ڕاپۆرتی کوردستانی

08:17 - 05/11/2019

کورد بە سنگی رووتەوە لەبەر تیغی هەمواری دەستوورە‌

پەیسەر پرێس

پرسێكى گه‌رم و چاره‌نوسساز لایه‌نه‌سیاسییه‌كانى و سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى له‌سه‌ر مێزێك له‌ هه‌ولێر كۆكرده‌وه‌، حزبه‌كان جارێ پێش چاویان روون نییه‌و نازانن كه‌شتى ده‌ستوور له‌ كوێو كوێوه‌ له‌ زیانى كورد كون ده‌بێت، ئه‌مڕۆ مه‌ترسییه‌كى دیكه‌شیان شه‌نوكه‌وكرد، ئه‌ویش په‌لوپۆكردنى ده‌سه‌ڵاته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمه‌، كه‌پێده‌چێت ئه‌مه‌یان هه‌رێمى كوردستان زیاتر ناڕه‌حه‌ت بكات، پارتى زۆرتر له‌هه‌مووان كه‌وتووه‌ته‌ جوڵه‌، شاندێكى ره‌وانه‌ى به‌غدا كردووه‌و له‌كوردستانیش لۆبى بۆ بابه‌ته‌كه‌ ده‌كات. 

كۆبوونه‌وه‌ى فراوان بێ بڕیار 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، زۆرینه‌ى قسه‌كانى ئه‌مڕۆی کۆبوونەوەی لایەنەکان زۆرتر به‌ ده‌ورى بابه‌تى هه‌موارى ده‌ستووردا خولانه‌وه‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێن كۆك بن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى بۆ سڕینه‌وه‌ى فیدراڵیه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ گۆڕێن، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ساغ بوونه‌وه‌، كه‌ هه‌موارى ده‌ستوور  هه‌ر مه‌ترسییه‌كى كرده‌ واقیع، ئه‌وا هه‌ڵوێستێكى هاوبه‌ش وه‌ربگرن تا ئاستى كشانه‌وه‌ له‌به‌غدا.

به‌ڵام لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بڕیارێكى هاوبه‌ش بده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئایا سێ ئه‌ندامه‌ كورده‌كه‌ى لیژنه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور بكێشنه‌وه‌، یاخود له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن، بۆچوونى زاڵ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ كورد نه‌چێته‌ ژێر بارى هه‌موارى ده‌ستوور، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مواره‌كه‌ هه‌ر كرایه‌وه‌ ئه‌وا رێگه‌نه‌درێت، زیان له‌هه‌رێم بدات. ئه‌وه‌ش كارێكى قورسه‌، چونكه‌ لایه‌نه‌كان زانیارى ئه‌وه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌، كه‌ مه‌به‌ست له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور، لابردنى مادده‌ى ١٤٠ و نه‌مانى فیدراڵى و هێنانى فیدراڵیه‌تى پارێزگاكان و چه‌سپاندنى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تییه‌. كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌زیانى كورد ئاماده‌كراون.

گه‌رمكردنه‌وه‌ى ریفراندۆم

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ باس له‌ به‌كارهێنانى كارتى ریفراندۆم كراوه‌، شاندى یه‌كگرتوو داوایكردووه‌، كه‌ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆم كه‌ ئێستا سڕكراوه‌، وه‌ك كارتێك به‌كاربهێندرێت به‌رامبه‌ر به‌غدا، كاتێك ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌مواره‌كه‌ به‌زیانى هه‌رێمى كوردستان ته‌واوبكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانى وه‌ڵامى ئه‌م پێشنیاره‌ى یه‌كگرتووى داوه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌، كه‌ باسكردنى ئه‌و بابه‌ته‌ باش نییه‌و ئه‌مریكییه‌كان پشتیوانى كورد ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر كورد ئه‌و داوكارییه‌ بهێنێته‌ پێشه‌وه‌.
به‌پێى زانیارییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا هه‌رێمى كوردستان نایه‌وێت، بابه‌تى ریفراندۆم بوروژێنێت، چونكه‌ ده‌زانێت به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌و مه‌رجى له‌بیركردنى ریفراندۆمه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ نه‌ك به‌كارهێنانى وه‌ك كارتى فشار، وه‌ ده‌شزانێت كه‌ وڵاتانى پشتیوانى داواكارییه‌كى له‌وجۆره‌ ناكه‌ن.

روونكردنه‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمار

په‌یسه‌ر دوێنێ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ پارتى له‌ پشتیوانییه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح بۆ هه‌وڵه‌كانى لابردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى و هه‌موارى ده‌ستوور نیگه‌رانه‌و په‌یامى نیگه‌رانیشى پێ گه‌یاندووه‌، داوایكردووه‌ پێگه‌كه‌ى بۆ دژایه‌تى دۆسته‌كانى كورد به‌كارنه‌هێنێت. هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ لایه‌نه‌كان داواى ئه‌وه‌یان له‌به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌، له‌ژێر چاودێرى ئه‌ودا هیچ هه‌ڵمه‌تێك له‌پێناو هه‌موارى ده‌ستوور به‌ڕێوه‌نه‌چێت.

به‌رهه‌م ساڵح روونكردنه‌وه‌ى داوه‌و پێى گوتوون له‌و كۆبوونه‌وه‌ى كه‌ بۆهه‌موارى ده‌ستوور به‌سه‌رپه‌رشتى ئه‌و به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌راشكاوى به‌ به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى گوتووه‌، نابێت هه‌مواره‌كه‌ ببێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. به‌رهه‌م ساڵح سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینى سه‌رۆك وه‌زیران قسه‌كانى به‌و ئاڕاسته‌بوون، كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ى نێوماڵى شیعه‌كانه‌و نابێت كورد له‌و كێشانه‌وه‌ تێوه‌بگلێت، خۆیان له‌سه‌ر كێ رێكده‌كه‌ون با رێكبه‌ون.

له‌ده‌ستچوونى كارتى نه‌وت

یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌ى كه‌ زۆرتر پارتى و دواتریش یه‌كێتى نیگه‌ران كردووه‌، له‌ده‌ستده‌رهێنانى كارتى نه‌وته‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌هه‌موارى ده‌ستور ته‌واوى مه‌له‌فى نه‌وت بخه‌نه‌وه‌ ده‌ستى ناوه‌ند، به‌ده‌ستوور رێگه‌بگرن له‌هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كى نه‌وتیى كه‌ هه‌رێمى كوردستان بیكات. ئه‌م له‌نێو مه‌ترسییه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك نه‌مانى مادده‌ى ١٤٠ و گۆڕینى سیسته‌مى فیدراڵى باسكراوه‌، پارتى خواستى به‌جۆره‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مواره‌كه‌ به‌و ئاڕاسته‌ بێت، كورد له‌به‌غدا بكشێته‌وه‌ بۆئه‌مه‌ ئه‌مڕۆ كۆده‌نگى لایه‌نه‌كانى به‌ده‌ستهێناوه‌.

نیشاندانى یه‌كڕیزیى

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ بڕیارو هه‌ڵوێستى دیاریكراوى تێدا نه‌درا، ته‌نانه‌ت دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌ دیدارى مێرى قسه‌یه‌كى جیاوازتر له‌ راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى كرد و گوتى، به‌هیچ هه‌موارێكى ده‌ستوور رازى نابن، له‌كاتێكدا راگه‌یه‌ندراوى لایه‌نه‌كان ده‌ڵێت، به‌هه‌موارێك رازى نابن مافه‌كانى كورد كه‌مبكاته‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ زۆرتر وه‌ك نیشاندانى یه‌كڕیزییه‌ك بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌غداو له‌و پێناوه‌شدا بووه‌، جگه‌له‌وه‌ش بووه‌ بۆ لۆبیكردن بووه‌ بۆ ئه‌و شانده‌ى بارزانى ره‌وانه‌ى به‌غداى كردووه‌و هۆشیار زێبارى پشتیوانى ده‌كات، و په‌یامى ئه‌وه‌ى به‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان گه‌یاندووه‌، كه‌ به‌ لابردنى عه‌بدولمه‌هدى و گۆڕینى ده‌ستوور رازى نابن كه‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌مڕۆش لایه‌نه‌كان هه‌ر وایان گوت.

ناكۆكى یه‌كێتى و پارتى

ئه‌گه‌رچى حزبه‌كان ئه‌مڕۆ وێنه‌ى یه‌ك ریزیان پیشاندا، به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى ناكۆكى قوڵ له‌نێوانیان هه‌یه‌، په‌یسەر دوێنێ ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێتى به‌ شاندى باڵا به‌شدار نابێت له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌و ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ له‌ ماڵى تاڵه‌بانى نابن، هه‌رواش بوو، سه‌عدى پیره‌و ئه‌رسه‌لان بایز به‌شداربوون. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ماڵى تاڵه‌بانى خواستى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كارتى هه‌موارى ده‌ستوور به‌رامبه‌ر پارتى به‌كاربهێنن بۆئه‌وه‌ى مل بدات بۆ داواكارییه‌كانى یه‌كێتى. به‌جۆرێك له‌ پرسى هه‌موارى دەستوور پشتیوانى پارتى نه‌كات. پارتى و یه‌كێتى ناكۆكى قوڵ له‌نێوانیان هه‌یه‌و یه‌كێتى ماوه‌یه‌كى وه‌ك مۆڵه‌ت داوه‌ به‌ پارتى. ئه‌گه‌ر كێشه‌كانیان به‌و په‌له‌ په‌لییه‌ پینه‌ نه‌كه‌ن، ره‌نگه‌ پێگه‌ى كورد كلۆرببێت و له‌یارى ده‌ستوور به‌دۆڕانى گه‌وره‌ ده‌ربچێت. به‌ڵام له‌نێو یه‌كێتیش بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى.

كورد له‌م قۆناغه‌دا چه‌نده‌ پێویستى به‌ كۆده‌نگى و چاره‌كردنى كونو كه‌له‌به‌ره‌كانى ناوخۆیه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پێویستى به‌ لۆبیكردن و به‌ده‌ستهێنانى پشتیوانى وڵاتانه‌، كورد تائێستا ده‌یه‌وێت به‌چه‌كى كۆن، شه‌ڕێكى نوێو ئاڵۆز بكات و بەسنگی رووتەوە رووبەڕووی تیغی هەمواری دەستوور وەستاوەتەوە. پێویسته‌ هاوشێوه‌ى رۆژئاوا مانۆڕى وردى دیبلۆماسى بكات و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنى هه‌موارى ده‌ستوور چڕوپڕتر بكات، تا ئه‌و پلانه‌ى شیعه‌كان بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورێكى نوێ هه‌یانه‌، كوردى تێدا نه‌بێته‌ سووتوو.