ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:35 - 29/11/2019

ئێران فشار لە سیستانی دەكات بۆ دەركردنی فەتوای "حەرامكردنی خۆپیشاندان" لەعێراق‌

تا دێت خۆپیشاندانەكانی عێراق خوێناویتر دەبن و خۆپیشاندەران و حكومەتیش لەكێوی سوربوونی خۆیان نایەنە خوارەوە، حكومەت ڕەتیدەكاتەوە دەستلەكاربكێشتەوە، خۆپیشاندەرانیش ئەوە ڕەتدەكەنەوە دەستبەتاڵ بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و خوێنی هاوڕێ و كەسوكارە كوژراوەكانیان لەبیر بكەن، لەم نێوەندەشدا ئێران شەو و ڕۆژ لەسەر خەتە بۆ كۆتاییهنان بە خۆپیشاندانەكان، ئەوەی ئێستا بووەتە پرسیاری جدی ئەوەیە: عێراق بەرەو كوێ دەچێت؟

 
ڕۆژنامەی ندیپێندنت-ی بەریتانی لەژمارەی ئەمڕۆ هەینیدا بابەتێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوكردەوە و باس لەوەدەكات، دەستەبژێری سیاسی عێراق تێكڕا بڕیاریانداوە بە هەموو شێوازێك ڕوبەڕووی ڕاپەڕینی عێراقییەكان ببنەوە، جا بەتوندوتیژی بێت یاخود بەئاشتی، چونكە لەدیدی ئەواندا ڕاپەڕینی هاووڵاتیانی عێراق هەڕەشەیە بۆسەر بوونی ئەو دەستەبژێرە سیاسییە.

 

پاتریك كۆكبێرن، ڕۆژنامەنووس لەبەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕۆژنامەكە بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕووداوی سوتانی كونسوڵخانەی ئێران لەنەجەف ئاشكرادەكات و دەڵێت، ئەو ڕووداوە دەرخەری ڕاستییەكی گەورەیە ئەویش ئەوەیە "شیعەی عێراق دەستبەرداری ئەوەبووە هاوسۆز بێت لەگەڵ ئێران وەك دەوڵەتێكی شیعی".

كۆكبێرن هێما بۆ ئەوەشدەكات، عێراقییەكان ڕژێمی ئێران بە بەرپرسیاری توندوتیژییەكان بەرامبەر خۆپیشاندەران دەزانن دەشڵێت "دوای سوتانی كونسوڵخانەكەی، ئێران داوایكردووە بەوپەڕی هێزەوە هەڵوێست بنوێنێت".

نەجەف پێگەیەگی گەورەی لەلای شیعەكانی عێراق و تەنانەت شیعە لە شوێنەكانی دیكەی جیهان هەیە، هەربۆیە كۆكبێرن ئەوە ڕوندەكاتەوە، كە ڕووداوی سوتانی كونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف گۆڕانكارییەكی گەورەیە لەدیدی شیعەی عێراق بۆ ڕژێمی ئێران.

ئێران فشار لە سیستانی دەكات خۆپیشاندان لەعێراق "حەرام" بكات
بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی العرب-ی چاپی لەندەنی كردووە دەڵێت "ئێران لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا فشارێكی زۆری لەسیستانی كردووە بۆئەوەی خۆپیشاندان لەعێراق حەرامبكات، بەڵام سیستانی ڕووبەڕوی ئەو فشارانەی ئێران بوەتەوە و بەرگەی گرتووە".

 

سەرچاوەكە دەشڵێت "ئارامگرتنی ئێران بەرامبەر سیستانی بەرەو كۆتایی دەچێت، هەركەسێك لەپاڵ تاراندا نەبێت ئەوا ئێران وەك دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، تەنانەت ئەو كەسە ئەگەر مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقیش بێت".

میلیشیاكانی ئێران گەیشتنە نەجەف
شەوی پێنج شەممە فەرماندەی گشتی پۆلیسی نەجەف كشانەوەی هێزە ئەمنییەكانی لەناوەندی شارەكە ڕاگەیاند و داوایكرد میلیشیا شیعەكان ئەركی پارێزگاریی شارەكە بگرنە ئەستۆ، هەر بۆیە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەتایبەت ئەوانەی تەواو لەئێرانەوە نزیكن، بەرەو شارەكە جوڵەیان كرد.

جوڵەپێكردنی میلیشیاكانی نزیك لەئێران بۆ نەجەف پلانێكی تارانە بۆ دەستگرتن بەسەر پیرۆزترین شاری شیعەكانی عێراق و لاوازكردنی ڕۆڵی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق كە تا ئێستا پاڵپشتی لەخۆپیشاندەران دەكات.

 

هەرزوو حەشدی شەعبی دركی بەوە كرد چونی میلیشیاكان بۆ نێو نەجەف ڕەنگە بەڵایەكی گەورەیان بەسەر بهێنێت، هەربۆیە ئەبو مەهدی موهەندیس، یەكێك لە دیارترین سەركردەكانی حەشد و گوێڕایەڵترین فەرماندەی سەربازیی بۆ ئێران وتی "حەشدی شەعبی هەموو هێزی خۆی دژ بەو كەس و لایەنانە بەكاردەهێنێت كە دەیانەوێت هێرشبكەنە سەر عەلی سیستانی" بەڵام ئەم قسەیەی ئەبو مەهدی موهەندیس جگە لەڕێگەخۆشكردن بۆ چوونی حەشدی شەعبی بۆ كەربەلا بەپاساوی پارێزگاریكردن لە سیستانی هیچی دیكە نیە.

ئەبو مەهدی موهەندیس وتیشی، "دەستی ئەوە دەبڕین لە سیستانی نزیك ببێتەوە" چاودێرانیش دەڵێن ئەو قسەیەی موهەندیس ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ كرانەوەی دەستی حەشدی شەعبی بەڕووی خۆپیشاندەران و سەركوتكردنیان.

"محەمەد حەلبوسی دەستلەكاردەكێشێتەوە"
لەگەڵ داواكارییە بەردەوامەكانی موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدرو حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عێراق، بەڵام حكومەت سورە لەسەر بەردەوامیدان بەكاركردن و دەڵێت دەیەوێت چاكسازیی ئەنجامبدات، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە لەپەرلەمانەوە كۆتایی بە حكومەتی عێراق بهێندرێت بەڵام بە وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت نا.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەك كە قسەی بۆ كەناڵی سۆمەرییە نیوز كردوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕِیاریداوە لەدانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێشكەش بكات.

 

ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجامدەدات، چاودێران پێشبینیدەكەن حەلبوسی لەپاش پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە.

دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەبێتە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراق، چونكە سوننەكان تا لەسەر حەلبوسی ڕێككەوتن كە بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان، وڵاتانی سووننەی ناوچەكە نەما سەردانی نەكەن، هەربۆیە دەستلەكاركێشانەوەی حەلبوسی دەبێتە سەرەتای داڕمانی حكومەتی عێراق، چونكە عادل عەبدولمەهدی گەر بیەوێت چاكسازی بكات پێویستی بە پەرلەمانی عێراق دەبێت، پەرلەمانیش لەئەگەر دەستلەكاركێشانەوەی حەلبوسی، بەدەست نەبوونی سەرۆكەوە دەناڵێنێت و هێندەی سەرقاڵی دۆزینەوەی سەرۆكێكی سوننە دەبێت بۆ پەرلەمانەكەی، هێندە بەدەم پڕۆژە چاكسازییەكانی حكومەتەوە نابێت.