ڕاپۆرتی کوردستانی

07:40 - 16/11/2019

٢٨٣ منداڵی کورد کۆمەڵکوژکران و كران بە خۆڵەمێش‌

کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا یەکێک لە برینە بە ئازارەکانی مێژووی کوردستانە. لە کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا نەوەیەکی ئه‌م شاره‌ی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ئاگردا بوونە خۆڵەمێش.


لە ئێستادا خەڵکی عامودا بە خۆسەری خۆیان و بەرخۆدانیان دژی داعش و داگیرکەری تورکیا و هەوڵەکانی ڕژێم بۆ داگیرکردنی شارەکە، برینی سوتاندنی ٢٨٣ منداڵیان ساڕێژ دەکەنەوە.

٥٩ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژیەک لە شاری عامودای ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا. لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ بەڕێوەبەری ناحیەی عامودا بڕیاریدا منداڵانی عامودا ببەنە تەماشای فیلی "تاوانی نیوە شەو" کە لەبارەی شۆرشی جەزائیرەوە بەرهەم هێنرابوو. هەرچەندە ژمارەیەک منداڵ و خێزانەکانیان ڕەتیانکردەوە کە نایانەوێت لە سینەما تەماشای فیلمەکە بکەن، بەڵام نزیکەی ٥٠٠ منداڵی قۆتابخانەی سەرەتایی عامودا بە زۆر بران بۆ سینەما.

 

ڕۆژی یەکشەمە بوو. ڕژێمی سوریا بڕیاریدا بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ شۆڕشی جەزائیر بەرامبەر فەڕەنسیەکان فیلمەکە نمایش بکات و پارە لە خەڵکەکە وەربگرێت. لە سینەمای عامودا کە نزیکەی ٣٠٠ کەسی دەگرت، ٥٠٠ منداڵ کۆکرانەوە.

دەرگاکانی سینەماکە داخران و منداڵان چاوەڕوانی نمایشکردنی فیلمەکە بوون. لە چاوتروکانێکدا ئاگرێکی گەورە لەپشت پەردەی سینەماکە کەوتەوە. دواتر ئاگرەکە بە خێرایی گەیشتە پەردەکانی دیواری سینەماکە و هەموو چوار دەوری سینەماکەی گرتەوە.

بە پێی قسەی هەندێک لەو منداڵانەی کە ڕزگارکران، هەموو ده‌رگاکان داخرابوون و نەدەکرانەوە. منداڵانی کورد یەک بە یەک دەسووتان و دەبوون بە خۆڵەمیش. ڕێک لەو منداڵانە دەچوون کە لە فیلمی (تاوانی نیوە شەو)دا کە منداڵان چاوەڕێی بینینیان دەکرد، کۆمەڵکوژ کران و سووتێنران.

دوای دوو کاتژمێر هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە. بەڵام تا ئاگرەکە کوژایەوە ٢٨٣ منداڵی کورد سووتان و کۆمەڵکوژیەکی تر لە مێژووی تاڵی گەلی کورد زیادیکرد.

 

جێگەی سەرنجە نە ئەو کاتە و نە ئێستاش دەوڵەت لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە نەکردووه‌. کەس دەستگیرنەکرا و سەردانی هیچ کام لە منداڵە سووتاوەکان نەکرا. بەو هۆیەوە گومانەکان لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت ئەو کارەی کردبێت، زیادیانكرد.

هەرچەندە بەرپرسانی خۆجێی هۆکاری ئاگرکەوتنەکە بۆ شورتی کارەبا دەگەڕێننەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دەرگاکانی سینەماکە داخرابوون و نەدەکرانەوە و تیمەکانی فریاکەوتن دوای دوو کاتژمێر و کۆتاییهاتنی ئاگرەکە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكه‌، هەموو کوردانی رۆژئاوای کوردستان و ئەو کەسانەی شایەدحاڵی ڕووداوەکە بوون، ڕایانگەیاند، هێزە شاراوەکانی ڕژێم ئەو کۆمەڵکوژیەیان ئەنجامداوه‌.

 

هەروەها کاتژمێرێک بەر لە ڕووداوەکە بەرپرسانی ناوچەکە منداڵەکانیان لە سینەماکە هێناوەتە دەرەوە و دوای ئەوە ئاگر کەوتووەتەوە.

ڕزگارکەری منداڵان شەهید محەمەد سەید ئاغای دەقوڕی
کاتێک باس لە کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا دەکرێت، قارەمانێکی رووداوەکەمان دێنێتەوە یاد. ئەو کەسەش محەمەد سەید ئاغای دەقوڕیە کە بە "محەمەدی دەقوڕی" ناسراوە.

 

محەمەد دەقوڕی گەنجێکی شاری عامودا بوو و لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە لەبەرئەوەی کوڕەکەشی لەناو سینەماکەدا بوو، خۆی دەگەیەنێتە ناو سینەماکە و نزیکەی دووسەد منداڵ لە مردن ڕزگار دەکات.

چیرۆکی ئەو گەنجە قارەمانە لەو شوێنە کۆتایی دێت کە لە کۆتاییدا لەناو سینەماکە بەجێدەمێنێت و ستونێکی سینەماکە دەکەوێتە خوارەوە و بەر سەری دەکەوێت و لەناو ئاگرەکەدا گیانی لەدەستدەدات. محەمەد دەقوڕی بە هۆی ئازایەتی و رزگارکردنی منداڵەکان وەک شەهیدێکی پایەبەرز لە ڕۆژئاوای کوردستان یادی دەکرێتەوە.

 

شایەتحاڵێکی کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا بە ناوی (ڕەشیدی فاتێ) کە ئەو کاتە منداڵ بووە و لە پۆلی ٥ی سەرەتایی بووە باسی رووداوەکە دەکات.

لە بەشێکی قسەکانیدا باسی قارەمانێتی محەمەدی دەقوڕی دەکات و دەلێت، "محەمەد" منداڵەکەی لەناو ئاگرەکەدا رزگارکرد و چووە دەرەوە. دواتر هات و ئێمەی ڕزگار کرد. هەموو کەس پێی دەگوت 'منداڵەکەت ڕزگارکردووە' مەچۆرەوه‌ ژووره‌وه‌. ئەویش دەیگوت، 'هەموویان منداڵی منن، پێویستە ڕزگاریان بکەم."

 

هونەرمەندی گەورەی ڕۆژئاوای کوردستان حەکیم سەفکانیش گۆرانیەکی بۆ منداڵانی سینەمای عامودا وتووە و لە زۆربەی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا دەگوترێتەوە.

کۆمەڵکوژی عامودا بۆ چاوترساندنی گەلی کورد بوو
کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە هەندێک وڵاتی عەرەبی هەوڵیان بۆ دورستکردنی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی لەنێوان سوریا و میسردا دەدا. لەو کاتەدا زۆر دژایەتی نەتەوەکانی تر بە تایبەتی نەتەوەی کورد دەکرا.

٣ مانگ بەر لە کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا نزیکەی ٥ هەزار کورد بەهۆی کاری سیاسیەوە لە لایەن ڕژێمی سوریاوه‌ دەستگیرکران. بەو هۆیەوە دەگوترێت، کۆمەڵکوژی سینەمای عامودا بۆ چاوترساندنی گەلی کورد بوو.