ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:54 - 04/11/2019

ئەو ئاگرەی ئێران هەڵیگرساند ئێستا لە عێراق خۆی دەسوتێنێ‌

پەیسەر

درەنگانێکی شەوی ٤ی ١١ی٢٠١٩  خۆپیشاندەرانی خەڵکی کەربەلا، هەڵیانکوتایە سەر بینای کونسوڵخانەی ئێران لە شارەکەی خۆیاندا و ئاگریان لە بەشێکی بیناکە بەردا.
ئەم رووداوە چەند سەعاتێک بەر لە یادکردنەوەی ٤٠ ساڵەی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکابوو لە تاران، کاتێ لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا رۆژی ٥ی ١١ی ١٩٧٩ خوێندکارانی زانکۆ کە لایەنگری ئیمام خومەینی بوون، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەکە و بۆ ماوەی ٤٤٤ رۆژ دیپلۆمات و کارمەندانیان دەستبەسەر کرد.


لە ئەدەبیاتی شۆڕشی ئێران و دواتر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا، داگیرکردنی باڵیۆزخانە و دەستبەسەرکردنی باڵیۆز و کارمەندەکانی، یەکێکە لە هێمانی سەرکەوتنی شۆڕش. بۆیە لەو کاتەوە تائێستا ساڵانە یادی ئەو رووداوە دەکرێتەوە.

ئێران داوایکرد و خەڵکی عێراق جێبەجێی کرد

ئێستا کە خۆپیشاندانەکانی عێراق پێیناوەتە قۆناغێکی سەخت و توندەوە، کاربەدەستانی ئێران لە میدیاکانی خۆیانەوە، راستەوخۆ داوا لە عێراقییەکان دەکەن کە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا داگیر بکەن.

چەند رۆژێک بەر لە رووداوەکەی کەربەلا، عەلی شەریعەتمەداری سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان کە رۆژنامەیەکی راستەوخۆ سەر بە عەلی خامنەیی رابەری ئێرانە، لە سەروتارێکدا داوایکردبوو، با خەڵکی عێراق باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە عێراق داگیر بکەن و ئەمریکاییەکان دەرپەڕێنن.
شەریعەتمەداری لە سەروتارەکەی کەیهاندا، بە بیری خەڵکی عێراقی دەهێنێتەوە کە خەڵکی ئێران لە کاتی شۆڕشەکەیاندا دژ بە شا، باڵیۆزخانەی ئەمریکایان داگیرکرد" چونکە ئەوێ لانەی جاسووسان بوو" هەر ئەوەش بووە هۆی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بەسەر شا و ئەمریکادا. بۆیە پێویستە ئێستا خۆپیشاندەرانی عێراقیش هەر ئەوە بکەن کە ئێرانییەکان ٤٠ ساڵ لەمەوبەر کردیان.

ئێران بۆ دەرەوە

 
ئێستا یەکێک لە دروشمی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە عێراق ئەوەیە " عێراق ئازادە، ئێران بڕۆ بڕۆ" ئەم ناڕەزاییەی شەقامی عێراقیی لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو توانای دەوڵەت و میدیاکەیانەوە دەیانەوێ وای نیشان بدەن، کە لە خەمی عێراقدان و دەیانەوێ هەرچی زووترە ناڕەزایی و ئاڵۆزییەکان دابمرکێنەوە. بەڵام تادێت ناڕەزایی لە دەستتێوەردانەکانی لە عێراق توندتر و زیاتر دەبن.

خۆپیشاندەران بە دروشم و پۆستەر، توڕەیی خۆیان لە ئێرانییەکان ناشارنەوە، لە نەجەف ئەو شەقامەی کە بەناوی ئیمام خومەینییەوە کرابوو، خۆپیشاندەران بە هەڵواسینی پۆستەرێک ناوەکەیان گۆڕی بە " شەقامی شەهیدان" هەروەها وێنەی خومەینی و پۆستەر و هێماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند شارێکی باشووری عێراق هەڵواسراون  لێدەکرێنەوە یان دەدڕێنرێن.

سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان: با خەڵکی عێراق باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە عێراق داگیر بکەن و ئەمریکاییەکان دەرپەڕێنن

دوای سوتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا و داگرتنی ئاڵاکەیان، ئێستا دەنگێکی بەهێز لەسەر ئاستی خۆپیشاندەرانی عێراقیی بەرزبووەتەوە بۆ داخستنی سەرجەم باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە عێراقدا.

کەواتە توڕەیی خۆپیشاندەرانی عێراق خەریکە لەوەدا نامێنێ کە تەنیا دروشم بدەن و داوای چوونە دەرەوەی ئێران بکەن، بەڵکو سەریکێشاوە بۆ بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە عێراق. ئەمە هەمان ئەو داوایەبوو کە ئێرانییەکان چەند رۆژ پێشتر لە خۆیشاندەرانیان دەکرد ببەڵام نەک بۆ خۆیان بەڵکو ۆ داگیرکردن و دەرپەڕاندنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا.


ساڵی رابردوو لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی شاری بەسرە لە کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاریی، هێرشکرایە سەر کونسوڵخانەی ئێران و ئاگری تێبەردرا. ئەمەش نیشانی دەدات لەگەڵ هەموو ناڕەزاییەک لە حکومەتی عێراق، خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر، خێرا ئێرانیش دەخەنە پاڵ خراپی و کەموکوڕییەکانی وڵاتەکەیانەوە.