ڕاپۆرتی کوردستانی

10:14 - 09/11/2019

بۆچی بوومەلەرزە لە سنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشور نابڕێت؟‌

پەیسەر

زۆربەی جار کە هەواڵی ڕوودانی بومەلەرزەیەک دەبیستین یەکەم شوێن کە بە فیکرماندا دێت ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لای زۆرینەمان ڕوونبۆتەوە کە قوڵای هەر بومەلەرزەیەک لەم ناوچەیەدا ڕووبدات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کرماشان و سەرپیل زەهاو نزیک خانەقین، کە زۆرجار گوڕی بومەلەرزەکان تا شاخی شروێ و هەڵەبجە درێژ دەبێتەوە و دانیشتوانی ئەو ناوچانە زیاتر هەستی پێدەکەن؟

بومەلەرزە لە چییەوە درووست دەبێت؟
شیکەرەووانی بواری جیۆلۆجی و زەمین ناسی هۆکاری بوونی بومەلەرزە بۆ چەند شتێک دەگەڕێیننەوە کە سەرەکیترینیان لێکترازانی پلێت و چینەکانی زەوییە و ناوچەی پێگەشتنی دوو پلێتی ژێر زەوی هەمیشە بە مۆڵگەی ڕوودانی بومەلەرزە دەمێننەوە.
شارەزایانی بواری جیۆلۆجی هۆکارەکانی دیکەی ڕوودانی بومەلەرزە دەگێڕنەوە بۆ خاڵی بوونەوەی وزەی ژێر زەوی لە ناوچەیەکی دیاریکراوەوە وەک بورکان و دەرچوونی جۆرە گازێک لە ژێر زەوییەوە بۆسەر زەوی.

هۆکارێکی دیکەی لاوازی ئەگەری بومەلەرزەکان تەقاندنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانە کە بەهۆی بەهێزی ئەو چەکەوە ئەگەری جوڵەیەک هەیە لە پلێتەکانی ژێر زەویی و ئەوەش دەبێتە هۆی ڕوودانی بومەلەرزە لە نزیک ئەو شوێنەی چەکەکەی تێدا تاقی دەکرێتەوە.
ئایا ناوچە سنوورییەکانی هەرێم و ڕۆژهەڵات لەسەر هێڵی بومەلەرزەن؟

لە دونیادا ئەو شوێنانەی کە دەکەونە سەر پێگەشتنی دوو پلێتی ژێر زەوی هەمیشە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە بە پلەی جیاواز ڕوویان تێدەکات.

د.یوسف عوسمان، شارەزای بواری زەوی ناسی لەسەر ئەم پرسە دەڵێت "پلێتی عەرەبی لە ئاوەکانی خەلیجەوە لە خوارەوە درێژ دەبنەوە و بە نزیک کرماشان و ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دەگاتەوە خاکی تورکیا و لەوێوە لار دەبێتەوە بە خاکی ئەو وڵاتەدا، بۆیە لە شوینی پێگەشتنی پلێتی عەرەبی و فارسی لە هەر کاتێک ئەم دوو پلێتە لێکبترازێن ئەگەری بومەلەرزە هەیە".

حکومەتی هەرێم لەسەر بومەلەرزەکان دەڵێت چی؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانەوە هۆکاری ڕوودانی بومەلەرزەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەمان هۆکار کە پێکدادانی پلێتی عەرەبی و فارسییە و بەشێک لە شارەکانی هەرێم وەک نزیک دەربەندیخان و هەڵەبجە و نزیک سلێمانی تا ناوچەکانی نزیک قەندیل تا خاکی تورکیا لەسەر هێڵی بومەلەرزەن و مانگانە چەندین بومەلەرزەی هێواشیان تێدا تۆمار دەکرێت.

کەشناسی هەرێم دەڵێت، ئەو بومەلەرزانەی کە لە خوار ٣ پلەی ڕێختەرەوەیە خەڵک هەستی پێناکات، بەڵام لەلایەن پێوەرەکانی کەشناسییەوە تۆمار دەکرێن، وەک ئەم دوو نموونەیە هی دوو مانگی ڕابردووە.


سەرەڕای ئەوە کەشناسی هەرێم دەڵێت مانگی واهەبووە کە زیاتر لە ٢٠٠ بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەتایبەت ئەگەر بومەلەرزەیەکی بەهێز لەوناوچانەدا ڕووبدات ژمارەکە زۆر زیاترە لەو ٢٠٠ بومەلەرزەیە.

مێژووی بومەلەرزەکان و ئایندەی ناوچەکە
د.یوسف عوسمان، شارەزای بواری زەوی ناسی لە گفتوگۆ تایبەتەکەیدا لەگەڵ پەیسەرپرێس دەڵێت، مێژووی پێکدادانی ئەم دوو پلێتە ملیۆنان ساڵە و تا ئێستا ملیۆنان بومەلەرزەی هێواش و ڕووخێنەر لەسەر هێلەکە ڕوویداوە، بە نموونەی بومەلەرزەکەی شاری کرماشان لە ساڵی ٢٠١٨ دا کە ٦٧٠ کەسی کوشت و زیاتر لە ٩ هەزار کەسیش برینداربوون، لەگەڵ ڕووخانن و ئاوارەکردنی هەزاران کەس.

شارەزایانی بواری زەوی ناسی دەڵێن، تا جوڵەی پلێتی عەرەبی بەرەو باکور بجوڵێت و لەگەڵ پلێتی فارسی بەریەک بکەون ئەگەری بومەلەرزە لەسەر هێڵەکە هەیە و بەڵگەی ئەم قسەیەش تۆمارکردنی دەیان بومەلەرزەیە مانگانە لەلایەن کەشناسی هەرێمەوە.