ڕاپۆرتی کوردستانی

08:35 - 06/11/2019

لە سوپای عوسمانیەوە بۆ ژێر پەتی سێدارەی ئەتاتورک‌

پەیسەر

لە سەرەتای پلانەکانی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی بۆ ڕووخاندنی میرنشینەکانی بابان و بۆتان، تا کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردوو، ژمارەیەک شۆرشی گەورە لە چوار پارچەی کوردستان سەریانهەڵدا. بەڵام بە هۆی بەهێزی سوپای دوژمنەکان و ڕیککەوتنە نهێنیەکانی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دوای ئەوەش دەوڵەتی تورک و حکومەتەکانی تری داگیرکەری خاکی کوردستان، لەگەڵ زلهێزەکان بە تایبەتی یەکێتی سۆڤیەت (ڕووسیا) شۆرشەکان سەرنەکەوتن.

لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی چوار پارچەی کوردستان بێ ئەوەی سنورەکانی تورک و فارس و عەرەب بناسن، بەشداریان لە شۆرشە یەک لەدوایەکەکانی کورد کردووە و هەندێکیشیان ئەو ئەفسەرە پلە بەرزانە بوون کە لە ناو سوپای عوسمانیدا بوون.

یەکێک لەو کەسایەتیە کاریگەر و قاڕەمانانە کە بەشداری لە هەندێک شۆرشدا کردووە "کەمال فەوزیە".

کەمال فەوزی بەگ ئەفسەرێکی پلە بەرزی کوردی عوسمانی بوو، بەڵام هەر لە تەمەنی گەنجیدا و لەگەڵ ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی ودروستکردنی کۆماری تورکیا خزمەتی بە دۆزی نەتەوەیی کورد کرد و هەر لەو پێناوەشدا گیانی بەخت کرد، کە لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لە ژیانی تایبەتی دەکەین.

کەمال فەوزی بەگ ڕۆڵێکی گەورەی لە شۆڕشی شێخ سەعید و شۆرشی "سمایل خانی شکاک" دا هەبووە.

نامەکەی سمکۆ بۆ ڕووسیا و ڕۆڵی کەمال فەوزی بەگ
لە سەرەتای ساڵی بیستەکانی سەدەی ڕابڕدوودا کەمال فەوزی بەگ کە تایبەتمەندی دیپلۆماتکاریشی هەبووە، سەردانی سمکۆی شکاک سەرۆکی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. سمکۆ ئاغا بە هۆی ئەوەی لە لایەن تورک و فارسەکانەوە فشارێکی زۆری لە سەر بووە، داوا لە کەمال فەوزی بەگ دەکات نامەیەکی بگەیەنێتە دەستی بەرپرسانی ڕووسیا. کەمال فەوزی نامەکەی سمکۆ دەگەیەنێتە دەستی ڕووسەکان.

نامەکەی سمکۆ بۆ رووسەکان
"دوای سڵاوێکی گەرم. من مانگ و نیوێک لەمەوبەر لە رێگەی محەمەد ئەمین زەکی بەگی نوێنەرمەوە (مێژووناس و ڕووناکبیری کوردی خەڵکی شاری سلێمانی) نامەیەکەم بۆ ئێوەی بەڕێز نارد. لە نامەکەدا داوای کۆبوونەوەم لەگەڵ ئێوەدا کردبوو. بەو هۆیەوە ئەم نامەیەم لە ڕێگەی سەرۆکی شاندەکەمان "کەمال فەوزی بەگ" ناردووە. من گرنگیەکی زۆر بە یەکێتی سۆڤیەت دەدەم کە ئەرکێکی گەرەیان بۆ ڕزگارکردنی گەلان خستووەتە سەر شانیان. ئەگەر لە جیهاندا گەلێکی قاڕەمان هەبێت و ئیرادەی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خۆی بەدەست نەهێنابێت، بەداخەوە گەلی کوردی دراوسێی ئێوەیە. بە ڕاستی گەلی کورد پێویستی بە هاوکاری ئێوە هەیە. منیش ڕۆلەیەکی ئەم گەلەم. من و گەلی کورد لەو بڕوایەداین، تەنها دەوڵەتە گەورەکەی سۆڤیەت دەتوانێت، دەستی هاوکاری و پشتگیری بۆ ئێمە درێژ بکات و دەتوانێت لە ژێر سایەی خۆیدا بمانپارێزێت. بەم شیوەیە گەلی دێرین ئەگەر بگاتە ئازادی خۆی هەتاهەتایە قەرزاری سۆڤیەت دەبێت. ئەمە داواکاری من و کەسانی دەوروبەرم نییە، بەڵکو داواکاری هەموو گەلی کورد و کوردستانە".


هەر چەندە سۆڤیەت و عوسمانیەکان و دوای ئەوەش دەوڵەتی تورکیا پەیوەندیەکی باشیان بەیەکەوە نەبوو، بەڵام وەک شۆڕشەکانی پێش سمکۆ و دوای سمکۆ ئامادە نەبوو هاوکاری گەلی کورد بکات.

هۆکارێکی ئەوەش بۆ هەوڵی رووسیا دەگەڕایەوە کە دەیویست لە خاکی باکووری کوردستاندا، دەوڵەتێک بۆ ئەرمەنەکان دروست بکات و هەوڵی بەدەستهێنای هەرێمی سەرحەدی باکووری کوردستانی دەدا.

به‌ ١٣ ساڵی خۆی لەناو سوپای عوسمانی بینیەوەو لەپێناو شێخ سەعید گیانی بەخت کرد

محەمەد تایفون "مالمیسانیج" نووسەر و لێکۆلێنەری شاری ئامەدی باکووری کوردستان لێکۆلینەوەیەکی وردی لە سەر ژیانی کەمال فەوزی بەگ کردووە.

تایفون لە لێکۆلینەوەکیدا باس لەوە دەکات، ژیانی کەمال فەوزی بەگ وەک زریانێکی ترسناک بووە و دەڵێت: "کەمال فەوزی بەگ لە تەمەنی میردمنداڵیەوە بەشداری لە کاری سەربازیدا کردووە، لە تەمەنی لاویدا قورسترین و گەورەترین شەڕەکانی عوسمانیەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوای بینیوە، بەڵام هەر لە تەمەنی گەنجیدا بۆچوونەکانی دەگۆڕێت و وردە وردە لە عوسمانی و تورکەکان دووردەکەوێتەوە و بە هۆی بەشداریکردنی شۆڕشە کوردییەکان نازناوی "شێری بدلیسیان" لێناوە.

بە پێی لێکۆلینەوەکەی تایفون "کەمال فەوزی بەگ لە ساڵی ١٨٩١ لە ناوچەی هیزانی سەر بە پاریزگای بەدلیسی باکووری کوردستان لەدایكبووە.

 باوکی "ڕەشید بەگ" سەرۆکی دادگای بەدلیس بووە. لە ساڵی ١٩٠٤ لەگەڵ خیزانەکەی دەچنە ئه‌سته‌نبوڵ و لەوێ بە پێشنیاری باوکی لە "مەکتەب حەربیە" خوێندنگای سەربازی دەست بە خوێندن دەکات.

لە ساڵی ١٩١٢ وەک ئەفسەرێکی تازە پێگەیشتوو و گەنج بەشداری لە شەڕی بەڵکان "شەڕی نێوان عوسمانی و وڵاتەکانی ڕۆژئاوا" دەکات. لەو شەڕەدا بە هۆی تەقینەوەی گولە تۆپێکەوە بە سەختی بریندار و کەمئەندام دەبێت و هەرچەندە لە تەمەنێکی کەمدایە، بەڵام خانەنشین دەکرێت. دوای ئەوە لە ئەستەنبوڵ بە رێکخراوە کوردیەکان ئاشنا دەبێت و بە تەواوی لە عوسمانیزم دوور دەکەوێتەوە.

دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستان "جەمعە الکردستان" و دواتریش دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی "هێڤی". دەست بە نووسین دەکات. لە گەڵ عەبدوڵا جەودەت بەگ "پزیشک، نووسەر و شاعیری پاریزگای مەلەتی باکووری کوردستان" لە بەشی تورکی ڕۆژنامەی "هێڤی" و "ژین" دەست بە نووسین دەکات.

لەگەڵ ئەستەنبوڵ بە "جەمعیەی تەعالی کوردستان" ئاشنا دەبێت و ڕۆڵێکی گرنگی تێدا دەبینێت.

کەمال فەوزی بەگ دواتر دەبێتە ئەندامی "کۆمەڵەی ڕۆشنبیران" کە لە لایەن بەریتانیاوە دامەزرا و دواتر دەبێتە ئەندامی "تەشکیلاتی کورد".

کەمال فەوزی و بەشداریی لە شۆڕشەکانی کورد
کەمال فەوزی بەگ دوای ئەوەی بە تەواوی بە دۆزی نەتەوەیی کورد ئاشنا دەبێت، دەبێتە ئەندامی ڕێکخستنی ئازادی کە لە لایەن "خالید بەگی جبرانلی" دامەزرا و لەدژی دەوڵەت دەست بە شەڕی چەکداری دەکەن.

دەوڵەت ناوی ١٥٠ کەس وەک "کەسانی یاخی" ڕاگەیەنێت و کەمال فەوزی بەگ یەکەک لەو کەسانە بووە و بەم شێوەیە قاچاخ دەبێت. بەو هۆیەوە هەڵدێت و دێتە هەرێمی سلێمانی و بەشداری لە شۆڕشی شیخ مەحمودی بەرزنجی دەکات. دوای ماوەیەک دەچێتە ڕۆژهەڵات و بەشداری لە شۆڕشی سمکۆ خانی شکاک دەکات.

کاتێک دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتەوە بگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان لە لایەن هێزەکانی بەریتانیاوە دەستگیر دەکرێت و دوای لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر سزا گرتنی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام لە دەرفەتێکدا هەڵدێت و دەچێتە باکووری کوردستان. لەوێ ماوەیەک لەناو شۆڕشی شێخ سەعید دەمێنێتەوە و دواتر هەوڵدەدات لە ڕێی قاچاخەوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام دەستگیر دەکرێت.

کەمال فەوزی بەگ لەگەڵ محەمەد تۆفیق به‌گ و سەیید عەبدولقادر دوو کەسایەتی گەورەی باکووری کوردستان، بە گشتی شەش کەس بە تاوانی بەشداریکردنی لە شەڕی چەکداری و ڕووخاندنی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٤ی ئایاری ١٩٢٥ کاتژمێر ٤:٥٣ کەس لە گۆڕەپانی بەردەم مزگەوتی گەورەی ئامەد "ئولو جامی" لەسێدارەدران.

کەمال فەوزی بەگ خاوەنی پێنج کتێبە كه‌ ته‌نها دوانیان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. کە ئەمانەن " دەنگێک لەناو سوپادا، گولەکانی دەرد، پێشکێش بە سوپای قاڕەمان، خۆشەویستی نەمر و وڵاتێکی خوێناوی و کتێبێکی شیعر."