ڕاپۆرتی کوردستانی

04:24 - 04/11/2019

میری میرنشینی بەدلیس چۆن لە زیندانی فارسەکان ڕزگار کرا؟‌

پەیسەر

مێژووی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان پڕە لە داستانی شەڕ و قاڕەمانێتی. هەرچەندە ڕەخنە لە گەلی کورد دەگیرێت کە گەلێکی یەکگرتوو نەبووە، بەڵام هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی سەرکردەیەکی نەتەوەیی لە سەردەمە کۆنەکاندا و فراوانی خاکی کوردستان و جۆگرافیا سەختەکەی نیشتیمانەکەمان دەگەڕێتەوە.

 داستانی قاڕەمانێتی کەسایەتی و هۆز و خێڵە کوردیەکان زۆرن، یەکێک لەو داستانانەش "ڕزگارکردنی ئەمیر شەرەفخانی" باپیری شەرەفخانی بەدلیسی میری میرنشینی بەدلیس و خاوەنی کتێبە بەنرخەکەی "شەرەفنامەیە".

لە سەر خاکی بەدلیسی باکووری کوردستان، میرنشینێکی بەهیز حوکمرانی دەکرد و گەلەکەی بە یەکگرتوویی دەژیا. نە بۆ عوسمانیەکان و نە بۆ سەفەویەکان سەریان دانەدەنەواند.

 

لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆرە گەورەیەدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پاریزگاریان لە خۆیان دەکرد. بە سەدان ساڵ میرنشینەکەیان بە ناوی جیاوازەوە لە سەر خاکی بەدلیس بەردەوام بوو.

هەندێکجار بەرامبەر هێرشەکانی ڕۆم، هەندێکجار لە باکوورەوە بەرامبەر تاتار و مە‌غولەکان و لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیشەوە بەرامبەر هرشەکانی سەفەوی و عوسمانیەکان پارێزگاریان لە خۆیان دەکرد.

لە نیوان میرنشینی بەدلیس و هۆز و خەڵکی دەوروبەری هاوپەیمانیەکی زۆر پتەو هەبوو، شەرڤانانی میرنشینەکە بە تەواوی ئەرکیان پاراستنی خەڵکی مەدەنی بوو. خەڵکی مەدەنیش وابەستەی میر بوون.

خیانەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی و ڕزگارکردنی میر
لە ساڵی ١٥٠٧ لە سەر پێشانیاری شا ئیسماعیلی سەفەوی ڕێککەوتنێک لەنێوان سەفەویەکان و میرنشینی بەدلیسدا ئیمزاکرا و بۆ ماوەیەک کۆتاییان بە شەڕ هێنا.
ماوەیەک دوای ڕێککەوتنە لە سەر بانگهێشتی شا ئیسماعیل ئەمیر شەرەفخانی میری بەدلیس و ژمارەیەک سەرکردە و پیاو ماقوڵی میرنشینەکە بەرەو کۆشکی شا ئیسماعیل بەرێدەکەون، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەیی دوژمنانی گەلی کورد کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان بەردەوامە، شا ئیسماعیل ئەمیر شەرەفخان و سەرکردەکان دەستگیر دەکات و دەیانخاتە زیندانەوە.

 

شا ئیسماعیل لە ڕێگەی دەستگیرکردنی میر و سەرکردەکانی میرنشینەکەوە، هەوڵ دەدات، میرنشینەکە و هۆزی "ڕۆژکیەکان" کە هۆزێکی سەرەکی بوون لە دروستکردنی میرنشینی بەدلیس بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بەو شێوەیە رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەدلیسیەکان تێکدا و خیانەتی کرد.

سەرکردەکانی میرنشینەکە و پیاو ماقۆڵانی هۆزی ڕۆژکی کۆدەبنەوە و لەبارەی چۆنیەتی ڕزگارکردنی میرەکەیان و سەرکردەکانی ترەوە دەست بە ڕاگۆڕینەوە دەکەن.

لە ئەنجامدا دەگەنە ئەو بڕیارەی هێزێکی تایبەت لە ژمارەیەک شەڕڤانی ئازا و چاونەترس پێک بهێنن و بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت میر و سەرکردەکانی تر ڕزگار بکەن.

هێزە تایبەتەکەی بۆ ڕزگاکردنی میرەکەیان لە ماوەی نزیکەی مانگێک خۆیان دەگەیەنە ئەو شارەی کە ئەمیر شەرەفخانی تێدا زیندانیکراوە. لە شەوێکدا دەست بە سەر زیندانی فارسەکاندا دەگرن و دوای شەڕ و پێکدادانێکی سەخت دەتوانن ئەمیر شەرەفخان و سەرکردەکانیان ڕزگار بکەن و ژمارەیەک سەربازی دەستەی تایبەتی کۆشکیش دەکوژن.

 

کاتێک ئەمیر شەرەفخان و هێزە تایبەتەکەی میرنشینی بەدلیس دەچنەوە بۆ بەدلیس، خۆشحاڵیەکی خەڵکەکەی پێشوازیەکی زۆر گەورەی لێدەکەن و ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جەژن لەقەڵەمدەدەن.

ڕۆژکیەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە پاراستنی میرنشینەکەدا هەبووە
شەرەفخانی بەدلیسی لە کتێبەکەی شەرەفنامەدا بە قاڕەمانانە باس لە هۆزی "ڕۆژکی" لە دروستکردن و پشتگیریکردنی میرنشینی بەدلیسدا دەکات و دەلێت:

لە ئەندازەی ژمارەی ئەو بەردانەی کە لە قەڵای میرنشینی بەدلیسدا بەکارهێنراوە، ڕۆڵەی هۆزی "ڕۆژکی" لە پێناو میرنشینەکە گیانیان بەخت کردووە. میرنشینی بەدلیس هیچ کاتێک بەرامبەر دوژمن و هێرشەکان سەری دانەنواندووە و بەرگری کردووە. پیاوە بەهێزەکانی هۆزی "ڕۆژکیش هەموو کاتێک لە پێشەوەی بەرەکانی شەڕدا بوون.

میرنشینی بەدلیس
میرنشینی بەدلیس لە شاری بەدلیس لە باکووری کوردستان لە سەردەمی “عەباسیەکانەوە” سەری هەڵداوە، بە هۆی یەکگرتنی هۆزی ڕۆژەکی دامەزراوە بە سەدان ساڵ دەسەڵاتیان بە پشتاوپشت لە باوک و باپیران بۆ ماوەتەوە، بنەماڵەی خانەدانی مێژوونووسی بەناوبانگ شەرەفخانی بەدلیسیش میری ئەو میرنشینە بووە. بە درێژایی مێژوو ١٨ میری هەبووە.

لە کتێبی شەرەفنامەدا دەگوترێت، میرنشینەکە لە سەردەمی میر زیائەدین ڕۆژکیدا کە لە ناوەڕاستی سەدەی چواردەهەمی زایینی میری میرنشینەکە بووە، سنوری میرنشینەکەی فراوان کردووە بۆ باکووری دەریاچەی وان و زۆر بەهێز بووە.