ڕاپۆرتی کوردستانی

09:31 - 13/11/2019

ناتۆ بۆ لەدژی کورد هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات؟‌

هاوپەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور (ناتۆ) لە ساڵی ١٩٤٩ لە لایەن ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا دامەزرا. ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی ناتۆ رێگریکردن بوو لە هەژموونی یەکێتی سۆڤیەت و فراوانبوونی بیری چەپ لە ناوچەکەدا.


واتە تاکە ڕێکخراوێکی گرنگی پاشماوەی سەردەمی جەنگی ساردە. لەگەڵ لاوازبوونی یەکێتی سۆڤیەت و فراوانبوونی هەژموونی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاش چوونە پاڵ هاوپەیمانێتیەکە.

لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو وردە وردە هێز و پارتە چەپەکان کە هەڵگری هزری "لێنین و مارکس و ئەنگەلەس" بوون بەهێز دەبوون. بە هۆی ئەوەی تورکیاش دراوسێیەکی سەرەکی وڵاتانی ئەوروپایە، تورکیاش سەرنجی ئەمریکا و و وڵاتانی ئەوروپای ڕاکیشا و ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٥٢ تورکیا بە فەرمی وەک هێزی ناتۆ قبوڵکرا.

 

هەر لە سەرەتادا هێزێکی شاراوە بە ناوی "کۆمسیۆنی سەفەربەرلیکی گشتی" لەنێوان دەوڵەتی تورک و ناتۆدا دامەزرا و ئامانجی سەرەکیان دژایەتیکردنی لایەنە چەپەکان  و لایەنە ئیسلامیەکان بوو.

ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندیەکانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ناتۆ بەهێز بوو و پارتە چەپەکانیش ڕێکخستنەکانیان بەهێز دەکرد. ناتۆ کە دوژمنی سەرسەختی ڕەوتی چەپ بوو بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەوڵەتی تورکیا کرد و لە کۆتاییدا توانیان شۆرشی چەپی تورکیا سەرکوت بکەن و سەرۆکەکەی دەنیز گەزمیش و هاورێکانی لەسێدارەدران و تا کۆتایی هەفتاکانی سەدەی رابردوو هەموو ڕەوتێکی چەپ وەک مەترسیدارترین هێز لەبەرامبەر دەوڵەت دەبینران و بە بەردەوامی هەوڵی لەناوبردنیان دەدرا.

لەو سەردەمەدا شۆرشی ئێران و داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٩ – ١٩٨٠، ئەمریکا و بەریتانیای ناچار کرد لە ڕێگەی تورکیاوە ڕێوشوێن بگرنە بەر.

 

سوپای شاراوەی ناتۆ بە هەموو شێوەیەک لە ناو تورکیادا خۆی هەشاردا و لە ڕێگەی دەوڵەتی تورکیاوە دژایەتیەکی سەختی رەوتە چەپەکانی کرد و تورکیا وەک جەندرمەیەکی بەهێزی ناتۆ لە ناوچەکەدا بینرا.

عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و گراهام فولەر بەرپرسێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئێی) هەرچەندە خاوەنی دوو هزری دژبەیەکن، بەڵام لەبارەی چۆنیەتی دەستبەسەرداگرتنی تورکیا لە لایەن سوپای شاراوەی ناتۆوە کۆکن.

دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی هەفتاکاندا دامەزرا. بە هۆی ئەوەی خاوەنی هزرێکی چەپ بوو و لەسەر بناغەی مارکسیزم و لێنینیزم دامەزرابوو، سەرنجی ناتۆ و ئەمریکای بەلای خۆی ڕاکێشا و هەم دەوڵەتی تورکیا و هەم ناتۆ/ئەمریکا هزری ئۆجالان و پەکەکیان وەک مەترسیەک بەرامبەر خۆیان بینی.

هەرچەندە هیچ پەیوەندیەکی ستراتیژیک لەنێوان پەکەکە و ڕووسیادا دروست نەبوو و پەکەکە زیاتر دروشمی ئازادی بۆ کوردستان هەڵگرتبوو، بەڵام هزری کۆمۆنیزم دەولەتی قووڵی تورکیا و ناتۆ/ ئەمریکای هەراسان کرد و کەوتنە دژایەتیکردنی.

دوای کودەتای سەربازی ١٩٧١ تورکیا بە فەرمی لە لایەن ناتۆوە بەڕێوەبرا
ئۆجالان لە کتێبی مانیفێستوی شارستانی دیموکراتیکدا بە وردی باس لە پەیوەندی دەوڵەتی قووڵی تورکیا و سوپای شاراوەی ناتۆ دەکات و دەڵێت، "ڕژێمی تورکیا لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا (ئەم قۆناغەش) لە ڕێگەی هێزە شاراوەکەی ناتۆ پلان و بەرنامەی پاکتاوکردن و لەناوبردنی گەلی کوردی داڕشتووە و سەرمایەیەکی زۆر گەورەیان بۆ پڕۆژەکەیان تەرخانکردووە. لە تورکیا و کوردستانیش ڕۆڵێکی گرنگیان پێدراوە.

ئۆجالان ئاماژە بەوەدەکات، "یەکەمین چالاکی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵێ ١٩٥٢ شەڕی دژی کۆمۆنیستەکان بوو. هەرچەندە ڕۆڵی هێزە شاراوەکەی ناتۆ دوای کودەتای سەربازی ١٩٨٠  دەردەکەوێت، بەڵام ٩ ساڵ بەر لە کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ ڕۆڵی سەرەکی لە کودەتای ١٢ی ئازاری ١٩٧١ بینیوە و توانیویەتی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و هەموو ئەو ڕووداوانەی تیرورکردنی شۆڕشگێر و ڕۆشنبیر و هاوڵاتیان بە تایبەتی کۆمەڵکوژیەکانی گۆڕەپانی تەقسیم و شاری مەڕەش و هەوڵی تیرورکردنی بولەند ئەجەڤیت لە لایەن سوپای شاراوەی ناتۆیەوە ئەنجامدراون.

 

عەبدوڵلا ئۆجەلان لە کتێبەکەیدا هەروەها باسی ئەوەش دەکات، کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ گرنگترین ئۆپەراسیۆن و کاری هێزە شاراوەکەی ناتۆیە. ناتۆ و دەوڵەتی قووڵی تورکیا لە سەر ئاستێکی بەرز و شاراوە ڕۆڵیان گێڕا و جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتیان کۆنتڕۆڵکرد

دەوڵەتی قووڵی تورکیا و ناتۆ بەیەکەوە شەڕی کورد دەکەن
گراهام فولر کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرپرسی پلە باڵای "سی ئای ئێی" بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر ئەم پرسە دەڵێت، 'لەو قۆناغەدا پڕۆژەی کەمەری سەوز "ئاماژەیەک بۆ ئیسلامیەکان" لە لایەن ئەمریکا و ناتۆ لەدژی فراوانبوونی چەپەکان بەڕێوەبرا.

فولر ئاماژە بەوەدەکات، ناتۆ و ئەمریکا ئەو کاتە تێگەیشتن، بەکارهێنانی ئیسلام لەدژی کۆمۆنیزم دەتوانێت ڕۆڵیکی باش بگێڕێت. تورکیاش بەو هۆیەوە پڕۆژەکەی قبوڵکرد کە چەپەکان لەو وڵاتە بەهێز ببوون.

لە ڕێگەی بۆچوونەکانی فولرەوە دەتوانین لە ڕیشە و بناغەی دەوڵەتی قووڵی تورک و دوژمنایەتی بەرامبەر گەلی کورد  تێبگەین. دەوڵەتی قووڵ سیاسەتی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکە و ئەو سیاسەتە بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات و ئەرگەنەکۆن و هێزە شاراوەکەی ناتۆ بەیەکەوە ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبەن.

 

گراهام فولر دەڵێت، "بزوتنەوەیەکی بەهێزی چەپ لە تورکیا هەبوو، دەوڵەتی تورکیا لە ئیسلام زیاتر چەپەکانیان وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەبینی. ئەمریکاش ناچار بوو، سیاسەتێکی نیوەچڵ لە تورکیا بەڕێوەببات. لە لایەک ئەمریکا ناچار بوو لەبارەی پرسی دیموکراسی کار بکات و لە لایەکەوە ناچار بوو ئاگاداری پرسی چەپ بێت.

بەو هۆیەشەوە بۆ یەکەمینجار پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لایەن دەوڵەتی ئەڵمانیاوە کە ناوەندی دامەزراندنی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکوورە لە ساڵی ١٩٨٥ خرایە لیستی تیرورەوە و دوابەدوای ئەوەش وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پەکەکەیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدا.

سەنتێزی تورک – ئیسلام
دوای کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ کەسایەتی ئیسلامی و پارتە ئیسلامیەکان بەشداریان لە سیاسەت کرد. لە مێژووی تورکیای کەمالیستیدا هیچ هێزێکی ئیسلامی نەیدەتوانی بە شێوەیەکی چالاک کار و خەبات بکات و بە ئازادانە دەربازی کاری سیاسی ببێت. بەڵام دوای ئەوەی ناتۆ و ئەمریکا لەوە تێگەیشتن کە ئیسلامی سیاسی دەتوانێت ڕێگری لە هزری چەپ بکات، پەلکێشی ناو سیاسەت کران و پارتی ڕەفاهی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نەجمەدین ئەربەکان کە پارتی داد و گەشەپێکدان ئاکەپەش درێژەی ئەو پارتەیە، بۆ گۆڕەپانی سیاسەت پەلکێشکران. ئیسلامی سیاسیان بەکارهێنا کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە 'حزبوڵلا" دامەزرێنرا و بە هاوکاری دەوڵەتی قووڵی تورکیا دەستیان بە کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی کەسایەتیی، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و کوردە وڵاتپاریزەکان کرد.

 

بەو شێوەیە بۆ یەکەمین جار سەنتێزی تورک – ئیسلام سەریهەڵدایەوە و تا ئێستاش بە پێشەنگایەتی ئەردۆغان و ئاکەپە لەسەر دەسەڵاتە.

ئەرگەنەکۆن وەک لقی تورکیای هێزە شاراوەکەی ناتۆ
هاوکات لەگەڵ پاشەکشێی ڕووسیای سۆڤیەت لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بچووکبوونی هەژموونیی، هێزە شاراوەکەی ناتۆ جگە لە تورکیا گرنگی خۆی لە زۆربەی وڵاتان لەدەستدا.

لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ هێزە شاراوەکەی ناتۆ هیزێکی شاراوەی بە ناوی ئەرگەنەکۆن دامەزراند و دەوڵەتی قووڵی تورکیاش ئەرگەنەکۆنی وەک ئالەتێک لە باکووری کوردستان بەکارهێنا  و هەموو سەرنج و هێزێکی خستە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ئامانجی سەرەکی ئەرگەنەکۆن کوشتنی سەرمایەدارانی کورد، موخاتەبەکانی پرسی کورد، ڕوشنبیر و کەسایەتیە دیارەکانی کورد بوو. ئەو هاوکاریە مێژووییەی دەوڵەتی قووڵی تورک و هێزە شاراوەکەی ناتۆ بەرامبەر گەلی کورد لە باکووری کوردستان بەردەوامە و لە ئێستادا سەنتێزی تورک – ئیسلام (ئاکەپە – ئەردۆغان) لە تورکیا کاری بۆ دەکەن.

قبوڵکردنی تورکیا وەک دووەم هێزی ناتۆ و هاوکاریەکانی ئەوروپا لە ڕووی چەک و قەڕزە بانکیەکان و بێدەنگیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان و ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناو خاکی کوردستان و دەستوەردانی تورکیا لە قەیرانەکانی سوریا، یەمەن، لیبیا، تونس و ژمارەیەک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانەی بەردەوامی پەیوەندیە بەهێز و مێژوویەکەی دەوڵەتی قووڵی تورکیا و هێزە شاراوەکەی ناتۆیە.