ڕاپۆرتی کوردستانی

02:00 - 08/11/2019

٤٧ هەزار ژن و منداڵ و پیاوی کورد لە دۆڵی زیلان لەلایەن تورکیاوە کۆمەڵکوژ کران‌

هێرش جەلال

دوای شکستەکەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥دا، کۆمەڵێک سەرکردەی خۆییبوون لە ئاگری بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم پاشای سەرۆکی هۆزی جەلالی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا شەڕی چەکداری دژی دەوڵەتی تورکیا بەرپابکەن.

تا ساڵی ١٩٢٩ ئامادەکاریی بۆ شەڕی چەکداریی بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا شەڕ لەگەڵ تورکیا هەڵگیرسا. ئیحسان نوری پاشا، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، خۆی گەیاندە پارێزگای ئاگری و بەشداری لە شۆڕشەکەدا کرد. بەهۆی ئەزموونی لە بواری سەربازیدا، ئیحسان نوری پاشا وەک فەرماندەی گشتی شۆڕشی ئاگری هەڵبژێردرا.

 شەڕی شۆڕشگێرە کوردەکان لە هەرێمی سەرهەدی باکووری کوردستان بەرامبەر دەوڵەت دوو ساڵ بەردەوام بوو. لە مانگی ئەیلولی ١٩٣٠دا هێزەکانی ئێران و تورکیا پەلاماری ئاگری-یاندا و شۆڕشەکەیان سەرکوتکرد.

نزیکەی ٣٤ سەرکردەی شۆڕشی ئاگری دەستبەسەرکران و لەسێدارەدران، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە کوشتنی شەڕڤان و شۆڕشگێرەکانه‌وه‌ نەوەستا و بە بیانووی هاوکاریکردنی شۆڕش دەستی بە کوشتنی هاوڵاتیە مەدەنیەکانی باکووری کوردستان کرد.

کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان
دوای شکستی شۆڕشی ئاگری، دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان دەستی بە هەڵمەتێکی پاکتاوی ڕەگەزی بەرامبەر ئەو هاوڵاتیە کوردانە کرد کە لەگەڵ شۆڕشدابوون.
هەرچەندە بە پێی بەڵگە فەرمیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ١٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٣٠ کۆمەڵکوژی زیلان ئەنجامدرا، بەڵام سوپای تورکیا و ژمارەیەک جاش لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٠ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان کرد دژی هاوڵاتیە مەدەنیەکانی کورد.

ئۆپەراسیۆنەکە لە هەرێمی سەرهەد، واتە لەنێوان پارێزگای وان و پارێزگای ئاگری تا سەر سنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرمینیا ئەنجامدرا. بەڵام زیاتر خەڵکی گوندەکانی دۆڵی زیلانی سەر بە ناوچەی ئەرجیشی پارێزگای وان زەرەرمەند بوون.

ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک چەند مانگێک بەردەوام بوو و لە تەمموزی ١٩٣٠دا سەرباز و جاشەکان هەموو رێگەکانی دۆلی زیلانیان داخست و دەستیان بە کوشتنی کوردەکان و سوتاندن و تاڵانکردنی گوند و ماڵه‌كانیان کرد.

سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک (ڕۆژنامەی حوریەت – ڕۆژنامەی جمهوریەت) دانیان بە کوشتنی ١٥٠٠٠ کەسدا ناوە ، بەڵام نووسەری کورد حەسەن هوشیار سەردی کە خۆی شایەتحاڵی کۆمەڵکوژیەکەیە دەڵێت، "لە هێرشەکاندا ١٨٠ گوند سوتێنران و  ٤٧ هەزار مرۆڤی بێتاوان لە ژن و منداڵ و پیر کۆمەڵکوژ کراون کە سەر بە هۆزەکانی حه‌سنا، زیلان، سبکان، ئەدمان بوون.

 

لەو پڕۆسەیەدا کە بە کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلانه‌وه‌ نەوەستا، زیاتر لە ٥٠ هەزار کورد لە سەرتاسەری باکووری کوردستان کۆمەڵکوژ کران.

جگە لەوەش ئێران، سوریا و عێراقیش دەستیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەبوو. دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی ئاگری و کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان، نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا سەردانی هەر یەک لە ئێران و سوریا و عێراقیان كرد و هەوڵیاندا ئەو شۆڕشگێرانەش دەستگیربکەن کە خۆیان گەیاندبووە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا. بەو هۆیەوە هەر سێ دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستانیش لە دەستگیرکردنی شۆڕشگێران ڕۆڵیان دەبێت و ژمارەیەک شۆڕشگێر دەستگیرده‌كرێن و لەسێدارە دەدرێن.

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان بە ناوی "حەمید" تەمەن ٩٦ ساڵ، کە لەو کاتەدا تەمەنی ١٢ ساڵ بووە و لەم ڤیدیۆیەی خوارەوەدا دەبینرێت باس لە چۆنێتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیەکە دەکات و دەڵێت:

"ئێمە لە دۆڵی زیلان لە دەرەوەی گوندەکەمان چادرمان هەڵدابوو، ژمارەیەک شەڕڤان لە خێمەکەمان نزیکبوونەوە و بە باوک و مامەکانمیان ڕاگەیاند، پێویستە هەموو شتەکانتان جێبهێڵن و خۆتان ڕزگاربکەن. دەوڵەت دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کردووە و ڕەحم بە کەس ناکات. ئێمەش کۆبووینەوە و بڕیارماندا خۆمان بگەیەنینە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. شاخێکمان بڕی بەڵام کەوتینە کەمینی سوپاوه‌ و باوکم بریندارکرا. لەوێ خۆمان ڕزگارکرد و خۆمان لە ناو قامیشه‌ڵانێكدا شاردەوە. بەڵام ئێمەیان دۆزیەوە و بردیانین بۆ سەرشاخێک. لەوێ بە شەو ئێمەیان لەسەر شاخەکە هێشتەوە. مامەکانم بە باوکمیان وت، 'پیاوەکان هەڵدێین، ئەوان هیچ بە ژن و منداڵ ناڵێن' بەڵام باوکم رازی نەبوو ئێمە جێبهێڵێت. مامەکانم هەڵاتن و ڕۆژی دواتر ئێمەیان بۆ ناوچەی ئەرجیشی وان برد، بەڵام لە رێگەدا باوکمیان برد و ئیتر نەماندۆزیەوە. لەناو ئەو قامیشه‌ڵانەی یەکەمجار خۆمان حەشاردابوو، ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاو و منداڵیان کوشتبوو، دواتر بیستمان ژمارەیەکی زۆریان کوشتووە."

 

 

هاوڵاتیەکی دیكه‌ بە ناوی "تاهیر ناس" بە چاوی خۆی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلانی بینیوە، باس لە رووداوەکانی ساڵی ١٩٢٥ بۆ ١٩٣٠ دەکات.

 

لەبارەی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان زۆر لاوانه‌وه‌ و بەستە وتراون، یەکێک لەو كه‌سانه‌ كه‌ به‌ "خاڵە محەمەد" ناسراوه‌ باس لە چۆنیەتی کۆمەڵکوژی و دڕندەیی سوپای تورکیا دەکات.

 

لاوانه‌وه‌یه‌كی دیکەش لەلایەن هونەرمەندی دێرینی باکووری کوردستان "شبلیێ چاچان"وە وتراوە. ئەویش باس لە و سته‌م و زۆرداریەی دەوڵەتی تورک دەکات کە بەسەر گەلی کوردی هێناوە. لە بەڵگەفیلمەکانیشدا ناوی دۆڵی زیلان وەک دۆڵی خوێن هێنراوە.

 

 

 

سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و فشارەکانی بۆ سەر کوردانی باکووری کوردستان دوای کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان بەردەوام بوو. دواتر شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیم دەستیپێكرد. جارێکی تر شۆڕشی سەید ڕەزای دەرسیمیش شکستی پێدەهێنرێت و لە دەرسیمیش کۆمەڵکوژیەکی تر بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرا، بە پێی ئامارە خۆجێییەکان نزیکه‌ی ٩٠ هەزار كه‌سی تیادا کۆمەڵکوژ کراوه‌.