانسی تر ڕایانگەیاندبوو، ژنە داعشیەکان بەرەو گرێ سپی کە لە ژێر داگیرکاری تورکیادایە هەڵهاتوون. بە پێی ئامارەکان نزیکەی ٧٨٥ کەس هەڵهاتوون. ژمارەیەکیان لە گرێ سپین و هەندێکیان یەکسەر خۆیانگەیاندووەتە خاکی تورکیا.

لەو هەرێمانەی لە ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتی خۆسەریدان، نزیکەی ٢ هەزار و ٦٢٢ ئەندامی داعش دەستبەسەرن کە خەڵکی ٤٦ وڵاتی جیهانن و بە هۆی هێرشەکانی تورکیاوە، لە زیندان و کەمپەکاندا دەستیان بە ئاژاوەنانەوە و ڕاپەرین کردووە.