ڕاپۆرتی کوردستانی

08:49 - 06/11/2019

لە گۆڕەپانێکی ئاڵۆزدا هەمووان خۆیان بە براوە دەزانن‌

پەیسەر

سەرکەوتن و شکستەکان لە شەش پەردەدا

پەردەی یەکەم:
٤٨ سەعات بەر لە هێرشەکەی تورکیا جەیمز جێفری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات و لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆدەبێتەوە. کاتێک مەزڵوم داوا دەکات ئەمریکا نەکشێتەوە و رێگە نەدات بەرگری لە ئاسمانی ناوچەکە بکات، جەیمز جێفری لە وەڵامدا دەڵێ: نامانەوێت سەربازەکانمان وەک شەڕی ڤێتنام رێگەی پاشەکشێ کردنیان نەبێ و تیا بچن.

وەڵامەکەی جێفری دوو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، یان ئەوەیە کە وەڵامەکە تەنیا پاساوێک بووە بۆ بڕیارەکەی ترەمپ یان  دڵنیابووە کە تورکیا بە پشتگیری روسیا ئەوەندە سوورە لە هاتنە ناوەوە و هێرشکردن کە هیچ باکیان بە بوونی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نییە و تەنانەت ئامادەیە لە هێزی ئەمریکیش بدات.

پەردەی دووەم
ئێوارەی رۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبەر جەیمز جێفری نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان، بانگهێشتی کۆنگرێس کرابوو، جێفری بوو بەژێر ئەم پرسیارانەوە:

 ئایا بەر لە هێرشی تورکیا و کشانەوەی ئەمریکا لە باکوری سوریا، ترەمپ هیچ راوێژێکی بە تۆ کرد؟
ئایا تورکیا هیچ رێزێکی لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا نەگرت و هێرشی کرد، لە کاتێکدا دەیزانی هێرشکردن بۆ سەر کوردەکان پێچەوانەی بەرژەوەندی ئەمریکایە؟
هەموو ئەوەی لە روسیا روویدا هەر لە ریکەوتنی کورد و ئەسەد، روسیا و تورکیا، لە زیانی ئەمریکابوون. ئێستا روسیا و ئێران سەرکەوتووی مەیدانەکەن، بەم دۆخەوە تێمانگەیەنە ئەمریکا چی دەستکەوت؟

جێفری روون و راشکاو وتی:هیچ راوێژێکم پێ نەکرا، ئەگەر راوێژم پێ کرابایە پێم دەوتن کە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئێران و روسیا و ئەسەددایە. راستە هەموو هەنگاوەکانی تورکیا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوو، هێرشەکەی تورکیا بووە هۆی ئازادبوونی هەندێک لە شەڕکەرە مەترسیدارەکانی داعش، بەڵام تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە. بەڵێ دەبێ بەردەوام بین لەکار کردن لەگەڵ کوردەکان بەڵام تائێستا هیچ میکانیزمێکمان نەدۆزیوەتەوە.

دوای چەند ساڵ شەڕی داعش، ئایا ئێستا ئەمریکا چی دەستکەوتووە لە سوریا؟ بەڵام وەڵامەکانی جێفری ئەوەندە شپرزە بوو کە بە ئاسانی دەکرا ئەوە بخوێنێتەوە کە هیچ وەڵامێکی لۆژیکی نییە و تەنانەت نەیتوانی ئاماژە بە تاکە دەستکەوتێکی ئەمریکاش بکات لە سوریا. بە ڕوونی وتی: هەموو هەنگاوەکانی تورکیا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بووە، بەڵام ئامادەنەبوو بڵێت تورکیا هۆکاری ئەم شکستە گەورەیەی ئەمریکایە.

وەڵامەکانی زیاتر ئەو قەناعەتەی دروستکرد کە هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەی ئەمریکا پەیوەندی بە بەرژەوەندی خودی دۆناڵد ترەمپەوە هەیە لەگەڵ تورکەکان کە دەوترێت گەورەترین هاوبەشە بازرگانەکانی ترەمپ تورکن. ئەگەر وابێ ئەوە ترەمپ دوو جار خیانەتی کردووە، جارێک خیانەتی لە کورد کردووە و جارێکیش خیانەتی لە گەلی ئەمریکا کردووە کە بەرژەوەندی ئەمریکا و شکۆی ئەمریکای کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆی.

پەردەی سێیەم
بەپێی یەکەم رێکەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەسەر ناوچەی ئارام، بڕیاربوو یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا بکشێنەوە، سەنگەر و تونێلەکانیان تێک بدەن و چەکە قورسەکانیش بۆ قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر دوور بخەنەوە. ئەمریکا و تورکیاش پێکەوە لەو قوڵایی پێنج کیلۆمەترە گەشتی هاوبەش ئەنجام بدەن.

دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەیدا و تورکیاش هێرشی دەستپێکرد، کورد کەوتە گومانەوە، مەزڵوم کۆبانێ دەڵێ: ئەمە یەکەم خیانەتی ترەمپ بوو بە کورد. چونکە کورد بۆ نیشاندانی نیازپاکی وەڵامی ئەرێنی بە داواکارییەکەی ترەمپ دایەوە و هێزەکانی کشاندەوە و تونێل و سەنگەرەکانی رووخاند. ئەگەر ئەم تونێل و سەنگەرانە بمابایانە ئەوا تورکیا بە ئاسانی نەیدەتوانی بگاتە ناو سەرێکانی و گرێسپی، بەڵام بە تێکدانی سەنگەرەکان لەسەر داوای ئەمریکا، هێزی کورد ناچاربوو هەر لە سەعاتەکانی یەکەمەوە بکشێتەوە بۆ ناو شارەکان، لەناو شارەکانیشدا بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی فڕۆکە و بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی توانای بەرگریکردن لاواز ببوو.

هەربۆیە ئەو گومانە لەوانەیە لەجێی خۆیدابێ کە لەوانەیە ترەمپ و ئەردۆغان مەبەستیان لە رێکەوتنی یەکەم نەک دروستکردنی ناوچەی ئارام بەڵکو تەنیا تێکشکاندنی سەنگەر و تونێلەکانی یەپەگە بووبێ بۆ ئەوەی سوپای تورکیا ئاسانتر بتوانن بێنە ناوەوە. ئەگەر ئەم گومانەش راستبێ، ئەوا ئەردۆغان بە باشی توانیویەتی خاڵی لاوازی ترەمپ بەکاربهێنێ کە پاراستنی بەرژەوەندی بازرگانی خودی ترەمپە بۆ ئەوەی هەموو خواستەکانی خۆی بەسەر ئەمریکادا بسەپێنێ. چونکە ئەمریکا هیچی دەست نەکەوت و تورکیا هەموو شتێکی لە ئەمریکا دەست کەوت.

پەردەی چوارەم
لە یەکێک لە کۆڵانەکانی سەرێکانی، شەڕڤانێک بە تەنیا بەبێ نان و ئاو و جگەرە، چەند فیشەکێکی کەمی پێ ماوە، بە دیار تەرمی ١٨ هەڤاڵییەوە راوەستاوە، کە فڕۆکەی تورک بە چەکی فسفۆڕ شەهیدی کردوون و بوونەتە خەڵوز. شەڕڤانەکە جاروبار تەقەیەک دەکات بۆ ئەوەی دوژمن هەست بکات لەو گەڕەکە هێزی یەپەگەی لێیە. دوای ٢٤ سەعات هەڤاڵەکانی دیکەی ناگەن چونکە کۆڵانەکە گەمارۆ دراوە، بە ناچاری شەڕڤانەکە تەرمی چوار کەسیان کۆ دەکاتەوە و دەیکاتە ناو کیسە خەوەکەیەوە و هەر جۆرێکبێ گەمارۆکە دەشکێنێ و سەرێکانی جێ دەهێڵێ.

لەناو تل تەمەر کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان لە یەک کاتدا تەرمی باوک و دوو برای بۆ دەگەڕێننەوە، ئامادە نابێ وەریان بگرێت، بەڵکو دەست دەداتە چەکەکەی باوکی و دەڕوا بۆ بەرەکانی جەنگ.

چەکدارە سورییەکانی لایەنگری تورکیا کە بە سەروریشیانە دیارە هەمان پاشماوەکانی داعش و بەرەی نوسرەن، بە شانازییەوە خەڵکی مەدەنی دەستگیر دەکەن و دەیانکوژن. ئەمەش بە جیهاد ناودەبەن و سڵ لە هیچ تاوانێک دەکەن.

پەردەی پێنجەم
هێرشەکەی تورکیا رای گشتی ئەوروپا و ئەمریکا هەژاند. ترەمپ لەناوخۆی ئەمریکاوە رەخنە باران کرا. کۆنگرێسمەن و سیناتۆرەکان بە ئاشكرا دەیانوت ئەمریکا خیانەتی لە کورد کردووە. ئەمەش وایکرد ترەمپ رۆژانە لەسەر کورد قسە بکات و پاساو بهێنێتەوە بۆ بڕیارەکەی، بەردەوام قسەی دژ بە یەکی دەکرد.

بەهۆی فشارەکانەوە بە تەلەفون لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ قسەی کرد، جێگرەکەی راسپارد لێدوانێکی گرنگ بدات سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفونەکەی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ هەیبووە. جێگرەکەی و وەزیری دەرەوەی نارد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان و فشاری دروستکرد ئاگربەست رابگەیەنێ. ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ تورکیا رێکەوتنیان کردووە، بەڵام تەنیا ١٠٠ سەعات دوای ئەم رێکەوتنە، ئەردۆغان لەگەڵ پۆتین رێکەوتنێکی دیکەی کرد. ترەمپ کە ئێستا هیچ وەڵامێکی رازیکەری نییە بۆ گەلەکەی سەبارەت بە شکستی ئەمریکا لە سوریا، ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئەردۆغان و پوتین بە دەستکەوت ناو دەبات.

رێکەوتنەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتین رێکەوتنێکی ئاڵۆزە، کورد بە دەستکەوتی خۆی دادەنێ، مەزڵوم کۆبانێ دەڵێ: بەم رێکەوتنە گۆڕینی دیموگرافیا ڕوو نادات، ئیدارەی خۆسەر پارێزراو دەبێ، نەوت لەژێر دەستی کورددا دەمێنێتەوە. تورکیاش هەر بە دەستکەوتی دادەنێ و دەڵێن بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون و چیتر پێویست ناکات لە ئۆپەراسیۆنەکەیان بەردەوامبن. ئێرانیش بە دەستکەوتی دادەنێ چونکە ئەسەد گەڕاوەتەوە ناوچە کوردییەکان و تورکیاش بە تەواوی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ نابێ. ترەمپیش هەر بە دەستکەوتی دادەنێ چونکە بە وتەی خۆی کوردە هاوپەیمانەکانیان پارێزراو دەبن. ئەسەدیش هەر بە دەستکەوتی دادەنێ.

بەڵام لەم نێوانەدا ئەگەر دەستکەوتێک هەبێت لە راستیدا دەسکەوتی روسیایە کە هەوساری تورکیای گرتووەتە دەست و پێملی خۆی کردووە، ئەمریکای لە سوریا وەدەرناوە و ئەوەی ماویەتی نەوتەکەیە، کە ئەمەش لە داهاتوودا بە ئاسانی و بە هەڕەشەیەک دەتوانێ نەوتەکەش بخاتە ژێر دەستی ئەسەدەوە.

پەردەی شەشەم
ئەزموونی رۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٢وە تائێستا یەک رۆژی بەبێ شەڕی تێپەڕ نەکردووە، سەرەتا بەرەی نوسرە، دواتر داعش، پاشان تورکیا و پاشماوەکانی داعش و بەرەی نوسرە. لەماوەی ئەو حەوت ساڵە هێزێکی ٧٠ هەزار کەسی بە پرەنسیپ و بە دیسیپلینان راهێناوە، کە سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. هیچ کاتێک لە مێژوودا کورد خاوەنی وەها هێزێکی گەورە و بە دیسیپلین نەبووە، رەنگە ئەمە دواین توانای کوردبێت لە دروستکردنی هێزی چەکداری راهێنراوی خاوەن بیروباوەڕ.

بۆ یەکەمجار لە ئەزمونی رۆژئاوادا بوو کە کورد توانی خەڵکی غەیرە کوردی وەک تورکمان و عەرەب و مەسیحی لە ئاستێکی بەربڵاودا بکاتە شەڕڤان و شەڕ بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەن. لەگەڵ ئەوەی لەو حەوت ساڵەدا بەردەوام لە شەڕدابوون ئەم شەڕەیان نەکردووەتە پاساو بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی پێشکەشی هاوڵاتیان نەکەن. لە کاتێکدا سەرێکانی لە لێواری کەوتندا بوو کەچی شارەوانی چەند کیلۆمەترێک دوورتر لە بەرەکانی جەنگ کاری خۆی دەکرد و خەریکی قیرتاوکردنی رێگاکان بوو. لە کاتی شەڕیشدا ئیدارەی رۆژئاوا رێگەی نەدا نرخی بەنزین و خواردەمەنییەکان و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک بەرزببێتەوە و مەکتەب و خوێندگاکان و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان وەک رۆژانی ئاسایی بەردەوام بوون لە راپەڕاندنی کاری رۆژانەی خۆیان.

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ وڵاتان دروستکردووە، لە کۆشکی ئێلیزە و لە کۆنگرێس و لە ناوەندی یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە بەرپرسانی رۆژئاوا دەکرێت. کەسانێکیش بەڕێوەبەری ئەم ئەزمونەن کە بەر لە شۆڕش هیچ ئەزمونێکی حکومڕانیان نەبووە، بەڵام ئەوەی بووەتەهۆی سەرکەوتنی ئەوان و متمانەی خەڵک تەنیا و تەنیا دڵسۆزیان بووە و بەس.