ڕاپۆرتی کوردستانی

04:59 - 19/11/2019

مەیان خاتوون، یەکەم میری ژنی کورد‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگای کورد، کۆمەڵگایەکی نێرسالارە، بەڵام لە مێژووی گەلی کورد دا ژمارەیەکی بەرچاو ژنی دەبینرێتن کە جێگە دەستیان لە بواری سیاسەت، هونەر، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا دیارە.

کاتێک بواری سەربازی و سیاسی سەردەمە کۆنەکان بەراورد دەکەین، ژنە شەڕڤانی کوردمان کەمتر بەرچاو دەکەوێت. بەڵام شێرەژنێکی کورد هەیە کە کەنێوان ساڵەکانی ١٩١٣ بۆ ١٩٥٧ بە شێوەیەکی فەرمی میرێتی بۆ کوردانی ئێزدی کردووە و جەنگاوەرێکی بەتواناش بووە. ئەویش مەیان خاتوونە.

مەیان خاتوون لە ساڵی ١٨٧٤ لە شنگال لەدایکبووە. کچی عەبدی بەگی ئیزدیە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بوو. دایکی کچی میر جاسم بەگی خانەدانی ئێزدیانە. مەیا خاتون لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایک بووە. لە ١٨ ساڵیدا لەگەڵ عەلی بەگ کە دواتر بوو بە میری ئیزدیەکان هاوسەرگیری کرد.

لە ساڵی ١٨٩٢ بۆ 189٣ مەیان خاتوون و عەلی بەگ ڕووبەڕووی هێرشی عوسمانیەکان بوونەوە و لایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیەکان دەستگیرکران و داوایان لێکرا ئایینەکەیان بۆ ئیسلام بگۆڕن. ئەو سه‌رده‌مه‌ یەکێکه‌ لە سەردەمە دژوارەکانی کوردانی ئێزدی کە رووبەڕووی هێرشی عوسمانیەکان بوونەوە و ژمارەیەکی زۆریان کۆمەڵکوژ کران. کارەکتەری توند و وشکی مەیان خاتونیش بەشێکی پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کە بە چاوی خۆی بینیویەتی.

جۆن گوست نووسەری کتێبی کوردانی ئێزدی لە کتێبەکەیدا باس لە کارەکتەری مەیان خاتوون و عەلی بەگ و ڕووداوەکانی ئەو کاتە دەکات و دەڵێت 'لەگەڵ هەموو زۆرداری و چەوساندن و ئەشکەنجەیەک عەلی بەگ و مەیان خاتوون رازی نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و بەو هۆیەوە بۆ باکوور ئەنادۆڵ دوورخرانەوە.

لەو ساڵەی دوورخستنەوەدا، تەندروستی مەیان خاتوون تێکچووە و چەند منداڵی لەبارچووە و بە تەنها کۆڕێکە لەژیاندا دەمێنێت بە ناوی سەعید بەگ. جۆن گوست لە کتێبەکەیدا پشت بە کتێبی نوسەرێک بە ناوی سادق دەمەلوجی دەبەستێک کە ٥٠٠ لاپەرەیە و بە ناوی "ئێزدیەکان" بڵاوکراوەتەوە.

باس لەوەدەکات، بە نێوەندگیری بەریتانیەکان، مەیان خاتوون و عەلی بەگ لە غەریبی دەگەڕێنرێنەوە. کاتێک دێنەوە دەبینن، لە ئەنجامی هێرشی عوسمانیەکاندا لە ساڵی ١٨٩٢ ژمارەیەکی زۆر کوردی ئیزدی کۆمەڵکوژ کراون و پەرستگەی "لالش" تاڵان و داگیرکراوە کە لە ساڵی ١٩٠٧ عەلی بەگ توانیویەتی کۆنتڕۆڵی بکاتەوە.

میر عەلی بەگی هاوسەری مەیان خاتوون، لەو قۆناغەدا هەوڵیداوە کۆمەڵگای ئیزدی یەکبخاتەوە و لە لایەکی ترەوە برایەکی مەیان خاتوون بە ناوی ئیسماعیل بەگ هەوڵیداوە تەختی میرێتی بەدەست بێنێت، بەڵام مەیان خاتوون لەو پرسەدا پشتگیری لە عەلی بەگی هاوسەری دەکات. ناکۆکی نێوان میر عەلی بەگ و ئیسماعیل بەگ درێژەی کێشاوە و دواجار عەلی بەگ لە ماڵەکەیدا کوژراوە.

مەیان خاتون ئیسماعیل بەگی برای بە کوشتنی هاوسەرەکی تۆمەتبار کردووە و پارێزگاری لە تەختی هاوسەرەکەشی کردووە و لەدژی براکەی شەڕی کردووە.

مەیان خاتوون ئەرکی میری ئیزدیانی گرتووەتە ئەستۆ
دوای کوشتنی میر عەلی بەگ پیشنیارکراوە سەعید بەگی کوڕی لە جێگەی دابنرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی تەمەنی سەعید بەگ بچووک بووە، مەیان خاتوون کاروباری میرنشینی گرتووتە ئەستۆ. بە هۆی ئەوەی چەندین ساڵ کاروباری میرنشینی بەرێوەبردووە و کۆمەڵگای ئێزدی لە هەموو شەڕ و پێکدادانیک پاراستووە، کاتێک سەعید بەگیش گەورە دەبێت و دەبێتە میر، کۆنتڕۆلی میرنشینەکە هەر لە دەستی مەیان خاتوون دەبێت.

بە پێی بەڵگە فەرمیەکان کاریگەری مەیان خاتوون نزیکەی ٤٤ ساڵ لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی ماوەتەوە. ڕۆڵی مەیان خاتوون لەو سەردەمەدا زۆر گرنگە، چوونکە جیهان رووبەڕووی جەنگی جیهانی یەکەم بووەتەوە و ئەو جەنگەش کاریگەریەکی زۆر لە ناوچەکە و کوردستانیش کردووە.

لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمیندا سوریا کەوتووەتە دەست فەڕەنسا، عێراق کەوتووەتە دەست بەریتانیا، تورکیا بە تەنها لە ئەنادۆڵ حوکمی کردووە و لە ڕووسیاش رژێم گۆڕاوە. لەم وڵاتانە کۆمەڵگای ئیزدی ڕووبەڕووی کوشتار و زۆڵم بووەتەوە.

بەڵام ئێزدیانی باشووری کوردستان لە سایەی سیاسەتی بەهیزی مەیان خاتوون لەگەڵ ئینگلیزەکان خۆیان پاراستووە و ڕووبەڕووی هێرشی زۆر گەورە نەبوونەتەوە.

لە شەرێ جیهانی دووەمدا کاتێک سەعید بەگی کوڕی کۆچی دوایی کردووە، مەیان خاتوون هێشتا لەژیاندا ماوە و میر تەحسین بەگی کوڕەزای کردووە بە جێنشینی میر کە ئەو کاتە تەمەنی ١٣ ساڵ بووە و دیسانەوە هاوکاری میر تەحسین بەگی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت کاروباری میرنشینەکە بەڕێوەببات.

ڕووداوەکانی ساڵەکانی ١٩٢٤ بۆ ١٩٣٥ و ڕۆڵی مەیان خاتوون
مەیان خاتوون شایەدحاڵی دوو ڕاپەرینی ئیزدیەکانی چیای شنگالە. لە ساڵی ١٩٢٤ تیرەیەکی ئێزدیەکان بە ناوی میهركییەکان لە چیای شنگال بە سەرۆکایەتی داوودێ داوود. لەدژی بەریتانیەکان دەست بە ڕاپەرین دەکەن. میهركییەکان بڕیارێکی بەریتانیەکان ڕەتدەکەنەوە کە دەیانەوێت کەسێکی نزیک لە خۆیان بە ناوی "حەمویێ شێرۆ" بکەن بە میر. مەیان خاتوونیش لەو نێوەندەدا هاوکاری میهركییەکان دەکات و ڕێگە بە بەریتانیەکان نادەن بە دڵی خۆیان میرێک هەڵبژێرن.

لە ساڵی ١٩٣٥ بە هۆی خزمەتی سەربازی جارێکیتر داوودێ داوود لەدژی حکومەتی ناوەندی ڕادەپەڕێت و خزمەتی سەربازی بۆ حکومەتی ئەو کاتەی عێراق ڕەتدەکاتەوە. بەڵام ئەمجارە پشتگیریەکی باش بەدەست ناهێنێت و سوپاکەی دەشکێت بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدێت.

مەیان خاتوون لەم نێوەندەدا بە هۆی شەڕی نێوان داوودێ داوود و حەمویێ شێرۆ و هەڵهاتنی سوپاکەی داوود سوود وەردەگرێت و دەسەڵاتی خۆی بەهێز دەکات و بە تەواوی میرنشینی ئێزدیەکان کۆنتڕۆل دەکاتەوە.

مارتین ڤان بروینسەن نووسەری هۆلەندی کتێبی "لە عادیلە خانەوە تا لەیلا زانا" کە لە سەر ڕۆڵی ژنانی کورد نووسیویەتی باس لە کاریگەری مەیان خاتوون لەناو کۆمەڵگای ئێزدی دەکات.

ماتین ڤان بروینسەن ئاماژە بەوەدەکات "لە ناو کۆمەڵگای داخراوی کوردی ئێزدیدا ٤٤ ساڵ دەسەڵاتی ژنێک پەسەندکراوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە مەیان خاتوون لە بنەماڵەیەکی خانەدانی ئێزدی بووە. بەڵام گرنگیەکەی ئەوەیە بەر لە مەیان خاتوون ئەوەندە دەسەڵاتە بە چ ژنێک نەدراوە، هەموو جارێک دەرفەتی میر و سەرۆکایەتی بە پیاوێکی ئازا دراوە، بەڵام دیارە مەیان خاتوون زۆر ئازا و دانا بووە.

سه‌لماندی ژنان چ توانه‌یه‌كیان هه‌یه‌!
ڕاستە مەیان خاتوون بە هۆی دۆخێکی تابەتەوە توانیویەتی ببێتە دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری ئیزدییەکان، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی بە کۆمەڵگای ئەو کاتەی ئێزدی ئاشکرا کردووە کە ژنێکیش دەتوانێت کۆمەڵگا بەڕێوە ببات و گۆمانەکانی لەسەر تواناکانی ژنان پووچەڵکردووەتەوە. توانیویەتی لەگەڵ پیاوان پێشبڕکێی دەسەڵات بکات و سەربکەوێت. توانیویەتی لەمپەڕەکانی بەردەم ژنان بشکێنێت و ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر بە ژنان بدات.

دەسەڵاتی مەیان خاتوون ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکات، لە ڕووی سروشتەوە، لەنێوان ژن و پیاودا هیچ جیاوازیەک نییە.