لێکۆڵینەوە

02:39 - 14/11/2019

مستەفا پاشای یاموڵکی.. ئەو کوردەی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەتاتورك دەركرد‌

پەیسەر

لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، بەڵام ئەستێرەی بەختی لە ئیستەنبوڵ درەوشاوەتەوە. لە پایتەختی خەلافەتەکەی عوسمانییی ئەو پیاوە کوردە دەبێتە سەرۆکی دادگای عورفیی و بە دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەتاتورک، ناووناوبانگی دەگاتە لوتکە. ئەو پیاوە مستەفا پاشای یاموڵکییە.

مستەفا پاشای یاموڵكی یەكێك لەو کوردانەی لە سەرەتای سەدەی بیستدا، ناوبانگەکەی سنوورەکان دەبڕێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. کەچی تائێستا لەناو میللەتەكەی خۆیدا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە.
مستەفا پاشای یاموڵكی لە كۆتایی تەمەنی دەوڵەتی عوسمانیییدا کە کەوتە سەرەتای سەدەی بیستەوە، دەبێتە سەرۆكی دادگای عورفیی دەوڵەتی عوسمانییی. دواتر بە تۆمەتی " خیانەتی نیشتمانیی" بڕیاری لە سێدارەدان بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورك کە دواتر بوویە دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری تورکیا دەردەكات.
كاتێك ئەتاتورك دەوڵەتی توركیای مۆدێرنە بنیات دەنێ، مستەفا پاشا لە ڕیزی ئەو 150 كەسەدا دەبێ کە بڕیاری لێخۆشبوون نایانگرێتەوە. بۆیە ئەو ڕۆژەی زیندوو بوو، یاموڵکی نەیتوانی بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە.
یاموڵكی یەكێكە لەوانەی لەسەر قەتڵوعامی ئەرمەنەكان خەڵكی لە سێدارەداوە و بە ئاشكرا باسی لە قەتڵوعامی ئەرمەنەكان كردووە، ئەوانەی دەیانناسی گەواهی بۆ دەدەن کە بۆ وڵاتەكەی هەمیشە خەمخۆربووە، تەنانەت یەكێكە لەوانەی كە پرۆگرامی خوێندنی بە زمانی كوردی داڕشتووە و لەسەردەمی مەلی شێخ مەحموددا وەزیری مەعاریف بووە. كاتێكش بۆی دەرکەوتووە قوتابخانەکان مامۆستایان کەمە، ناچار خۆی وانەی كوردی فێری منداڵان كردووە.
 
لە سابوونکەرانەوە بۆ ئیستەنبوڵ
مستەفا عەزیز ناسراو بە مستەفا پاشای یاموڵکی ساڵی ١٨٦٦ لە گەڕەکی (سابوونکەران)ی شاری سلێمانی لە دایکبووە. دواتر وەک هەموو منداڵانی سەردەمی خۆی، لە لایەن دایکیەوە لە (مزگەوتی سەید حەسەن) لای مەلا فەتاح و عیرفان ئەفەندی کە زانای بەناوبانگی ئەو سەردەمەی سلێمانی بوون، خراوەتە بەر حوجرەو خوێندنی ئاینیی.
"دوای ساڵێک خوێندن لە سلێمانی، ئەمجا نێردراوەتە بەغدا پۆلەکانی تری روشدییەی عەسکەری تەواو دەکات، بڕوانامەی ئەو قۆناغەی خوێندنیشی لە ١٣/٦/١٨٧٩ وەرگرتووە خراوەتە ئیعدادیەی عەسکەری بەغدا. بۆ تەواو کردنی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی سەربازیی دەچێتە شاری بەغدا، لە ئیمتحاندا لە کۆی ٢٨٥ نمرە ٢٨٠ وەردەگرێت. تەمەنی ١٤ ساڵان بووە کە عەزیزی باوکی ساڵی ١٨٧٨ کۆچی دوایی دەکات". (عەبدولعەزیز یاموڵکی، ل ١١٠-١١١)  مستەفا پاشا دوای تەواوکردنی خوێندن لە بەغدا، بۆ ماوەیەک گەڕاوەتەوە سلێمانی.
لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا، بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن، سلێمانی بەجێ هێشتووە روویکردووەتە ئیستەنبوڵ. ١٣ی ئابی ١٨٨٢ چووەتە ریزی سوپای عوسمانیی و سەرەتا وەک پیادەیەک ناونووس کراوە، بەڵام دواتر لە ١٨٨٥ کۆلیژی حەربییەی بە پلەی نایاب تەواو کردووە و لە کۆی ١٥٠ نمرە، ١٤٦ نمرەی وەرگرتووە و بووە بە مولازمی دووەم لە لەشکری پیادەی ئەرکانی حەربیی. دواتر پلەکەی بەرز بووەتەوە بۆ مولازمی یەکەم. 
مستەفا پاشا هێشتا قوتابی بووە لە کۆلیژی حەربییە کە سەفیەی حسێن پاشای خەندانی مارە کردووە. ساڵی ١٨٨٨ کاتێک خوێندنی تەواو کردووە، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لە ئەسکەلەی (صلاجق)ی ئۆسکۆدار گێڕاوە. سەفیەی هاوسەری هەرچەندە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواو کردبوو، بەڵام ژنێکی ژیر و وریا بووە.
دوای تەواوکردنی کولێژی ئەرکانی حەربیی، بووەتە ئەفسەری ڕوکن لە وەزارەتی جەنگی عوسمانییدا. نزیکەی ساڵێک لە دائیرەی ئەرکانی گشتی جەنگدا دەوامی کردووەو ساڵی١٨٨٩ پلەکەی بەرز بووتەوە بۆ صاغ (راید)
دوایی لەبەر ئەوەی زەفەر خانمی خەسووی ویستویەتی بچێ بۆ حەج، ئەمیش لەبەر خاتری ئەو وەزیفەکەی گواستوەتەوە بۆ فیرقەی ئەرکانی جەنگ لە حیجاز و لەسەر چیای (ئەبوقوبەیس)ی مەککەدا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە حیجاز وەک بەرپرسی حساباتی بنیاتنانی باڵەخانە سەربازییەکان ماوەتەوە.
لەو کاتەی کە لە حیجاز بووە، سەرپەرشتی تێکشکاندنی ئەو گروپە جوداییخوازانەی کردووە کە لە ناوچەی عەقەبە بە پشتیوانی ئینگلیزەکان راپەڕیبوون. بەهۆی ئەو سەرکەوتنەوە ساڵی ١٨٩٢دا پلەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ بینباشی (موقەدەم) و گوازراوەتەوە بۆ مەرکەزی شەشەمین ئۆردوی هوماێۆنی ئەرکانی حەرب لە بەغدا. 


سەردەمی دیپلۆماسی
مستەفا پاشا، ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ١٨٩٢ دەگوازرێتەوە بۆ سلکی دیپلۆماسی، یەکەم وێستگەی لەو بوارەدا،  لە شاری سەڵماس و خۆی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەبێتە کونسوڵی عوسمانیی.
مانگی ئاداری ١٨٩٣ دوای پێنج ساڵ لە زەماوەدنی خۆی و سەفیە، دەبنە دایکوباوکی کچێک و ناوی دەنێن (زەهرا زێڕین تاج) زۆر نابات  پلەکەی بەرز دەکرێتەوە بۆ سەرکونسوڵ، پاشان گوێزراوەتەوە بۆ شاری سنە. عەبدولعەزیز دەڵێت: 
"لە سنە لە مەنتەقەی ئەمانییە ئیقامەتمان کرد، لە نزیک ئەمانییە گردێکی بەرزی جوان هەبوو، ئێمە لەسەر لوتکەی گردەکە بووین. لە ناوەڕاستی گردەکە ئیقامەتگاهی حاکمی ویلایەت هەبوو، حاکمەکە ناوی (حسام ئەلمولک) بوو، کوڕەکەی ناوی ئیحتشام ئەلدەولە بوو، کچی شای ئێران موزەفەرەدین (قەمەر ئەلسەڵتەنە) ژنی بوو، دەرەجەی ئەمیر تومانی پێدرابوو".
 
کاتێک لە سنە ماونەتەوە، هەرایەکی مەزهەبیی لەنێوان خەڵکی سوننەمەزهەبی سنە و حکومەت سەریهەڵداوە، زۆر لە گەورە پیاوانی شارەکە کوژراون و خەڵک دەورەی سەرای حکومەتی داوە. حیسامول مولک و کوڕەکەی (ئیحتشامول دەولە) و (قەمەر ئەلسەڵتەنە)ی ژنی، پەنایان بردووەتە بەر مستەفا پاشا. ئەویش بەهۆی ئەو ناوبانگەیەوە کە لە ناو خەڵکدا هەیبووە، هەراکە دادەمرکێنێتەوە.
مستەفا پاشا لەو هەرەیەدا کچەکەی شای ئێران رزگار دەکات و پاشان لە تاران تەسلیمی بنەماڵەکەی کردووەتەوە. بەو هۆیەوە شای ئێران میدالیای دەرەجە دووی شێروخورشیدی ئێرانی پێ دەبەخشێ. سوڵتانی عوسمانییش لەبەر سەرکەوتنەکانی لە کاری دیپلۆماسیدا، میدالیای (مەجیدی سێیەم)ی پێ داوە.

دووەم منداڵی مستەفا پاشا و سەفیەی خێزانی، ساڵی ١٨٩٥ لە شاری سنە لە دایک دەبێ و ناوی دەنێن نجوم. 
 دوای ماوەیەک مانەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو دیپلۆمات، فەرمانی گواستنەوەی بۆ کونسوڵخانەی موستەحکەمی شاری قارس لە قەفقاسیای سەربە روسیا دەردەچێ. دوای نزیکەی سێ ساڵ لە کاری دیپلۆماسی، ساڵی ١٨٩٨ دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە و لەسەر خواستی خۆی جاریکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ریزەکانی سوپای عوسمانیی. 

گەڕانەوە بۆ ناو سوپا
کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ریزەکانی سوپا، کراوە بە قایمقامی رەئیسی ئەرکانی حەربی ئۆردوی شەشەم لە بەغدا. لە گەڕەکی مەیدان بە تەنیشت ماڵی  نامیق پاشا (١٨٣١-١٩١٧) والی بەغداد خانوویەک دەکڕێت و ماڵەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەوێ. مستەفا پاشا پێش ئەوەی بچێت بۆ بەغدا، بە مەبەستی بردنی منداڵەکانی، لە ساڵی ١٨٩٨ دوای چەندین ساڵ دوور کەوتنەوە بۆ یەکەم جار لە تەورێزەوە هاتووەتەوە بۆ سلێمانی.
ئەو کاتەی لە بەغدا بووە، کە عەبدولوەهاب ئەفەندی دەفتەرداری ویلایەتی بەغدا موچەی خانەنشینی ئەو شارەی نەداوە. خانەنشینەکان هاتوون بۆ لای مستەفا پاشا و سکاڵای حاڵی خۆیان دەکەن. عەبدولعەزیزی کوڕی بەمشێوەیە رووداوەکە دەگێڕێتەوە: "لەو سەردەمەدا موچەی عەسکەریی و موڵکی بە مانگ دوا ئەکەوت، رۆژێک چەند عائیلەیەکی موتەقاعیدین موراجعەتیان بە باوکم کرد و پێیان راگەیاند کە مەعاشی چەند مانگیان وەرنەگرتووە. ئەویش جوابی نارد بۆ دەفتەرداری ویلایەت (عەبدولوەهاب ئەفەندی) کە بەشێک لەو مەعاشەی کە کۆبووەتەوە بیدات و یارمەتی ئەو زوڵم لێکراوانە بدات. رجای لێکردبوو کە یارمەتیان بدات، بەڵام دەفتەردار لە جیاتی یارمەتی هەموویانی داوەتەبەر جوێن و قسەی زۆر ناشیرین و بێ ئەدەبانەی پێ وتبوون. چونکە ئەو عەبدولوەهاب ئەفەندییە بۆ سودی خۆی پارەی کۆئەکردەوە، باوکم کە ئەمەی بیست زۆری پێناخۆش بوو، تەواو بێ تاقەت بوو. رۆژێک لە رێگا توشی دەفتەردار دەبێ، باوکم شەڕی پێ ئەفرۆشێ و ئەڵێ تۆ بە کەرە سپییەکەت خۆت لێ داوم. لەسەر کەرەکە دایئەبەزێنێ و تێروپڕی لێ ئەدا، دوایی سواری کەرەکەی ئەکاتەوە. ئەم واقیعەیە هەموو خەڵکی بەغدا ئەزانێ، عائیلەی موتەقاعیدەکان هەموویان هاتن بۆ ماڵەوە، زۆر سوپاسی باوکمیان کرد.. لەم رووداوەدا موشیر ئەحمەد فەیضی پاشا لایەنی باوکمی گرت، بەینی عەسکەرییە و موڵکییە تێکچوو، هەندێ لە سەربازانی مەدفەعییە تاڵانی بازاڕیان کرد.. ئینجا دەفتەردار لە ترسا دەستی کرد بە دانی مەعاشی ئەوانەی کە مەعاشیان دواکەوتبوو." (مامۆستای کورد ژ ٢٧، ل٥٤) 
لەسەر ئەم رووداوە، لە ئیستەنبوڵەوە هەیئەتێکی لێکۆڵینەوە کە لە سێ پاشا پێکهاتبوو دێن بۆ بەغدا، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەسەر دەفتەرداردا شکاوەتەوە و لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. 
 مستەفا پاشا لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٠٢ بە بیانوی ئەوەی هەوای بەغدای پێ ناکەوێ، داوای گواستنەوەی کردووە. لەسەر داوای خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی جەنگی فیرقەی سێواس گوێزاوەتەوە.


ساڵانی ١٩٠٣-١٩٠٤ پلەکەی بۆ میرئاڵا بەرز کراوەتەوە، کانوونی یەکەمی ١٩٠٥ ئیرادەی سوڵتانی بۆ پێکهێنانی دەستەی لێکۆڵینەوەی سنووری ئێران و عوسمانیی، بە سەرۆکایەتی واحید پاشا دەرچووە، مستەفا پاشا بووە بە ئەندامی ئەو دەستەیە و بۆ ئاشتەوایی تیرە ناکۆکەکان سەردانی بەسرە و سلێمانی کردووە. هەر ئەو ساڵە لە ناوچەی لاچین سەرپەرشتی شاندی عوسمانیی کردووە و تا سەردەمی مەشرووتە بەردەوام بووە.
٢٢ی شوباتی ١٩٠٨ گەڕاوەتەوە ئیستەنبوڵ و کراوە بە قوماندانی لیوای نیزامیی بیستویەکەم لە ئۆردووی شەشەمی سوپای عوسمانیی.
مستەفا پاشا ٧/٣/١٩٠٨ بوو بە قۆماندانی لیوای نیزامیە لە شەشەمین ئۆردوی نیزامی لە بەغداد. ساڵی ١٩١٠ کراوە بە قۆماندانی فیرقەی نیزامی لە ئازەربایجان.
 

فەرمانی لە سێدارەدان  بۆ ئەتاتورك
دوای شکستی دەوڵەتی عوسمانیی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لە ٣٠/١٠/١٩١٨ ئاگربەستی (مودروس) لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان و دەوڵەتی عوسمانیی راگەیەندرا. دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨، لە دەوڵەتی عوسمانیی حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی (داماد محەمەد عادیل فەرید پاشا ١٨٥٣ - ٦/١٠/١٩٢٣) لە ٤ی ئازاری ١٩١٩ راگەیەنرا.
دوای دەست بەکاربوونی کابینەی نوێ، دەست کرا بەهەڵماڵینی پەردە لەسەر تاوانەکانی حکومەتی ئیتیحاد و تەرەقی. بە تایبەتی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە ئەرمەنەکان. 
وڵاتانی سەرکەوتوو لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی دەوڵەتی عوسمانییدا لە ١٨/١٢/١٩١٩ دادگایەکیان لە پێنج کەس پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لە کاتی جەنگدا روویداوە، بە فەرمانی داماد فەرید پاشا ١٨٥٣-١٩٢٣ و  پشتیوانی کردنی ئینگلیزەکان، لە سەرەتادا مستەفا پاشا یاموڵکی کرا بە ئەندامی ئەو دادگایە.

بەڵام فەرید پاشا لە تشرینی یەکەمی ١٩١٩ دەستی لەکارکێشایەوە و عەلی رەزا پاشا ١٨٦٠-١٩٣٠ لە ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩١٩ کابینەی نوێی پێکهێنا، ئەم کابینەیە زۆری نەخایاند و لە ٢ی ئازاری ١٩٢٠، عەلی رەزا پاشا دەستی لە کار کێشایەوە و جارێکی دیکە داماد فەرید پاشا لە ٥ی نیسانی ١٩٢٠ کابینەیەکی نوێی راگەیاند.
فەرید پاشا، لە ١٠ی نیسانی ١٩٢٠، واتە دە رۆژ دوای دەستبەکار بوونی، ئیرادەییەکی سنیەی دەرکرد و مستەفا پاشا یاموڵکی کرد بە سەرۆکی فەوقەلعادەی دادگای دیوانی عورفیی یەکەم. رۆژی ١١ نیسانی ١٩٢٠، مستەفا پاشا دەستی بە دادگاییکردنی ئەوانە کرد کە تورکیایان راکێشابووە ناو جەنگەوە و لە سوڵتان یاخی ببوون.
دادگاکە چەند ئەرکێکی گرنگی پێ سپێدرا، لەوانە دادگاییکردنی سەرانی ئیتیحاد و تەرەقی. رۆژنامەی (العرب) کە دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەکانەوە لە ساڵی ١٩١٧ەوە دەرچووە، لە ژمارە ٥٤١ی رۆژی ١ی ئایاری ١٩١٩دا جۆری ئەو تۆمەتانەی خستوەتەڕوو کە سەرانی ئیتیحادوتەرەقیی پێ محاکەمە کراون، بریتی بوون لە:
١. بەشداری کردن لە جەنگدا بەبێ هۆ.
٢. بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست سەبارەت بە هۆکارەکانی جەنگ و پێدانی زانیاریی هەڵە لەسەر رووداوەکان و بەڕێوەچوونی جەنگەکە.
٣. رەتکردنەوەی داواکارییە شەرەفمەندانەکانی هاوپەیمانان، پێش سەفەربەلک و چوونە پاڵ ئەڵمانیا بێ هیچ گرەنتی و بەڵێنێک لە لایەن ئەو وڵاتەوە. 
٤. سپاردنی جەنگەکە بە کەسانێک کە هیچ شارەزاییان لە کاروباری سەربازییدا نەبووە، هەروەها ئەنجامدانی کاری سەرشێتانە و بەکارهێنانی وزە و توانای ئومەت لە پێناوی بەرژەوەندی کەسیی.
٥. دەرکردنی فەرمان و بڕیاری وا کە لەگەڵ رێساکانی مافی مرۆڤدا نەگونجێن و دژ بە گیانی دەستوری مەملەکەتن و وڵاتیان گەیاندە رادەی کارەسات.
٦. رازی نەبوون بە ئاشتی، بە تایبەتی پاش روخانی روسیا.
٧. وێرانکردنی ئابووری وڵات و بەتاڵان بردنی داهات، لە پێناوی دەوڵەمەندکردنی هەندێ کەسدا.
٨. گرتنەبەری سانسۆری ناپێویستی سیاسیی و سەربازیی و نەهێشتنی ئازادی چاپەمەنی و پەیوەندیکردن و رێگەگرتن لە هاتنی چاپەمەنی ئەوروپایی بۆ ناو وڵات.
٩. دروستکردنی پشێوی لە ناوخۆی وڵات و واڵاکردنی دەستی چەتەکان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر نامووس و موڵک و ماڵ و گیانی خەڵک.
دادگاکە لە نیسانی ١٩٢٠ دەستی بەکارەکانی کرد و تا تەموزی ساڵی ١٩٢٠ بەردەوام بوو. یەکێک لە دیاردەکانی نێو دادگاکە بەشداریکردنی دوو نوێنەری ئەرمەنی بوو، ئەو دوو کەسە راپۆرتێکیان سەبارەت کوشتنی یەک ملیۆن ئەرمەنی و راگواستنی ٢٥ هەزار رۆمی و دەست بەسەراگرتنی ماڵ و موڵکیان خستە بەردەم دادگاکەوە، دادگاش تاوانی جینۆساید کردنی ئەرمەنییەکانی خستە بەرنامەی کارەکانییەوە.
یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی مستەفا پاشا یاموڵکی، دەرکردنی فەرمانی لە سێدارەدان بووە بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک، لیوا فوئاد پاشا، میرئالای قەرە ئاسف و فەریق مستەفا فەوزی پاشا و دکتۆر عەدنان بەگ و رەئوف بەگ و چەندین ئەفسەری دیکەی سوپاکەی مستەفا کەمال لە ٢٠ی ٥ی ١٩٢٠.(ئەمین محەمەد سەعید ل٢٣) رۆژنامەی (العراق) لە ژمارە ٤٤ی رۆژی ٢٢ی تەموزی ١٩٢٠ بەمشێوەیە هەواڵی دەرکردنی فەرمانی لە سێدارەدانەکەی بۆ مستەفا کەمال بڵاوکردووەتەوە:
دادگای دیوانی حەربیی لە ئەستانە، حوکمی ئیعدامکردنی بە غیابی بۆ مستەفا کەمال پاشا، قەرە ئاصف بەگ، عەلی فوئاد پاشا، رۆستەم بەگ، ژنە نووسەری ناوداری تورک خالدە ئەدیب خانم و دکتۆر عەدنان بەگ، دەرکردوە". ٢٤ی ئازاری١٩٢٠ دیوانی سەدری ئەعزەم رەزامەندی لەسەر بڕیارەکە دەربڕییووە. 
هەموو ئەو حوکمانەی کە لە دادگای عورفیی سەربازی دەرکراون، لە لایەن سوڵتان محەمەدی شەشەم، دوایین سوڵتانی عوسمانیی و داماد فەرید پاشاەوە ئیمزایان لەسەر کراوە. دوای بڕیاری لە سێدارەدان بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک، فەرمانی گرتن بۆ ئەو و تاوانبارانی دیکەی کەیسی ئەرمەنییەکان دەرچوو. بەڵام دوای بڕیاری دادگا، جگە لە مستەفا کەمال، تاوانبارە سەرەکیەکانی ئەو کەیسە، تەلعەت پاشا و ئەنوەر پاشا بۆ ئەڵمانیا هەڵهاتن.
مستەفا کەمال و لایەنگرانی دوای دەرکردنی ئەم بڕیارە، بە مستەفا پاشایان دەوت نەمروود، کاتێکیش هاتنە سەر دەسەڵات یەکەم ئیشیان ئەوە بوو هەموو بڕیارەکانی دادگاکەی مستەفا پاشایان هەڵوەشاندەوە و ناوی مستەفا پاشایان خستە لیستی داواکراوەکانەوە.


قەتڵوعامی ئەرمەنەکان
کە باس لە قەتڵوعامی ئەرمەنییەکان دەکرێت، لە پاڵ تۆمەتبارکردنی تورکەکان، یەکسەر پەنجەی تۆمەتیش بۆ کورد رادەکێشرێ. میژوونوسانی کورد زۆر هەوڵیان داوە ئەو تۆمەتانە بسڕنەوە، یان کاڵ بکەنەوە. بەڵام هیچ کاتێک ئاماژەیان بەوە نەداوە کە رۆژگارێک کەسایەتیەکی وەک مستەفا پاشای کورد دادگایی تاوانبارانی کوشتنی ئەرمەنییەکانی کردووە، بگرە لەبەرئەو کارەی لەلایەن دادگاکانی ئەتاتورکەوە فەرمانی زیندانیکردنی بۆ دەرچووە. 

لە نێو ئەوانەی بە کوشتنی ئەرمەنەکان تۆمەتبار کرابوون، دوو کەس هەبوون کە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە جێبەجێکردنی سیاسەتی جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا. (محەمەد کەمال بەگ ١٨٨٥-١٩١٩) کە حاکمی ویلایەتی (يوزگات) و (بەهرام زادە نوسرەت ١٨٩٩-١٩٢٠) حاکمی ولایەتی (بايبورت).
محەمەد کەمال بەگ، لە لایەن مستەفا پاشا، کە ئەو کاتە داواکاری گشتی بوو، تۆمەتی کوشتنی ٦٢٠٠٠ ئەرمەنی لە (يوزگات) درایە پاڵیەوە. لە ٢٩ ئازاری ١٩١٩ دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد. لە ١٠ی نیسانی ١٩١٩ سزاکە لە گۆڕەپانی بایزید لە ئیستەنبوڵ جێبەجێ کرا. (
بەهرام زادە نوسرەت، لە ساڵی ١٩١٥ رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکاندا، لە ٢٠/٤/١٩٢٠ لە لایەن مستەفا پاشا یاموڵکییەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکراوە، دوای چەندینجار تێهەڵچوونەوە، سێ ژنی ئەرمەنی لە دوایین دادگاییکردنیدا وەک شایەتحاڵ هاتنە دادگاکەو شایەتیاندا و وتیان دوای کوشتنی مێرد و کوڕەکانیان، نوسرەت بەگ دەستدرێژی کردووتە سەریان. بەمجۆرە مستەفا پاشا لە ١٧/٧/١٩٢٠ جارێکی دیکە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکردەوە.
رۆژی ٤/٨/١٩٢٠ سوڵتان ئیمزای لەسەر حوکمەکەی کرد و لە ٥/٨/١٩٢٠ لە گۆڕەپانی بایزید لە ئیستەنبوڵ لە سێدارەدرا. لەو وەسیەتنامەیەی کە پێش لە سێدارەدانەکەی بۆ براکەی بەجێی هێشتبوو، نوسیویەتی: من قوربانیی رق و قینەکانی مستەفا پاشام.

نەمروود
دوای ئەو بڕیارانە لایەنگرانی ئەتاتورک هێرشێکی زۆریانکردە سەر مستەفا پاشا و ناویان نا (نەمروود) گوایە ناسیۆنالیستێکی کوردە و بڕیارەکانی وەک نەمروود نادادپەروەرانەیە. لە وەڵامی ئەواندا مستەفا پاشا لە ١٥/٩/١٩٢٠ بە رۆژنامەی (D›Orient)ی رایگەیاندووە: "من لایەنگری دادگایەکی کراوە و سەربەخۆم،  ئەوان تۆمەتبارم دەکەن کە من لە بڕیارەکانمدا توندوتیژم، یان ناسیۆنالیستم، ئەو تۆمەتانە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیانە) 
مستەفا پاشا، هاوسۆزییەکی زۆری بۆ ئەرمەنەکان هەبووە و بەچاوی خۆی زوڵم و زۆری تورکەکانی بینیووە کە دەرحەقیان کراوە. بۆیە زۆرجار پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕیوون. تەنانەت لەگەڵ پارتی نەتەوەیی دیموكراتی ئەرمەنیدا كە لە لایەن پاتریارکی ئەرمەنەوە پشتیوانی لێكراوە، پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە، ئەمەش هێندەی دیکە رقی تورکەکانی هەڵساندووە. 
فەریدوون عەتا سەبارەت بە نزیکی مستەفا پاشا لەگەڵ ئەرمەنەکان و مەبەست لەو نزیککەوتنەوەیە  لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی: "مستەفا پاشا دوای گەڕانەوە لە بورسا و ئەو كاتانەی كە سەرۆکی دادگا بووە، بەردەوام بووە لە دژایەتی کردنی میللەتی تورك، هەمیشە لەگەڵ ئەرمەنەكاندا لە پەیوەندیدا بووە، لەوەدا ئامانجی  ئەوەبووە پشتگیری بۆ جوڵانەوەی كوردایەتی بدۆزێتەوە، لە رێگەی لێدوانەکانییەوە لەبارەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەکان، هەوڵی داوە سەرنجی ئەرمەنەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی رابکێشێت.
150 كەسەكە

پاش راگەیاندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٤، حکومەت لیستێک لە ناوی ئەو کەسانەی ئامادە کرد کە گوایە خیانەتیان لە تورکیا کردووە و دەبێ لەناوببرێن. لەسەرەتادا ئەو لیستەی کە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی کردبوو لە ٦٠٠ کەس پێکهاتبوو. بەڵام بەپێی خاڵیکی پەیماننامەی لۆزان دەبوایە ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەبێ لە ناو ببرێن لە ١٥٠ کەس تێپەر نەکات.  پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر، لیستەکە کەم کرایەوە بۆ ١٤٩ کەس. لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٤ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و مەجلیسی مەزنی تورکیا بڕیار لەسەر ناوی ئەو ١٤٩ کەسە درا. بەڵام لە یەکی حوزەیرانی ١٩٢٤ بە بڕیارێکی حکومەت ناوی رەفعەت بەگ'یش خرایەسەر لیستەکە و ژمارەکە بوو بە ١٥٠ کەس. لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٨ بە پێی یاسایەک ئەو بڕیارە هەڵوەشینرایەوە.
مستەفا پاشا لە ریزبەندی ٣١هەمین کەسدا بووە. بێجگە لە مستەفا پاشا چەندی کوردی دیکەش بەهەمان تۆمەت خرابوونە لیستەکەوە لەوانە (کورد ئەحمەد).  ئەحمەد حەمدی بەگ ١٨٤٨- ١٩٣٨ حەمدی بەگ کە ١٨٧٨ مەکتەبی عەسکەری تەواوکردووە دۆستێکی نزیکی مستەفا پاشا بووە. لە شەڕی بالکاندا رۆڵی سەرەکی بینووە، ساڵی ١٩١٤ خانەنشینکراوە. سکرتێری جەمعەیەتی تەعالی کوردستان بووە، دوای سەرکەوتنی هاوپەیماننان بە سەر تورکیادا، جارێکی دیکە ئەستێرەی بەختی گەشاوەتەوە ولە نیسانی ١٩١٩ کراوە بە وەزیری دەریایی دەوڵەتی عوسمانیی تاوەکو تەمووزی ١٩١٩. یەکێک بووە لەوانەی بەناوی دەوڵەتی عوسمانیییەوە، ئیمزای لە سەر پەیماننامەی سیڤەر کردوە. دوای راگەیاندنی کۆماریی، ئەویش بە ژمارە ١٣ لە لسیتی داواکراوەکانی  مستەفا کەمال بووە. بۆیە هەڵهاتووە بۆ یۆنان و دواتر بریتانیا و میسر و پاشان تاو کۆچی دوایی لە تیرانای پایەتەختی ئەلبانیا سەقامگیر بووە. 

دەستبەکاربوونی حوکمداری کوردستان
پاش پشوویەک، ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ حوکمداری کوردستان بە دەرکردنی ئیرادەی حوکمڕانی ژمارە (١) بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بەکارەکانی کردووە. لەو ئیرادەیەدا شێخ مەحمود بەرنامەی کاری خۆی بەم شێوەیە دیاری کردووە:
 "ئەی میللەتم، ئەمین بن کە زامنی سەعادەت و موەفەقییەتی ئەقوام، ئیتیحاد و ئیتیفاقە، میللەتێ کە خوێنی رشتبێ بۆ حەقی خۆی، قەطعییەن مەحروم و ئەسیر نابێ. قەراری عالەمی مەدەنییەتیش ئەمەیە کە هەر قەومێ و عونصرێ خۆی بە خۆی ئەبێ ئیدارە بکات. ئەوەڵەن ئێمە کە میللەتی کوردین، ثانییەن بۆ ئەم غایەیە قوربانییەکی زۆرماندا، بە ئەو شەرتە کە یەک دڵ و یەک زوبان و یەک وجود بین، بە ئیزنی خودا هیچ کەس زەفەرمان پێ نابا و منیش تا ئاخیر قەترەی خوێن و ماڵی خۆم و ئەولاد و ئەتباعم، بۆ سەعادەتی ئێوە صەرفم کردووە و تیکراری ئەکەم.. هیممەت لە ئێوە و موەفەقییەت لە خودا .. حوکمداری کوردستان مەحمود". 

مستەفا پاشا رەئیسی مەعاریف

ئیرادەی حوکمڕانیی ژمارە (٢) لە١٠/١٠/١٩٢٢دا بڵاوکرایەوە، تایبەت بوو بە کابینەی دووەمی فەرمانڕەواییەکەی شێخ مەحمود. لەو ئیرادەیەدا مستەفا پاشا پۆستی (رەئیسی مەعاریف)ی پێ سپێردرا. دەقی ئیرادەکە بەم شێوەیە:
صوورەتی ئیرادەی عەلییەی حەضرەتی حوکمدار
عەدەد (٢)
لە مەملەکەتی سلێمانی دا نووسرا.
بۆ تەشکیلی حکومەتی کوردستان، نەصب و تەعینی ئەم ذاتانەم لە قابینەی حکومەتدا موناسیب دی:
سپەسالار.... شێخ قادر
رەئیسی داخلییە... محەمەد غەریب
رەئیسی مالییە... عەبدولکەریم عەلەکە
رەئیسی مەعاریف... میر لیوا مستەفا پاشا
رەئیسی شەرع و عەدل...
رەئیسی گومرک.. ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ
رەئیسی نافیعە... محەمەد ئاغای عەبدولرەحمان ئاغا
رەئیسی ئەمنییەتی عمومییە.. سەیید ئەحمەد بەرزنجی
هەر کەسە مەقام و وەظیفەی خۆیم پێ سپاردن، ئیراد ئەکەم دەرحاڵ دەست بە تەدویری ماکینەی حکومەت بکەن. ومن الله التوفیق
                                                   حوکمداری کوردستان
                                                            مەحمود
لە ئیرادەی ژمارە (٣)ی ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢دا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری مەعاریف کراوەتەوە و تێدا هاتووە: "ریئاسەتی مەعاریف بیلجوملە ئوموری مەعاریف و هەرچی تەرتیباتێ کە ئیجاب بکات، لەم خصووصەوە راجیع بە ریئاسەتی مەعاریفە".
لەو ماوە کەمەی کە رەئیسی مەعاریف بووە، سەرەڕای نەبوونی داهات و کەمیی مامۆستا، مستەفا پاشا توانی دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی (مەحمودییە) و (قادرییە) لە سلێمانی دروست بکاتەوە.

بەیاننامەی دەستبەكاربوونی وەزیری مەعاریف 

مستەفا پاشا لەپاش دەستبەکار بوونی وەک رەئیسی مەعاریف، پەخش نامەیەکی بەسەر مامۆستاندا دابەش کردوە ئەمە دەقەکەیەتی:
مەعاریف بە مەعنای تێگەیشتنە، جەمعی کەلیمەی مەعریفەتە. صەنایع بە مەعنای خرتونی ئیش و کارە، جەمعی صەنعتە. مەعریفەت و صەنعەتیش لە سایەت عیلم (زانین)ەوە پەیدا دەبێ.
لە دنیادا هەموو قەومێ بە واسیطەی مەعاریف و صەنایعەوە کاروباری خۆی رێک دەخا و بۆ راحەتی خۆیان هەرچی لازم بێت دەیکا، بەم نەوعە ئەو قەومە دەتونێ بژی و نام و نشانێکی چاک  و بۆ خۆی ئازادی و سەربڵندی پەیدا بکا. بە عیلم و عیرفان و بە واسیطەی خوێندنەوە دێتە مەیدان. هەر قەومێ، هەر جەماعەتێ خوێندەواری کەم بێت و نەبێت بەو قەومە دەڵێن جاهیلە، یاخود وەحشییە و ئیش و کاری جاهیل باخصوص لەم زەمانەدا هیچ پەسەند ناکرێ و ئەو قەومە هەر بە چاوی خراپی دەبینرێ و لە نەظەر قەومانی مەدەنیدا  لەبن صاحیب مەعاریف و صەنعەتدا جێگای ئیعتبار و حورمەتی نابێت و لە ناو  ووڵات ی قەومی جاهیلدا لە جیاتی راحەتی لە گەڵ یەکتری هەر شەڕ و شۆڕیان دبێ. بێ خوێندن و بێ نووسین ئینسان ئەگەر کەسێک صەنعەت یا مەعریفەت فێر نەبێ جێ دەمێنێ.
بۆ خوێندنیش ئەم ئصوڵی ئەلف بایە کە لەم کتابی ئەوەڵەدا نووسراوە، ئەگەر مامۆستاکان بە هیمەت ئەم ئەلف بایە بە شاگردان فێر بکەن بە دوو، نیهایەت بە سێ مانگ شاگردان فێری خوێندن و فێری نووسینێکی بە قاعیدە دەبن.
 ئەی جوانمەردانی کوردان بخوێنن، بنووسن. ئێوە و خودا حەیف نییە، ژنێک بۆ مێردی خۆی، پیاوێک بۆ ژنی خۆی یان منداڵ و برادەرێکی خۆشەویستی خۆی، بۆ ئیشوکارێکی پێویستی خۆی، نەتوانێ کاغەزێ بنوسێ و ئەوەی لە دڵیایە دەوروبەر تێنەگەیەنێ، تاکو ئەفرادی عایلەتەن، باخصوص ژنانمان....
لە وەقتی خۆیدا کوردان ئەلف بایەک و مەعاریفێکی مەخصوصیان هەبووە، لە گەڵ حکومەتی پەهلەوی کوردی و لە گەڵ ظهوری ئیسلام میللەلی کورد و فورس دووی قورعانی عەرەبی کەوتن...."

چەند بەسەرهاتێكی ژیانی یاموڵكی
(1)
مستەفا پاشا زۆر حەزی لە گەڕان و پیاسە کردووە، زۆر جار بە پێ هەتا بناری گوێژە رۆیشتووە، پانتۆڵێکی تەسکی سواریی (برجز)ی لە پێکردووە. رۆژێک لە بناری گوێژە پیاسەی کردووە، لای داوەتە لارێکەوە و بە پێوە میزی کردووە. لەو کاتەدا تاقمێکی لادێی بە خۆیان و بارە ترێکانییانەوە بەوێدا تێ پەڕییون. چاویان بە پاشا کەوتووە کە بە پێوە میزی کردووە (لە ناو لادێیەکاندا بە پێوە میز کردن، ناشیرین و ناشایستەیە) ئەوانیش پێی پێکەنیوون، کە لێ بووتەوە دوایان کەوتووە و ئەوەی زۆر گاڵتەی پێ کردبوو و زمانی لێ دەرکێشاوە رائەوەستێنێ دەمانچەکەی لێ دەرهێناوەو پێی وتووە:
- سەگباب راوەستە نەڕۆی.
 کابراش رەنگی زەرد هەڵ گەڕاوەو و وتوویەتی:
- مامە بەقوربانت بم، ناماقوڵیم کرد و لێم ببورە.
 پاشا بەرۆکی بەرنەداوە و پێی وتووە:
- رانکەکەت داکەنە!
 کابرا زۆری لێ پاڕاوەتەوە:
- بێنە دەستت ماچ کەم، حەیام مەبە.
 پاشا:
- مەترسە هیچت لێ ناکەم. 
بەزۆر رانکەکەی پێ داکەندووە و خۆشی پانتۆڵە تەسکەکەی داکەندووە و داویە بە کابرا و بە زۆر لە پێی کردووە، ئەنجا پاشا پێی وتووە:
- دەی ئەگەر ئازای دانیشە و میز بکە! 
کابرا زۆر هەوڵی داوە نەیتوانیوە دانشێت و میز بکات:
- قوربان بە خوا ناتوانم دانەومەوە، 
پاشا
- کە ناتوانی، جارێکی دی ناماقووڵی وا نەکەی. سەگباب کە خۆت ناتوانی شتێک بکەی، ئیتر بۆچی گاڵتە بەخەڵکی دی ئەکەی؟!.




(2)

ساڵی ١٩١٢ ئەو کاتەی مستەفا پاشا لە سوپای عوسمانییدا جەنەراڵ دەبێ، لە ئەستەمبووڵ عەسکەرێکی ناردووە بۆ ئەوەی بۆیاخچییەکی بۆ بێنێت تا پووتەکانی بۆ بۆیاخ بکات، عەسکەرەکە بۆیاخچییەکی کوردی سنەیی بۆ هێناوە. کوڕەکە بەدەم بۆیاخ کردنی پووتەکانی مستەفا پاشاوە، تا توانیووە بە کوردی جنێوی پیس و ناشیرینیی پێ داوە، مستەفا پاشا هیچ دەنگی نەکردووە تا بۆیاخچییەکە لە کارەکەی بووتەوە، مستەفا پاشا دەست دەکات بە گیرفانیدا و بە کوردی پێی وتووە:
- کوڕم ئەوە دە قوروش بۆ بۆیاخ کردنەکەت، ئەو دە لیرەش بۆ جنیوەکانت!
 کوڕەکە زۆر پەشیمان بووتەوە و زۆری لێ پاڕاوەتەوە لێی ببورێ، مستەفا پاشا بە دەم پێکەنینەوە بەڕێی کردووە.

(3)
محەمەد رەسووڵ هاوار، لە زاری حاجی کەریمی شمقاڕ گێڕاویەتەوە:
 "رۆژێک مستەفا پاشا یاموڵکی بە دوو زەلام و گوریسێکەوە هات، ئەو کاتە ئەو جادەی سابوونکەرانە وا پان و گەورە نەبوو، کۆڵانێکی تەنگەبەر بوو، پاشا ئەو گوریسەی لە هەردوو سەری کۆڵانەکە بە دوو مێخ قایم کرد و دایکوتا. شارباژێڕی و بەرزنجەیی بە بارە دار و خەڵووز و میوە و دارە درێژەوە کە ئەهاتن بۆ سلێمانی، هەموویان ئەبوایە لەوێوە بچنە ناو شار. کە گەیشتنە سەر گوریسەکە، تەماشایان کرد وا رێگەی رۆیشتنیان نییە، لە مستەفا پاشا پاڕانەوە کە گوریسەکە لابا هەتا زوو بگەنە بازاڕ و بارەکانیان بفرۆشن، نەخێر پاشا هەر وەڵامی نەدانەوە، تۆزێکی تر تاقمێکی تر هاتن هەربەو جۆرە ئەوانیش وەستان و پاڕانەوە هیچ سودی نەبوو، کاروانێکی تر هات، بارەداریان پێ بوو، ئەوانیش وەستان، یەکێکیان وتی:
- ئەرێ باوکم پاشای ماشای، هەرچیەک هەی، گوریسەکەت لابە، با بڕۆین.
مستەفا پاشا هەر وەرامی نەدانەوە. یەکێکیان زۆر سەرگەرم بوو، لێی هاتە پێشەوە و چوو لقەدارێکی لە بارەکەی دەرهێنا، وتی:
- سەگباب گوریسەکەت لائەدەی باشە، لای نەدەی، بەم دارە سەرت ئەهاڕم.
 ئەوجا پاشا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی ئەی دەم خۆش، ئەی بە قوربانی دەمت بم، ئادەی توخوا جنێوەکەت بدەرەوە، کوڕە خەڵکینە، هەتاکەی ئێوە هەر فێری پاڕانەوەن؟ بەس بپاڕێنەوە!! تەنها شەق ئەزانێت قۆناغ لە کوێیە، بەخوا هەتا ماون، بەشەق نەبێ ناگەنە حەقی خۆتان، بەس بپاڕێنەوە، پاڕانەوە کەڵکتان نادا".


مردنی مستەفا پاشای یاموڵکی
لە دواساتەكانی تەمەنیدا مستەفا پاشای یاموڵكی نەخۆشی لە پەلوپۆی خستبوو، بۆیە لە ڕاپۆرتەكانی حكومەتی توركیادا باسی لێوەكراوە. 
حاجی مستەفا پاشا دوای ساڵی ١٩٣٠ باری تەندروستی تێک دەچێ و بەو هۆیەوە لە شوێنێكی دیاریکراو نیشتەجێ نابێت. بۆ وەرگرتنی چارەسەر، سەردانی چەند شوێن و وڵاتێکی کردووە. فەریدون عەتا لە کتێبەکەیدا راپۆرتێکی كۆنسوڵی تورکیای لە بەیرووت بڵاوکردووەتەوە، کە ٣ی حوزەیرانی ١٩٣١ بۆ وەزارەتی ناوخۆی توركیای ناردوە،  لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "مستەفا پاشا توشی نەخۆشیەكی قورس بووە و لە نەخۆشخانەی (هۆتێل دیو) لە بەیرووت چارەسەر وەردەگرێت"
 بەڵام نەخۆشی و ماندوێتی وای لە مستەفا پاشا نەکرد بیر لە کێشەی نەتەوەکەی نەکاتەوە. راپۆرتەکەی کۆنسوڵی تورکیا لە سەری دەڕوات و لەبارەی بیروبۆچوونەکانیەوە هەندێ زانیاری پڕبایەخ ئاشکرا دەکات: "لەو كاتانەی كە مستەفا پاشا لە نەخۆشخانە بووە، هەواڵگری توركیا چاودێریان کردووە و هەوڵی ئەوەیان داوە بۆچوونەكانی لەبارەی توركیاوە بزانن. مستەفا پاشا لە نەخۆشخانە بە سیخوڕێكی هەواڵگری توركیای ووتوە، ئیتر بە شەڕكردن لەگەڵ توركەكان ناتوانین هیچ دەستكەوتێك بەدەست بهێنن و لەمەودوا سیاسەتی كوشتنی سەركردەكانی تورك پەیڕەو دەكەین، هەر وەها فەیسەڵ-یش كە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئاتاتورك هەیە، لەناو دەبەین". 
لەو ماوەیەدا جەمعییەتی خۆیبوون لە شام جموجۆڵی زۆری هەبووە، سیخوڕەکەی تورکیا لە بارەی پەیوەندی مستەفا پاشا بەو جەمعییەتەوە زانیارییەکی گرنگی داوەتە دەسەڵاتدارانی تورک و نووسیویەتی:
 "مستەفا پاشا باسی لەوە كردوە، کە ماوەی هەفتەیەكە لەگەڵ كوردانی سەر بە جەمعییەتی خۆیبون لە دیمەشق كۆبونەوە دەکات. ئەو جەمعییەتە لە توركیاش ئەندامی هەیە و لە ماوەیەك نێزیكدا، فیداییەكانی كورد بۆ ناوخۆی توركیا دەنێردرێتەوە". 
ئەو قسانە ئەوە دەسەلمێنن کە مستەفا پاشا پەیوەندی توندو تۆڵی لەگەڵ سەرکردەکانی جەمعییەتی خۆیبوون هەبووە و ئاگاداری وردەکاری چالاکییەکانیان بووە. سەردانی کردنی بەیرووت و دیمەشق هاوکات بووە لەگەڵ گەرمەی چالاکییەکانی جەمعییەتی خۆیبوون. لەو ماوەیەدا جەمعییەتەکە فیداییەكانی كوردی ناردووتەوە بۆ ناوخۆی کوردستان و توركیا. هەر لەبەر ئەوە بووە سیخوڕەکانی هەواڵگری تورکیا پێیان وابووە ئەوانە دەگەڕێنەوە، بۆ جێ بەجێ کردنی پلانەکەی مستەفا پاشا و دەست دەکەن بە تیرۆر كردنی سەركردەكانی تورک.
سەبارەت بە باری تەندروستیی مستەفا پاشا راپۆرتی سیخوڕەکەی هەواڵگری توركیا زانیاری وردی تێدایە و نووسیویەتی: "دوای سێ مانگ لە وەرگرتنی چارەسەر لە بەیرووت، بۆ هەمان مەبەست چووە بۆ دیمەشق. هەر وەها بەپێی زانیاریەكانی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، مستەفا پاشا بە تەنیا مانگێك لە دیمەشق ماوە و دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی"
رۆژ لە دوای رۆژ، ئەنقەرە چاودێرییەکانی لەسەر كار و چالاكیەكانی مستەفا پاشا زیاتر کردووە. ویستوویانە بزانن ئاخۆ هیچ گۆڕانكارییەك لە بۆچوونەکانی ئەو لە دژی توركیا روویداوە یان نا. دوای گەرانەوەی بۆ سلێمانی، باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا بە بەردەوامی راپۆرتی لەسەر مستەفا پاشا بۆ ئەنقەرە بەرز کردووەتەوە. لە بەلگەنامەیەكی هەواڵگیریدا كە ساڵی ١٩٣٢ نووسراوە، تێیدا ئەم زانیارییانەی بەرزکردووتەوە: "نەمروود مستەفا پاشا خائینە و شیاوی لێبوردن نییە و ئێستا لە عێراق لە شاری سلێمانی نیشتەجیە". ٢٦ی شوباتی ١٩٣٣ لە راپۆرتێکی دیکەدا هاتووە: "هیچ گۆڕانكارییەك لە بۆچوونەكانیدا رووی نەداوە. هەر چەندە بۆچوونەكانی لە بارەی توركیا وەك خۆی ماون، بەڵام دۆخی تەندروستیی رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و هێزی نەماوە، بۆ ئەوەی بە چالاكییەکانی دژایەتی توركیا بکات". 
هەر لەو راپۆرتەدا باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی تەندروستی مستەفا پاشا نووسیویەتی: "ناوبراو هەر چەندە بەردەوامە لەسەر دژایەتی كردنمان، بەڵام لەبەر تێكچوونی باری تەندروستیی لە ناو هیچ رێکخراوێکدا کار ناکات". 
ئەگەرچی تێکچوونی باری تەندروستیش نەیتوانییوە کوردایەتی لە بیری مستەفا پاشا بەرێتەوە، بەڵام قورس بوونی نەخۆشییەکەی و تووش بوونی بە نەخۆشی ئیفلیجی لە پەلوپۆی خستووە، تا ٢٥/١/١٩٣٦ لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا لە گەڕەکی (عیوازییە)ی بەغداد کۆچی دوایی کرد، لەسەر داخوازی خۆی تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ سلێمانی و بە رێوڕەسمێکی گەورەی سەربازی کە قونسوڵی ئێرانیش تێدا بەشداری کرد لە (گردی سەیوان) بەخاک سپێردرا. لە دیدارێکدا نیسانی ٢٠١٥ رۆژنامەنووس جەمال لۆلۆ لەگەڵ جەمیلە خانی کچی محەمەد ئەمین یاموڵکی (١٩٢٥- ...) خوشکەزای مستەفا پاشا باسی لە رۆژانی کۆتایی ژیانی یاموڵکی کردووەو وتوویە: "من لە پۆلی دووەمی سەرەتایی بووم، کاتێک مستەفا پاشا وەفاتی کرد، بەر لەوە چوار ساڵ بەهۆی نەخۆشیی شەلەلەوە لە جێگە کەوتبوو، کاتێک تەرمەکەیان لە بەغداوە هێنایەوە بۆ سلێمانی، بە ڕێ و رەسمێکی گەورەی سەربازی بەرەو گردی سەیوان بەڕێ خرا. لە کاتی ناشتنیدا ٢١ تۆپ تەقێنرا".

مەلاكان ئامادەنەبوون نوێژی لەسەر بكەن
یاموڵکی، بۆ مردنەکەشی شێوازێکی کوردانەی هەڵبژارد و رێگەی نەدا بە عەرەبی تەڵقین بکرێت و لەسەر وەسیەتی خۆی دوا تەلقینی بە کوردی بوو، بەڵام مەلاکانی سلێمانی کە رقێکی زۆریان لێی بووە، ئامادە نەبوون بە کوردی تەڵقینی لەسەر بخوێنن. تەنانەت نوێژیان لەسەر جەنازەکەی نەکردووە. پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسووڵ لە زاری باوکیەوە لەسەر ئەو رووداوە و هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ سلێمانی و دژایەتی کردنی لە لایەن مەلاکانەوە دەڵێت: "باوکم بۆی باس کردم کە لە کاتی هێنانەوەی تەرمەکەی حاجی مستەفا پاشادا بۆ سلێمانی، زۆربەی مەلاکان ئامادە نەبوون نوێژی مردووی لەسەر بکەن، چونکە بە کافریان دەزانی، بەڵام مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ نوێژی لەسەر کردووە و تەلقینەکەشی بە کوردی خوێندوەتەوە".
ئەم دێڕە شیعرەش کە لە ئەسڵدا هی شاعیری تورک 'نامیق کەمال'ە و خۆی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە:
ئـــــەترسـم ئـــــەی وەتـەن بمرم، نەبینم بەختیاریـــی تـۆ
بنوسن با لەسەر قەبرم، وەتەن غەمگین و من غەمگین

سەرچاوە: مستەفا پاشا یاموڵكی پۆترێتی خەباتكارێكی كورد/ مەجید ساڵح / چاپی دووەم سلێمانی 2019