ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:19 - 04/11/2019

ئه‌و كه‌سانه‌ كێن كه‌ بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی پێشنیازكران؟‌

پەیسەر پرێس

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق تا دێت به‌رفراوان ده‌بێت و ئاسۆیه‌كی ڕوونیش بۆ دامركانه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان نییه‌، خۆپیشانده‌ران جارێك داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، جارێكی دیكه‌ داوای گۆڕانكاریی له‌سیستمی سیاسی وڵات ده‌كه‌ن، هه‌ر ڕۆژێكیش داواكارییه‌كی نوێ دروستده‌بێت و یه‌كه‌مجاریشه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق خۆپیشاندان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و ترسیان هه‌بێت له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌ جڵه‌ونه‌كرێت، ئه‌وا هه‌مووان پێكه‌وه‌ بسوتێنێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وت ئاماده‌یه‌ قوربانیی به‌ پۆسته‌كه‌ی بدات له‌پێناو ده‌رچوونی عێراق له‌و قه‌یرانه‌ی تێیكه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س ده‌یانگوت عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و پیاوه‌یه‌، كه‌ نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌ گیرفانی چاكه‌ته‌كه‌یدایه‌، به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ئه‌مدوواییه‌ و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یان نیشاندا، چونكه‌ ئێستا عه‌بدولمه‌هدی پێداگره‌ له‌مانه‌وه‌ی له‌پۆسته‌كه‌ی به‌هۆی هه‌ندێك هۆكاری گه‌وره‌تر له‌و دۆخه‌ی هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌.

به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی عێراق كه‌ قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی "العرب" كردووه‌، بیرۆكه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شاره‌كانی به‌غدا و تاران باسی لێوه‌كراوه‌ به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی "قوربانیی به‌ كه‌سێك بدرێت له‌پێناو هێشتنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی وه‌ك خۆی" به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ پاشه‌كشێی لێكراوه‌ ئه‌ویش به‌هۆی ترس له‌گه‌وره‌تر بوونی كێشه‌كان  و دروستبوونی بۆشایی له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌ عێراق.

هۆكاری پاشه‌كشه‌ له‌ بیرۆكه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی به‌شی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئێرانییه‌كانیش نازانن جێگره‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كێ بێت؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌سانێكی زۆر هه‌ن چاویان له‌و پۆسته‌یه‌.


سه‌رچاوه‌كه‌ی نێو حكومه‌تی عێراق ده‌ڵێت، نوێنه‌رانی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی عێراق چ له‌ حزب و چ له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كردوه‌، سه‌ره‌نجام گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناتوانێت توڕه‌یی شه‌قامی عێراقیی دابمركێنێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت واده‌كات سه‌قفی داواكارییه‌كانیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ش نمونه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنانیان هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ناوبراو هێشتا خۆپیشاندان له‌لوبنان به‌رده‌وامیی هه‌یه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت، بڕیاری دورخستنه‌وه‌ یاخود ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ عێراقه‌ نییه‌، چونكه‌ ئێران ڕێگه‌ نادات عه‌بدولمه‌هدی به‌بێ بوونی شوێنگره‌وه‌یه‌ك كه‌ نزیك بێت له‌ تاران، گۆڕه‌پانه‌كه‌ چۆڵ بكات، ئه‌و په‌یامه‌شیان به‌ ڕوونی به‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان گه‌یاندووه‌ به‌ عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراقیشه‌وه‌.


ئێران به‌تووندی دژی هه‌وڵه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح ده‌وه‌ستێته‌وه‌
له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌وڵیدا سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌ك به‌شێك له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نیشانی شه‌قامی عێراقی بدات، به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی العرب، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رسه‌ختانه‌ كار بۆ دورخستنه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات، به‌ڵام له‌و ڕوه‌وه‌ ڕوبه‌ڕووی هه‌ڵوێستی توندی ئێران بوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ كێن كه‌ بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی پێشنیازكران؟
هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كان بۆ ناچاركردنی عه‌بدولمه‌هدی تا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌، لایه‌نه‌ شیعه‌كان كاریان بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنگره‌وه‌ی ناوبراو كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ پێشنیازیكردووه‌ عه‌بدولحسێن عه‌بتان، وه‌زیری پێشووی وه‌رزش و لاوان ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی، ئه‌و پێشنیازه‌ له‌لایه‌ن هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و ته‌نانه‌ت موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕوتی سه‌در پێشوازی لێكرا، به‌ڵام به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس به‌توندی كاندیدكردنی قه‌بتانی ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌.

مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كانی عێراق كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌متر ده‌ستوه‌رده‌داته‌ دیاریكردنی كاندیدی پۆسته‌ باڵاكانی عێراق، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ سیستانی پێشنیازی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقی كردووه‌، له‌حاڵه‌تی شكستهێنانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ته‌نانه‌ت له‌ڕابردووشدا ناوی كازمی هاوكات له‌گه‌ڵ ناوی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌هێندرا.

به‌ڵێنه‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی بۆ عه‌بدولمه‌هدی
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق، قاسم سوله‌یمانی به‌ فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازیی خۆی گه‌یانده‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و هه‌وڵه‌كانی بۆ نه‌كه‌وتنی حكومه‌تی عێراق ده‌ستپێكرد، چونكه‌ ئێران باشده‌زانێت كه‌وتنی سیستمی سیاسی عێراق ده‌كرێت گه‌وره‌ترین زیان به‌ ئێران بگه‌یه‌نێت.

له‌یه‌كێك له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی به‌نهێنی له‌ نێوان قاسم سوله‌یمانی و عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ئه‌نجامدراوه‌، سوله‌یمانی به‌ڵێنی به‌ عادل عه‌بدلومه‌هدی داوه‌ وه‌ك چۆن پشتیوانی له‌به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سوریا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێت، به‌هه‌مانشێوه‌ش پاڵپشتی له‌ نه‌كه‌وتنی عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات.

ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كه‌، كه‌ ئێستا زۆرینه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌و وڵاته‌ توڕه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌ڵمه‌تی بایكۆتی كاڵای ئێرانییان ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین هه‌وڵ له‌شاره‌ جیاوازه‌كانی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌كانی ئێران، دواینجاریش گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كاریگه‌ر له‌ نێو گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌شاری به‌غدا بڵاوبوه‌وه‌، كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ "نه‌عل" له‌وێنه‌یه‌كی عه‌لی خامنه‌یی، ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران و وێنه‌ی قاسم سوله‌یمانییان ده‌دا.

ئێران له‌دووڕیانێكی سه‌ختدایه‌، خه‌ڵكی لوبنان هێمن نابنه‌وه‌ و هێشتا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان توڕه‌ن له‌ هه‌ژموونی ئێران، له‌ عێراقیش دۆخه‌كه‌ سه‌ختتره‌

ئێستا ئێران له‌دووڕیانێكی سه‌ختدایه‌، له‌ لوبنان سه‌ره‌ڕای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام خه‌ڵكی لوبنان هێمن نابنه‌وه‌ و هێشتا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان توڕه‌ن له‌ هه‌ژموونی ئێران، له‌ عێراقیش دۆخه‌كه‌ سه‌ختتره‌، چونكه‌ به‌ئاشكرا هێرشده‌كرێته‌ سه‌ر ڕه‌مزه‌كانی ئێران و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كونسوڵخانه‌كانیان ئاڵای عێراق هه‌ڵده‌كرێت، به‌وه‌ش ئێران ده‌بێت بڕیاربدات یان به‌و گۆڕانكارییانه‌ ڕازیبێت كه‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانیان هه‌یه‌ به‌ڵام تاران و هه‌ژموونه‌كه‌ی تێیدا زیانده‌كات، یاخود ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ عێراق وابكات ئه‌و وڵاته‌ بخاته‌ دۆخی شه‌ڕی نێوخۆییه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ زیان بۆ عێراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌شكێته‌وه‌ و كه‌سیش نازانێت ئه‌گه‌ر ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌ڵبگیرسێت كێ خامۆشیده‌كات و كه‌ی كۆتایدێت.