05:21 - 18/12/2018
دواى ٢٧ساڵ كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌وه
٢٧ساڵى ته‌واوه سه‌رۆكایه‌تیكردنى هه‌رێم بووه‌ته گرێكوێره و تا ئێستا نه‌كراوه‌ته‌وه، ناكۆكییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و گرێیه ئێستاش هه‌مان ناكۆكییه ساڵى ١٩٩٢ له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكه‌وه سه‌رى هه‌ڵدا، دواى تێپه‌ڕینى هه‌شت كابینه‌ى حكومى و چوار خولى په‌رله‌مانى، پێشبینیده‌كرێت كێشه‌كه جارێكى دیكه به‌رۆكى سیسته‌مى حكومڕانى و خەڵک و لایه‌نه‌كان بگرێته‌وه.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، پارتى ئێستا هاوشێوه‌ى ساڵى ٢٠٠٥ كه په‌له‌ى بوو زوو دامه‌زراوه‌كه دروستبكرێت، لارى نییه سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه تاجه‌كه‌ى بنرێته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌وە خواستى ماوه درێژى حزبه‌كه‌ى بارزانى نییه و ده‌یانه‌وێت دواتر له پڕۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵكه‌وه جێگربكه‌ن، ئه‌وه‌ش ریسى لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه به‌خورى و كێشه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاتژمێرى یه‌كه‌مى و بژارده‌یه‌كى نه‌خوازراوه بۆ خه‌ڵكى كه چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه چاوه‌ڕێى خزمه‌ت و ئارامى و ژیانن.
بناغه‌ى كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم
ره‌گ و ریشه‌ى كێشه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵێك پاش راپه‌ڕینى ساڵى ١٩٩١ ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كات بۆ یه‌كلابوونه‌وه‌ى پرسی سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى كوردستان(په‌رله‌مانى كوردستان)، یاساى ژماره‌ى دووى ساڵى ١٩٩٢ی به ناوى یاسای هه‌ڵبژاردنى سه‌ركرده‌ى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كورد ده‌ركرد، به‌پێی یاساكه هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌ركرده‌ى بزوتنه‌وه‌ى رزگاری خوازى كورد كرا.
به‌پێی ماده‌ى هه‌شتى یاساكه، ده‌بوو پاڵێوراو زۆرینه‌ى ره‌هاى ده‌نگى خه‌ڵكى به‌ده‌ست بهێنایه بۆئه‌وه‌ى به‌براوه دابنرێت، له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا كه چوار كاندید كێبڕكێیان ده‌كرد كه هه‌ریه‌كه له جه‌لال تاڵه‌بانى، مه‌سعود بارزانى، عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، مه‌حموود عوسمان، پاڵێوراوى هه‌ڵبژاردنه‌كه بوون، هیچ كام له كاندیده‌كان نه‌یانتوانى زۆرینه‌ى ره‌هاى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبهێنن، بۆیه ده‌بوو هه‌ڵبژاردن له دوای ١٥ رۆژ دووباره بكرێـته‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژاردنه هه‌رگیز دووباره نه‌كرایه‌وه‌و دووساڵ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه شه‌ڕی ناوخۆى به‌دوادا هات تا رێككه‌وتننامه‌ى واشتنن-ى ساڵى ١٩٩٨ى نێوان یه‌كێتى و پارتى، دواتریش دوو ئیداره‌یی تادوای پرۆسه‌ی ئازادى عێراق و ساڵى ٢٠٠٥ به‌رده‌وامبوو.
مام جه‌لال بووه سه‌رۆكى هه‌رێم له زۆنى سه‌وز
له دواى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى ناوخۆ و جیاكردنه‌وه‌ى هه‌ریه‌كه له ئیداره‌ى سه‌وز و زه‌رد، له سنورى ئیداره‌ى سه‌وز، جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێری گشتى ئه‌وكاتى یه‌كێتى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى سه‌وز تا رێككه‌وتننامه‌ى واشنتن ده‌ستبه‌كاربوو، یه‌كێتى پاساوى ئه‌وه‌ی هه‌بوو پاش جیاكردنه‌وه‌ى ئیداره، له زۆنی سه‌وز كێشه‌ى یاسایی له‌گه‌ڵ دادگاى ته‌میزى هه‌رێم هه‌بوو بۆ"پڕكردنه‌وه‌ى فه‌راغى یاسایى" تاڵه‌بانى رۆڵى سه‌رۆكى هه‌رێمى بینوه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى كه زۆینه‌ى ده‌نگه‌كانى سلێمانى و ناوچەکانی سەر بە کەرکوکی هه‌بوو، بۆیه وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم له ئیداره‌ى سلێمانى ده‌ست به‌كاربوو.
دووباره كێشه‌كه سه‌رى هه‌ڵدایه‌وه
دواى دووساڵ له رووخانى رژێمى به‌عس، كورد ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خسا به‌شداربێت له ده‌سه‌ڵاتى نوێى عێراق، دواى ئه‌وه‌ى به‌شداربوو له ئه‌نجومه‌نى حكوم بۆ قۆناغى گواستنه‌وه له عێراق كه له ٢٥ ئه‌ندام پێكهاتبوو، پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق وه‌ك پشكى كورد دیاریكرا، سه‌ره‌ڕاى نیگه‌رانى باڵى ریفۆرمى یه‌كێتى به سه‌رپه‌رشتى نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌شێكى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به رێككه‌وتنى دووقۆڵى خودى مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانى دروستكرایه‌وه.
به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه تاڵه‌بانى چووه كۆشكى سه‌لام، بووه یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆمارى عێراقى نوێ دواى چوار ده‌یه له ئاگر و سته‌مى به‌عس، بارزانیش له سه‌رى ره‌ش كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى به‌وشێوه بۆ دروستكرا كه‌خۆى ده‌یویست، ساڵى رێككه‌وتنه‌كه(٢٠٠٥) په‌رله‌مانى كوردستان ته‌نها دوو یاساى ده‌ركرد، كه یاساى یه‌كه‌م بۆ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك و یاساى دووه‌میش بۆ دیوانه‌كه‌ى بوو، له‌وكاته‌وه كێشه‌كه له گردۆڵكه‌وه بووه شاخ و به جۆرێك گه‌وره‌بوو دواى ١٠ ساڵ پرۆسه‌ى سیاسى له هه‌رێمى كوردستان ئیفلیج كرد.
یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم چۆن داڕێژراوه
له هه‌رێمى كوردستان هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌فه‌رمى له‌گه‌ڵ سیسته‌مى په‌رله‌مانین بۆ هه‌رێمه‌كه، ته‌نانه‌ت خودى پارتیش پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته بێسنوره‌كانى سه‌رۆك به‌پێى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، سه‌رنجى لایه‌نه‌كانى به‌ره‌و ئه‌وە راكێشا بوونى سه‌رۆكێك به ده‌سه‌ڵاتى زۆروزه‌وه‌ندى له‌م جۆره‌وه زیاتر سیسته‌مه‌كه به ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى نه‌بات نه‌ك په‌رله‌مان.
به‌پێى ئه‌و یاساى ساڵى ٢٠٠٥ له ئه‌نجامى رێككه‌وتنه دووقۆڵییه‌كه‌ى تاڵه‌بانى و بارزانى ده‌رچوو، سه‌رۆك له لوتكه‌ى په‌یكه‌رى ده‌سه‌ڵاتى نوێى هه‌رێمه‌و هه‌موو رێگاكان ده‌بێت بچنه‌وه ده‌رگاى كۆشكه‌كه‌ى، به جۆرێك ئه‌و سه‌رۆكه ده‌سه‌ڵاته‌كانى زۆر زیاتر بوو له‌و سه‌رۆكه‌ى یاساى ژماره دووى ساڵى ١٩٩٢ بۆى د‌یاریكردبوو، چونكه به‌پێى ئه‌و یاسا كۆنه سه‌رۆك نه مافى ڤیتۆى یاساكانى په‌رله‌مانى هه‌بوو، نه ده‌سه‌ڵاتى هه‌ڵوه‌شانه‌وه په‌رله‌مان، نه مافى دامه‌زراندنى دادوەرانى هه‌بوو، نه سه‌رۆكى باڵاى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بوو، سه‌رۆك به‌پێى ئه‌و یاسا كۆنه مافى لێبوردنى تایبه‌تى نه‌بوو، هه‌روه‌ها بۆشى نه‌بوو سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكات، رێگەپێدراو نه‌بوو پله‌ى سه‌ربازى ببه‌خشێت، به‌ڵام یاساى ژماره یه‌كى ساڵى ٢٠٠٥ هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى به سه‌رۆك به‌خشى كه یاسا كۆنه‌كه پێى نه‌دابوو.
ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك به‌پێى یاساى ژماره یه‌كى ساڵى ٢٠٠٥
*فه‌رمانده‌ى باڵاى هێزه چه‌كداره‌كانه.
*ده‌توانێت یاساكانى په‌رله‌مان ره‌تبكاته‌وه‌و بۆ په‌رله‌مانى بنێرێته‌وه.
*واده‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتى دیاریده‌كات.
*په‌رله‌مان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بانگهێشت ده‌كات.
*له چه‌ند حاڵه‌تێكى دیاریكراو ده‌توانێت په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
*هه‌ركات په‌رله‌مان نه‌توانێت كۆببێته‌وه ده‌توانێت بڕیارده‌ربكات كه ئه‌و بڕیارانه هێزى یاساییان هه‌یه.
*مافى لێبوردنى تایبه‌تى هه‌یه.
*ده‌توانێ بڕیارى له‌سێداره‌دان په‌سه‌ندبكات یاخود سزاكه سوك بكات بۆ زیندانى هه‌تا هه‌تایى.
*ده‌توانێ به‌پێى یاسایه‌ك جاڕى بارى نائاسایى بدات.
*ده‌توانێت ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بانگهێشت بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌و خۆى سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌كه بكات.
*راسپاردنى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى.
*ده‌توانێت ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یان وه‌زیر قبوڵ بكات یاخود داوایان لێبكات كه بمێننه‌وه له پۆستنه‌كانیان تا كه‌سى دیكه دیاریده‌كرێت.
*دادوه‌ران و داواكارى گشتى داده‌مه‌زرێنێت.
*ده‌توانێ پله‌ى سه‌ربازى ببه‌خشێت و ئه‌ندامانى هێزه چه‌كداره‌كان خانه‌نشین بكات.
*سه‌رپه‌رشتى ئیش و كارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌كات.
* بڕیاره‌كانى سه‌رۆك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له دادگا تانه‌یان لێ‌نادرێت و بڕیارى كۆتایین.
هه‌روه‌ها یاساى ژماره دووى ساڵى ٢٠٠٥ ده‌رچوو كه تایبه‌ت بوو به دروستكردنى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، به‌پێى یاساكه سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پله‌ى وه‌زیرى هه‌یه‌و ده‌توانێت له كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاماده‌بێت، به‌پێى ئه‌و یاسایە سه‌رۆكى هه‌رێم بۆى هه‌یه راوێژكاران و كارمه‌ندانى پێكهاته‌كانى دیوان دابمه‌زرێنێت و خانه‌نشینیان بكات.
ساڵى ٢٠٠٦ یاساكه به‌پێى هه‌موارێك چه‌ند مادده‌یه‌كى بۆ زیادكرا، كه به‌پێى ئه‌و هه‌مواره ده‌بوو سه‌رۆك هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانى به جێگره‌كه‌ی ببه‌خشێت، به‌ڵام سه‌رۆكى ئه‌وكاتى هه‌رێم تا ته‌واوبوونى واده‌كه‌ى لائیحه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى جێگره‌كه‌ى ده‌رنه‌كرد.
ساڵى ٢٠٠٩ یاساكه هه‌موار جارێکی دیکە كرایه‌وه و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى دیكه بۆ سه‌رۆك زیادكرا به‌پێى هه‌مواره‌كه كه ئه‌مانه‌بوون.
*سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه پرۆژه‌یاسا و بڕیار بۆ په‌رله‌مان پێشنیار بكات.
*دامه‌زراندن و لابردنى خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كان.
*ده‌ركردنى فه‌رمانى هه‌ڵبژاردنى گشتى له حاڵه‌تى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى په‌رله‌مان.
*سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى دیكه كه له ده‌ستورداهاتبێت ده‌گرێته ده‌ست.
درێژكردنه‌وه‌كه
ساڵى ٢٠١٣ مه‌سعود بارزانى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى كۆتاییهات، به‌ڵام به رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى بۆ ماوه‌ى دوو ساڵى دیكه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى به‌پێى یاساى ژماره ١٣ى ساڵى ٢٠١٣ درێژكرایه‌وه، ئه‌وه‌ش كێشه‌كه‌ى قوڵتركرده‌وه، به‌وپێه‌ى ساڵى ٢٠١٥ كاتێك ماوه درێژكراوه‌كه كۆتایى هات، گۆڕان پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستانی به ده‌سته‌وه بوو، پرۆژه‌ى بۆ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێشكه‌شكردو نه‌چووه ژێر بارى درێژكردنه‌وه‌ى دووه‌مه‌وه.
كێشه‌ى لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم
ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌كانى هه‌رێم و به‌شێکى پارتیش، چاویان له ده‌سه‌ڵاته قه‌به‌كانى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمه و بۆچوونى زاڵ له‌نێوان لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكێكى له‌م جۆره رێگه به چه‌سپاندنى سیسته‌مى په‌رله‌مانى نادات، به‌وپێیە كاتێك سه‌رۆك ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى لابێت هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى دیكه ده‌بنه پاشكۆى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانى كوردستان به‌بێ ره‌زامه‌ندى سه‌رۆك ناتوانێت یاسا ده‌ربكات.
هه‌روه‌ها كۆڵه‌كه‌ى سیسته‌مى په‌رله‌مانى ئه‌وه‌یه، كه تێیدا په‌رله‌مان تواناى لێپرسینه‌وه‌ى هه‌یه، به‌ڵام یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم رێگه‌ى چاودێرى په‌رله‌مانى بڕیوه و هیچ یاسایه‌ك ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى به په‌رله‌مان نه‌به‌خشیوه، وه سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌سه‌رووى هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌رییه‌وه‌یه.
كێشه‌ى سه‌ره‌كى دوو ئاڕاسته جیاوازه‌كه له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌یه، كه له سیسته‌مى په‌رله‌مانیدا ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك ته‌شریفاتین، واته ده‌سه‌ڵاتى رواڵه‌تین و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى كه‌مى لایه كه زۆرتر ره‌مزى یه‌كێتى و سه‌روره‌ى وڵاته، هاوكات به‌وپێیه‌ى له سیسته‌مه‌كه‌دا سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتى لانییه، بۆیه لێپرسینه‌وه‌شى لێناكرێت و له‌بەرامبه‌ر په‌رله‌مان به‌رپرس نییه چونكه هێماى یه‌كێتى و سه‌روه‌رى وڵاته.
چۆن سه‌رۆك دیاریده‌كرێت؟
شێوازى دیاریكردنى سه‌رۆك كێشه گه‌وره‌كه‌ى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمە، ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن سیسته‌مى په‌رله‌مانى به ته‌واوى بچه‌سپێت، ده‌یانه‌وێت په‌رله‌مان سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت، پاساویان بۆ ئه‌و بژارده ئه‌وه‌یه كه په‌رله‌مان سه‌رۆك دیاریبكات ده‌توانێت لێشى بپرسێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر خه‌ڵك سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت خه‌ڵك ناتوانێت له سه‌رۆك بپرسێته‌وه، ئه‌وكات سه‌رۆك شه‌رعییه‌تى ده‌نگده‌رانى ده‌بێت و خۆى له سه‌رووى هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیكه‌وه ده‌بینێت.
بێگومان ئه‌و بۆچوونه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكه له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه بیانووى خۆیان هه‌یه، ئه‌وان ده‌ڵێن سه‌رۆكى خه‌ڵك ده‌بێت خه‌ڵك دیاریبكات و شه‌رعییه‌ت له‌وان دیاریبكات نه‌ك نوێنه‌رانى خه‌ڵك كه په‌رله‌مانتارانن ئه‌و كاره بكه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌رۆكێكى به‌هێزیشیان ده‌وێت كه تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بێت رووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببێته‌وه.
كام شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌گه‌ڵ سروشتی سیاسی هه‌رێم یه‌ك ده‌گرێته‌وه؟
به‌وپێیه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌یه‌كى ته‌وافوقییه‌و به رێككه‌وتن ئیداره ده‌كرێت، هاوكات هیچ لایه‌نێك خاوه‌نى زۆرینه‌ى ره‌هاى ده‌نگه‌كان و كورسى په‌رله‌مان نییه، بۆچوونێك هه‌یه پێى وایه سه‌رۆك ده‌بێت به‌رێككه‌وتن و له په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت چونكه ئه‌وكات لایه‌نه‌كان خۆیان له‌سه‌رى رێكده‌كه‌ون له‌گه‌ڵ سروشتى سیاسى هه‌رێم ئه‌و شێواز گونجاوه، چونكه به‌بێ رێككه‌وتن هیچ ده‌سه‌ڵاتێك پێكنایه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردن له‌ناو په‌رله‌مان سه‌رئێشه‌ى كه‌مه به‌وپێیه‌ى هه‌میشه باس و خواسى ساخته‌كارى هه‌یه له هه‌ڵبژاردنه گشتییەكان.
ئه‌و بۆچوونه‌شى كه پشتیوانى ئه‌وه ده‌كات، سه‌رۆك لاى خه‌ڵكه‌وه دیاریبكرێت، هه‌ر ئه‌و شێوازه له‌گه‌ڵ هه‌ڵكه‌وته‌ى سیاسی هه‌رێم به‌گونجاو ده‌بینێت و پێى وایه سه‌رۆكێك شه‌رعیه‌تى سندوقى هه‌بێت له‌نێوان ناكۆكى گه‌رمى لایه‌نه‌كان به‌هێزده‌بێت، لایه‌نه‌كان بیانوویان نامێنێت كه قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن به‌وپێیه‌ى خه‌ڵك ئه‌وى دیاریكردووه.
ساڵى قڵیشانه‌وه‌ى كێشه‌كه
ساڵى ٢٠١٥ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به پێشكه‌شكردنى پرۆژه یاسایه‌ك گۆمه‌كه‌ى شڵه‌قاند و داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كرد، داواشیكرد له په‌ڕله‌مانه‌وه سه‌رۆكێك دیاریبكرێت، ئه‌و پرۆژه یاسایه كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى گه‌یانده ئاستێك ئه‌و حزبه گۆڕ‌انى له حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دوورخسته‌وه‌و په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى دووساڵ په‌كیكه‌وت.
له‌وكاته‌وه ئه‌و كێشه‌یه پێى نایه قۆناغێكى نوێوه، به‌وپێیه‌ى هیچ یاسایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ى بارزانى ده‌رنه‌كراو تا مانگێك دواى ریفراندۆم له پۆسته‌كه‌ى مایه‌وه، دواتر ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌كه بوو و ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى دیكه دابه‌شكرا، به‌پێى یاساى ژماره دووى ساڵى ٢٠١٧، دواتریش به‌پێى یاساى ژماره ١٠ى ساڵى ٢٠١٨سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردرا.
كێشه‌كه به كوێ گه‌یشتووه؟
پێشتر په‌یسه‌ر پرێس ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه كه پلانى ئێستای پارتى ئه‌وه‌یه سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، چونكه ده‌یه‌وێت نێچیرڤان بارزانى پێش مه‌سرور بارزانى ده‌ستبه‌كاربێت و مه‌رسومى بۆده‌ربكات بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، ئه‌وه‌ش بڕیارى مه‌سعود بارزانییه بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى ناو حزبه‌كه‌ى و دڵنیاییدان به نێچیرڤان بارزانى تا ئاڵوگۆڕى پشكه‌كانى پارتی له حكومه‌ت به‌بێ كێشه به‌ڕێوه‌بچێت.
بژارده‌ى ئێستاى پارتى بۆ شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌ناو په‌ڕله‌مانه‌وه، هه‌مان ئه‌و پرۆژه‌یه كه گۆڕان و یه‌كێتى و لایه‌نه‌كانى دیكه له چوارساڵى رابردوو داوایانده‌كرد، به‌ڵام پێناچێت پرۆژه‌ى پارتى بۆ شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك هه‌مان ئه‌و پرۆژه‌بێت كه‌لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت، به‌وپێیه‌ى بۆچوونێك له‌ناو ئه‌و حزبه هه‌یه كه له پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێم شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه جێگیربكرێت.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، قسه‌و باس له‌ناو حزبه‌كه‌ى زۆرن بۆ شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك، هه‌رچه‌نده پارتى ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه له په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره زۆرینه‌ى بۆچوونه‌كانى ناو پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێت و ئه‌و شێوازه له پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێم جێگیربكرێت.
له وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه ئایا پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه، نێچیرڤانى بارزانى به هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌وه ده‌ستبه‌كاربێت كه مه‌سعود بارزانى مامى هه‌یبوو، یاخود له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانى بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مان بڕۆن، هێڤیدار گوتى"پارتى ئه‌م بابه‌ته‌ى هێشتووه‌ته‌وه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌وان به رێككه‌وتن یه‌كلایى ده‌كاته‌وه".
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ركه‌وتوون، مه‌سرور بارزانى له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییه نێچیرڤان بارزانى به هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانى مه‌سعود بارزانییه‌وه ده‌ستبه‌كاربێت و له كۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى له ماڵى نێچیرڤان بارزانى ئه‌م بژارده‌ى قبوڵنه‌كردووه، به تایبه‌ت به‌شێك له كێشه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانه كه پێشتر سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بوو و ئێستا به‌پێى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه سه‌ربه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه، مه‌سرور بارزانى نایه‌وێت دامه‌زراوه‌كه بكه‌وێته ژێر ده‌ستى نێچیرڤان بارزانى و ده‌یه‌وێت سه‌ر به ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بمێنێته‌وه.
خولى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان پرۆژه‌كه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، بووه یه‌ك پرۆژه‌ى هاوبه‌ش بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێتى تا ئێستا له‌سه‌ر هه‌مان پرۆژه پاشه‌كشه‌ى نه‌كردووه، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش له‌سه‌ر پرۆژه‌كه سورن و گۆڕانیش ئێستا چاوى له‌وه‌یه پرۆژه‌كه جێبه‌جێبكرێت كه سه‌ره‌تا خۆى ده‌ستى دایه.
عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى كوردستان، به په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ى پێشوویان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكى هه‌رێم و ئێستا پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت.
هه‌روه‌ها گوتى، چاوه‌ڕێى گفتوگۆى لایه‌نه‌كانن و ئه‌وان جه‌خت له‌سه‌ر داواكارى پێشوویان ده‌كه‌نه‌وه سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌و پرۆژه یاسایه‌ى كه پێشكه‌شى په‌رله‌مانى كوردستانیان كردبوو.
پرۆژه‌كه‌ى گۆڕان
به‌پێى ئه‌و پرۆژه‌ى كه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له خولى رابردووى په‌رله‌مان پێشكه‌شیكرد، ده‌بێت په‌رله‌مانى كوردستان له‌دواى ٤٠ رۆژ له هه‌ڵبژاردنى خولى نوێى په‌رله‌مان، لە نێو پاڵێوراوەكاندا لەرێی دەنگدانی نهێنی بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت، ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك ئەو زۆرینەیەی بەدەستنەهێنا ئەوا بۆ جاری دووەم بە هەمان شێواز هەڵبژاردن دەكرێت لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەی زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو كەسەیان دەبێتە سەرۆك كە لە دەنگدانی دووەم دا زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا. هه‌روه‌ها پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت نابێت له ٧٠ رۆژ تێبپه‌ڕێت.
هه‌ر به‌پێى پرۆژه‌كه سه‌رۆكى هه‌رێم، سه‌رۆكى باڵاى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن نییه‌و هه‌روه‌ها بۆ مه‌به‌ستى پرۆتۆكۆڵى سه‌رپه‌رشتى هێزه چه‌كداره‌كان و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌كات، هاوكات ده‌ستكارى مادده‌ى ١٠ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى كردووه كه تایبه‌ته به ده‌سه‌ڵاته‌كان.
به‌پێى پرۆژه‌كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانەى خواره‌وه له‌سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌رده‌گیرێته‌وه.
*فه‌رمانده‌ى باڵاى هێزه چه‌كداره‌كان.
*ده‌ركردنى بڕیار كه هێزى یاسایى هه‌بێت.
*مافى لێبوردنى تایبه‌تى.
*سووككردنى سزای له سێداره‌دان.
*سه‌رۆكایه‌تى باڵاى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن.
*سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
*دامه‌زراندنى دادوه‌ران و داواكارانى گشتى.
*به‌خشینى پله‌ى سه‌ربازى.
*سه‌رپه‌رشتى ئیشوكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش.
*تانه نه‌دان له بڕیاره‌كانى سه‌رۆك له دادگاكان.
هه‌روه‌ها به‌پێى پرۆژه‌كه سه‌رۆكى هه‌رێم زۆربه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى لاى ده‌مێنێت به هه‌ماهه‌نگى په‌رله‌مانى كوردستان به‌كاریان دێنێت و هاوكات به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى لاده‌مێنێت.
*بانگهێشتكردنی پەرلەمان، بۆ كۆبوونەوەی یەكەمی خولی هەڵبژاردنی نوێ.
*داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا و راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پاڵێوراوی یەكەم فراكسیۆنی زۆرینە دەستنیشان بكات.
*دوای دەستنیشانكردنی لەلایەن پەرلەمانه‌وە، پاڵێوراوی یەكەم فراكسیۆنی زۆرینە ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
*پێشنیاركردنی پرۆژە یاسا‌و بڕیاری تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم، بۆ پەرلەمانی كوردستان.
* بۆی هەیە له ١٥ رۆژدا تانە لەسەر هەمو، یان هەندێك لە ناوەڕۆكی ئەو یاسا و بڕیارەی كە ئاڕاستەی كراوە دەرببڕێت و، بیاننێرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پێداچونەوەیان تەنها بۆ جارێك.
*دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی خاوەن پلە تایبەتەكانی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری وەزیری پەیوەندیدارو ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان.
*دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی خاوەن پلە سەربازیەكان و پلەكانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ پلەكانی فەرماندەی لیوا بۆ سەرەوە، لەسەر داوای وەزیرە پەیوەندیدارەكان و ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دوسیەكی ئەندامانی.
*دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی نوێنەری هەرێم لە عێراق و، نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لە دەرەوە لەسەر داوای فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دوسیەكی ئەندامانی.
*هەڵدەستێت بە سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان و هێزەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، بە مەبەستی پرۆتۆۆڵی.
*بەخشینی نیشانەو مەدالیا، بە مەرسومێك لە سەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و، بە گوێرەی یاسا.
*جاڕدانی باری نائاسایی، بە پێی یاسایەك دوای ڕەزامەندی (٣/٢) دو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، لەسەر داوای هاوبەشی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ دۆخەكانی شەڕی بەرگری لە مەترسی هێزی دەرەكی، یان رودانی كارەساتی سروشتی، یان بڵاوبونەوەی نەخۆشی، بۆ ماوەی تەنها (٣٠) سی رۆژ، دەتوانرێت بەهەمان ڕێوشوێن نوێ بكرێتەوە.
*كاتێك پەرلەمانی كوردستان، متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر وەردەگرێتەوە، سەرۆكی هەرێم مەرسومی قبوڵكردنی متمانە وەرگرتنەوەكەیان دەردەچوێنێ و، دا‌واشیان لێ دەكا لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە، تا دەستبەكار بونی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیری نوێ بەمەرجێك لە ٦٠ شەست ڕۆژ تێپەڕنەكات.
*دەركردنی مەرسومی قبوڵكردنی دەست لەكار كێشانەوەی ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر دەردەچوێنێ و دا‌واشیان لێ دەكا لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە، تا دەستبەكار بونی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیری نوێ بەمەرجێك لە ٦٠ شەست ڕۆژ تێپەڕنەكات.
*لەم حاڵەتانەی خوارەوە سەرۆكی هەرێمی مەرسومی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەردەكات:
١. پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە بە زۆرینەی ڕها، لە سەر داوای ١/٣ یەك لەسەر سێی ئەندامەكانی، یان لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی سەرۆكی هەرێم.
٢. ئەگەر لە ماوەی (٤٥) چل و پێنج ڕۆژدا لە بانگهێشتكردنی بۆ یەكەم كۆبونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان بە دەست نەهات.
٣. ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە ئەنجومەنی وەزیران نەدا، لە سێ كابینەی وەزاری جیاوازی یەك لە دوای یەكدا.
٤. ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕاو، خولی هەڵبژاردنیش، (٦) شەش مانگ یا كەمتری مابو.
٥. نابێت لە ماوەی لێپرسینەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندا، پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.
*دەركردنی مەرسومێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستان-عێراق و، دیاری كردنی كاتەكەی، لەم بارانەدا:
١. لە پێش (٩٠) نەوەد رۆژ یان زیاتر- لە دانیشتنی رۆژی كۆتایی هاتنی ساڵی چوارەم.
٢. لە ماوەی (١٥) پازدە رۆژدا- لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بە مەرجێك نابێت رۆژی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردن لە (٩٠) نەوەد رۆژ- لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تێپەڕ بكات.