لێکۆڵینەوە

03:50 - 23/11/2019

خورشیدییەکانی بارزان.. مێژوویەکی بێ چارەنووس‌

پەیسەر

كاتێك نووسەر یان لێكۆڵەرێك دەست بە پرۆژەیەك دەكات، باشترە کە بە مەیدانیی لە شوێنی پرۆژەكەیبێ بۆ ئەوەی بتوانێ باشتر و چڕتر ئیشی لەسەر بكات. بەڵام بارزان شوێنێكی تاحەدێکی زۆر داخراوبووە، هەموو كەسێ نەیتوانیوە بگاتە قوڵایی ئەو ناوچەیە، چونكە هەندێجار بە سیاسی كراوە.
ئەو ناوچەیە بە حكومی ئەوەی شێخەكان تێیدا باڵادەستن، چەندین بزووتنەوەی ئاینیان تێدابووە و بەردەوامیش كێشە لەسەر دەسەڵات و پێگەی ئاینیی هەبووە. یەكێك لەو بزووتنەوانەش بزووتنەوەی خورشیدییە كە كەم كەس توانیویەتی دەستی پێیان بگات.

ڕەچەڵەكی بنەماڵەی بارزان
دەگێڕنەوە كاتی خۆی فەرمانڕەوای ئامێدی دوو كوڕی هەبووە. پێش مردنی وەسێت بۆ یەكێك لە كوڕەكانی دەكات لە پاش مردنی خۆی ببێتە فەرمانڕەوای ناوچەكە. دواتر براكەی دیكەی ناهێڵێ ببێتە جێنشینی باوكی و كێشە لە نێوانیان درووست دەبێ. ئەویش ناچاردەبێ سەری خۆی هەڵبگرێ تا دەگاتە زێی بادینان و لەوێ بە كەڵەك دەپەڕێتەوە.

لەناوەڕاستی زێی بادینان كەڵەكەی وەردەگەڕێ و ئاودەیبات تا لە تەنكایەكدا دەگاتە وشكایی. لەوێوە ڕوو لە ئەشكەوتێك دەكات ماوەی چەند رۆژێك لەو ئەشكەوتە دەمێنێتەوە. پاشان ئەو پیاوە لە ئەشكەوتەكە دێتە دەرەوە چاوی بە گاوانێك دەكەوێ و لەگەڵیدا بەرەو گوندی(هەڤنكا) بەڕێ دەكەوێت.

لەو گوندە دەچێتە مزگەوت هەر لەوێ دەمێنێتەوە و خەریكی خوداپەرستی دەبێ، خەڵكی گوندەكە زۆر ڕێزی لێدەگرن تاوەكو وردە وردە دەبێتە پێشنوێژی گوند و دوای ماوەیەك دەبێتە مەلای گوند.
ئەو گوندە لەژێر فەرمانڕەوای براكەی دەبێ و هەموو ساڵێك پیاوانی براكەی دێن بۆ ئەوەی باج و ساڵانە بدەن بە فەرمانڕەوای ئامێدی. جارێك بەرێكەوت ئەو پیاوانە مەلاكە دەناسنەوە هەواڵەكە بە فەرمانڕەوای ئامێدی دەگات و چارەنووسی براكەی بۆ ئاشكرا دەبێ.

مەلاكە داوا لە براكەی دەكات لەبری ئەوەی چاكەی لەگەڵدا بكات تا ساڵانە لەو گوندانە نەسێنێن. فەرمانڕەوایش بە قسەی براكەی دەكات، ئیدی لێرەوەی خەڵكی رێزێكی زۆری لێدەگرن. دوای ماوەیەك ئەو مەلایە دەچێتە گوندی(ئاستی) لەوێ دەمێنێتەوە. بنەماڵەی بارزانی خۆیان بە نەوەی ئەو مەلا محەمەدە دەزانن كە لە داخی براكەی سەری خۆی هەڵگرت.

بنەڕەتی عەشیرەتی بارزان
ئەم عەشیرەتە وەكو هەر عەشیرەتێكی دیكە لە چەندین تیرە پێكهاتوون، عەشیرەتی بارزان لە چوار تیرە پێكهاتوون:-
یەكەم: بەڕۆژ
ئەم تیرەیە لە گوندی بارزان دەژین، كەوتووەتە نێوان چیای شیرین لە باكوور و زێی بادینان (بلە) لە باشوور. دەكەونە گوندەكانی
1-هۆستان
2-بازێ
3-باڵندە
4-بلەی سەروو و خواروو


دووەم: مزوری باڵا
ئەم تیرەیە لە شەش تایفە پێكهاتوون:-
1-تایفەی سەرمەزنا:لە گوندەكانی (رێزان، زارارا، كانیا، دێری) دەژین.
2-تایفەی مامالا: لە گوندەكانی( ئیشكۆكو، بانێ، ستێ، بن بیا، سەرگەلی، كوڕكێ، كیران، كیراناگیر، گۆرەتو) دەژین.
3-تایفەی مامژدا: لە گوندەكانی (بانێ، ژاژۆك، سپیندار، شێخ سەیدا و مالە سوار) دەژین.
4-تایفەی مام دلا: لە گوندەكانی( بابكێ، بەردەری، حەمولا، خیرۆزك، ڤاژی، كانی لینجا، كلكێ، مامیك) دەژین.
5-تایفەی شێروانی دیرا: لە گوندەكانی( بەردەریا، بیێ، بێخشاش، ڕاوەشە، سەردەریا، شێروان، كانی بۆت، كركەمو) دەژین.


سێهەم: شێروانی
ئەم تیرەیە لە گوندەكانی ( بیرەبیر، بیرسیان، بیستری، دۆرێ، مێرگەسۆر) دەژین.

چوارەم: دۆڵەمەڕی
لە گوندەكانی( خەلان، لیلۆك، هیزان) دەژین.

شێخ عەبدولسەلامی یەكەم چی لەسەر بارزانیان دەڵێت؟

دواتر هەموو تیرەكان بوون بەیەك و لە گوندی بارزان كۆبوونەوە و نازناوی (بارزانی)یان هەڵگرت. لە دنیای فۆلكلۆر و ئەدەبی زارەكیدا شیعرێكی بەربڵاوی شێخ عەبدولسەلامی یەكەم هەیە كە سەبارەت بە خۆیان کە دەڵێت:
خالیدیمە ب تەریقەت
زێباریمە ب عەشیرەت
بارزانیمە ب مەسكەن قەریەت


بە پێی ئەو دێڕانەبێ بارزانییەكان لە ڕێباری مەولانا خالیدی نەقشبەندین.

پلەی كۆمەڵایەتی لە عەشیرەتی بارزاندا
یەكەم/ شێخەكانی بارزان

ئەم چینە بەو كەسانە دەگوترێت كە مەلا محەمەدی باپیرە گەورەیانە و ژمارەی پیاوەكانیان نزیكەی 80 پیاو دەبن. ئەم چینە لەناو خۆیاندا ژن دەهێنن و دەشتوانن ژن لە چینەكانی دیكە بخوان، بەڵام بە بڕیاری یەكلاكەرەوە كچەكانیان نادەن بە بێگانە.

ئەم شێخانە چاویان لە ماڵی دنیا نەبووە و زیاتر بیر لە قیامەت و رۆژی دوایی دەكەنەوە. دەگێڕنەوە شێخ ئەحمەد پارەی لێك جیا نەكردووەتەوە. گەلەكەشی بە چاوێكی ڕێزەوە سەیری ئەم چینە دەكەن. بەڵام دوای مردنی شێخ ئەحمەد خەڵكی ناوچەكە بە تەواوەتی تێبینی ئەوەیان كرد كە ئەم شێخانە چاویان بڕیووەتە ماڵی دنیا و هەموو شێتكی باشیان بۆ خۆیان پێ ڕەوایە.

وردە وردە وایان لێهات خەڵكی بە ئاشكرا دەیانگوت لەبەر ئەو ماڵە شێخانە میللەت لە بیر چووەتەوە. لەو بارەیەوە ئەنوەر ماییان پارچە هۆنراوەیەكی نووسیووە و دەڵێت:
ژ دەولەت سەر شێخ و مەلا       ژینا كوردا بویە بەڵا

غوڵامەكانی شێخان
شێخەكان بە تایبەتی ئەوانەی دەسەڵاتدارن، لە گەورە و تا بچووكیان هەریەكیان غوڵامێكی هەیە و ژیانیان لەگەڵ ژیانی گەورەكانیانە. بە شەو و ڕۆژ لێیان دوور ناكەونەوە. ئەوەی پێیان دەگوترێت یەكسەر جێبەجێی دەكەن.

ئەو غوڵامانە لە چاو خەڵكەكە زۆر پۆشتە و پەرداخترن، چونكە ئاغا چۆنبێ غوڵامەكەشی دەبێت ئاوهابێ. ئەوان هەندێكیان چەكیان بە دەستە و لەبەرامبەر ئاغاكانیان دەوەستن و هیچ وشەیەكیان لە زار نایەتە دەرەوە. تا ئەو كاتەی شێخ پرسیاریان لێدەكات و ئەوانیش دەڵێن "ئەز غوڵامم" ئەوجا وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.

میللەت
ئەوانە زۆربەیان لە بارزانییەكانن، لە ناو دزەییەكاندا بە كرمانج بانگ دەكرێن. سەرەڕای ئیشوكاری رۆژانەیان هەموو كاتێك ئامادەن بجەنگن. ئەمانە لە قسەی شێخەكانیان دەرناچن و بێپرسی ئەوان هیچ شتێك ناكەن. ئەگەر یەكێكیان بیەوێت بێتە موچەخۆری حكومەت ئەوا دەبێ شێخەكانیان ڕازی بن، ئەگینا ناهێڵن لە هیچ كەرتێكی حكومەتدا كاربكەن.

موختار
هەرگوندێك موختاری خۆی هەیە و لە لایەن شێخەكانی بارزانەوە دادەنرێن. كاری ئەو كابرایە گەیاندنی قسەكانی شێخە بە گوندەكانی خۆیان. موختاریش تاوەكو سەر بۆكەس نییە، ئەگەربێ و شێخانی بارزان بە دڵیان نەبێ، ئەوا دەتوانن بیانگۆڕن. موختار هیچ مافێكی فەرمی بەسەر میلەتەوە نییە، بەڵام جاروبار بێگاریی بە خەڵكی دەكات. وەكو دارهێنان، دروێنە. ئەگەر شەڕیش ڕووبدات دەتوانێ بێتە سەر لەشكر.

گزیر
لە دوای موختار گزیر دێت. هەڵسوڕانی كاروباری خەڵكی و زانینی قسەكانی موختار لەڕێی ئەوە دەبێ. ئەو بانگەواز دەكات كە سبەینێ رۆژی هەڵوەراندنی دارقەزوان یان جووتە. واتە ئەو جوتیارانی ئاگادار دەکاتەوە كە موختار فەرمانی بە چیە.

شانە
ئەم پیاوە ئیشوكاری كۆكردنەوەی ساڵانەیە لە گوندەكان و عەمباری لێ پڕدەكات. شانە دەبێ سەرڕاست و دەسپاکبێ. لە هەمان كاتیشدا دەبێ ژماردن و ژمێركاری بزانێ.
بزووتنەوە ئاینیەكان
لەناوچەی بارزاندا چەند بزووتنەوەیەكی ئاینیی سەریانهەڵداوە كە مەبەستیان تەنیا بڵاوكردنەوەی ئاین بووە. ئیشی ئەوان ئەوەبووە كە خەڵكی هان بدەن زیاتر پابەندی ئایینەكەیان بن. سەركردەی ئەو بزووتنەوانە بە زۆری لە وەچەی مەلا عەبدوڵڵای باپیری بارزانیەكان بوون كە دەكاتە نەوەی شێخ عەبدولسەلام.

ئەو بنەماڵەیە زۆر لەو بزووتنەوانە دەترسان، چونكە دەیانزانی فەرمانڕەوایی لە ژێر دەستیان دەردەهێنن. هەرلەبەر ئەم هۆكارە بوو كە زۆرجار بە زەبری هێز لەناوبران یان وایانكردووە دەسبەرداری بزووتنەوەكەیان بن.

شێخ: یەكێك لەو پلەبەرزانەی كە هەندێك كەس لە رێچكەی نەقشەبەندییەوە دەیگاتێ، شێخە. شێخ و شێخایەتی نازناوێكە چەند كەسێك لە بنەماڵەی بارزان هەیان بووە. لەوانەش شێخ عەبدولسەلامی یەكەم و دووەم و شێخ محەمەد. لە دوای ئەوانیش شێخ ئەحمەدە كە خاوەنی نازناوبوون و ڕابەرایەتیان دەكرد و مردیان هەبووە.

خودان:
بارزانیەكان ناوی شێخ ئەحمەدیان بە خودان ناودەبرد. خودان هات، خودان چوو، خودان نڤستیە. خودان بە واتایی خاوەن شتێك یان گەورەی نەتەوەیەك دێت.

مەلا:
لە بنەماڵەی بارزانیان چەند كەسێك بە مەلا بەناوبانگن. لەوانەش مەلا مستەفا، مەلا سلێمان، مەلا جوج. ڕەنگە لە سەردەمێكی كۆندا ئەوە وەكو نازناو پێیان بەخشرابێ. لە بارەی شەریعەتەوە هێشتا ماویانە بگەنە پلەی شێخێتی. نەك ئەو مەلایانەی كە مەلای دوانزە عیلمن.

1-بزووتنەوەی شێخ محەمەد
یەكەمین كەسێك كە ڕێبازی نەقشەبەندی پەیڕەوكردبێ، عەبدولسەلامی یەكەمە كە بە پێی بیروباوەڕی بارزانییەكان ئەو كەسە لەسەر دەستی سەید تەهای نەهری بووە.
سەید تەهاش لەسەر دەستی مەولانا خالیدی نەقشبەندی تەریقەتی وەرگرتووە. بەڵام لە دواییدا لەسەر دەستی شێخ محەمەد پەرەیسەندووەو ڕۆژ لە دوای رۆژ مریدی زیادیكردووە.

وەكو دەگێڕنەوە كە پەڕجووی هەبووە بۆ نموونە: جارێكیان شێخ محەمەد دەكەوێتە زیندانی عوسمانییەكانەوە، حەوت رۆژ دەرگای لێناكەنەوە. ڕێگەی دەستنوێژی نابێ لە رۆژی حەوتەمدا بێ ئەوەی كەس دەرگای لێ بكاتەوە. دەرگای زیندانەكەی دەكەوێتە سەر پشت. پاسەوانەكان دەترسن یەكسەر راپۆرت بۆ ئیستەمبوڵ دەنووسن كە شتێكی ئەوها ڕوویداوە. ئەوانیش ئازادی دەكەن و پارەیەكی زۆری دەدەنێ ئەویش تەنیا لیرەی لێ هەڵدەگرێت دوای بە زۆر سەرجەم پارەكەی پێدەدەن و دەگەڕێتەوە بارزان.

ئاواتی هەرە گەورەی ئەم بزووتنەوەیە خواپەرەستی بووە. دوایی رابەرایەتی ئەم بزووتنەوەیە دەكەوێتە دەست عەبدولسەلامی دووەم و دوایش دەكەوێتە بن دەستی شێخ ئەحمەد. دوای ئەویش بەهۆی كوژرانی شێخ عەبدولڕەحمانەوە دەكەوێتە دەستی مەلا مستەفا و محەمەدسدیقەوە. ئیتر دەستبەرداری شێخایەتی دەبن و تەریقەت بەكەس نادەن و تاوەكو ئێستا بارزانییەكان بەبێ شێخی ماونەتەوە.

بزووتنەوەی مەلا عەبدولڕەحمان
دوای ئەوەی عەبدولسەلامی دووەم لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1914 لە لایەن توركەكانەوە دەكوژرێت. بزوتنەوەی ئاینی لە بارزاندا بەبێ شێخ ماونەتەوە. ئەوەش وایكرد هەرلەكەس لە ئاستی خۆیەوە خۆی بە شێخ بزانێ. ئەوەی لە هەمووی زیاتر پەرۆشی ئەو دەسەڵاتە بوو، عەشیرەتی دلانی بوو. بەڵام دواتر شێخ ئەحمەد جێگەی عەبدولسەلامی دووەمی گرتەوە و توانی تا ڕادەیەكی باش ئیدارەی بارزان بدات.

یەكەمین كارێك كە كردی بانگكردنی عەشیرەتی دلان بوو تاوەكو واز لە پشێوی و ئاژاوە بهێنن و پێكەوە بژین. پیاوماقوڵانی بارزان وایان بەباشزانی كە وەكو سەردەمی عەبدولسەلامی یەكەم كاروباری ئاینی بە دەستی مەلا عەبدولڕەحمانەوەبێ.

پەیوەندی شێخ ئەحمەد لەگەڵ مەلا عەبدولڕەحمان تا دەهات پتەوتردەبوو. زۆرجار دوو بە دوو لە هاوینەهەواری (دولا بەكرا) دادەنیشتن و باسی تەریقەت و كاروباری رۆژیان دەكرد. وردە وردە مەلا عەبدولڕەحمان توانی دەست بەسەر بارزاندا بگرێ و خەڵكیی زۆر رێزیان دەگرت و لە قسەی دەرنەدەچوون.

بنەماڵەی شێخ عەبدولسەلامی یەكەم دژی ئەوە بوون كە بەوجۆرە ئەو پیاوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. بۆیە دەستیانكرد بە پڕوپاگەندە كە مەلا عەبدولڕەحمان لە ڕێبازی نەقشبەندی لایداوە. بەڵام لە شێخ ئەحمەد هەمیشە پشتی دەگرت و باوەڕی بەو قسانە نەدەكرد.

ڕۆژ لە دوای رۆژ پێگەی مەلا عەبدولڕەحمان زیاتر دەبوو، ئەوەش وایكرد بڕیاری لەناوبردنی بدرێ، بۆیە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 1927 لەسەر كانی "زەفیا كنیشتی) لەسەر دەستی دوو كەسایەتی ناوداری ئەو سەردەمە، مەلا عەبدولڕەحمان دەكوژن. بەوجۆرە كۆتایی بە دەسەڵات و پێگەی مەلا عەبدولڕەحمان هات. تاوەكو رۆژی مردنیشی شێخ ئەحمەد داخی كوژرانی مەلا عەبدولڕەحمانیان بیر نەچوو.

بزووتنەوەی خورشیدییەكان
ڕەچەڵەكی ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ خورشید ناوێك كە دایكی ناوی مەریەمە و خوشكی شێخ ئەحمەدە. خورشید بەناوی باوكییەوە ناو دەنرێت چونكە ئەو لە زگی دايكیدا بووە کە مردووە. كەسوكارەكەی بەناوی باوكیەوە ناوی دەنێن خورشید. واتە خورشیدی كوڕی خورشید.

بزوتنەوەی خورشید لە ساڵی 1955 سەریهەڵداوە. خودی خورشید كەسێك دەبێ لای شێخ ئەحمەد زۆر رێزی لێگیراوە. چونكە خێراچووەتە دڵییەوە و كەسێكی راستگۆ و دەستپاك بووە.
شێخ ئەحمەد بە خەڵكی ڕادەگەیەنێ كە ڕێزگرتنی خورشید ئەركی سەرشانی هەمووانە. دەبێ كەس لە قسەی دەرنەچێ و بە فەرمانی ئەو هەستن و دانیشن. بەڵام بنەماڵەی بارزانی هاوشێوەی بزووتنەوەی عەبدولڕەحمان ئەمشیان لەسەر دڵگران بوو. لەوە دەترسان كە خورشید دەسەڵاتەكەیان لێزەوت بكات. بەڵام بەهۆی بوونی شێخ ئەحمەدەوە زۆر بە ئاشكرا دژایەتیان نەدەكرد و لە هەمان كاتیشیدا ناڕازییەكانی خۆیانیان نەدەشاردەوە.

شێخ ئەحمەد ڕۆژ لە دوای رۆژ زیاتر متمانەی بە خورشید دەبوو. تاوەكو بیكاتە جێگرەوەی خۆی و خەڵكی لە دەور كۆبكاتەوە.
شێخ ئەحمەد رۆژێك بە خەڵكی دەڵێت دەبێ بچنە سەدانی خورشید، خەڵكی بارزانیش بە گەورە و بچووكەوە دەچنە سەردانی. بەڵام هەموویان لە دڵی خۆیاندا دەپرسن دەبێ بۆچی بچینە سەردانی؟
ئەو خەڵكە دەڕوات و شێخ ئەحمەد خۆی ناڕوات، وەكو دەگوترێت ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوەبوو كە خودان ئەو خورشیدی بە جێنیشنی خۆی زانیووە. دابونەریتیش نییە كە شێخ بچێتە لای خەلیفەی خۆی.

دوای كۆبوونەوەكەی خەڵكی گوند لەگەڵ خورشید، خورشید دەست بە قسان دەكات و داوا دەكات كە كەس لەقسەی خودان "شێخ ئەحمەد" دەرنەچێ. ئەم قسەیش ئەوە دەگەیەنێ كە دەبێ خەڵكی بزانێت من لە دوای شێخ ئەحمەد دەبمە خودان.

بە بڕوای خورشیدییەكان هیچ شتێك لە هیچەوە نابێ، نەبوون واتای نەبوونە. هەموو لایەنەكانی زانین هەریەك كەس دەیزانێ. ئەویش پیاوی گەورەیە. خورشید باوەڕی وابووە:-
1-نەمان بۆ لەشە
2-رۆح مردنی بۆ نییە

خوو و ڕەوشت و هەڵسان و دانیشتنی پیاوی گەورە، بە تایبەتیش لەناو مریدەكانی ون نابێ. ئەو كەسی جێگەی پیاوە گەورەكەی دەگرێتەوە هەموو سیفەتێكی ئەوی تێدایە. واتە ئەوەی پێشوو هەر بەڕواڵەت مردووە لە راستیدا زیندووە. بەپێی ئەم شیكردانەوەبێ، خورشیدییەكان باوەڕیان بە "دۆنادون" هەبوو، كە رۆح لە كەسێكەوە دەچێتە كەسێكی دیكە. ئەگەر كەسەكە باشبێ دەبێتە هەڵگڕی رۆحێكی پاكوخاوێن، ئەگەریش خراپبێ دەچێتە جەستەی ئاژەڵێكەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە تائێستا نازانرێ بۆچی خورشیدییەكان كۆتاییان هات و چارەنووسی خورشید چی بوو؟


سوود لە کتێبی ( بارزانم چۆن دیت)د  د.عەبدوڵڵا غەفوور وەرگیراوە