ڕاپۆرتی کوردستانی

08:19 - 03/11/2019

تاى ته‌رازووى عه‌بدولمه‌هدى خەریکە قورس ده‌بێت‌

پەیسەر پرێس

ئێران له‌ بیرۆكه‌ى لابردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌كشێته‌وه‌و پشتیوانى مانه‌وه‌ى ده‌كات، ته‌رازووى دۆخى عێراق خه‌ریكه‌ به‌لاى عه‌بدولمه‌هدیدا قورس ده‌بێت، ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌لایه‌نه‌ شیعییه‌كان هه‌وڵى بێوچاندان بۆ لابردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆسته‌كه‌ى، ته‌نانه‌ت موقته‌دا سه‌در، كه‌براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ به‌توندى هه‌ڕه‌شه‌ى لادانى كرد، به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدى هێشتا له‌ماڵه‌كه‌ى خۆیه‌تى.

هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان له‌به‌غدا به‌خێرایى ده‌گۆڕێن و به‌ره‌كان زوو زوو ده‌شێوێن و حزبه‌كان جێگۆركێ ده‌كه‌ن، چه‌ند رۆژێكى كه‌م پێش ئێستا عه‌بادى، مالیكى، سه‌در، عه‌مار حه‌كیم، ته‌نانه‌ت هادى عامریش به‌م دواییانه‌ له‌گه‌ڵ لابردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى بوون له‌ پۆسته‌كه‌ى هه‌ندێكیان په‌یامى توندیان دژى سه‌رۆك وه‌زیران دا، به‌ڵام دوایین هه‌ڵوێستى ئێران لایه‌نه‌ شیعه‌كانى په‌رت و بێده‌نگكرد. هه‌ڵوێستى ئێران له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق-ه‌. 

سه‌در دیسان فڕییه‌وه‌ بۆ ئێران

موقته‌دا سه‌در چه‌ند رۆژێكى كه‌م پێش ئێستا له‌ئێران-ه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌و راسته‌وخۆ چووه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و به‌ عه‌بدولمه‌هدى گوت:"كاتى رۆشتنه‌و ده‌بێت بڕۆیت"، هه‌موان ئه‌م په‌یامه‌یان وه‌ك گڵۆپى سه‌وزى ئێران لێكدایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ قومه‌وه‌ بۆناو خۆپیشانده‌ران گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام پێناچێت تاران له‌م قۆناغه‌دا خواستى رۆیشتنى عه‌بدولمه‌هدى هه‌بێت. به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، سه‌در ئه‌مڕۆ له‌نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكى باڵاى ئێرانى كردووه‌، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌ نه‌جه‌ف-ه‌وه‌ به‌ فڕۆكه‌یه‌كى ئێرانى سه‌ردانى ئێران-ى كردووه‌.

هادى عامرى سه‌رۆكى فه‌تح كه‌ دووه‌م براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، به‌م دواییانە وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى هه‌بوو بۆ سه‌در سه‌باره‌ت به‌ لابردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر عامرى خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ ببێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر سیسته‌مى په‌رله‌مانى قسه‌ى كردوو گوتى، ده‌بێت ئه‌و سیسته‌مه‌ بگۆڕێت، بۆیه‌ چانسى لاوازبووه‌ كه‌ متمانه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، تاڕاده‌یه‌ك له‌و بیرۆكه‌ى كشایه‌وه‌، دواى په‌یامه‌كه‌ى ئێران به‌ ده‌ستگرتن به‌ كورسییه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌، پێده‌چێت تاران فایلى بوون به‌سه‌رۆك وه‌زیران به‌عامرى دابخات.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌ كه‌ له‌هه‌مووان زیاتر پێداگرى له‌ رۆشتنى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات، ته‌نها رێگه‌چارەی یه‌كگرتنیه‌تى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى یاسا تا بتوانێت لیستى زۆرینه‌ درووست بكات، به‌ڵام ناسنامه‌ ئێرانییه‌كه‌ى مالیكى ئه‌و رێگه‌یه‌ى قورسكردووه‌. دواى ئه‌وه‌ى به‌زه‌برى هێز هه‌ڕه‌شه‌ى لێكراو بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد تیرۆر ده‌كرێت، پێده‌چێت عه‌بادى له‌ركابه‌رییه‌كه‌ خاوبێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت دواى په‌یامه‌كه‌ى ئێران خه‌ریكه‌ ده‌ورووبه‌رى چۆڵ ده‌بێت.

محه‌مه‌د به‌ختیار شاره‌زا له‌كاروبارى ئێران، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، زۆرینه‌ى چاودێران به‌هه‌ڵه‌دا چوون كاتێك سه‌در له‌ئێران-ه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌و راسته‌وخۆ چووه‌ ناو خۆپیشانده‌ران، پێیان وابوو ئێران ده‌رگاى رۆشتنى عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ راستیدا وانییه‌، چونكه‌ دۆسته‌كانى ئێران له‌هه‌مان كاتدا دۆستى یه‌كیش نین، به‌ڵكو به‌شێكیان نه‌یارى یه‌كن.

گوتیشى، ئێران له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوو كه‌ لایه‌نه‌كان خۆیان له‌سه‌ر كێ رێكده‌كه‌ون با رێكبكه‌ون، به‌ڵام له‌ئێستادا پشتیوانى بیرۆكه‌ى لابردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى ناكات و ده‌یه‌وێت له‌پۆسته‌كه‌ى بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌بڕواى ئه‌و په‌یوه‌ندى به‌ شێوازى سیاسیه‌تى ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ر، ئێران پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر داواكانى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وا خۆپیشانده‌ران به‌كه‌م رازى نابن، ئه‌گه‌ر عه‌بدولمه‌هدى لاببرێت ئه‌وا خۆپیشانده‌ران داواى گۆڕانكارى زیاتر ده‌كه‌ن. جگه‌ له‌وه‌ش ئێران تائه‌م ساته‌ پێى وایه‌، ئه‌مریكا بیرۆكه‌ى لابردنى عه‌بدولمه‌هدى لاپه‌سه‌نده‌.

ناكۆكى لایه‌نه‌ شیعییه‌كان ئه‌مجاره‌ سه‌رى كێشا بۆ پێكدادانى خوێناوى، ده‌یان كه‌س له‌به‌رده‌م باره‌گاى هێزه‌ شیعییه‌كان كوژران، كاتێك هه‌واڵى ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ تا به‌زه‌برى هێز عادل عه‌بدولمه‌هدى ناچار به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بكه‌ن، دواى ئه‌وه‌ هێزێك هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادى، عه‌بادى گوتى، ئه‌و هێزه‌ بۆ تیرۆركردنى هاتوون، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، هێزه‌ شیعییه‌كانى لایه‌نگرى مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران بوون له‌كاردانه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ لابردنى عه‌بدولمه‌هدى به‌هێز ئه‌و كاره‌یان كردووه‌. به‌ڵام هێزێكى ئه‌مریكى عه‌بادى پاراست، هه‌روه‌ك چۆن هێزێكى ئه‌مریكى عه‌بدولمه‌هدییان پاراست.

بیرۆكه‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ بۆ گۆڕانكارى هه‌یه‌، دروستكردنى حكومه‌تێكى كاتییه‌ تا ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانیش بكرێت، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌م بیرۆكه‌یه‌شدا كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كییه‌و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و حكومه‌ته‌ كاتییه‌ ده‌كات، ئێران ئه‌مه‌ى لاپه‌سه‌نده‌و پێناچێت ئەمریکاش لارى هه‌بێت.

خواستى ئه‌مریكا 

خواستى فه‌رمى ئه‌مریكا تائێستا مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌، ئه‌گه‌رچى ئێران پێى وایه‌، واشنتن ده‌ستى هه‌یه‌ له‌ ئاڵۆزییه‌كانى عێراق و له‌ پشتى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه‌. عه‌لى خامنه‌یى رێبه‌رى باڵاى ئێران، چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له‌ گوتارێكدا گوتى، ئه‌مریكا و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى وڵاتانى رۆژئاوا له‌پشت ئاڵۆزییه‌كانى عێراق و لوبنان-ه‌وه‌ن. دوایین قسه‌ى مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش ئه‌وه‌بوو، كه‌پێویسته‌ گوێ له‌ داواكارییه‌ ره‌واكانى خۆپیشانده‌رانى عێراق بگیرێت، به‌ڵام پشتیوانیشى بۆ  هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت راگه‌یاند، كه‌ بۆ چاكسازى گرتوونیه‌تییه‌ به‌ر.

بۆچوونێكى دیكه‌ش هه‌یه‌، پشتیوانى جددى ئه‌مریكا له‌ مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران، ئێرانى ناچاركردووه‌، له‌بیرۆكه‌ى لادانى سه‌رۆك وه‌زیران بكشێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ ناوماڵى شیعه‌كان زیاتر تێكوپێك ده‌دات، شیعییه‌كان ده‌یان گرووپى چه‌كداریان هه‌یه‌، به‌شێكیان به‌توندى پێداگرى له‌مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن، قه‌یس غه‌ز عه‌لى سه‌ركرده‌ى دیارى حه‌شدى شه‌عبى، پێى وایه‌ رێكخراوى هه‌واڵگرى وڵاتان له‌پشتى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه‌و سووره‌ له‌سه‌رمانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆسته‌كه‌ى.

ئێستا كه‌ ئه‌مریكا و ئێران خواستیان نییه‌ بۆ رۆیشتنى عه‌بدولمه‌هدى و شیعه‌كانیشن له‌نێوخۆیان ناكۆكى توندیان هه‌یه‌ و پێناچێت وابه‌زوویى له‌سه‌ر كه‌سێك رێبكه‌ون، تاى ته‌رازووى عه‌بدولمه‌هدى قورس بووه‌، به‌ڵام له‌گۆڕه‌پانى سیاسى عێراق كه‌س پارێزبه‌ندى تا سه‌رى نییه‌و رووداوه‌كان ئه‌وه‌نده‌ خێرا ده‌گۆڕێن، بۆ سیاسییه‌كانیش پێشبینى ناكرێن. ئەو ساڵێک پێش ئێستا هەموان چوونە بەردەرگای و داوایان کرد سوکانی کەشتییەکەی عێراق بەدەستەوە بگرێت، بێ ئەوەی کورسییەکی پەرلەمانی هەبێت، لایەنە شیعییەکان بەڵێنی پشتیوانییان پێدا، بەڵام بەڵێنەکان زۆریان نەخایەند. ئێستا کە عەبدولمەهدی ئاڵاوە بە کێشەکاندا لایەنەکان شمشیری بۆ دەسوون و ١٥٠ خۆپیشاندەر لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی ئەودا کوژراوە، پێ ناچێت چیتر دۆخەکە بەدڵی ئەو ملبنێت، ئەو لە دۆخێکدایە بەردەوامی و وازهێنانیشی گرفتەو لەنێوان بژاردە قورسەکاندا گیرۆدەیە.