ڕاپۆرتی کوردستانی

07:03 - 09/11/2019

سمایلخانی شكاك،، باوکی ناسیۆنالیزمی کورد‌

هێرش جەلال

سمایلخانی شکاک هەر لە سەرەتاوە هەستی بەوەکرد دەوڵەتی ناوەندی ئێران مافی ئازادی و یەکسانی لە چوارچێوەی سنورەکانی ئێراندا بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوا نابینێت.

هەندێک کەس شۆڕشی سمایلخانی وەک بزوتنەوەیەکی خێلەکی و هەرێمی لەقەڵەمدەدەن، بەڵام بە پێی پێوانەکانی ئەو سەردەمە، سمکۆ مرۆڤێکی زانا و ژیر بووە. ئەو نامەیەی کە سمکۆ لە ڕێگەی فەرماندەیەکی سەربازی بەریتانی بۆ موزەفەرەدین شای قاجار "زەفەرەدەولە" ناردووە، ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکات.

سمکۆ لە نامەکەیدا دەڵێت: "ئێمە باش دەزانین هەندێک نەتەوە لە جیهاندا هەن کە ژمارەیان ناگاتە یەک لەسەرچواری ژمارەی گەلی کورد، بەڵام مافی ئۆتۆنومییان وەرگرتووە. سەرنجی ئەڵمانیا بدەن، چۆن ئەو مافەیان بە نەتەوەکان داوە. بە ڕاستی ئەگەر گەلی کورد لە ئێران نەگاتە ماف و ئازادی خۆی، مردنیان لە ژیان پێباشترە. دەوڵەتی ئێران بیەوێت یان نا! گەلی کورد بۆ مافی ئۆتۆنۆمی خۆی تێدەکۆشێت. ئەمە داواکاری هەموو خەڵکی ئێمە و داواکاری ژیانێکی نوێیە."

 

ئەم نامەیە نیشانەی ئەوەیە، سمکۆ مرۆڤێکی دووربین بووە و بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورد پلان و پڕۆژەی نوێ هەبووە.

شەڕە بەناوبانگەکانی هێزەکەی سمایل ئاخا
سمکۆ خاوەنی هێزێکی زۆر گەورە بوو. هەندێک جار ژمارەی شەڕڤانەکانی دەگەیشتە ٢٠ هەزار شەڕڤان. سمکۆ توانیبووی کۆنفدڕاڵی هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات. هەموو هۆزێک خاوەنی ژمارەیەکی زۆر شەڕڤان بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا شەڕڤانی لەشکرە گەورەکەی سمکۆ بوون و بەیەکەوە شەڕ و داستانی قاڕەمانێتی زۆر گەورەیان تۆمار کردووە.

جگە لە شەڕە بچووک و بەردەوامەکان، ژمارەیەک شەڕی گەورە لەنیوان هێزەکانی سمکۆ و دەوڵەتی ئێراندا ڕوویداوە کە ئەمانەن.
شەڕی میاندوئاو
شەڕی شەکەریازی
شەڕی ساری تاج
شەڕی ئازادکردنی مەهاباد
شەڕی قەڵای چاریە کە بە گەورەترین شەڕی شۆڕشی سمکۆ دادەنرێت.

دوای ئەوەی شەرڤانانی سمکۆ شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان ڕزگار کرد و لەژێر دەستی دەوڵەتی ئێران دەریانکرد. ورمێ وەک پایتەختی حکومەتی کوردی هەڵبژێردرا و تەیمور ئاغای شکاک وەک حاکمی شاری ورمێ "ئۆرمیە" لە لایەن سمکۆ ئاغاوە هەڵبژێردرا.

ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، سمکۆ خۆی وەک شۆرشگێر بینیوە و حەزی بە دەسەڵاتداری نەبووە.

دوای ئەوە شەڕڤانان هێرشێکیان کردە سەر ناوچەی گوڵمانخانەی نێوان ورمێ و تەورێز و توانیان گوڵمانخانەش ڕزگار بکەن کە ڕێگەی سەرەکی بەستنەوەی پارێزگای ورمێ بۆ تەورێز و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو. لە شەڕی گوڵمانخانەشدا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران "ئەمیر ئەرشەد" کوژرا کە برای "حسێن خانی زەرخان" بوو کە کاتی خۆی "حسێن خانی زەرخان"،  "جەوەر ئاخا"ی برای سمکۆی کوشتبوو.

بەو شێوەیە شاری ئۆرمیە و گوڵمانخانە ٤ ساڵ لە ژیر دەسەڵاتی سمکۆ و هێزەکەی مایەوە و دواتر دەوڵەتی ئێران بە پشتگیری شاراوەی ڕووسیا و بەریتانیا هێرشێکی فراوانی دەستپێکرد و هیزەکەی سمکۆ نەیتوانی بەرگری بکات و لە شارەکە کشایەوە.

دواتر سمکۆ و هێزەکەی لە ناوچەی میاندوئاو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی دەوڵەت و سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد، بەڵام گەورەترین سەرکەوتن ئەوەبوو کە "خالۆ قوربان" کوژرا. خاڵۆ قوربان کوردێکی لایەنگری دەوڵەتی ئێران بوو کە کاتی خۆی بەشداری لە شۆڕشی "ڕەشت و گەیلان"ی باکووری ئێرانی کردبوو، بەڵام خیانەتی لە شۆرشەکە کرد و :میرزا کۆچەکخانی جەنگەلی" کوشت و سەری لێکردەوە و بۆ شای ئێرانی برد. بە کوشتنی "خاڵۆ قوڕبان" سمکۆ ئاغا لە لایەن گەلی ڕەشت و گەیلانی باکووری ئێران ڕێزێکی تایبەتی لێنرا.

 

شەڕێکی گەورەی تری شەڕڤانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕی ڕزگارکردنی مەهابادە. تایبەتمەندی ئەم شەڕە ئەوە بوو، سمایل خان خۆی بەشداری لە شەڕەکەدا کرد و سەید تەهای شەمزینانیش پشتگیری لێکرد و خۆی و هێزەکەی بەشذاری لە شەڕەکەدا کرد. لەو شەڕەدا نزیکەی ٦٠٠ سەربازی دەوڵەتی ئێران بە سەرۆکایەتی "مەلیکزادە" کوژران.

شەڕێکی تر شەڕی سەڵماس "دیلەمان"بوو. شەڕی سەڵماس زۆر درێژەی کێشا دەوڵەت بە هەموو هێزێکیەوە هێرشی کرد و لە ئەنجامدا هێزەکەی سمکۆ تێکشکا و هێزی کورد بەرەو ناوچەی چاریێ پاشەکشێی کرد، لە قەڵای چاریێ چەندین ڕۆژ شەڕیکی زۆر سەخت و گەورە ڕوویدا. هیزی سمایل خان لە قەلای چاریێ شکا و سمایل خان و شەرڤانان خۆیان گەیاندە باکووری کوردستان.

 

سمایلخان و شەرڤانان لە لایەن سوپای تورکیاوە دەستگیرکران و چه‌ك كران. بەڵام ئەوە کۆتایی بە شۆڕشی سمایلخان و گەلی کورد نەهێنا.

سمایلخان دواتر گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەست بە شەڕ کردەوە و دەوڵەت نەیتوانی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات. دوای ماوەیەک سمایل ئاخا و شەڕڤانان دەربازی باشووری کوردستان بوون و لە ناوچەی بارزانی و شێروانەتی و لەناو هۆزی گەردی لە سەر سنوری باکوور و باشووری کوردستان مانەوە.

دەوڵەتی ئێران لەو کاتەدا لە ڕێگەی "تەیمور ئاخا" کە ماوەیەک حاکمی ورمێ بوو و لە شەڕدا بە برینداری لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە بەدیلگیرابوو، نامەیەکی بۆ سمایلخان نارد و داوای دانوستانی لەگەڵ کرد. سمایلخان و شەڕڤانانی بەرەو شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێکەوتن، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەییان دەوڵەتی ئێران بە نیازی هیچ دانوستانێک نەبوو و سمایل ئاغا دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت چاوپێکەوتن دەکات. لە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٣٠ شەهید دەکرێت.

هێزەکانی دەوڵەت ئەوەندە تامه‌زرۆی شەهیدکردنی سمایلخان بوون کە کاتێکیش شەهید دەبێت. ٣ ڕۆژ تەرمەکەی لەناو شاری ورمێ دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی هەندێک کەس سمایلخانیان لە نزیکەوە بینیبوو، تەئکید لەسەر ئەوە بکەنەوە کە تەرمەکەی سمایلخانە.

 

بەوەش نەوەستان، فەخریە ئێقبالی هاوسەرە ئازەریەکەی سمایلخانیان هێنایە سەر تەرمەکەی. تەرمەکەی بە شێوەیەک شێوێنرابوو کە هاوسەرەکەی بە پەنجەی دەستیەوە ناسیبووی کە کاتیخۆی "مار پێوەی دابوو و پەنجەیەکی بڕابووەوە".

سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٨٨٧ لە سەڵماس "قەڵای چواریێ" لەدایکبووە. لە بنەماڵەی هۆزی شکاکی ناوچەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی مێژووی ئازادیخوزی کوردستانە. سمکۆی شکاک ٢٥ ساڵ لەدژی دەوڵەتی ئێران شۆرشی کرد. توانی ٥٠٪ خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار بکات. هەرچەندە لە بنەماڵەیەکی ئاغا بوو، بەڵام بە هەموو شێوەیەک سیستمی فۆدالیزم و دەرەبەگایەتی ڕەتدەکردەوە. هەندێک کەس پێیان وایە "سمایلخان" باوکی ناسیۆنالیزمی کوردە.