ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:32 - 09/11/2019

عێراقییەکان دەتوانن دووەم سەرۆکوەزیران دەرپەڕێنن؟‌

پەیسەر

کۆتایی مانگی شوباتی ١٩٤٨ رۆژێک ئەحمەد موختار بابان کە کوردێکی خەڵکی سلێمانی و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوو، ساڵح جەبری سەرۆکوەزیران ئاگادار دەکاتەوە کە بێتە نووسینگەکەی خۆی تا نامەی دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی بنووسێ. جەبر نامەکە دەنووسێ و بابان دەگەیەنێتە کۆشکی پاشایەتی. بەمەش خەڵکی عێراق بۆ یەکەمجار توانیان لەڕێی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەوە سەرۆکوەزیرانێک بگۆڕن.


ئەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەی ساڵح جەبری ناچارکرد دەست لەکاربکێشێتەوە، لە مێژووی عێراقدا بە "شۆڕشی وەسبە" ناوی دەرکرد.

تا یەکەم رۆژی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ کە خۆپیشاندانەکانی عێراق لە بەغداوە دەستیپێکرد، خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکانی وەسبە، تاقانەترین شۆڕشی جەماوەریی بوو لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا کە وایکرد سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە دەست لەکاربکێشێتەوە و کابینەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام ئێستا دوای ٧١ ساڵ، مێژوو خەریکە لە عێراق دووبارە دەبێتەوە بەوەی خەڵک لەڕێی خۆپیشاندانی بەردەوامەوە، سەرۆکوەزیران ناچار بکەن کە دەست لەکاربکێشێتەوە.
مێژووی عێراق دەوڵەمەندە بە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێی کودەتای خوێناوییەوە، بەڵام هەژارە لە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێی ناڕەزایی جەماوەرییەوە.


 
وەسبە چی بوو؟
رۆژی١٥ی١ی١٩٤٨ دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق و حکومەتی بەریتانیا رێکەوتننامەیەکیان ئیمزاکرد کە دواتر بە "رێکەوتننامەی پۆرتسمۆس" ناوی دەرکرد. دوای ئاشکرابوونی پۆرتسمۆس، حزبە عێراقییەکان کە بەرچاوترینیان  حزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، کەوتنە دژایەتی رێکەوتنەکە بەپاساوی ئەوەی زۆربەی بەندەکانی لە بەرژەوەندی بەریتانیادایە و عێراق وەکو وڵاتێکی کۆلۆنیال و ژێردەستەی ئینگلیز دەهێڵێتەوە.

دژی ئەو رێکەوتننامەیە، خۆپیشاندانی جەماوەریی لە بەغدا لە مانگی شوباتی ١٩٤٨ دەستیپێکرد و دواتر هەموو شارەکانی عێراقی (بە کوردستانیشەوە) گرتەوە.

بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان، حکومەتی عێراق توندوتیژی و دڵڕەقییەکی زۆری بەکارهێنا. لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییانە سەدان خۆپیشاندەر لە تەواوی عێراق کوژران و بە هەزارانی تر بریندار کران یان خرانە زیندانەوە.

داواکاری خۆپیشاندەران کورتکرابوویەوە لە هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی پۆرتسمۆس، دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران کە ئەو کات ساڵح جەبر بوو، لەگەڵ چاککردنی بژێوی خەڵک و رەخسانی ئازادی سیاسی و چاپەمەنیی.

سەرەتا مەلیک و حکومەتی عێراق نەیانویست بچنە ژێرباری ئەو داواکارییانەوە، بەڵام لەگەڵ تەشەنەسەندنی خۆپیشاندان بۆ هەموو شارەکان و توندبوونی ناڕەزاییەکان، دواجار داواکاری سەرەکی خەڵک سەریگرت بەوەی رێکەوتننامەکە هەڵوەشێنرایەوەو سەرۆکوەزیران دەستی لەکارکێشایەوەو کابینەکەی هەڵوەشایەوە.
 
لە سەروەرییەوە بۆ هەژاریی
عێراقییە ناڕازییەکانی شۆڕشی وەسبە، داوای گەڕانەوەی سەروەریی و سەربەخۆیی و دەرچوون لەژێر چنگی بەریتانیایان دەکرد، کەچی دوای ٧١ ساڵ، عێراقییەکانی ئێستا هەرچەندە سەروەریشیان کەمبووەتەوە، بەڵام داوای باشکردنی ژیان و دەرفەتی کار، داوای خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەکەن.

ناڕەزاییەکانی وەسبە حزبەکان دەسپێشخەربوون لە هەڵگیرساندنی، دواتر خەڵک گەورەی کرد و دەسکەوتەکانی چنییەوە. بەڵام ناڕەزاییەکانی ئێستا خەڵک دەسپێشخەربوون لە هەڵگیرساندن و گەورەکردنی، کەچی حزبەکان دەیانەوێ بەرهەمەکەی بچنەوە.

لە یەکچوونی وەسبە و ئێستا
بێجگە لە ساڵانێکی زۆر لە نێوانیاندا، بەڵام هەردوو شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی وەسبە و ئێستا خاڵی لەیەکچوونیان هەیە لەوانە:

-لە هەردووکیاندا بە دەستی هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێکی زۆر کوژران

-هەردووکیان بەشێکی گەورەی عێراقیان گرتەوەو ناڕەزاییەکی زۆر لە سیستم و حکومڕانی نیشاندران

هەروەها خاڵی بەهێزی لەیەکچوونی ئەم دوو رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی عێراق ئەوەیە، قورسایی دەنگی خەڵک لەسەر بڕیاری سیاسی وڵات زۆر بەهێزبووە. لە یەکەمیاندا کۆشکی پاشایەتیی و لە دووەمیاندا کۆشکی سەرۆکایەتیی و ئەنجومەنی وەزیرانی هێناوەتە لەرزە.

بەڵام خاڵی هەرە بەرچاو و بەهێزی جیاوازییەکانی ئەم دوو رووداوە ئەوەیە، لە یەکەمیاندا عێراقییەکان داوای سەروەری دەسەڵات و دەرچوون لەژێردەستەیی بەریتانیا و ئازادی کاری سیاسی و چاپەمەنیی دەکەن، کەچی لەوەی دووەمیاندا خەڵکی داوای نان و کار دەکات!