ڕاپۆرتی کوردستانی

06:39 - 14/11/2019

ئه‌و چه‌كانه‌ى توركیا له‌ ١٨ساڵدا بۆ شه‌ڕى كورد كڕیویه‌تى‌

پەیسەر

لە ساڵی ١٩٥٠ عەدنان مەندەریس و پارتەکەی پارتی کۆماری گەل – جەهەپە، پڕۆژەیەکیان پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەیان کرد بۆ ئەوەی سوپای تورکیا لە شەڕی ئەمریکا و کۆریادا بەشداربێ و پشتگیری لە هێزی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.  پڕۆژەکە پەسەند کرا و سوپای تورکیا شانبەشانی سوپای ئەمریکا لە دژی کۆریا شەڕی کرد و لەو کاتەوە مێژووی پەیوەندییە بەهێزەکانی تورکیا و ئەمریکا دەستیپێکردووە.

لە ساڵی ١٩٥٢ تورکیا بە پشتگیری ئەمریکا بە فەرمی وەک ئەندامی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور - ناتۆ قبوڵکرا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا وەک فەڕەنسا ، بەریتانیا و ئیتاڵیا، هەروەها ئەمریکاش ژمارەیەک بارەگای سەربازییان لە ناو خاکی تورکیادا کردەوە.

ساڵانی پێشوو یەکێتی ئەوروپا تورکیای وەک خاڵی یەکەمی بەرگریی وڵاتانی خۆی دەبینی

یەکێی ئەوروپا، تورکیای وەک خاڵی یەکەمی بەرگریی وڵاتانی ئەوروپای دەبینی. بۆیە لەڕووی سەربازیی و داراییەوە پشتگیری زۆریان پێشکەشی تورکیا کردووە. تورکیا ئێستا خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ هەزار سەربازە لە ناو ناتۆدا و لە ریزبەندی دووەمین هێزی ناتۆدایە. خاوەنی زۆربەی چەکە پێشکەوتووەکانی ناتۆیە.

وەک دەزانرێ تورکیا لە ساڵەکانی پەنجای سەدەی ڕابردووە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نەکەوتووەتە شەڕیکی قوڕسەوە، بەڵام لە گەڵ هێزی ناتۆ بەشداری لە هەندێک شەڕ کردووە. لە لایەکی ترەوە لە ناوخۆدا هەموو کاتێک تووشی ئاڵۆزی و شەڕ بووەتەوە و بە تایبەت هەموو هەوڵێکی بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی، ئۆپۆزسیۆن و پارتە کوردییەکان بەکارهێناوە.
سوپای کۆماری تورکیا زیاترین هێزی لە باکووری کوردستان و ناوچە سنووریەکان بەکارهێناوە و بە تایبەتی دوای دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەم هێزی خۆی لە باکووری کوردستان و سنورەکان زیاد کردووە و هەم ساڵ بە ساڵ چەکی زیاتری لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕیوە. بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٨٨ تورکیا لە کڕینی چەک ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد و بە تەنیا لەو ساڵەدا بە بەهای نزیکەی ٦ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار فڕۆکە و چەک و جبەخانەی کڕی.

لە گەڵ دژواربوونی شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە ساڵ بە ساڵ دەوڵەت بودجەی زیاتری بۆ بواری سەربازی تەرخانکرد و لە ساڵی ١٩٩٢ بە بەهای ١٠ ملیار دۆلار، لە ساڵی ١٩٩٧ بە بەهای ١٣ ملیار دۆلار و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بە بەهای نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار چەکی کڕیوە.

زیاتر لە نیو سەدەیە تورکیا بە چەکی ئەمریکا و ئەوروپا کورد سەرکوت دەکات یان دەیانکوژێ

هەرچەندە لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان کڕینی چەک لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەویش بە هۆی دامەزراندنی ناوەندی پیشەسازنی تەکنولۆژیای شەڕەوە بووە کە هەندێک لە ئامێری سەربازیی بۆ خۆی بەرهەمدەهێنێ، بەڵام ساڵ بە ساڵ بە هۆی دەستوەردانی تورکیا لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی لەدژی گەلی کورد ئاماری کڕینی چەک لەبەرزبووندایە.
ئاماری ١٨ ساڵی ڕابردووی کڕینی فڕۆکە و مووشەک و چەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا

تورکیا لە ١٨ ساڵ دا چ جۆرە چەکێکی کڕیوە

ئەوروپا و ئەمریکا و ڕوسیا و کوشتنی کورد
لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد بە تایبەتی لە باکووری کوردستان، وەک نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای مافی نەتەوەیی خۆی کردووە. بە پڕۆژەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئیمپراتۆری عوسمانیی ڕوخێنرا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەک نەتەوە دەوڵەت دامەزرێنران. لە باکووری کوردستان دەست بە ژمارەیەک شۆرش بە پێشەنگایەتی کەسایەتی وەک شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا کرا، بەڵام بە هۆی بەرژەوەندی خۆیانەوە هیچ وڵاتێکی زلهێز پشتگیری لە کورد نەکرد. بە پیچەوانەوە لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕێکەوتن و شۆرشگێڕە کوردەکانیان تێکشکاند.

لە هەموو سەردەمێکدا کورد بووەتە قوربانی بەرژەوەندی و بازرگانی نێوان تورکیا و وڵاتانی جیهان

لەو شەڕەی کە ٩ی تشرینی یەکەمی٢٠١٩ لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و میلیشیاکانی بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان کرا، بۆ یەکەمجار جیهان بە لێدوان و بەیاننامەشبێ، پشتگیری لە گەلی کورد کرد. بەڵام ڕاستیەکی دیکەی ئاشکرا کرد کە ئەویش هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەیە لە دژایەتیکردنی گەلی کورد.
یەکێتی ئەوروپا لە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی تشرینی یەکەم کۆبووە و بڕیاریدا چەک بە دەوڵەتی تورکیا نەفروشێ. هەرچەندە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە و جێی خۆشحاڵیە، بەڵام ئەوەمان بۆ دەردەخات بە درێژایی مێژوو پرسی نەتەوەیی گەلی کورد لە لایەن جیهانەوە بە هەند وەرنەگیراوە و شەڕی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد وەک دەرفەتێک بینراوە و وڵاتانی ئەوروپا بازرگانیان بە خوێنی کوردەوە کردووە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان کڕینی چەک کەمیکردووە

چەکەکانیان بە تورکیا فروشتووە و بگرە چەکی نوێشیان پێداوە بۆ ئەوەی لە سەر خاکی کوردستان و لەدژی گەلی کورد تاقیبکرێتەوە. بەو پێیەش دەردەکەوێت وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕووسیا هاوبەشی تورکیان بۆ کوشتنی کورد و بە هۆی بەرژەوەندی و دەستکەوتنی قازانجێکی زۆر لە فروشتنی چەکەکانیان یاساکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و پرسی نەتەوەیی کورد فەرامووش دەکەن.