ڕاپۆرتی کوردستانی

04:24 - 09/11/2019

په‌یسه‌ر ناكۆكی باڵه‌ جیاوازه‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر كۆنگره‌ ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر پرێس

 ١١ی ئه‌یلولى رابردوو، لیژنه‌ شه‌ش كه‌سییه‌كه‌ى یه‌كێتى كه‌ بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ى چوارى حزبه‌كه‌ پێكهێندرا، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى كرد و بڕیاریدا هه‌نگاوه‌ پراكتیکییه‌كان ده‌ستپێبكات، دواى دوو مانگ كاره‌كان هێشتا له‌ ده‌ستپێكدان و به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ش رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌رى ئه‌وه‌ى چ كۆنگره‌یه‌ك بكرێت، ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك وشه‌ ساغ بوونه‌ته‌وه‌(كۆنگره‌) له‌ورده‌كاریدا جیاوازن، ئەگەرچی بەرپرسانی حزبەکە کۆنگرە بە مەحاڵ نابینن.
كێ ئه‌ندامى كۆنگره‌ بێت؟به‌ چ پێوه‌رێك دیاریبكرێن؟ ئه‌ندامانى كۆنگره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بن یاخود ته‌نها ده‌ست به‌رزبكه‌نه‌وه‌؟ كۆنگره‌ چى بگۆڕێت؟ چى بمێنێت؟ هاوسه‌رۆك یاخود ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى یاخود سكرتێر هه‌ڵبژێردرێت؟ كێ سه‌رۆك و هاوسه‌رۆك بێت؟ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ هێشتا له‌نێو یه‌كێتى مشتومڕى گه‌رمیان له‌سه‌ره‌و كاتیش ملى ناوه‌ به‌ كۆتاییه‌وه‌.

بازنه‌ى ناكۆكییه‌كان فراوان بوون
نێوانى به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سوڵ تێكچووه‌ كه‌ پێشتر له‌ به‌ره‌یه‌كدا بوون، هه‌ردووكیان ركابه‌رى توندى بردنه‌وه‌ى كورسى سكرتێر ده‌كه‌ن، ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌ر میكانیزمى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ناكۆكن، مه‌لابه‌ختیار زویربووه‌ته‌وه‌ ئاشته‌واییه‌كه‌ى پێشووى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح و بافڵ تاڵه‌بانى درزى تێبووه‌، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش كه‌خۆى وه‌ك میراتگرى باوكى و خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌شى ده‌خاته‌ پێش چاو، ناڕازییه‌ به‌بوونى به‌رهه‌م ساڵح یاخود كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ سكرتێر، ماڵى تاڵه‌بانیش كورسى سكرتێریان كردووه‌ به‌ كارتێكى فشارى گه‌وره‌و بێ سازشى گه‌وره‌ى ركابه‌ركانیان ئاماده‌نین رێگه‌به‌ن كورسییه‌ له‌ ده‌باشان ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ته‌واوفوق یاخود زۆرینه‌
تائێستا له‌نێوانى ماڵى مام جه‌لال و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح-یش كه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر خزاوه‌ته‌ باڵى ماڵی مام جه‌لال-ه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆنگره‌ بڕیاربدات یاخود بڕیار بۆ كۆنگره‌ بدرێت.

ماڵى مام جه‌لال له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كۆنگره‌ بڕیاربدات و كێ زۆرینه‌ى هێنا پیرۆزبایى لێ بكرێت، ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆئه‌مه‌ مه‌رجیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن ده‌بێت میكانیزمى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ روون و شه‌فاف بێت و كه‌س به‌ ته‌زكییه‌ نه‌نێردرێته‌ كۆنگره‌. به‌رهه‌م ساڵح سه‌ره‌تا داكۆكى له‌ كۆنگره‌ى ته‌واوفوقى ده‌كرد، ئێستا تاڕاده‌یه‌ك چاوه‌ڕێى ده‌مى ماڵى مام جه‌لاله‌، به‌ڵام هێشتا دوودڵى هه‌یه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر ماڵى مام جه‌لال هه‌موو ئه‌ندامانى كۆنگره‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن، گورگان خوارد بكرێت و هاوكێشه‌كه‌ى به‌سه‌ردا قڵپ بێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌م دواییانە گوتویه‌تى ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى كۆنگره‌ به‌ هه‌ڵبژاردنى خاوێن دابنرێت، لارى نییه‌ له‌ كۆنگره‌ى زۆرینه‌و كه‌مینه‌.

تائێستا میكانیزمى دیاریكردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌

كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆچوونى به‌وجۆره‌یه‌، كه‌به‌پێى ژماره‌ى ده‌نگده‌رانی یەکێتی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، ژماره‌ى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ بۆ ئه‌و مه‌ڵبه‌ند و كۆمیته‌ دیاریبكرێت و كادیرانى یه‌كێتى به‌ ده‌نگدانى خاوێن هه‌ڵیان بژێرن، بۆنموونه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندێك ئه‌گه‌ر یه‌كێتى دوو هه‌زار ده‌نگى هێنابێت ناكرێت له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ سێ هه‌زار كه‌س ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ بده‌ن، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ی شه‌فاف ئه‌ندامان كۆنگره‌ دیاریبكرێت، ئه‌وه‌ با له‌ كۆنگره‌ هه‌ر باڵێك پرۆژه‌ى خۆى بخاته‌ڕوو له‌وێ به‌ زۆرینه‌ په‌سه‌ند بكرێت. ماڵى تاڵه‌بانى گوتویانه‌ با لیژنه‌ى ئاماده‌كارى كۆنگره‌ ئه‌وه‌ ساغ بكاته‌وه‌.

لیژنه‌ى كۆنگره‌
لیژنه‌ى ئاماده‌كارى كۆنگره‌ پێك دێن له‌ (حاكم قادر، یوسف گۆران، دلێر سه‌ید مه‌جید، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، رزگارى عه‌لى، ئه‌رسه‌لان بایز) كه‌ زۆرتر لیژنه‌كه‌ به‌لاى ماڵى تاڵه‌بانیدا یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ش سه‌باره‌ت به‌ لیژنه‌كه‌ له‌ خه‌م ره‌خساون. جگه‌ له‌وه‌ى تائێستا میكانیزمى دیاریكردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند، یاریده‌ده‌رانى سكرتێرى گشتى، وه‌زیره‌كان و په‌رله‌مانتاره‌كانى یه‌كێتى له‌ خوله‌كانى پێشوو و ئێستا بێ ده‌نگدان ده‌بنه‌ ئه‌ندامى كۆنگره‌. ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ركابه‌رى توند هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى كه‌ به‌ده‌نگدان هه‌ڵده‌بژێردرێن.

كورسى سكرتێر 
تائێستا ماڵى تاڵه‌بانى زیره‌كانه‌ یارییه‌كه‌یان هێناوه‌، له‌هه‌ر لایه‌ك زیاتر چانسى بردنه‌وه‌ى كورسى سكرتێریان هه‌یه‌ و شه‌ڕه‌كه‌شیان بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌باشان، به‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح و پشتیوانیكردنى بۆ پۆستى سكرتێر به‌یه‌ك جارى درز كه‌وته‌ نێوانى به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، هه‌ردووكیان ركابه‌رى توندده‌كه‌ن بۆ بردنه‌وه‌ى كورسییه‌كه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ده‌باشان هه‌ندێك له‌ شه‌ڕه‌كه‌ دووربخه‌نه‌وه‌ كورسییه‌كه‌ش له‌هه‌ركات زیاتر له‌وان نزیك بێت.

ئه‌وان دوو مه‌رجیان هه‌یه‌، یاخود ده‌بێت كورسى سكرتێر لاى خۆیان بێت، یاخود ئه‌وكه‌سه‌ له‌ ده‌باشانه‌وه‌ دابنرێت، ره‌نگه‌ له‌دۆخێكى وه‌هادا ئاسانتر بتوانن مه‌رج به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانیان بسه‌پێنن. به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ ئێستادا ماڵى تاڵه‌بانى خواستى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ له‌ بیرۆكه‌ى وه‌رگرتنى سكرتێر زۆرینه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه‌ سكرتێر ده‌سه‌ڵاته‌كانى پێشووى نابێت و زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تى له‌ كورسى سكرتێر گرنگتره‌. بۆیه‌ ئاگره‌كه‌یان خستووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵى خۆیان و به‌نه‌رمى خه‌ریكى كۆنتڕۆڵكردنى حزبن.

ماڵى تاڵه‌بانى مه‌یلى زۆریان بۆ كورسى سكرتێر نه‌ماوه‌

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌، دوو گریمانه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ركابه‌رى پۆستى سكرتێرى گشتى به‌كاربهێنێت، وه‌ك كارى گوشار تا ئاینده‌ی كوڕه‌كانى له‌نێو یه‌كێتى مسۆگه‌ر و پته‌و بكات و به‌ مه‌رجى قورس ئاماده‌ى كشانه‌وه‌ بێت. گریمانەى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ڕاستى خواستى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ده‌زانێت كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى مه‌یلى زۆریان بۆ كورسى سكرتێر نه‌ماوه‌و به‌رهه‌م ساڵح-یان هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، بۆیه‌ خۆى به‌ شایسته‌تر ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت دواى مام جه‌لال یه‌كه‌م كه‌س بێت به‌فه‌رمى ببێته‌ سكرتێر، ئه‌گه‌رچى دۆخى ته‌ندروستیى بۆئه‌مه‌ زۆر هاوكارى نییه‌.

به‌رهه‌م ساڵح-یش ئه‌گه‌رچى ئێستا جه‌مسه‌رێكى سه‌ره‌كى ركابه‌رى كورسى سكرتێره‌، به‌ڵام كه‌وتووه‌ته‌ نێو یارییه‌كى ئاڵۆز، له‌ماڵى تاڵه‌بانى شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دژیه‌تى، مه‌لابه‌ختیار سه‌ره‌ڕاى ئاشته‌واییه‌كه‌ى به‌ڵام خۆى زۆر پێ شایسته‌تره‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، نێوانى له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگیش ساردى تێكه‌وتووه‌، ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵیشى داوه‌ به‌ گژ خۆیدا، ئه‌وانه‌ش چانسى بوون به‌ كه‌سى یه‌كه‌مى یه‌كێتى لاواز ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماڵى تاڵه‌بانى سوربن له‌سه‌رئه‌وه‌ى وه‌ك كاندیدى خۆیان تا دواسات پشتیوانى بكه‌ن، نیشتنه‌وه‌ى بازه‌كه‌ به‌سه‌ر شانییه‌وه‌ مه‌حاڵ نییه‌.

"بۆگه‌یشتن به‌ ته‌فاهوم خه‌ریكن"

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ له‌و ماوه‌ى كه‌بەدەستەوە ماوه‌ بۆیه‌كێتى قورس نییه‌و ئاسانه‌، بڕیاره‌ له‌ ١٥ى مانگه‌وه‌ كۆنفرانسى مه‌ڵبه‌نده‌كان ده‌ستپێبكات و به‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى گوتراوه‌ وێنه‌ بنێرن بۆئه‌وه‌ى باجى كۆنگره‌یان بۆ دروستبكرێت.

خواستێكى زۆر له‌ سه‌ركردایه‌تى ئێستاى یه‌كێتى هه‌یه‌ بۆ دواخستنى كۆنگره‌ 

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلابوونه‌وه‌ى ئه‌و ناكۆكییانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ هه‌یه‌، سه‌ید برایم ده‌ڵێت، به‌شێكیان هه‌ڵگیراون بۆ كۆنگره‌. ده‌شڵێت، به‌رپرسانى یه‌كێتى له‌ ئاستى سه‌ره‌وه‌ خه‌ریكن به‌ لێكتێگه‌یشتن بگه‌ن له‌سه‌ر پۆستى سكرتێر."زۆربه‌ى براده‌ران سوورن له‌سه‌ر كۆنگره‌، به‌ڵام خۆ ده‌بێت ته‌فاهومێكیش درووستبكرێت".

سكرتێر، یاخود ده‌سته‌و هاوسه‌رۆكایه‌تى
بیرۆكه‌ى بوونى هاوسه‌رۆكى یاخود ده‌سته‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌و بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌نده‌و پێویستى به‌هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتى هه‌یه‌، په‌یسه‌ر چه‌ندجارێك په‌یوه‌ندى زوبێر عوسمان-ه‌وه‌ كرد، كه‌ ئێستا كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند به‌ڕێوه‌ ده‌بات وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانى نه‌دایه‌وه‌.

هه‌موو ئه‌و كێشه‌و گرێوگۆڵانه‌ى ئێستا هه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ مانگێك كه‌مترى ماوه‌ بۆ واده‌ى دیاریكراوى كۆنگره‌، خواستێكى زۆریش له‌نێو سه‌ركردایه‌تى ئێستاى یه‌كێتى هه‌یه‌ بۆ دواخستنى، ئێرانیش كه‌ به‌رده‌وام ده‌ستێكى به‌ یه‌كێتی-یه‌وه‌یه‌، چه‌ندجارێك په‌یامى ئه‌وه‌ى گه‌یاندووه‌، كه‌ بێ سازان مه‌چنه‌ هۆڵى كۆنگره‌وه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ری نه‌كردنى كۆنگره‌یان چه‌ندین قات زیاتر كردووە.