لێکۆڵینەوە

03:46 - 04/11/2019

مێژووی کورد و کوردستان لە توێژینەوەی زانایانی روسدا‌

پەیسەر

نووسینی: ئەسعەد رەشیدی
وەرگێڕانی: شەهرام عەبدوڵڵا

مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە توێژینەوەی توێژەرانی سەدەی نۆزدەیەمی روسیادا، تا دەگاتە قۆناغی بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧دا و تا دوای یەکێتی سۆڤیەتیش، یارمەتیدەرێکی گرنگ و پڕبایەخە بۆ ناسین و تێگەیشتنی زانستییانە لە کێشەی کورد. توێژینەوە قووڵە مێژوویی، رەچەڵەکناسی، سیاسی - ئابووریی، زمانیی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، لە نووسینی مێژووزانانی روسدا چ لە سەردەمی روسیای قەیسەری و چ لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت، بە شێوەیەکی گشتی دەنگدانەوەی فراوانیان هەبووە.

بە هۆی ئەوەی توێژەرانی روس هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی (مێژوویی، ریوایی، بەراوردکاری) رەگ و بنیاتەکانی کێشەی کورد و کوردستان شیکار بکەن و هاندەرەکان، پێکهاتەکان، ئاراستە جیاوازەکان و هەندێجار نەگونجاوەکان لە کێشەی کورددا تاوتوێ بکەن و شارەزایانە و بە وردی لێیان بکۆڵنەوە.


توێژینەوە زانستییەکانی مێژووی کورد و کوردستان لە ئەدەبی روسدا، لە دوو رووی جیاوازەوە شیاوی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنن. یەکەم: نووسراوەکانی بەرپرسانی ئیداریی و سەربازیی حکومەتی قەیسەری کە رەهەندی ئیداریی و بەڕێوەبەرایەتی وایان هەیە، هەندێجار تێکەڵ بە بیرەوەری و رابردووی مانەوەیان لە کوردستان دەبن و لەگەڵ روانینی جیۆپۆلەتیکی ئیمپراتۆرییەتی روسیا هاوتەریب دەبن و دەخوێننەوە. دووەم: نووسینە زانستییانەکانی توێژەرانی روس کە لە رێڕەوی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زانستی مێژوویی، لەوانەش کۆردولۆژیدا رێک خراون لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییە مێژووییەکاندا پۆلێن دەکرێن و هەڵدەسەنگێنرێن.


بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە خەباتیدا بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس، سەرنجی ئەنجومەنە بیانییەکان لەوانەش وڵاتانی ئەورووپی بۆ لای خۆی راکێشا و بوو  بە بەشێکی جیانەکراوە لە پرسە دژوارە ناوچەیی و نێوان ناوچەییەکان.


روسیای قەیسەر و کورد
توێژینەوە لە بارەی دەستپێک و مێژوو و کەلتووری کورد، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم و لە کاتێکدا لە لایەن داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی روسیای قەیسەری بە شیوەیەکی بەردەوام دەستیپێکرد کە ناوچەی قەوقاس لە ئەنجامی جەنگەکانی روسیا – عوسمانیی و روسیا – ئێراندا، کەوتبووە ناوەندی سەرنجی سیاسەتی  پەرەسەندنخوازانەی ئیمپراتۆرییەتی روسیا بەرەو باشوور.


لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتدا توێنەوە لە بواری کوردۆلۆژیدا لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە پەرەسەندنی زیاتری بە خۆوە بینی، بەڵام بە هۆی بیرکردنەوەی بەرتەسک و سنوورە ئایدۆلۆژییەکان، نەتوانرا بۆ ئاستێکی زانستی تۆکمە گەشە بکات.


لەگەڵ هەموو ئەوانەش هەوڵی توێژەرانی روس لە پانتایی (ئەدەب، شیعر، کەلتووری چینایەتی) و هەروەها زانستی خەڵکناسیدا، یارمەتیدەرێکی گرنگ و پڕبەهایە بۆ پەرەپێدانی ئاستی تێگەشتن لە مێژووی کورد و کوردستان.

سێ هەنگاو
دەکرێ زانستی کوردناسی لە روسیای کۆن و نوێدا بە سێ هەنگاو دابەش بکرێت.

هەنگاوی یەکەم  
هەنگاوی یەکەم بە روانین و ئاراستەی جیۆپۆلەتیکییانەی روسیای قەیسەری بۆ کوردستان دەناسرێتەوە، کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە دەست پێدەکات و تا قۆناغی بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان بەردەوام دەبێ. لەو قۆناغەدا نووسین و توێژینەوەی زانایانی وەکو: ی.ئا.ئاربیلی (И. А. Орбели)، پ.ی لیرخ (П.И.Лерх)، ن.یا.مار (Марр Н. Я) و بە تایبەت نیکیتین (В.П.Никитин) و مینۆرسکی (В. Ф.  Минорский) وەکو دوو کەسایەتی زانستی و کەلتووری، دەوری بەرچاویان لە ناسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی کورد و کوردستاندا هەیە.

لەنێوان بەرداشی ئیمپراتۆرەکاندا
جەنگە بێپایانەکانی هەر دوو ئیمپراتۆرییەتی روسیا و عوسمانیی لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا. کاریگەری شوێنی سەرنجیان لە سەر کێشەی کورد دانا. روسیا هەوڵی ئەوەی دەدا جیاوازییە ناوخۆییەکانی حکومەتی عوسمانیی لەوانەش پرسی کورد لەو وڵاتەدا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی و لە ناوچەی قەوقاسدا کە گرنگییەکی ستراتیژیی هەبوو لە بەرچاو بگرێت و بەکاریان بێنێ.  لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان مەحمودی دووەمدا، میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان و هەکاری، خودموختاری ناوخۆییان هەبوو. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان روسیا و عوسمانییدا، حکومەتی عوسمانیی بڕیاری دا کۆتایی بە خودموختاری ناوچەکانی کوردستان بهێنێ، چونکە پێویستییەکی زۆری بە سەرچاوەی دارایی و مرۆیی هەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی روسیا لە بەرەکانی جەنگدا.


هەروەها هەبوونی پێکهاتە خودموختارەکانی کوردستانی لە بەردەم ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیدا بە کۆسپ دەزانی. راپەڕینە بێژمارەکانی کورد وەکو: راپەڕینی عەبدولڕەحمان پاشا (١٨٠٦/١٨٠٨) لە موسڵ، بابانزادە ئەحمەد پاشا (١٨١٢) راپەڕینی زازاکان لە ناوچەی دێرسیم (١٨١٨/١٨٢٠) راپەڕینی ئێزدییەکان (١٨٣٠/١٨٣٣) راپەڕینی ئیدریسییەکان لە هەکاری (١٨٣٠/١٨٣٣) شەرەفخان لە بەدلیس (١٨٣١) محەمەد پاشای کۆرە لە موسڵ (١٨٣٠/١٨٣٣)، قارزان لە دیاربەکر (١٨٣٣/١٨٣٧) بەدرخان (١٨٤٣/١٨٤٧) یەزدانشێر(١٨٥٥) لە بەدلیس، هەمووان ناڕەزایەتی بەرفراوانی کۆمەڵگەی کوردییان لە ئاست فشارەکانی حکومەتی عوسمانیی پیشان دەدا.


روسیا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا و لە دوای پتەوکردنی پێگەی سیاسی خۆی لە قەفقاس، بە مەبەستی دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی هەوڵی زۆری خستە گەڕ.


ئاراستەی سیاسی روسیای قەیسەری بەرامبەر کورد لە سەر بنەمای تێکدانی هاوسەنگی هێز لە قەفقاس و ئاسیای ناوەڕاست دروستبوو. لەو چوارچێوەیەشدا دەبێ دەوری گرنگی ژەنەراڵ ساکۆڤیچ (И. Ф. Паске́вич) لە بەرچاو بگیرێت کە لە کاتی شەڕ لەگەڵ عوسمانییدا (١٨٢٨ ـ ١٨٢٩) لە ناو کورداندا دەستیکرد بە بانگەشەکردن و رایکێشان بە لای ئیمپراتۆرییەتی روسدا. لە ناو کورداندا خێڵەکانی رواندوز شانبەشانی سوپای روسیای قەیسەری دژ بە سوپای عوسمانیی دەجەنگان. (١)


لەو بارەیەوە دەکرێت ئامانجی دیکەی ئاراستەی سیاسەتی روسیا لە ئاست قەفقاس و بە تایبەت کوردستان باس بکرێن، وەکو ئامانجە ئابووریی و بازرگانییەکان کە روسیا لە رێگەی کوردستانەوە دەیتوانی پێان بگات، چونکە کوردستان روسیای دەبەستەوە بە رێڕەوی سەرەکی بازرگانی کافاکاس تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گرنگی جیۆئیکۆنۆمی کوردستان بۆ روسیا، بە تایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا بە خێرایی رووی لە گەشەکردن بوو.


لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری لە روسیا بازنەی دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە قەفقاس زیاتر پەرەی دەسەند و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا، کوردستانی باکوور لەگەڵ ئەرمینیای رۆژئاوا و ئازەربایجانی باشوور بوون بە نیمچە کۆلۆنی روسیا. لە لایەکی دیکەوە سەرکوتکردنی سیستماتیکی کورد لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیییەوە کە خۆی لە کۆتاییهێنان بە خودموختارییەکان، سەپاندنی باج، ناردنیان بۆ شەڕ لەگەڵ روسیا (تێکەڵکردنی خێڵە کوردەکان لەگەڵ سوپای حەمیدییە) دەبینییەوە. رێخۆشکەر بوو بۆ ناڕەزایەتی و بێزاری کوردانی باکوور. لە سەر بنەمای ئەو واقیعە ئاراستە و روانینی سیاسی روسیای قەیسەری بۆ کورد دروستبوو و کورد کەوتە ناوەندی سەرنجی پیترسبۆرگەوە.


بە شێوەیەکی گشتی دۆکترینی سیاسی روسیای قەیسەری بەرامبەر کورد، لە دوای کۆتاییهاتن بە شەڕی ئێران و روسیا (١٨٠٤ ـ ١٨١٢) و شکستی ئێران لە شەڕەکەدا لە ساڵی ١٨٢٨ کە بە پەیماننامەی تورکمەنچای کۆتایی هات، دەستیپێکرد و تا کاتی بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧ بەردەوام بوو.


شەرەفنامە لە کتێبخانەکانی روسیا
لە چوارچێوەی ئەو ئاراستەیەدا سەرنج و روانینی پیترسبۆرگ بۆ زانستی رۆژهەڵاتناسی و توێژینەوە پێوەندیدارەکانی وەک کوردۆلۆژی پەرەیان سەند.


ژەنەراڵ سوختلین (П. К. Сухтелен)  لە ساڵی ١٨٢٨دا لە میانەی شەڕی نێوان ئێران و روسیا، کتێبخانەی شاری ئەردەبیلی وەک دەستکەوتی شەڕ گواستەوە بۆ روسیا. لەو کتێبخانەیەدا، کتێبی شەرەفنامە (١٥٩٩) هەبوو، کە لە لایەن نووسەری کتێبەکە واتە شەرەفخانی بەدلیسییەوە واژۆ و پێشکەشی کتێبخانەکە کرابوو. ئەو کتێبە لەلایەن ژەنەراڵ سوختلینەوە نێردرا بۆ پیترسبۆرگی پایتەختی روسیا. زانایانی روس دەستبەجێ وەک کتێبێکی دەستنووس جەختیان لە گرنگبوونی کردەوە (٢) و پرۆفیسۆر ڤیلیامینۆف زرنۆف (В.В.Вельяминов-Зерноф) نوسخەی ئەسڵی کتێبەکەی کە بە زمانی فارسی نووسرابوو چاپ و بلاو کردەوە. پاشان پرۆفیسۆر شارمووا (Ф.Шармуа)، وەرگێڕدراوی شەرەفنامەی بە چوار بەرگ و بە زمانی فەڕەنسی لە ساڵانی ١٨٦٨ ـ ١٨٧٥ بڵاو کردەوە.
بە وتەی نیکیتین (В. Никитин)، لە شەڕی قریمەدا کاتێک ژمارەیەک کورد لە لایەن سوپای روسەوە بە دیل گیراون. ئەکادیمیای زانستەکانی روسیا، پ.ئەی. لێرخ (П. И Лерх ) دەنێرێت بۆ لایان و لەو رێگەیەوە یەکەم تێکستی کوردی شەرەفنامە لە ساڵی (١٨٥٦ـ ١٨٥٨) لە سەر دەستی پ.ئەی.لێرخ و بە ژێرنووس و چەندین تایبەتمەندی دیکە بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها دوو زانای دیکە بە ناوەکانی بریزین (И. Н. Березин) و دیتێل (В. Ф Диттель) لە لایەن ئەکادیمیای زانستەکانی روسیاوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی راسپێردراون.(٣) هەر لەو سەروبەندەدا دوو دیپلۆماتکار بە ناوەکانی خۆداکۆ (А. Я. Ходько) و ژابەی (А. Д. Жабой) رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە توێژینەوە مێژووی کورددا. خۆداکۆ لە ساڵی ١٨٧٥ لە پاریس توانی گۆڤاری (ئاسیاییەکان) بە زمانی فەڕەنسی بڵاو بکاتەوە کە وەک کوردانی سۆرانی سلێمانی دەڵێن؛ تایبەت کرابوو بە کوردستانی باشوور. ژابەی کە کۆنسوڵی روسیا بوو لە ئەرزەڕوم (١٨٤٨/١٨٦٦) دوای فێربوونی زمانی کوردی بە هاوکاری ژمارەیەک کورد توانی فەرهەنگی وشەی کوردی- فەڕەنسی و فەرهەنگێکی ئاخافتن بە زمانەکانی فەڕەنسی- روسی- کوردی بڵاو بکاتەوە. (٤)

پرۆفیسۆر و.ف.مینۆرسکی (В. Ф. Минорский ١٨٧٧ ـ ١٩٦٦) کە خوێندنی لە زانکۆکانی ماف و رۆژهەڵاتناسی مۆسکۆ تەواو کردبوو. لە ساڵی ١٩٠٣ وەک دیپلۆماتکاری حکومەتی روسیای قەیسەری لە ئێران و تورکیا کاری کردووە. دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧، ئەو نەگەڕایەوە بۆ روسیا و لە ساڵی ١٩٦٦ لە پاریس کۆچی دواییکرد. هۆگری مینۆرسکی بۆ مێژووی کورد و کوردستان لەو ساڵانەی لە ئێران و تورکیا بوو زیاتر بوو. هەروەها گرنگی دا بە توێژینەوە لە بارەی مێژووی ئێران، قەفقاس، تورکیا، لەگەڵ مێژووی ئیسلام. لەو بوارانەشدا نووسینی پڕبەهای ئامادە کرد، وەکو کتێبی کوردەکان(١٩١٥) یاداشتەکانی گەشت (١٩١٦) یاداشتەکانی پترۆگراد (١٩١٥) شوێنەوارە دێرینەکانی گۆلی ورمێ، کە سەرەتا و سەرچاوەی مێژوویین بۆ کورد.


مینۆرسکی رابردوو و ژینگەی کورد بۆ سەرەتای سەدەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێنێتەوە، نووسیویەتی:" زێدی کوردان و یا (زمانەکەیان) بە ئەگەری زۆر دەگەڕێتەوە سەر رۆژهەڵات. لەگەڵ دەرکەوتنی ئاریاییەکان لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی پێش زاییندا، گریمان دەکرێ مادەکان و هاوپەیمانانیان لە ساڵەکانی ٦٠٧ی پێش زاییندا، کۆتاییان بە حکومەتی ئاشوورییەکان هێنابێ و لەو کاتەدا بەشێکی گەورەی کوردان بەرەو رۆژئاوا کۆچیان کردووە. پێویستە هاوکات ئەوەشمان لە بیربێ کە ئەرمەنەکان وەکو دراوسێی دێرینی کوردان (کە بنەچەیان لە گەلێکی دیکەیە) لە (فرجیا) دەرکەوتن و دوای زاڵبوونیان بە سەر ئوراتوودا لە کەنارەکانی گۆلی وان نیشتەجێ بوون. بەمپێیە ئەگەر زێدی نەژادی ئەرمەنییەکان لە باکووری رۆژئاوا هەڵکەوتبێ، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی کورد دەبێتە رۆژهەڵاتی ئەو ناوچەیە. بەو شێوەیە ئەم دوو شەپۆلی کۆچکردنە نایەکسانە، چیاکانی توروسیان بە سەر دوو بەشی جیاجیادا دابەش کرد". (٥)


مینۆرسکی کە فێری زمانی کوردی ببوو، ئاشکرای کرد بە روانین بۆ چییەتی ئەم زمانە (وەک سیستەمێکی بنیاتی بۆ ناسینی سەرەتایی نەتەوەکان) دەکرێ تێگەیشتنێکی دروست لە رەگ و سەرچاوەی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکرێت.


نووسیویەتی:" زمانی کوردی لە ریزی زمانە ئێرانییەکاندا دانراوە کە فارسی، ئەفغانی، بەلوچی ئاستینەکانی قەفقاس دەگرێتەوە. زمانی کوردی (فارسییەکی تێکدراو) نییە، بەڵکو زمانێکە کە بە تەواوەتی جیاواز و گرێنەدراوە بە میتۆدەکانی فۆنۆلۆژی و رێزمانی تایبەت. هەروەها پێوەندی بە زمانی فارسییەوە وەکو پێوەندی زمانی روسی لەگەڵ سربیایی، یا زمانی لادینی سویسرییەکانی چیا لەگەڵ زمانی ئیتاڵی وایە ". (٦)

هەنگاوی دووەم
هەنگاوی دووەم، دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧ تا کۆتایی نیوەی دووەمی دەیەی ٥٠ بەردەوام دەبێ و لە تێکستی نووسەرانی سۆڤیەتدا دەردەکەوێت. وەکو؛ گ. ئەستاخۆف (Г.Астахов)، م.پوگاریۆلف (М.Погорелов) و چەند کەسێکی دیکە.


 یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغەی زانستی مێژوویی روسیای سۆڤیەت و پاشان یەکێتی سۆڤیەت، روانین و ئاراستەی ئایدۆلۆژییە، کە لە سەر بنەمای ئامانج و ئارمانەکانی وەک شۆڕشی جیهانی، سەرکەوتنی سۆسیالیزمی زانستی و دروشمە پێوەندیدارەکانی ئەو قۆناغە مێژووییە راگیرابوو و زیاتر شوێنکەوتووی رەهەندە بەهێزە هەستیار و پۆپۆلیستییەکان بوو تاوەکو توێژینەوە بنیاتی و زانستییەکان. لەو سەردەمەدا تاوتوێکردنی بنیاتی و لێکدانەوەی پێکهاتەکان و ئاراستەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە لایەن توێژەرانی وەک ئەستاخۆف (Г.Астахов)، م. پوگاریۆلف (М.Погорелов)، خاڵفین (Н.А.Халфин)وە دانپێدانراو نەبوون و بە شێوەیەکی یەکلایەنە و بە دوور لە خستنەڕووی بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی و بڕوا پێکراو (هۆکاری راستەقینەی راپەڕینەکانی کوردیان بە پیلانی دەرەکی و پلانی ئیمپریالیزمی بەریتانیا) دەبەستەوە.


ئەو روانینە نەک هەر لە تێکست و توێژینەوەی نووسەرانی روسدا بانگەشەی بۆ دەکرا، بگرە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتیشدا بە شێوەیەکی بەربڵاو رەنگی دابووەوە.


 خاڵفین (Н.А.Халфин) لە کتێبی خەبات لە رێگەی کوردستاندا، بە هێنانە ئارای کۆمەڵێک پرسیار لە بارەی چییەتی و چۆنییەتی کۆمەڵایەتی، دەستپێک و بنەڕەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەدەی نۆزدەیەمدا و کاریگەری و ئاراستەی سیاسی ئەو حکومەتە بەهێزانەی پەیوەستی پرسی کورد بوون. قۆناغێکی نوێی بە زانستی کوردۆلۆژی زیاد کرد. خاڵفین بە ئاماژەدان بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی – ئابووری کوردستان و رۆڵی سەرۆک خێڵەکانی کورد لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی کوردستاندا، نووسیویەتی:" خێڵە کوردەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە رەوتی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستاندا هەبووە". (٨) لە لایەکی دیکەوە خەباتی کوردان "بە دوور لە هەر چەشنە ئامانجێکی تایبەت دەبینێ کە لە رێکی بەرژەوەندی شێخ و فیۆدالەکاندا بە گەڕ کەوتووە".(٩) خاڵفین بە ئاماژەدان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە رابەرایەتی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لە ساڵی ١٨٨٠دا، راپەڕینی کورد لەو قۆناغەدا دەبەستێتەوە بە ئیرادەی سوڵتانی عوسمانیی و سیاسەتی بەریتانیا و نووسیویەتی:" ئاپۆرای  بەرینی خەڵکی کورد وەک کۆمەڵێک کارت بە دەستی کۆڕ و کۆمەڵی فیۆدالی ئێران، عوسمانیی و بەریتانیاوە، بە مەبەستی لاوازکردنی روسیا گەمەیان پێ دەکرا". (١٠)


ئەم هەڵسەنگاندنەی خاڵفین بێجگە لەوەی پشتی بە بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نەبەستووە، لە بەڵگاندنی لۆژیکیش بە دوورە. سەرەتا دەبێ بڵێین سنووردارکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە چوارچێوەی بەرژەوەندی شێخ و فیۆدالەکان، لەبەرچاو نەگرتنی ناوەرۆکی خەباتی  مێژووویی کوردە بۆ رزگاربوون لە ستەمی نەتەوەیی. هەروەها ئاوڕنەدانەوەی نووسەر پێشان دەدات لە گرنگی پێکهاتە سیاسی – ئابووری، کۆمەڵایەتی – کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمەش واتە بێ هیچ گرنگیپێدانێک و بە ئاسانی بە تەنیشت دنیایەک رووداوی مێژووییدا تێدەپەڕێت. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێ هێزە کۆلۆنیالیستەکان، بە تایبەت بەریتانیا هیچ هۆگرییەکیان بۆ ئامانجەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد پێشان نەدەدا، لەوانەش جودابوونەوەیان لە ئێران و تورکیا. بە پێچەوانەوە لەو قۆناغە دیارەی مێژوودا هێزە کۆلۆنیالیستەکان بە شێوەیەکی بنیاتی هۆگری ئەوە بوون کاریگەری سیاسەتی دەرەوەی خۆیان لە سەر  هەر دوو وڵاتی تورکیا و ئێران زیاتر پەرە پێ بدەن و بە هیوابوون لە رەوتی گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا ئەو دوو وڵاتە و سەرزەمینی کوردستانیش بکەن بە کۆلۆنی خۆیان.
 
هەنگاوی سێیەم
هەنگاوی سێیەم لە دەیەی شەستی سەدەی بیستەم و داڕمانی سیستەمی کۆلۆنیالیستییەوە دەست پێدەکات و تائیستا بەردەوام دەبێ. لەم قۆناغەدا نووسین و توێژینەوەی گرنگ و پڕبەها لە لایەن توێژەران و مێژووزانانی روس لە بارەی کورد و کوردستان بڵاو دەبنەوە.


هەندێک لەوانە بریتین لە: لازاریف (М.С.Лазарев 1930-2010 )، ژیگالینا (О. И. Жигалина)، حەسرەتیان (Гасратян М.А)، مگۆی (Ш. Х. Мгои)، ج جەلیلی (Джалил. Д ) ش ئەشیری. ئەمانە کاریگەری بەرچاویان هەبووە لە سەر دەوڵەمەندکردن و پەرەسەندنی زانستی کوردۆلۆژی. بە تایبەت کە سنوورە ئایدۆلۆژی و حزبیی و حکومییەکانی یەکێتی سۆڤیەتیان لە سەر نامێنێ.


بزووتنەوەوەی کورد لە یەکە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) و کاریگەرییەکەی لە سەر جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە وەک پرۆسەیەکی بەربڵاو، زانایانی روسی هان دا لە رەهەندە جیاجیاکانی ژیانی نەتەوەی کورددا توێژینەوەی قوڵ بکەن.
پرۆسەی کوردۆلۆژی لە روسیا بە شێوەیەکی تەقلیدی لە بەشی رۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستی روسیا لە شارەکانی سان پیترسبۆرگ، یەریڤان، تەفلیس و مۆسکۆ بە گەڕ خرا.


لە دەیەکانی ٨٠ و ٩٠ی سەدەی بیستەمدا، کوردناسانی سۆڤیەت پلانێکیان جێبەجێکرد کە بەپێی ئەو پلانە توێژینەوە پراتیکی و بنیاتییەکان لە بارەی پرسی کورد و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکەی، لە بەشە لە یەکدابڕاوەکانی سەرزەمینی کوردستان، هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنەیان دەکرد.

بەشە لەیەکدابڕاوەکانی کوردستان
پرۆفیسۆر ئۆ.ژیگالینا (О. И. Жигалина)، مێژووزان و توێژەری مێژووی کورد لە پەرتووکی (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران)دا، لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کورد دەکۆڵێتەوە. ئەوە دەخاتە روو کە سیستەمەکانی لێکەوتەی ئەو پێکهاتەیە لە سەربنەمایەکی پێوەندی تەقلیدی بنیات نراون کە لە قۆناغە مێژووییە دیارەکاندا لە هەناوی کۆمەڵگەدا کەڵەکە بوون. لە روانگەی سیاسییەوە ژیگالینا بە ئاماژەدان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نووسیویەتی:" کێشەی کورد لە ئێران، کێشەیەکی دژوار و پڕ تەنگ و چەڵەمەی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە کە وەک خواستی کورد بۆ بە دەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس ناسراوە. بەو هۆیەش بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی گروپە دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەستاوە و بووەتە گرێیەکی ئاڵۆزی پێکهاتوو لە تێکگیران و بەرەوڕووبوونەوەی نێوان ویلایەتەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. (١١)


پرۆفیسۆر م.حەسرەتیان (Гасратян М.А)، مێژووزانێکی دیکەی سۆڤیەتە و شارەزای مێژووی مودێرنی تورکیایە. لە بارەی پرسی کورد لە تورکیا لە کتێبی (کوردەکانی تورکیا لە مێژووی هاوچەرخی یەریڤان ١٩٩٠)دا نووسیویەتی:" نەریتی خەباتکارانەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کورد لە تورکیا وێنا دەکات کە خۆی وێنایەکە لە خەبات بە دژی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی".(١٢)


حەسرەتیان کێشەکانی نێوان کورد و حکومەتی تورکیا دەستنیشان دەکات و بە ئاماژەدان بۆ کێشەی دەستووری بنەڕەتی نووسیویەتی:" دەستووری بنەڕەتی ١٩٨٢ی تورکیا وەک دەستوورەکانی پێشوو، مافی کورد پشتگوێ دەخات و لەڕووی مافەوە جەخت لە سەر یەکپارچەیی و تێکەڵکردنی کورد و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە دەکات".(١٣)


بە بۆچوونی حەسرەتیان بەکارهێنانی واتا سیاسییەکان لە تورکیا یارمەتیدەر دەبێ بۆ دەرچوون لە کێشەی هەنووکەیی.


ش. مگۆی (Ш. Х. Мгои) شارەزا لە مێژووی کورد، هەوڵ دەدات لایەنە گرنگەکان و بەربڵاویی خەباتی نەتەوەیی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمە دیکتاتۆری و هەژمونخوازەکان لە وڵاتانی عێراق و سوریا لە (کتێبی پرسی کورد لە عێراقی ئێستادا) بخاتە روو، بە تایبەت دوای کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ کە پێکهاتنی دوو وڵاتی عێراق و سوریای لێکەوتەوە. مگۆی نووسیویەتی:" بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە کوردستان لە راستیدا هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس لەو وڵاتانەدا". (١٤)


کارێکی گرنگی دیکە لە بارەی کێشەی کورد و کوردستان، توێژینەوەیەکی هەمە لایەنەیە کە گروپێکی کوردناسانی روس کردوویانە. ئەو گروپە بریتین لە : م.لازاریف، (М.С.Лазарев 1930-2010 )، ئۆ.ژیگالینا ،(О. И. Жигалина)، ش. مگۆی (Ш. Х. Мгои)، م. حەسرەتیان (Гасратян М.А). کتێبەکەیان لە ساڵی ١٩٩٥ لەژێر ناوی (کوردستانی هاوچەرخ) بڵاوکردووەتەوە. لە پێشەکی کتێبەکەدا بە ئاماژەدان بۆ نیگەرانی کۆمەڵگەی جیهانی لە چارەنووسی کوردان نووسراوە:" چارەنووسی نزیک لە ٣٠ ملیۆن کورد کە بە درێژایی ٢٥٠٠ ساڵە لە سەرزەمینی باو و باپیرانی خۆیاندا دەژیێن و پشکی گرنگیان لە بەرەوپێشچوونی کەلتوور و پێگەیشتنی مێژووی نەتەوەکان و وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا هەبووە، نەک هەر مایەی زیادبوونی نیگەرانی روسیا، بگرە سەرتاسەری جیهانیشە، چونکە لەگەڵ ئەوەی بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی خەبات دەکەن، هێشتا بۆ بەرپاکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی رێگرییان لێ دەکرێت".(١٥)


نووسەرانی کتێبی (کوردستانی هاوچەرخ) هەوڵ دەدەن هەڵسەنگاندنێکی واقعیانەی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بکەن. دیارە لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا. هەروەها وێنەیەکی روون لە کاریگەری کەشی سیاسەتی جیهانی لە سەر بزووتنەوەی  نەتەوەیی کورد بخەنە روو.

کێشەی کورد لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا
یەکێک لە دیارترین توێژەرانی مێژووی کورد و کوردستان،م.س.لازاریف(М.С.Лазарев١٩٣٠ـ٢٠١٠) کە کۆمەڵە توێژینەوەیەکی زانستی خۆی لە سێ کتێبدا بڵاوکردووەتەوە و بریتین لە: (کوردستان و پرسی کورد، دەیەی ٩٠ی سەدەی نۆزدەیەم تا ساڵی ١٩١٧) (ئیمپریالیزم و پرسی کورد، ١٩١٧-١٩٢٣) (کوردستان و پرسی کورد، ١٩٢٣-١٩٤٥)


ئەم کتێبانە توێژینەوەی بەربڵاو و فراوانن لە بارەی مێژووی کوردستان و ئاخێزگەی ئەتنی و نەتەوەیی، گرنگی جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیجی لە خۆ دەگرن، هەروەها ئاراستەی سیاسی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانیی، روسیای قەیسەری و رۆڵی وڵاتانی ئیمپریالستی لە دابەشکردنی سەرزەمینی کوردستان تاوتوێ دەکەن.


لازاریف لە کتێبی (کوردستان و پرسی کورد، دەیەی ٩٠ی سەدەی نۆزدەیەم تا ساڵی ١٩١٧)دا، سەرهەڵدانی شۆڕشی مەشروتە (١٩٠٥-١٩١١) لە ئێران، رۆڵی کوردان و پێوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا تاوتوێ دەکات. هەروەها بە شێوەیەکی ورد و زانستی دەستوەردانی زلهێزەکانی وەک روسیا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە پرسە پێوەندیدارەکان بە کێشەی کورد باس دەکات و هەڵسەنگاندیان بۆ دەکات. لازاریف بە وردی و بە شێوەیەکی بنیاتی و گشتگیر پێوەندییەکان و رکابەرییەکانی هێزە کۆلۆنیالیستەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانەش پێوەندییان بە کێشەی کوردەوە هەڵدەسەنگێنێت، دیارە تا ئەو قۆناغەی  بەلشەفییەکان لە ساڵی ١٩١٧ دەسەڵاتی دەوڵەت دەگرنە دەست. لەو پێناوەشدا پشت بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی وەزارەتی دەرەوەی روسیای قەیسەری و نامەکانی دیپلۆماتکارانی روس لە شارەکانی؛ ئیستەنبول، وان، ئەرزڕووم، تبلیس، ورمێ و کرماشان دەبەستێ و بەو شێوەیە لایەنە ناڕوون و شاراوەکانی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی روسیای قەیسەری لە کوردستان ئاشکرا دەکات.


لازاریف لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی:" لە هەناوی کێشەی کورددا، خەباتی ئازادیخوزانەی نەتەوەی کورد هەڵگیراوە کە پرۆسەیەکە بەرەو گەیشتن بە سەربەخۆیی نەتەوەیی. لەو رووەوە کە کورد وەک کەمینەیەکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانیی و ئێراندا دەرکەوتووە و لە لایەکی دیکەوە ئەو وڵاتانە خۆیان وەک ئامرازێک بۆ هێنانەدی سیاسەتی زلهێزەکان دەردەکەون". (١٦) توێژینەوەکە نەک هەر خوێندنەوە بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی کورد دەکات، بگرە زۆر رووداوی بنیاتی مێژووی هەر دوو وڵاتی ئێران و عوسمانیی لە پێوەند بە سیاسەتی جیهانیش هەڵدەسەنگێنێت.


لە روانگەی لازاریفەوە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە بوو بە یەکێک لە دژوارییە نەتەوەییەکان و بە گرێیەک لە پێوەندییە نێوەدەوڵەتییەکاندا. هەروەها سەرکوتکردنی کورد لە لایەن پێکهاتە سیاسییە دیکتاتۆرییەکانەوە، بووە هۆی تێکگیرانی خوێناوی و درێژخایەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەمپێیە خوێندنەوەی کێشەی کورد بە تەواوەتی و لە روانگەی زانستییەوە بێئەندازە گرنگە و یەکێکە لە گرنگترین و خێراترین پێویستییە سیاسییەکانی سەردەم".(١٧)   


لازاریف لەگەڵ ئەوەی باس لە داڕمانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و پرۆسەی روو لە گەشەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە ناو ئێران و عوسمانییدا دەکات، نووسیویەتی:"  لە دەیەی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانیی و دەوڵەتی قاجار لە ئێران، پرسی کورد گرنگی زۆری لە ژیانی سیاسی (چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوە)ی ئەو دوو وڵاتە پەیدا کرد. خەباتی کوردان بۆ بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان، پانتاییەکی فراوانی وەرگرت و گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی گشتگیر کە لە داڕمان و کۆتاییپێهاتنی مێژووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی و دەوڵەتی قاجار لە ئێران رۆڵی گرنگی گێڕا".(١٨)


لە ساڵی ١٩٨٩ پرۆفیسۆر لازاریف بە بڵاوکردنەوەی کتێبی (ئیمپریالیزم و پرسی کورد ١٩١٧-١٩٢٣) هەنگاوێکی دیکە لە بواری لێکدانەوە و توێژینەوەی سیستماتیک و مێژووی کوردۆلۆژی لە روسیا بەرەو پێش چوو. لەم کتێبە گرنگەدا لازاریف چۆنیەتی سیاسەت لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بە تایبەت پارچە پارچەکردنی سەرزەمینی کوردستان باس دەکات (دیارە لە ئەنجامی کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣)، ئەوەیش بە ئاماژەدان بە رۆڵی چارەنووسسازی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، وەکو مانۆڕە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا.


هەروەها نووسیویەتی": کێشەی کورد تەنیا کێشەی ناوخۆیی دەوڵەتەکانی عوسمانیی و ئێران نەبوو، چونکە کاری کردبووە سەر پێوەندی سیاسی نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە چوارچێوەی لۆژیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر دەرچووبوو و لەگەڵ بەرژەوەندیی ئیمپریالیستییەکان و دەوڵەتە بەهێزەکانی ئەو سەردەمە، وەکو بەریتانیا، ئەڵمانیا، روسیا و تا رادەیەک بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا بەر یەک دەکەوتن". (١٩)  


لازاریف بە روانین بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بارودۆخی نوێی جیۆپۆلەتیکی ئەو سەردەمەدا، رۆڵ و کاریگەری هەر یەک لە ئەکتەرە بەهێزەکانی سیاسەتی جیهانی وێنا دەکات. بە بۆچوونی لازاریف بە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم سیستەمی تەقلیدی کۆلۆنیالیزم گۆڕانی بەرچاوی بە سەردا هاتووە. سیستەمی سەرپەرشتیکردنی (Mandate – زۆرە ملێ) لە وڵاتانی عەرەبی؛ لوبنان، عێراق، سوریا و فەلەستین سروشتی سیاسی و ئابوری وەرگرتووە.  

کۆنفرانسی لۆزان
بە پێی رێککەوتنی کۆنفرانسی لۆزان لە ٢٤ی ژوئییەی ١٩٢٣دا، باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان لکێندران بە پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق و سوریاوە. لەو کۆنفرانسەدا دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی فەڕەنسا و بە تایبەت بریتانیا لەژێر بەندەکانی ٦٤ و ٦٣ی پەیماننامەی سیڤەر کە بە روونی باسی خودموختاری کوردستانیان تیادا کرابوو، دەرچوون.


(مادەی ٦٣؛ کۆمسیۆنێک کە لە کۆنستانتین کۆ دەبێتەوە و پێکدێت لە نوێنەرانی سێ دەوڵەتی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و لە ماوەی شەش مانگدا – لە کاتی جێبەجێکردنی پەیمانەکەوە- پلانێک بۆ خودموختاری ناوچە کوردنشینەکان ئامادە دەکەن. ئەو ناوچانە بریتی دەبن لە رۆژهەڵاتی فورات، باشووری سنووری باشووری ئەرمینیا کە دواتر دەستنیشان دەکرێت، هەروەها باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و، بەینولنەهرەین، بەو جۆرەی کە لە مادەکانی ٢٧ و ٢ و ٣ دا دەستنیشانکراوە).


بە دەستنیشانکردنی سنوورە نوێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارێکی تر و دوای زیاتر لە چوار سەدە* کوردستان بە سەر چوار بەشدا دابەشکرا. لە روانگەی لازاریفەوە:" هەلومەرجی ئەو سەردەمە کە لە سەر بنەمای پێوەندییە نوێ ئابووری – سیاسییەکان پێکهاتبوو، کوردی لە دانانی ژێرخانێک بۆ کوردستانی سەربەخۆ تووشی شکست کرد". (٢١)


لە ساڵی ٢٠٠٥دا کتێبی (کوردستان و کورد ١٩٢٣-١٩٤٥)ی لازاریف بڵاو کرایەوە کە تەواوکەری دوو کتێبەکەی دیکەی نووسەرە. لەم توێژینەوەیەدا نووسەر نەک هەر باس لە دژوارییە ناوخۆییەکانی کوردستان دەکات، بگرە گۆڕانکارییە قوڵەکان لە پێوەندی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی سیستەمی دوو جەمسەری جیهان و کاریگەرییان لە سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش کوردستان هەڵدەسەنگێنێ.


لازاریف بە پشتبەستن بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان کە لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە دەستی هێناون، رەهەندە جیاوازەکانی گۆڕانکارییەکانی کوردستان، وەکو؛ ناسیۆنالیزمی کورد، ئەنجامەکانی رێککەوتنی لۆزان، کێشەی موسڵ، رۆڵی یەکە سیاسییەکانی؛ ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، سیاسەتی دەرەوەی هێزە کۆلۆنیالیستییەکان،  بە تایبەت بەریتانیا، رۆڵی سۆڤیەتی پێشوو لە هەورازونشێوی کۆماری کوردستان لە ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٦دا، بە وردی و زانستییانە هەڵدەسەنگێنێ.


لازاریف لە بارەی پەیماننامەی لۆزانەوە نووسیویەتی:" لە درێژەی رێککەوتنی نێوان بەریتانیا و تورکیا، پەیماننامەی نێوان بەریتانیا – تورکیا - عێراق لە رۆژی ٥ی ژوئییەی ١٩٢٦دا واژۆ کرا کە بە شێوەیەکی یاسایی کوردستانی دابەشکرد. ئەو رٶژە، رۆژێکی رەشە لە مێژووی نەتەوەی کورددا. بەو شێوەیە دابڕان لە ناو نەتەوەی کورددا نەک هەر دژوارتر و قوڵتر بوو، بگرە لە رووی پێگەی یاساییەوە شێوەیەکی نێودەوڵەتی وەرگرت و جارێکی تر کورد لە مێژووی خۆیدا بوو بە قوربانی هێزە سەپێندراوەکان".(٢٢)


کێشەی موسڵ (نەینەوا) بوو بە یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی نێوان بەریتانیا و تورکیا و گرنگی جیۆپۆلەتیکی کوردستانی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێشان دا. موسڵ لەڕووی دابینکردنی گەنم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکەوە، بۆ بەغدا گرنگییەکی زۆری هەبوو، بەڵام ئەوەی لە پێوەندی نێوان عێراق و تورکیادا گرنگی زیاتری هەبوو، نەوتی کەرکوک بوو کە ئەو کات بەشێک بوو لە ویلایەتی موسڵ. ئەو بابەتە یەکێک لە کۆڵەکە بنیاتییەکانی پرۆسەی دانوستانی نێوان تورکیا و عێراق بوو.   


پەرەسەندنی گرژییە سیاسییەکانی نێوان بەریتانیا و تورکیا لەسەر سەرچاوە ژێرزەمینییەکانی کوردستان، وەکو نەوتی کەرکوک، سەرنجی کارەکتەرە بەهێزەکانی سیاسەتی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا.


فەڕەنسا بە پێڕەوکردنی سیاسەتی سەرپەرشتیکردن بەسەر سوریا و لوبناندا زاڵ بوو. پێکهێنانی وڵاتانی سعودیە و ئۆردون، تیۆری سیستەمی پێشووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گۆڕانکاری کرد.


لکاندنی بەشی باشووری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) بە عێراقەوە، خەباتی کوردی بۆ گرتنە دەستی چارەنووسی خۆی دژوارتر کرد و بووە هۆی توندبوونی رووداوە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکەدا، کە بە دەستوەردانی هێزە کۆلۆنیالیستەکان لە کاروباری کوردستان روونتر دەرکەوت.


دۆزینەوەی سەرچاوەکانی نەوت لە کەرکوک و دەستپێکی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی ١٩٣٠دا گرنگی جوگرافیای ئابووری کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی زیاتر کرد.


لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا ویلایەتی موسڵ (نەینەوا) لە لایەن هێزە سەربازییەکانی بەریتانیاوە داگیرکرا. بەریتانیا بە داگیرکردنی موسڵ و پێڕەوکردنی سیستەمی سەرپەرشتی لە سەر عێراق، وەک هێزێکی بێ رکابەر ئامادە نەبوو سەرچاوە ژێرزەمینییەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ هیچ هێزێکی کۆلۆنیالیستی دیکە و لەگەڵ سوریاش بەش بکات.


کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٥دا ویلایەتی موسڵی وەک بەشێک لە دەوڵەتی تازە پێکهاتووی عێراق بە فەرمی ناسی و عێراقی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا دانا. بێجگە لەوە بە واژۆ کردنی پەیماننامەی لۆزان لە ٢٤ی ژوئییەی ١٩٢٣دا و کۆمەڵێک رێککەوتنی دیکە لە نێوان تورکیا و بەریتانیادا، لەوانەش "پێدانی ١٠%ی داهاتی نەوتی کەرکوک بە دەوڵەتی تورکیا، مستەفا کەمال ئەتاتورک چاوپۆشی لە داواکارییەکانی لە کوردستانی عێراق کرد و وازی لە کەرکووک هێنا". (٢٣)


لازاریف نووسیویەتی:" کەواتە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا لە رێکی چارەسەرکردنی کێشەی کورددا نەبوو، کە خۆی بەشێکی بنیاتی بوو لە کێشەی موسڵ. لەوەش خراپتر هەم بەریتانیا وهەم تورکیا، لە پێناو بەرژەوەندی سیاسەتی دەرەوەی خۆیاندا، کوردیان وەک کارتی فشار لە سەر یەکتر بەکار دەهێنا".(٢٤)                       

کۆماری کوردستان و رۆڵی یەکێتی سۆڤیەت
لازاریف بەشێکی تایبەت کردووە بە رووداوەکانی جەنگی جیهانی دووەم، دەستپێکی جەنگی سارد، رۆڵی هەر یەک لە ئەکتەرەکانی سیاسەتی جیهانی، وەکو؛ ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریکا و سۆڤیەت و بە شێوەیەکی بەربڵاو لێیکۆڵیونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ کردوون. هەروەها بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە ساڵانی ١٩٤١-١٩٤٥ و پرۆسەی پڕ هەوراز و نشێوی کۆماری کوردستانی لە پێوەند بە بارودۆخی ناوخۆیی کوردان و بەرژەوەندییەکان و ئاراستە سیاسییەکانی هەر یەک لە وڵاتانی گیرۆدەی کێشەی کورد و کوردستانی بە شێوەیەکی سیستەماتیک باس کردووە، بە تایبەت روانین و ئاراستەی سۆڤیەت لە ئاست کێشەی کورد لە ئێران.


پشتی کورد ناگرین بۆ سەربەخۆیی
لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا، سیاسەتی دەوڵەتی سۆڤیەت لە کوردستانی ئێران (رۆژهەڵات) ئاشکرا دەکات، ئەویش بە پشتبەستن بە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی سۆڤیەت و سودوەرگرتن لە بەڵگەنامەکان و قسەی دیپلۆماتکارانی سۆڤیەت بە تایبەت مۆڵۆتۆف (В.М.молотов ١٩٨ ـ ١٨٩٠)، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی سۆڤیەت. بە خستنەڕووی ئەمانە چەند دیوێکی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ستالین لە ئاست کوردستان ئاشکرا دەکات.


لازاریف لە ناو بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی سۆڤیەتدا، دەقی نامەی مۆڵۆتۆفی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی سۆڤیەتی دەست دەکەوێت کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە بارەی کوردەوە بۆ سەمیرنۆف (Смирнов . А. А ١٩٠٥ـ ١٩٨٢)ی باڵیۆزی سۆڤیەت لە ئێرانی نووسیوە. دەقی نامەکەی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا نووسراوە:


" نوێنەرانی ئێمە لەوە تێنەگەیشتوون کە ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی خەباتی کوردەکانی ئێران بۆ خودموختاری و سەربەخۆیی، لە راستیدا ئامانج لێی بەرگریکردن لە خێڵەکان و فیۆدالەکانە و بە مەبەستی جیابوونەوەی کورد و بەرەوڕووبوونەوەی ناوەندێتی سیاسی لە وڵاتدا دەکرێت. کورد کە دابەش بووە بە سەر خێڵی جیاجیادا، بە زۆری لە حاڵی دژایەتیکردن و شەڕکردنن لەگەڵ یەکتردا و وێنایەک لە یەکگرتوویی نیشتمانی پێشان نادەن".(٢٥) لەم نامەیەدا مۆڵۆتۆف بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیەوێ لە ئێران جیا بێتەوە و نووسیویەتی:" جوداییخوازانی کورد لە ئێران بەردەوام وەک ئامرازێکی سیاسی لە لایەن بەریتانیا و تورکیاوە بەکار هێنراون و یەکگرتوویی ئەوان بۆ جیابوونەوە لە ئێران ... و بە ئیلهام وەرگرتن لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی دیاری بەریتانی و تورکی بۆ دەستدرێژیکردن و وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی و ئابووری لە ئێرانە. سەرکردەکانی کورد کە خەڵکی ئاسایی بە تەواوەتی گوێڕایەڵیانن، خزمەتکاری دەوڵەتە جۆراوجۆرە ئیمپریالیستییەکانن و لە زۆربەی قۆناغەکاندا کارەکەری دەوڵەتە فاشیستەکانن".(٢٦)
مۆڵۆتۆف لە درێژەی نامەکەیدا باڵیۆزی وڵاتەکەی لە سیاسەتی سۆڤیەت بەمشێوەیە ئاگادار دەکاتەوە:" پێویستە ئەوە روونبێ کە پشتیوانی و پشتگیری ئێمە لە هەوڵەکانی کورد بۆ گەیشتن بە خودموختاری و سەربەخۆیی کوردستان نییە و لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، خواستی کوردەکان بێ بنەما و دواکەوتووانەیە".(٢٧)


ئەم بەڵگەنامەیە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئاست کورد پێشان دەدات. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتێکی پراکتیکی پێشان دەدات لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆویستانە و روانینی بەرتەسکی سۆڤیەتدا. هاوکات تێگەیشتنی دۆگما و بیرتەسکانەی سیاسەتمەدارانی سۆڤیەتی سەردەمی ستالین لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەخاتە روو.

ئەنجام
ئەو توێژینەوانەی لە بارەی مێژووی کورد و کوردستان و لە لایەن  مێژووزانانی روس – کورد*ەوە کراون. لە دوو رووی جیاوازەوە شایەنی هەڵسەنگاندنن. یەکەم؛ چۆنیەتی داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیمپراتۆرییەتی روسیای قەیسەری کە لەگەڵ ئاراستەی جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە لە ئاسیای ناوەڕاست دەخوێنێتەوە و ئامانج لێی پەرەپێدانی سنوورەکانی روسیا بوو بە تایبەت دوای پەیماننامەی ڤییەننا لە ساڵی ١٨١٥ کە لە چوارچێوەی هاوسەنگکردنی هێزدا کرا. زاڵبوون بە سەر ئاسیای ناوەڕاستدا و دەستبەسەرداگرتنی چەند بەشێک لە ئێران، تورکیا و سەرزەمینی کوردستان، لە لایەکەوە سیاسەتی فرەخوزانەی ئیمپراتۆرییەتی روسیا پێشان دەدات لە لایەکی دیکەوە رکابەریکردنی لەگەڵ هێزە گەورەکانی وەک بەریتانیا و فەڕەنسا دەخاتە روو. توێژینەوە کردن لە مێژووی کوردستان و راپۆرتەکان و چالاکییەکانی دیپلۆماتکارانی روسدا مەبەست لێی تێگەیشتن و ناسینی هەرچی زیاتر بوو کە لە پێناو راگرتن و بەردەوامیدان بە سیاسەتی دەرەوەی روسیادا دەکرا. دووەم؛ توێژینەوە بەربڵاو و گشتگیرەکانی زانایانی روس لە بارەی مێژووی کوردستان، وەکو ئەوانەی لەلایەن مینۆرسکی، نیکیتین، مار، کوردیۆف و کەسانی دیکەوە نووسراون، روڵی گەورەیان لە ناساندنی قوڵایی مێژووی کوردستان هەبووە و یارمەتییەکی مایەی سەرنج و گرنگیان بە زانستی کوردۆلۆژی داوە.


لەگەڵ بەدەسەڵاتگەیشتنی بەلشەفییەکان لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا، بە تایبەت لە دەیەی یەکەمی دەوڵەتی روسیای سۆڤیەت و دواتر لە یەکێتی سۆڤیەتدا، زانستی مێژوو کەوتە ژێر فشاری قورسی سیستەمی ئایدۆلۆژیا و نووسینی توێژەرانی وەک؛ خاڵفین، ئەستاخۆف، پوگاریۆف و کەسانی دیکە زیاتر لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا هاوئاهەنگ بوون و بە تەواوەتی لە رێکی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەتدا بوون، زۆر بە کەمی میتۆدەکانی توێژینەوەی مێژووییان تیادا بەکار دەهات.


لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دوای قۆناغی داپڵۆساندنی ستالینی، زانایانی دیاری سۆڤیەت، وەکو؛ حەسرەتیان، جەلیلی، مگۆی، ئەشیری، ژگالینا، لازاریف و کەسانی دیکە، بە شێوەیەکی روو لە گەشە زانستی کوردۆلۆژییان لە سۆڤیەت و پۆست سۆڤیەتدا پەرە پێ دا و هەوڵیان دا زانستی مێژوو لە کۆت و بەندەکانی ئایدۆلۆژیا رزگار بکەن و وەک پرۆسەیەکی ئازاد و دوور لە سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا مێژوو بنووسن. چونکە پێشتر لەژێر کاریگەری وێرانکەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤێتدا بوو و لێکەوتەی ئاراستەی جیۆپۆلەتیکی ئەو وڵاتە بوو. لەو پێناوەدا پرۆفیسۆر لازاریف بە وردبینییەکی زانستییانە و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان و دۆکیۆمێنتەکانی ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی سۆڤیەت هەوڵی دا کە کوردۆلۆژی لە وڵاتەکەیدا بکاتە زانستێکی تەواو. هەر بۆیە نووسینەکانی لازاریف پێگە و گرنگی تایبەتیان لە توێژینەوەکانی مێژووی کورد و کوردستاندا هەیە و شایانی پێزانینی زۆرن.


سەرچاوەکان:
Никитин, В. Курды / В. Никитин. М. : Прогресс, 1964.c.400.ا
٢. هەمان سەرچاوە. ل. ٤٠١
٣. هەمان سەرچاوە. ل. ٤٠١ 
٤. هەمان سەرچاوە. ل. ٤٠٢
В.Ф. Минорский. Курды. Петроград, 1915.с.5.٥
В.Ф. Минорский. Курды. Петроград, 1915.с.34.٦
  ٧ .Астахов Г. От султаната к демократической Турции. Очерки из истории кемализма / Г. Астахов. – М.-Л.: Госуд. Изд-во, тип. "Красный Пролетарий", 1926. – 152 с.; Гурко-Кряжин В. А. Ближний Восток и державы / В. А. Гурко-Кряжин. – М.: Научная ассоциация востоковедов при ЦИК СССР, 1924. – 244 с.; Погорелов М. Контрреволюционное движение в Курдистане / М. Погорелов // Военный вестник. – 1925. – №11. – С.37–4
 .٨   .Борьба за Курдистан: курдский вопрос в международных   отношениях XIX век.1963.c.20-19
9. هەمان سەرچاوە ل. ٨٧
10. هەمان سەرچاوە. ل. ٩
.١١Жигалина О. И. Национальное движение курдов в Иране, 1918-1947 гг Изд-во "Наука. , 1988
.١٢Гасратян М.А. Курдская проблема в Турции (1986- 1995). -М., 2001
١٣. هەمان سەرچاوە
.١٤Ш. Х. Мгои. Курдский национальный вопрос в Ираке в новейшее время / Ш. И. Мгои. – М.: Наука, 1991. C.3
.١٥Современный Курдистан: проблемы национального движения  1995 – c.3
١٦.М.С. Лазарев .Курдский Вопрос (1891-1917 (c.14
 ١٧. هەمان سەرچاوە. ل. ١٣
١٨. هەمان سەرچاوە . ل. ٧٦
١٩. Лазарев М. С. Империализм и курдский вопрос (1917–1923).c.98.
* ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە لەگەڵ ناکۆکی نێوان سوڵتانی عوسمانیی و شا ئیسماعیلی سەفەوی قەیرانی جدی لە پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لێ کەوتەوە. لە جەنگی چاڵدێراندا لە ساڵی ١٥١٤ کوردستان بە سەر دوو بەشدا دابەش کرا. دابەشبوونی سەرزەمینی کوردستان لە ساڵی ١٦٣٩ لە رێککەوتنی قەسری شیریندا بنەمای یاسایی پێ بەخشرا و دوای کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٣٢دا درێژەی پێ درا.
٢٠. دەیڤد مەک داوڵ، مێژووی هاوچەرخی کورد، وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسی، ل.٧٠٣    
.٢١Лазарев М. С. Империализм и курдский вопрос (1917–1923)  М.1989.с.281
.٢٢Лазарев М. С. Курдистан и курдский вопрос(1923 – 1945).c,102
٢٣. دەیڤد مەک داوڵ، مێژووی هاوچەرخی کورد، وەرگێڕانی ئیبراهیم یونسی، ل.٧٠٣
٢٤. Лазарев М. С. Курдистан и курдский вопрос(1923 – 1945).c.9w9,.
٢٥. هەمان سەرچاوە. ل. ٢٢١
٢٦. هەمان سەرچاوە. ل. ٢٢٢
٢٧. هەمان سەرچاوە . ل. ٢٢٢
* مەبەست لە هەندێک لە توێژەرانی مێژووی کوردە، وەکو؛ پرۆفیسۆر جەلیل جەلیلی. پرۆفیسۆر مگۆی ( Ш. Х. Мгои ). پرۆفیسۆر ئەشرەف ئەشیری ( Ашири. Ш ) کە بە رەگەز کوردن.


دەقی فارسی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەم ماڵپەڕە وەرگیراوە
https://iranglobal.info