ڕاپۆرتی کوردستانی

02:25 - 02/11/2019

خۆپیشاندانه‌كانى عێراق حكومه‌تى هه‌رێم ده‌خاته‌ جوڵه‌‌

پەیسەر پرێس

تیمى كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ده‌ستپێكێكى زووه‌وه‌ كه‌وت به‌سه‌ر دۆخى شڵه‌ژاوو نادیار و ئاڵۆزى عێراق-دا، ئاگره‌كه‌ى به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ دوور نییه‌، ئه‌گه‌رچى فاكته‌ر زۆرن كه‌ رێگه‌ى گه‌یشتنى خۆپیشاندانه‌كانى به‌غدا به‌هه‌رێمى كوردستان ببه‌ستن، به‌ڵام حكومه‌ت ده‌زانێت ناڕه‌زایى خه‌ڵك ئامانى نییه‌ و ره‌نگه‌ له‌رووداوێكى بچووكه‌وه‌، شڵه‌ژانى گه‌وره‌ درووستبێت، بۆیه‌ش حكومه‌تى هه‌رێم چه‌ند رێكارێكى خۆپارێزی گرتووه‌ته‌ به‌ر.

مووچه‌
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ ده‌زانێت، كه‌ كێشه‌ى مووچه‌ بزوێنه‌رى هه‌ر نیگه‌رانییه‌كى خه‌ڵكه‌، بۆیه‌ش نایه‌وێت ئه‌و كێشه‌یه‌ جارێكى دیكه‌ وه‌ك رابردووى لێ بێته‌وه‌، كاتێك ٢٠١٨ پاشكه‌وتى مووچه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر ئێسقان، خه‌ڵكى له‌ناوچه‌ى بادینان و هه‌ولێریش رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و حكومه‌تیان ناچار به‌ پێداچوونه‌وه‌ كرد.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند مانگێكه‌ كار له‌سه‌ر گلدانه‌وه‌و هه‌ڵگرتى بڕه‌ پاره‌یه‌ك ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى له‌ئه‌گه‌رى گرتنه‌وه‌ى مووچه‌ له‌به‌غداوه‌، كێشه‌ى مووچه‌ به‌زوویى سه‌رهه‌ڵنه‌دات و لانى كه‌م چه‌ند مانگَك به‌رگه‌ بگرن.
له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بێ دواكه‌وتن و له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ دابه‌شبكرێت. 

حكومه‌ت زۆر پێداگرى له‌ دوانه‌كه‌تن و دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ناوبه‌ناو هه‌واڵێك له‌سه‌ر دواكه‌وتنى چه‌ند رۆژێكى كه‌مى مووچه‌ بڵاوبێته‌وه‌، حكومه‌ت له‌رێگه‌ى میدیا نزیكه‌كانى خۆیه‌وه‌ به‌زوویى ره‌تیده‌كاته‌وه‌. له‌دۆخێكدا كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرنییه‌ مووچه‌ ئاسایى بووه‌ته‌وه‌و له‌به‌هارى ئه‌مساڵه‌وه‌ پاشكه‌وت هه‌ڵگیراوه‌، ئه‌گه‌رێكى نزیك نییه‌، مووچه‌خۆر بژارده‌ى چوونه‌ سه‌رشه‌قام هه‌ڵبژێرن. بۆیه‌ش حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌و كونه‌ى كه‌شتییه‌كه‌ى بگرێت.

یاساى چاكسازى
یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌و خانه‌نیشى، به‌ڵێنى ئه‌وه‌ڵى حكومه‌ت و لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى بوو، به‌ڵام دواى نزیكه‌ى چوار مانگ یاساكه‌ جارێ له‌ تاریكیدایه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوى دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ دێڕێك باس كرابوو كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت جه‌ختى له‌هه‌رچى زوو ره‌وانه‌كردنى یاساى چاكسازى كردووه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، سه‌رۆكى حكومه‌ت و پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌و یاسا كۆنه‌ى بۆ چاكسازى هه‌بوو به‌ده‌ستكارییه‌كى كه‌مه‌وه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكرێت، چونكه‌ داڕشتنى یاساى گشتگیر كاتى زیاترى ده‌وێت ئه‌گه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كانى تێدا جێبكرێته‌وه‌، واته‌ ئه‌و خۆسته‌ به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى حازره‌ ئێستا به‌ به‌خێرایى تێبه‌پڕێت. له‌كاتێكدا گۆڕان پێداگرى له‌ تێپه‌ڕاندنى یاسایه‌كى گشتگیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چاكسازى هه‌موو كه‌رته‌كانى دیكه‌ى تێدا جێبكرێته‌وه‌، یه‌كێتیش ئه‌م پرۆژه‌ى ئێستاى به‌دڵ نییه‌و پێى وایه‌ پرۆژه‌یه‌ك به‌ زیانى ئه‌و دووراوه‌و ١٠ بۆ ١٤ هه‌زار كادیرى مووچه‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت.

ئه‌و خواسته‌ى حكومه‌ت، بۆهه‌رچى زوو به‌په‌له‌ ره‌وانه‌كردنى یاساى چاكسازى بۆ په‌رله‌مان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ شه‌قامه‌كانى به‌غدا ده‌كوڵێن و په‌رله‌مانى عێراقیش بڕیارى خێراى بۆ چاكسازى هه‌یه‌، له‌په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامى ئه‌وتۆ نابیندرێت. بۆیه‌ش ترس له‌ گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان پاڵى زیاتر به‌ یاساى چاكسازییه‌وه‌ ده‌نێت بۆ په‌رله‌مان تا هه‌رچى زووه‌ په‌سه‌ندبكرێت، ئه‌گه‌رچى كرچو كاڵ و كه‌موكورتیش بێت.

تاپۆكردنى خانووه‌ زیاده‌ڕۆكان
یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركراوه‌، ٣٠ مانگى رابردوو په‌سه‌ندكرا، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر بۆ نرخى تاپۆكردنى هه‌ر مه‌ترێك دووجا له‌و زه‌وییانه‌ چه‌ند پێشنیارێكى جیاوازهه‌بووه‌، راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كام پێشنیاریان له‌هه‌مووى كه‌متره‌ با كار به‌وه‌یان بكرێت،  مادده‌ى سێى یاساكه‌ تایبه‌ت بوو به‌ نرخه‌كان، به‌پێى راپۆرتى په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر مادده‌ سێ، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ ١٦ پێشنیار ئاماده‌كراوه‌، له‌كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و شاره‌وانی په‌رله‌مان به‌ ٦٧ده‌نگ په‌سه‌ندكرا. به‌وپێیه‌ى راپۆرته‌كه‌ ره‌هه‌ندى دارایى هه‌بووه‌، بۆیه‌ش راى حكومه‌ت له‌باره‌ى نرخه‌كانه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بووه‌، راى حكومه‌تیش به‌جۆرێك بووه‌ كام پێشنیاره‌ كه‌مترینه‌ با ئه‌وه‌یان جێگیر بكرێت.

پێشنیارى ١٦یه‌م په‌سه‌ندكراوه‌، كه‌ نرخى هه‌ر مه‌ترێك له‌ پارێزگا له‌نێوان ١٥ بۆ ٣٠ هەزار دینارەو لە قەزاکان لە ١٠ بۆ ١٥ هه‌زار دیناره‌، له‌ ناحیه‌كانیش ٥٠٠٠ بۆ ٨٠٠٠ دینارە، دیاریكردنى نرخ له‌نێوان ئه‌و دوو نرخه‌ى دیاریكراوه‌ به‌پێى گرنگى شوێنه‌كه‌و بوونى خزمه‌تگوزارییه‌كانى شوێنه‌كه‌ ده‌بێت. ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر راسپارده‌ى حكومه‌ت كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا پێشتر بۆ هه‌ر مه‌ترێك له‌ پارێزگا ٦٠ هه‌زار دینار و له‌ قه‌زاكان ٤٠ هه‌زار دینار و له‌ناحیه‌كانیش ٣٠ هه‌زار دینار دیاریكرابوو.

حكومه‌ت بۆچوونى وابووه‌، یاسایه‌ك كه‌ ٣٠٠ هه‌زار خێزان لێى سودمه‌ند ببن، باشتره‌ به‌ نرخێكى كه‌م بێت، بۆئه‌وه‌ى نیگه‌رانى دروست نه‌كات و خه‌ڵكى لێى رازى بن. ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و جموجوڵانه‌ى حكومه‌ته‌ له‌م دۆخه‌دا بۆئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ره‌كانى گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندان لاوازتر بكات.

په‌یسه‌ر پێشتر له‌ راپۆرتێكدا ئه‌وه‌ى خستبووه‌ڕوو، كه‌ چه‌ند هۆكارێك وایكردووه‌ له‌م قۆناغه‌دا گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندان بۆ هه‌رێم ئه‌گه‌رێكى لاواز بێت، وه‌ك نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆنى به‌هێز له‌هه‌رێم، نه‌بوونى هاوسۆزى و پشتیوانى له‌نێوان خه‌ڵكى ناڕازى هه‌رێم و خۆپیشانده‌رانى به‌غدا، هه‌روه‌ها هێرشه‌كانى رۆژئاوا ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ كورد زۆرتر بیر له‌چاره‌نووس و بوونى خۆى بكاته‌وه‌،هه‌روه‌ها پینه‌كردنى كێشه‌ى مووچه‌ له‌م قۆناغه‌دا، له‌گه‌ڵ نه‌بوونى ئیراده‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ تێكچوونى دۆخى هه‌رێم. به‌ڵام نیگه‌رانى و ناڕه‌زاییه‌كانى خه‌ڵك گره‌وى له‌سه‌ر ناكرێت بۆیه‌ش حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت ئاگره‌كه‌ى به‌غدا دووكه‌ڵه‌كه‌شى نه‌گاته‌ هه‌رێم و كه‌وتووه‌ خۆى.