ڕاپۆرتی کوردستانی

11:23 - 07/11/2019

دوای رۆژئاوا چاوی تەماحی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان دەبێ‌

پەیسەر

ئەتاتورک بەر لەوەی بمرێت وەسیەتی بۆ عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆکی دوای خۆی کرد کە هەوڵ بدات ویلایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر تورکیا. ئینۆنۆش بەر لە مردنی هەمان وەسیەتی بۆ بولەند ئەجەوید کرد، ئەجەویدیش بەر لەوەی بمرێت سەردانی کۆشکی چانکایای کرد و وەسیەتەکەی بۆ ئەحمەد نەجدەت سیزەر جێهێشت.

چاوتێبڕینی تورکیا بۆ ویلایەتی موسڵ، وا نزیک دەبێتەوە لە سەد ساڵ. تورکەکان هەرکاتێ بۆیان لوابێ کاریان بۆ بەجێهێنانی خەونەکەی ئەتاتورک کردووە ئیتر گرنگ نەبووە کێ لەسەر کورسی دەسەڵات بووە ئیسلامیی بووە یان عەلمانی.

تورکەکان سەرۆک بە سەرۆک وەسێت دەدەنە دەستی یەکتر تا ویلایەتی موسڵ بگەڕێننەوە باوەشی تورکیا ئیتر گرنگ نییە سەرۆک ئیسلامییە یان عەلمانی

هاوکات لەگەڵ مڕخۆشکردن لە ویلایەتی موسڵ، تورکەکان هەمیشە چاویان لەسەر حەڵەبیش بووە کە ئەمەش رۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە. بەڵام کەمتر ئاماژەیان بەم سێرەگرتنە کردووە.
رەنگە زیاتر بەهۆی ئەوەوە بووبێ کە لەلایەکەوە کەمتر لە رۆژئاوای کوردستانەوە هەستیان بە مەترسی کردبێ و لەلایەکی دیکەشەوە ویلایەتی موسڵ و لەناویشیاندا کەرکوک بە درێژایی سەدەی رابردوو وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی نەوت و وزە ناسراوە کە تورکەکان لە خێروبێرەکەی بێ بەشبوون.

تورکەکان دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانیی، بەهۆی هەژموونی بەریتانیا لە عێراق توانای دەستێوەردانیان نەبوو. بۆیە پاشەکشەیان کرد لە بەدیهێنانی خەونەکەیان بۆ گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ. دواجار ساڵی ١٩٢٦ لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی نێوان بەریتانیا و عێراق و تورکیا، تورکەکان بەناچاریی دانیان نا بەو سنوورانەی نێوان عێراق و تورکیا.

لەلایەکی دیکەشەوە تورکەکان لەناو خۆیاندا پێیانوابوو ئەو قۆناغە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتی تورکیایە و توانای پەلهاویشتنیان نییە، بۆیە بەدیهێنانی خەونەکەیان دواخست، بەڵام ئەمە بە واتای وازهێنان لەو خەونە نەبوو.

زیندووکردنەوەی خەونەکە
لە دوای شەڕی سارد و روخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، ئەو بیرۆکەیە لە تورکیا بەهێز بوو کە تورکیا ئیتر قۆناغی بنیاتنانی تێپەڕاندووەو نۆرەی پەلهاویشتن دەستیپێکردووە. تۆرگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیا بەر لە جەنگی یەکەمی کەنداو بیرۆکەی ئەوەی هەبوو هەژموونی تورکیا تا سەر سنوورەکانی ئوردن و سعودیەشدا بسەپێنێ.
هەربۆیە ئۆزاڵ پشتگیری لە هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ سەر عێراق و خوازیاری روخانی رژێمی بەعس بوو. ئۆزال پێیوابوو دوای روخانی بەعس، شیعەکان لەژێر هەژموونی ئێراندا دەبن، هەربۆیە تورکیا ناچارە کە کارتی کورد لە عێراق بەکاربهێنێ و لەڕێی کوردەوە هەژموونی خۆی بسەپێنێ.

 

ساڵی ٢٠٠٧ ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا داوایکرد بازاڕی باشووری کوردستان بخرێتە ژێر رکێفی تورکیاوەو تا هەرێم نەتوانێ بەبێ تورکیا هیچ هەنگاوێ بنێ

لەم چوارچێوەیەشدا تورکیا بەڕووی کورددا کراوە و بۆ یەکەمجار لە کۆشکی چانکایە لە ساڵی ١٩٩١دا پێشوازی لە تاڵەبانی و دواتریش لە بارزانی کرا و پرۆسەی ئاگربەستی لەگەڵ پەکەکەشدا دەستپێکرد.
ئامانجی کۆتایی ئۆزال لەم بیرۆکەیە گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بوو بۆسەر تورکیا.

ئەحمەد داودئۆغڵوش کە ساڵانێک وەزیری دەرەوەو سەرۆکوەزیرانی بەردەستی ئەردۆغان بوو، هەر لەم چوارچێوەیەدا تیۆری " گەڕانەوەی بەرەو رۆژهەڵات"ی هێنایە ئاراوە کە ئەردۆغان لایەنگری ئەم بۆچوونەی داودئۆغڵو بوو. بەڵام ئەردۆغان لە دوای ٢٠٠٣وە بەهۆی هەژموونی دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا کە بیر لەوە بکاتەوە بە داگیرکاری پەل بهاوێژێت.
بۆیە بە سیاسەتی پەیوەندی بازرگانی دەستیپێکرد، دەروازەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا کردەوە و پەیوەندییەکی بازرگانی گەورەی لەگەڵ هەرێم دەستپێکرد کە تاساڵی ٢٠١٥ هەرێمی کوردستان دووەم وڵات و ناوچەبوو کە کاڵای تورکیای بۆ هەناردە دەکرا ئەمە دوای ئەڵمانیا.

ساڵی ٢٠٠٧ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادا باس لەوە کرا لە جیاتی ئەوەی لەڕێی سوپا و دەستێوەردانی سەربازیییەوە پێش لە بەهێزبوونی پێگەی کورد لە عێراقدا بگرن، باشترە لەڕێی ئابورییەوە ئەم ئامانجەیان مسۆگەر بکەن و ئابورییەکەی تەواو وابەستەی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی نەتوانن بەبێ تورکیا هیچ هەنگاوێک بنێن. 

ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەمووان زیاتر لەژێر فشار و پاڵەپستۆی تورکیادایە کە یان دەبێ تەسلیمی بێ یان دەبێ بەرپەرچی بداتەوە

چنگی تورکیا لە گیرفانی هەرێمدا
ئێستا تورکیا زیاتر وەک کۆڵۆنییەک سەیری باشووری کوردستان دەکات، دەستی بەسەر زیاتر لە نیوەی ئابووری هەرێمدا گرتووە. کاتێک حکومەتی هەرێم دەیەوێت بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆ باج بخاتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو، تورکیا بە ئاسانی بڕیارەکانی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە یان نایەڵێت جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی هەرێم بە وابەستەیی بمێنێتەوە.

بێجگە لەوانەش ٢٤ بنکەی سەربازیی هەمیشەیی لەناو باشووری کوردستاندا هەیە و لە چوارچێوەی (ئۆپراسیۆنی چنگ)دا کە لە نەورۆزی ٢٠١٩ەوە لە دژی پەکەکە دەستیپێکردووە، کۆمەڵێک بنکەی کاتییشی لە ناوچە سنوورییەکاندا کردووەتەوە. لە بنکە هەمیشەییەکاندا زیاتر لە ٣٠٠٠ سەربازی هەیە کە بە بنکە سەربازیییە کاتییەکانییەوە، تێکڕا نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی تورکیا لەناو خاکی هەرێمدان. لەڕووی سەربازییەوە ناوچەکانی بادینانی بە تەواوی لەژێر چاودێریدایە.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە خەریکە لەڕێی تورکمان و هەندێک لایەنی عەرەبییەوە هەژموونی خۆی لە کەرکوک بەهێز دەکات، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بوترێت تورکیا ئێستا زیاتر لە بەغدا دژی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەستووری عێراقە.  

ئەردۆغان لە رۆژانی یەکەمی هێرشەکەیدا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بە ئاشکرا وتی: لە باکووری عێراقیش دۆخەکە بە هەمان شێوەیە، ئەوانیش پشتگیری لە تیرۆر دەکەن. ئەمەش واتە بیانووی پێویستی هەیە کە لە داهاتوودا دەستێوەردانی سەربازیی بکات لە باشووری کوردستان.

دەستتێوەردانی سەربازیی لە باشووری کوردستان بۆ تورکیا شتێکی تازە نییە، بەپێی راپۆرتێکی CIA ساڵی ١٩٨٨ تورکیا پلانی هەبووە بە بیانووی شەڕی پەکەکە و رێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، هێرش بکاتە سەر باشووری کوردستان و دەست بەسەر کەرکوک و هەموو باشووری کوردستاندا بگرێ.

لە دوای کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١یش هەوڵیدا بە بیانووی دروستکردنی ناوچەی ئارام بۆ پەنابەران دەستێوەردانی سەربازیی بکات و دەست بەسەر باشووری کوردستاندا بگرێت. لە ساڵی ٢٠٠٣شدا بە هەمانشێوە هەوڵی لەشکرکێشی دا و تەنانەت لە پەرلەمانەوە مۆڵەتی بۆ لەشکرکێشیەکە وەرگرت.

تورکەکان بیرۆکەی ئەوەیان هەیە پێکەوە لەگەڵ بەغدا هەرێمی کوردستان لە مەنگەنە بدەن

فرسەتی دەستوەشاندن
تورکەکان فێربوون زۆربەی پەلهاویشتن و داگیرکارییەکانیان دەخەنە ئەو کاتانەی ئاڵۆزی و پشێویی هەیە. ئێستاش کە دۆخی سوریا و عێراق ئاڵۆزبووە، بە بۆچوونی تورکەکان دەرفەتێکی مێژووییە کە دەبێ دەست بەسەر رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا بگرن. بابەتێکی دیکەش کە دەرفەتی بۆ تورکیا رەخساندووە، لاوازی ئەمریکایە لە قۆناغی دۆناڵد ترەمپدا.
ترەمپ وەک سیاسییەکی پۆپۆلیست کە زیاتر گرنگی بە ناوخۆی ئەمریکا دەدات، هەروەها وەک سیاسییەکی بازرگانیش زیاتر گرنگیی بە لایەنی ئابووری دەدات، بۆیە زۆر گرنگی بە شکۆی ئەمریکا و هەژموونی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا نادات.
لە دوای حەفتاکانەوە هەرگیز ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەک ئێستا لاواز نەبووە و بێ متمانەیی دۆستەکانیش بە ئەمریکا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا.

ئەردۆغان و تورکیا لەم قۆناغەدا ئەم لاوازییەی ترەمپ وەک دەرفەتێک سەیر دەکەن بۆ پەلهاویشتن. دوور نییە پێیانوابێ دەتوانن بە ساتوسەودایەک ئەمریکا رازی بکەن هێرش بکەنە سەر باشووری کوردستان ئەمەش بە بیانووی هەبوونی پەکەکە.

هەرچەندە ئەگەری لەشکرکێشی بۆسەر باشوور ئەگەرێکی لاوازە بە تایبەت لەم قۆناغەدا، بەڵام تورکیا چەند دەرفەتێکی لەبەردەمدایە بۆ لاوازکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان. دەرفەتی یەکەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا پێکەوە کاربکەن بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد، بە تایبەت کە لەم قۆناغەدا لایەنەکان لە بەغدا زۆر دژی پێگەی هەرێمن، لەوانەیە دەستی یارمەتی تورکیا ڕەت نەکەنەوە. لەم حاڵەتەدا ئەگەری بەهێز ئەوەیە تورکیا و بەغدا پێکەوە هێرش بکەنە سەر شنگال بە بیانووی دەرکردنی پەکەکە. بەمشێوەیە دەست بەسەر شنگالدا بگرن و بەغداش پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی هەموو ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سوریای لە کۆنتڕۆڵدابێ.

ئەمەش بۆ ئەوەیە تورکیا و عێراق پەیوەندی نێوان رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان بپچڕێنن و بێجگە لەوەش دەروازەی سنووریی ئاڤاکۆی بکەنەوە.
دەروازی سنووریی ئاڤاکۆی لە سێ گۆشەی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و سوریادا هەڵکەوتووە، لە ئەگەری کرانەوەی ئەو دەروازەیەدا، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هیچ گرنگییەکی نامێنێ و پێگەی هەرێم چ لەڕووی ئابووری و چ لەڕووی سیاسییەوە تەواو لاواز دەبێ.

داو و گوێڕایەڵی
تورکیا کە ئێستا ٢٤ بنکەی سەربازیی و نزیکەی ١٨ هەزار سەربازیی لەناو خاکی هەرێمدا هەیە، لەوانەیە پێویستی بە لەشکرکێشی بۆسەر هەرێم نەبێ، بەڵام کار دەکات بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەواوی باکتە گوێرایەڵی خۆی. ئەگەر پارتی رۆژێک هەڵوێستێکی پێچەوانەی خواستی تورکیا وەربگرێ، ئەوا بەو هێزە هەڕەشەی راستەوخۆ لە پارتی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی دەکات. ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمیش ئەوەندەی دیکە دەرفەتی بۆ تورکیا رەخساندووە کە بتوانێ کارتەکانئ فشار لە دژی باشوور بەکاربهێنێ.

ئێستا پارتی زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە لەژێر هەڕەشەی تورکیادایە، دوو رێگای زیاتر لەبەردەمدا نییە، یان دەبێ بە تەواوی خۆی بداتە دەست تورکیا و تەسلیمی ئیرادە و خواستی تورکیابێ، کە لەم حاڵەتەدا بە پلانی تورکیا ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد قوڵتر دەبێتەوە و دەرفەتیش بۆ ئێران زیاتر دەرەخسێنێ کە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان دەستێوەردانی زیاتر بکات.

رێگەی دووەمی بەردەم پارتیش ئەوەیە کە هەوڵ بدات لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ناو هەرێم هەماهەنگ و یەکگرتووبێ و هیچ هەنگاوێک نەنێ لە دژی بەرژەوەندی ئەو هێزانە. بۆ ئەوەی بتوانن سیاسەتێکی هەماهەنگ لە دژی هەڕەشە سیاسی و سەربازیی و ئابورییەکانی تورکیا بگرنەبەر. 

دەرفەتێکی دیکەی تورکیا بۆ بنکۆڵکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزییە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتووی عێراقە. ئێستا هەوڵ هەیە بۆ لابردنی عادل عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح، هاوکات ئەگەری بەهێز ئەوەیە خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی توندتر دەست پێبکەنەوە و زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە. لەم حاڵەتەدا بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێ. چونکە ئەستەمە بە ئاسانی حکومەت لە عێراق دروست بکرێتەوە. ئەمەش دەرفەتێکی ئاڵتونیە بۆ تورکیا کە دەستێوەردان بکات. چونکە کێشەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پەراوێزی کێشەی عێراقەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر بە بەغداوە سەرقاڵ دەبێ تا بە هەرێمەوە.
لەم حاڵەتەدا ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا یان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەستێوەردان بکات و هێز بنێرێتە سەر هەرێم، یان خود ناسەقامگیری لە عێراق وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە کە لانیکەم لەڕێی تورکمان و هەندێک لایەنی عەرەبی سوننەدا دەست بگرێت بەسەر کەرکوکدا.