ڕاپۆرتی کوردستانی

09:53 - 12/11/2019

تــورک و رۆژئــاوای کـــوردستان.. سەد ساڵ ستەم و ئازار‌

پەیسەر

لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیی، بە هەرسێ شاری دیاربەکر، موسڵ، حەڵەب دەوترا  " سێ کوچکەی ئاڵتوونیی" ئەمەش بەهۆی هەرسێکیان دەروازەی بازرگانیی و تیجارەت بوون بۆ پایتەختی خەلافەت.

هەرسێ کۆڵەکە ئاڵتوونییەکە لە کوردستاندابوون یان بەکوردستاندا تێدەپەڕین. دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانیی لە ساڵی 1918 تورکیای نوێ بەسەرۆکایەتی ئەتاتورک، زۆر هەوڵیدا کۆڵەکە ئاڵتوونییەکان لەژێر رکێفی تورکیای نوێدا بمێننەوە. بەڵام دەسەڵاتی ئینگلیز نەیهێشت رۆژگار بە ویست و ئارەزووی تورک بچەرخێ و حەڵەب و موسڵی نەدایەوە.

تا ساڵی 1929 ئەتاتورک و ئینگلیز مشتومڕیان بوو لەسەر دوو ویلایەتە لەدەستچووەکەی موسڵ و شام. ویلایەتی موسڵ کە باشووری کوردستانی دەکرد، کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و ویلایەتی شام کە سوریای ئێستا و رۆژئاوای کورستان بوو، بەر ئینتدابی فەرەنسی کەوت.

ساڵی ١٩٣٨ فەرەنسییەکان ئیدارەیەکی لامەرکەزییان بۆ کورد و مەسیحییەکانی جەزیرە دروستکرد، دواتر تورکەکان هەرەسیان پێهێنا

ئەتاتورک کە بێئومێدبوو لە دەستکەوتنەوەی حەڵەب، هەمیشە داوای لە فەرەنسا دەکرد کە رێگای ئاسنینی گەیشتن بە بەغدای لێ نەگرێ کە کەوتووەتە رۆژئاوای کوردستان و حەڵەبەوە. بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی کوردیش، فشاری لە ئینتدابی فەرەنسا دەکرد و لە چەندین قۆناغدا هێرشی کردووەتە سەر کوردانی رۆژئاوا.

 تاڵاوی سەرخەت و ژێر خەت
کوردانی باکوور بە رۆژئاواییەکان دەڵێن، کوردانی بن خەت. خۆیشیان کوردانی سەر خەتن واتا ئەویان لەژێر خەتی سنوورە و خۆیشیان لەسەرەوەی خەتەکەن. ئەمەش هێمای ئەوەیە لە بەرەبابێکن نەک کوردی بەشێکی تر.

لە ساڵی 1927 ـەوە، بەهۆی نزیکی زاراوە و فەرهەنگ و خزمایەتییەوە، بزووتنەوە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان، هەمیشە لەژێر کاریگەری کوردانی باکووردابوون. بەرچاوترینیان (کۆمەڵەی خۆییبوون) و دواترپەکەکەن.

کۆمەڵەی خۆیبوون شۆڕش و سەرهەڵدانێکی دژی تورکیابوو، بەڵام کوردانی رۆشنبیر و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژئاوا بەشدارییەکی کاریگەریان هەبوو تیایدا. سوریا و تورکیا و فەرەنسییەکان زۆر دژی ئەم پشتیوانییە بوون و فشارێکی زۆریان خستە سەر رۆژئاواییەکان، تەنانەت فەرەنسییەکان شاعیر و کەسایەتی بەناوبانگ(عوسمان سەبری)یان وەکو سزادانێک دوورخستەوە بۆ مەدەغەشقەر.

لە (کۆمەڵەی خۆییبوون)دا کوردانی رۆژئاوا رۆڵێکی بەرچاویان گێڕا و باجێکی زۆریشیان لە پێناوادا

دوای چوونەدەرەوەی فەرەنسییەکان لە سوریا لە ساڵی 1946 ئیتر سوریا بووە وڵاتێکی دەرگا کراوەو هەرلایەک بە ویستی خۆی دەستتێوەردانی دەکرد.
جەمال عەبدولناسر لەلایەک و تورکیا لەلایەکی ترەوە. هەموو دەستتێوەردانەکانی تورک دژی کوردان بووە.
لە کۆتایی سییەکاندا، فەرەنسییەکان ئیدارەیەکی لامەرکەزی لە ناوچەی جەزیرەیان بۆ کورد و مەسیحییەکان دروستکرد. بەڵام چەند ساڵ دواتر تورکەکان شکستیان پێهێنا و هەڵیان وەشاندەوە. لە ساڵانی پەنجا بە دواوە چەندینجار سوپای تورک بە ئاگاداری دیمەشق، چوونەتە شارۆچکە سنوورییەکانی رۆژئاواوە بۆ سەرکوتی جوڵانەوە و کەسایەتییە کوردەکان کە دژی دەسەڵاتی تورک راپەڕیون.

لەو سەد ساڵەی دراوسێیەتیدا هەرگیز تورک لێنەگەڕاوە کورد لە رۆژئاوا بحەسێتەوە. رۆژنامەنووس و مێژوونووسی بەناوبانگی کورد (حوسێن حوزنی موکریانیی) لە ساڵانی چلەکاندا نووسیویەتی: سەد و پەنجا ساڵە، ئەوەی کەناهێڵێ کورد ببێ بە شت، تورکن. هەر دەسکەوتێکی کورد لەبار برابێ، دەستی تورکی تێدایە!

گەلی بێ پەرژین لەناو وڵاتی بێ پەرژین
سوریا تا هاتنە سەر کاری حافز ئەسەد، وڵاتێکی بێ سەروەری بوو، دەوڵەت لاواز و توانای بەرگرتن بە دەستدرێژییەکانی نەبوو. هەموو ئەمانە بوون بە بەڵا بۆ گیانی کورد و سەرکوت و چەوساندنەوەی کورد پێی نایە قۆناغێکی ترسناکترەوە.

هێرشی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان خەونێکی ئەتاتورکە و ئەردۆغان دەیەوێ بیهێنێتە دی

ئەمجارە ناسیۆنالیزمی عەرەبی خەمڵی و کەوتە زەوتکردنی مافی کوردان. پێیانوابوو سوریا کوردی تێدا نییە و ئەوەی هەیە کۆچەریین و بە ئەسڵ خەڵکی تورکیان.
دوای ساڵی 1970 و هاتنە سەر دەسەڵاتی حافز ئەسەد و حزبی بەعس، ئەم نکوڵیکردنە زۆر ترسناکتربوو. کەوتنە تەعریبکردنی رۆژئاوا و لێسەندنەوەی رەگەزنامە و ناسنامە لە هەزاران کورد. زەوتکردنی موڵکی کوردان و تاپۆکردنیان لەسەر عەرەبی هاوردە.

لەو سەد ساڵەدا، تورک لە سەرەوە و عەرەب لە خوارەوە پێکەوە یان بە جیا، کوردی رۆژئاوایان هاڕیوە. بەهۆی ئەوەی جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان گونجاو نییە بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سیاسی و نیشتمانیی یەکگرتوو، هەمیشە رۆژئاواییەکان لەژێر کاریگەری کوردانی باکوور یان باشووردابوون بۆ خەباتی سیاسی و نیشتمانیی.

حوزنی موکریانی دەڵێ: ١٥٠ ساڵە تورک ناهێڵێ کورد هیچی دەسکەوێ

بەڵام ساڵی 1980 بەدواوە کە ئۆجەلان تورکیای بەجێهشت و چوو بۆ رۆژئاوای کوردستان، یەکەمجار لە کۆبانی گیرسایەوە. ئیتر بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری رۆژئاوا کەوتە ژێر رکێفی ئۆجەلان و پەکەکەوە. پەکەکە ئەو بۆچوونەی تێکشاند کە کورد ناتوانێ ببێتە خاوەن جوڵانەوەیەکی سیاسی کە لە دێرکەوە تا عەفرین بگرێتەوە.

وەکچۆن لە کۆمەڵەی خۆییبووندا رۆژئاواییەکان بەشدارییەکی کاریگەریان هەبوو، ئەمجارە لە پەکەکەدا بەشدارییەکە گەیشتە لوتکە. دەوترێ ئەگەر پەکەکە 10هەزار شەهیدی هەبێ، بێگومان شەشی هی رۆژئاوایە.

یەکەم حزبی کوردی لە رۆژئاوا کە پاشگری کوردستانی هەبوو (پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا)بوو کە ساڵ 1957 دامەزرا. بەڵام دواتر پاشگری کوردستان لێکرایەوە و تائێستاش زۆربەی زۆری حزبەکان لە بری کوردستان، کورد دەنووسن.

یەک خەون و چەند رێگا
مەرامی ئەمجارەی ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان کە لە رۆپژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە دەستیپێکردووە، هەرگیز دوور نییە لە هەوڵ و کۆششەکانی ئەتاتورک بۆ دەسکەوتنەوەی دووان لە سێ کۆڵەکە ئاڵتوونییەکەی خەلافەت کە ئەوانیش موسڵ و حەڵەبن. ئێستا بەهۆی ئەوەی سوریا شێواوە و سەروەری نەماوە وەکو پێشهاتنی حافز ئەسەد، تورکەکان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بە هەلی دەزانن چرۆی پشکوتووی خەونی کورد کە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی و هێزێکی تۆکمەی وەکو یەپەژە و یەپەگەدا خۆی دەبینێتەوە ببڕن.

دیار نییە کە ئایا ئەردۆغانیش وەک ئەتاتورک ئەم خواستە دەباتە ژێر گڵ یان نا، بەڵام ئەوە روونە کە تا تورک بەو دیدە کۆن و دوژمندارانەی لەگەڵ کورد هەیەتی حوکمداری بکات، رۆژئاوا هەر لەژێر ستەم و چەوساندنەوەدا دەبێ.

کۆن تورکەکان قسەیەکیان هەبووە کە دەڵێ: کوردی باش ئەو کوردەیە کە لەناو گۆڕدایە. بە واتای ئەوەی لەناو زیندوواندا کوردی باش نییە.دەسەڵاتداری تورک لە هەرچیدا گۆڕابێ، هەرگیز لە پەیڕەوکردنی ئەو قسەیەدا نەگۆڕاوە بۆیە هەرکاتێ بۆی بلوێ، هێرش دەکاتە سەر دەسکەوتەکانی کورد.