ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:39 - 17/11/2019

سیخوڕەکان وەک مۆرانە بەر بوونەتە کۆماری ئیسلامی‌

پەیسەر

سیخوڕیکردن لە ناوخۆی کۆماری ئیسلامیدا و ئاشکرابوونی زانیارییە نهێنییەکان، بووە بە کێشەیەکی جدی بۆ ئەو دەوڵەتە. ئەو پارە زۆرەی ئەمریکا پێشنیاری دەکات بۆ ئاشکراکردنی زانیاری پێوەندیدار بە  ئۆپەراسیۆنی شوشتنەوەی پارە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بۆ ئەو کاربەدەستانەی ئێران کە ئاستی هۆگرییان بۆ پارە لە ئاستی وەفای سیاسی و ئایدۆلۆژییان بەرزترە زۆر ورووژێنەرە.

سەردار جەلالی سەرۆکی دەزگای بەرگری و پشتگیری ناچەکداری ئێران، دەڵێت: ئەمساڵ مەودای نێوان سەنگەرەکانی ئێران و ئەمریکا کەم بووەتەوە و لە یەکتر نزیک بوونەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەردار محەممەد رەزا نەقدی، هاوئاهەنگکاری سوپای پاسداران، بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە هەموو بوارەکانی دەسەڵاتدا شکستی هێناوە و حەسەن رووحانی سەرۆک کۆمار، چەند رۆژ پێش ئێستا رایگەیاند: "کەوتووینەتە ناو بارودۆخێکی ئاڵۆز و لە دژوارترین رۆژانی دوای شۆڕشداین و هەرگیز بەم رادەیە بۆ فرۆشتنی نەوت و جوڵاندنی نەوتهەڵگرێک لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بۆ دەرەوە، تووشی کێشە نەبووین".

دانپێدانانی رووحانی بە ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی دەوڵەتی ئێران و کێشەی فرۆشتنی نەوتدا، لە حاڵێکدایە کە هەر رۆحانی کەمتر لە ساڵێک پێش ئێستا وتی: "با ئەمریکا بزانێ ئێمە نەوتەکەمان ئەفرۆشین و ئەوان ناتوانن بەر بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرن".
رووحانی چەندینجار هەرەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، ئەوا وڵاتانی دیکەیش ناتوانن نەوتەکەیان لە کەنداوی فارسەوە هەناردە بکەن.

رووحانی ساڵی پار بانگەشەی ئەوەیشی دەکرد؛ هێندە رێگەیان بۆ فرۆشتنی نەوت زۆرە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بێ کاریگەری دەکەن.

بەڵام ئەم دۆخە بۆ کۆماری ئیسلامی بە دۆخی دوو جار شکست دەزانرێ، چونکە لە لایەکەوە سەرکەوتنی پلانی (زۆرترین فشار)ی ئەمریکا لە سەر ئێران، پشتڕاست دەکاتەوە کە ئامانجی ئەمریکا لێی (گەیاندنی رێژەی فرۆشی نەوتی ئێران بە سفر) بوو و لە لایەکی دیکەوە شکستی ستراتیژی دژە گەمارۆی ئێران ئاشکرا دەکات کە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وتبووی خۆی و حکومەتەکەی لە بواری خۆ دەربازکردن لە گەمارۆکان (دکتۆرا)یان هەیە!

کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی دا کە نەوتی ئێران بە نرخی کەمتر لە بازاڕی جیهانی بفرۆشێت، بەڵام سزاکانی ئەمریکا بۆ ئەو کۆمپانیانەی هێڵە سوورەکانی دەبەزێنن، بە رادەیەک قورسن کە وایان کرد کڕیاران بکشێنەوە. دوایین چارەسەر بۆ خۆ دەربازکردنی ئێران لە گەمارۆکان، بەکارهێنانی کەشتی شەبەح و فرۆشتنی نەوت بە رێگەی قاچاخ بوو، بەڵام ئەم سیاسەتە بەرەوڕووی دوو کێشەی گەورە بووەوە، یەکەم ئاشکرابوونی رێرەوە قاچاخەکانی نەوت و دووەم داخرانی رێگاکانی گواستنەوەی پارەی فرۆشی نەوت دوای گەمارۆ دارایی و بانکییەکان بە تایبەت سوئیفت.

لە کۆتایی بەهاردا بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا هەندێک لە کڕیارانی نەوتی ئێران سیخوڕییان بە سەرەوە دەکەن؟ وتی:" هەندێک بە ناوی کڕیاری نەوتەوە پێوەندیمان پێوە دەکەن، بەڵام بە شوێن کۆکردنەوەی زانیارییەوەن و دەیانەوێ بزانن چۆن، بە چ رێگایەک و بە کام وردەکارییانەوە نەوت هەناردە دەکەین." ئاشکرایشی کرد کە "ئەو جۆرە کەسانە سەر بە وڵاتێکی تایبەت نین".

لە ٥ی حه‌وتی ٢٠١٩دا، بەرپرسێکی شارەزای بواری نەوت بە رۆژنامەی کەیهانی لەندەنی راگەیاند: بەشێک لە زانیاریی و بەڵگەنامە گرنگەکانی بواری هەناردەکردنی نەوتی ئێران، لە لایەن ئەو کەس و مافیایانەی ناو دەوڵەتی ئێرانەوە ئاشکرا دەکرێن کە ئامانجی جۆراوجۆریان لەو کارەیان هەیە، وەک رکابەریکردنی لە ناوخۆدا و تۆڵە سەندەنەوە لە یەکتر.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ٨ی هه‌شتدا لە راپۆرتێکدا لە ژێر ناوی (گەمارۆکانی ئەمریکا پێشەسازی نەوتی ئێران دەگۆڕێ بە سیخوڕ دژ بە سیخوڕ)، نووسیویەتی؛ ئەو ١٧ کەسەی بە ناوی سیخوڕی CAI لە لایەن ئێرانەوە گیراون ویستوویانە لە بارەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانەوە زانیاری کۆ بکەنەوە.

لەو راپۆرتەدا لە زمان بازرگانانی نەوتی ئێرانەوە نووسراوە؛ هەندێک کەس لە ١٠٠ هەزارەوە تا یەک ملیۆن دۆلار پێشنیاری بەرتیلیان بۆ کراوە تاوەکوو ژمارەی حسابە بانکییەکانی وەزارەتی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بکەن.

لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بەڕێوەبەری دژە سیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعات، دەستگیرکردنی ١٧ سیخوڕی راگەیاند کە لە ناوەندە هەستیار و ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کاریان کردووە، وەکوو ناوەندە ئابووریی، ئەتۆمی، سەربازی، سایبەری و ژێرخانییەکان.

سیخوڕیکردن لە ناوخۆی دەوڵەت و ئاشکرابوونی زانیارییە نهێنییەکان بووە بە کێشەیەکی جدی بۆ کۆماری ئیسلامی.

لە کۆتایی ساڵی رابردووی ئێرانیدا، دوای چەند هێرشێکی چەکدارانە بۆ سەر یەکە سەربازییەکانی دەوڵەتی ئێران لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە، حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پێشە، سەرۆکی پێشوتری کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، داوای کرد بۆ پێکهاتەی بڕیاردەران و شارەزایانی وەزارەتی ئیتلاعات دۆسییەی سیخوڕی بکرێتەوە. جگە لەو، چەندین پەرلەمانتاری دیکەی ئێران رەخنەیان لە دۆخی هەواڵگری و ئاشکرابوونی زانیارییە سەربازییەکانی حکومەت گرتووە، کە ئەمانە ئاماژەن بۆ پێگەی لەرزۆک و لەشکان هاتووی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رووی پاراستنی زانیارییەکانیانەوە.

ئەمریکا لە جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر نەوتدا گەیشتووەتە قۆناغی باڵغبوونی شەیتانی

لە کۆتا مانگی هاوینی ئەمساڵدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بۆ ئاشکراکردنی هەر زانیارییەک لە بارەی ئۆپەراسیۆنی دارایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هێزی قودسی سەر بەو سوپایە و ئاشکراکردنی رێگاکانی خۆدەربازکردنی ئێران لە گەمارۆکانی ئەمریکا، خەڵاتێکی ١٥ ملیۆن دۆلاریی راگەیاند. پێش ئەوەیش بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوت وتبووی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی گەمارۆکانی سەر نەوتدا گەیشتووەتە قۆناغی (باڵغبوونی شەیتانی).
        
ئەو پارەیەی ئەمریکا پێشنیاری دەکات بۆ ئاشکراکردنی زانیاری په‌یوەندیدار بە  ئۆپەراسیۆنی شوشتنەوەی پارە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بۆ ئەو کاربەدەستانەی ئێران کە ئاستی هۆگرییان بۆ پارە لە ئاستی وەفای سیاسی و ئایدۆلۆژییان بەرزترە زۆر ورووژێنەرە.

کۆی ئەم بارودۆخە، ئەگەری تەشەنەکردنی تیمە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی رۆژئاوایان لە ناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەرچی زیاتر کردووە. دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی ئێران گەیشتە رادەیەک کە تیمێکی لێهاتووی موساد (دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل) ٣١ی شه‌شی ٢٠١٩ بە مەشخەڵی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گەرمییەوە، چوونەتە شوێنی پاراستنی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ناوچەی (شوور ئاباد)ی تاران و ٣٢ قاسەی زەبەلاحیان کردووەتەوە و ئەرشیفی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتە دەرەوەی ئێران. کارێکی لەو شێوەیە بە بێ هاوکاری کاربەدەستانی ناو دامەزراوە ئەمنی و سەربازیی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ناکرێت.

لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا (موساد)، دوو شوێنی نهێنی لە (توورقووزئاباد) و (ئابادە)ی (پارێزگای فارس) کە چالاکی نهێنی ئەتۆمییان تیادا کراوە ئاشکرا کرد و گەیاندییە میدیاکانیش.

هەموو ئەمانە ئاشکرای دەکەن کە سیخوڕەکان وەک مۆرانە کەوتوونەتە گیانی کۆماری ئیسلامی. لە بارودۆخێکی ئاودا زانیاری ئەوتۆ لە ناوخۆی دەوڵەتی ئێرانەوە ئاشکرا دەبن کە بۆ بەرپرسانی باڵای ئێرانیش شوێنی باوەڕ پێکردن نین.

چەند رۆژێک پێش ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران (کۆنفرانسی بەرگری و پشتگیری ناچەکداری)  بەڕێوە چوو و سەردار جەلالی سەرۆکی دەزگای بەرگری و پشتگیری ناچەکداری، لە وتارێکیدا وتی:" ئەمساڵ مەودای نێوان سەنگەرەکانی ئێمە و سەنگەرەکانی ئەمریکا کەم بووەتەوە و لە یەکتر نزیک بووینەتەوە. ئاراستەی ئەمریکا؛ جەنگی تێکەڵە، واتە هەموو ئامرازەکانی دەسەڵاتی لە دژی ئێمە خستووەتە کار .. ئەم جۆرە شەڕە بە پێی خاڵە لاوازەکانی لایەنی بەرامبەر رێک دەخرێت".

ئەو بارودۆخە پێشان دەدات؛ خاڵە لاوازەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بۆ دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا ئاشکرابوون و دەتوانن بۆیان دەستبەکار بن. هەر بە هۆی ئەمەیشە کە رێگاکانی خۆدەربازکردن لە گەمارۆکان، لە سەر ئێران داخراون و فشارە نێودەوڵەتییەکان لە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە تا دێت زیاتر دەبن.

ئۆپەراسیۆنی سایبەری بۆ تەشەنەکردنە ناو سێرڤەرەکانی بەڕێوەبردنی زانیاری لە ئێران، ئاشکرابوونی زانیاری لە بارەی جوڵەی نەوتهەڵگرەکانی ئێران کە یەکێکیان لە دەریای سوور کرایە ئامانجی مووشەک و هیچ لایەک بەرپرسیارێتییەکەی نەگرتە ئەستۆ، دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دەستیان داوەتە دەربازکردنی ئێران لە گەمارۆکانی ئەمریکا و ئامێر و پارچەی پیشەسازییان بۆ ئێران ناردووە، دۆزینەوە و گەمارۆدانی ئەو کۆمپانیانەی وەک هاوبەشی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەستیان داوەتە گواستنەوەی پارە بۆ حزبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە، ئەمانە و تێکدانی دامەزراوە سەربازییەکان یا تاقیکردنەوە موشەکییەکانی  ئێران، وەکوو شکستپێهێنانی ناردنی مانگە دەستکردەکانیان بۆ بۆشایی ئاسمان، بەشێک لەو شکستپێهێنانەی کۆماری ئیسلامین کە هیچی بە بێ تەشەنە کردنە ناو سیستەمی زانیاری دەوڵەتی ئێران ناکرێت.

بوونی ئەو تۆڕە بەربڵاوە سیخوڕییە لە ناو دەوڵەتی ئێراندا نکۆڵی لێ ناکرێت، هەر وەک رۆژی ٢٠ی یەکەم مانگی پاییز، رۆژنامەی کەیهانی تاران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ بوونی سیخوڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێراندا و لە (جیۆگرافیای بەرگری)دا سەلمێنراوە.