ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:52 - 30/11/2019

هادی عامری وەك دەمڕاستێكی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی‌

یاسین تەها

"ئەگەر ئیمام  ـ خومەینی ـ وتی سوڵح، سوڵح.. ئەگەریش وتی شەڕ شەڕ، چونكە ئەو نوێنەرایەتی ئیسلام دەكات"، ئەمە بەناوبانگترین لێدوانی ڤیدیۆیی ساڵانی هەشتاكانی هادی عامرییە بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی لەكاتێكدا شان بەشانی هێزی زەمینی ئێران لە دژی سوپای عێراق (وڵاتە بنەڕەتییەكەی خۆی) دەجەنگا، كەچی ئێستا یەكێكە لە دیارترین فەرماندە باڵا ئەمنییەكانی عێراق و نەك هەر ئەوە بەڵكو سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبی دەكات، كە لەگەڵ لیستەكەی موقتەدا سەدردا كۆنتڕۆڵی جومگە گرنگەكانی كابینەی عەبدولمەهدییان كردوە و ئێستاش بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی ئەم كابینەیە زۆرترین چاوی لەسەرە. 

دەركەوتنی هادی عامری لەناو خەباتی چەكداریی شیعەدا  
هادی فەرحان عەبدوڵڵا ئەلعامری كە نازناوە ئێرانییەكەی (أبو الحسن) ـه و، پێی خۆشە پێی بوترێت "الحاج هادی العامری"، لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگای دیالەیەو ساڵی 1976 لە زانكۆی بەغدا بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی ئاماردا بەدەستهێناوە، بەڵام هەڵایسانی جەنگی عێراق ـ ئێران و دواتریش لە سێدارەدانی باوكی رۆحی حیزبی دەعوە ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر (1980)، ناچاریكرد وەك زۆرێكیتر لە چالاكوانە گەنجەكانی شیعەی عێراق، لە ته‌مەنی 26 ساڵیدا بارگەو بنە بپێچێتەوە بەرەو سوریاو لەوێشەوە بڕوات بەرەو لانكەی "شۆڕشی ئیسلامی" لە ئێران. 

سەرەتای كاری هادی عامری لە سایەی بنەماڵەی حەكیم و رێبەرایەتی محەمەد باقر حەكیم ـ دا بووە لە چوارچێوەی "ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق". ئەم ئەنجومەنە كە بەرەیەك بوو بۆ كۆكردنەوەی هێزە عێراقی و شیعییەكانی دۆستی ئێران لە لایەن رێبەرایەتی شۆڕشی ئێرانەوە بەچەندین شێوازو جۆر كۆمەك كرا و هەوڵی بەهێزكردنی درا، یەكێك لەو رێگایانەش دروستكردنی فەیلەقی بەدر بوو (1982) تا ئەم ئەنجومەنە بتوانێت لەرێگایەوە بەشداربێت لە "جیهاد" ی بەرەنگاربونەوەی رژێمی سەدام. 

ئەم فەیلەقە بەناوی یەكەم جەنگی پێغەمبەر لەگەڵ بتپەرستەكانی قورەیشدا ناونرا، بەشی زۆری میلاكی فەیلەقەكەش لەو ئەفسەرو سەربازە بەندكراوانەی سوپای عێراق پێكهێنرا كە شیعەبوون و لەناو گرتووخانەكانی ئێراندا پەشیمان بوونەوەو تەوبەیان كرد لە بەشداریكردنی تۆپزیانەی جەنگ لە ریزەكانی سوپای عێراق لە دژی "كۆماری ئیسلامی ئێران"، هەروەها ئامادەیی بەرەنگاربونەوەی رژێمەكەی سەدام حسێن ـ یان لە ریزی ئەم فەیلەقە نوێیە بەرهەڵستكارەی شیعەدا پیشان دا. ئەم هەڵگەڕانەوەی دیلە عێراقییە شیعەكان كە رژێمی ئێرانیی سەروكاریی دەكرد بنەڕەت و رەگێكی مێژویی هەیە لە كەلەپوریی مەزهەبیی شیعەدا و وەها وێنا كرا كە هاوشێوەی ماجەرای  تەوبەكاران ـ ی  كوفەیە كە لەپاش كوژرانی ئیمام حوسێن لە كەربەلا (61 ك) بەهۆی هەستكردنیانەوە بە كەمتەرخەمی لە سەرخسنتنیدا بزوتنەوەی  تەوبەكاران ـ یان پێكهێنا بۆ بەرەنگاربونەوەی ئومەوییەكان و بەشی زۆریان گیانی خۆیان بەخت كرد وەك كەفارەتی بە تەنگەوە نەچوونی ئیمام حوسێنی رابەرو پێشەوایان لەكاتی خۆیدا. 

"بەدر" لەسەر شێوازی "تەوبەكاران" 
هێزەكانی بەدر وەك یەكێك لەرێكخراوترین و چالاكترین میلیشیای شیعی لە دوای رووخانی سەدام (2003) لەرێی هەرێمی كوردستان و خاڵە سنورییەكانیترەوە بنكەو تفاقی خۆیان لە ئێرانەوە گەڕاندەوە بۆ عێراق. بەدرێژایی مێژووی خەباتی چەكدارییان وەكو باڵی سەربازیی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی دەناسران و چالاكیی سەربازییان ئەنجام دەدا. كاتێكیش شیعەی عێراق لەقۆناغی شۆڕش و یاخیبوونەوە پەڕینەوە بۆ قۆناغی حوكمڕانی، هەروەها پاش دەرچوونی یاسای ژمارە 91 بریمەر بۆ قەدەغەكردنی میلیشیای چەكدار، محەمەد باقر حەكیم ناوی "فەیلەقی بەدر" ی گۆڕی بۆ "رێكخراوی بەدر"، لەگەڵ ئەم ناو گۆڕینەشدا ئەوە راگەیەنرا لەوە بەدوا ئامانجەكانی بەدر لەبری خەباتی چەكداریی دەگۆڕێت بۆ ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدان، سەرۆكایەتییەكەشی هەر لە لای هادی عامریی مایەوە كە ساڵێك بەر لە رووخانی سەدام پێی سپێردرابوو، بەڵام لە بری ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدان ناوی بەدر لەگەڵ تاوان و كوشتاری تایفیی شیعەو سوننەدا (2006 ـ 2008) تێوەگلا. 

جگە لەوەش تۆمەتباركرا بەوەی جێبەجێكاری پلانی رفاندن و تەسفیەی جەستەیی زانایانی ئەتۆمی عێراق و فڕۆكەوانان و بەرپرسانی پێشوی بەعسە، وەك تۆڵەی بەشداری و رۆڵیان لە جەنگی عێراق ـ ئێران. هەندێ زانیاری و بەڵگەش بڵاوكرانەتەوە لەسەر ئەوەی كە هادی عامری هاوكات لەگەڵ سەرۆكایەتی بەدر، خاوەن پلەو موچەو ئیمتیازی تایبەت بووە وەك ئەفسەرێكی باڵا لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كە تایبەتە بەدەرەوەی سنوری ئێران، ئەوەی زیاتریش ئەم تۆمەت و گومانانەی پاشكۆیەتی عامری بۆ ئێران پشتڕاست دەكاتەوە گوتاری بەدر و هەڵوێستە مەزهەبی و سیاسییە هاوتاكانییەتی لەگەڵ سیاسەتی رژێمی ئێران بەجۆرێك لە ساڵی 2011 دا و لەبەرچاوی كامێراكانی میدیا، هادی عامریی چەمییەوە بۆ ئەوەی دەستی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئێرانی ماچ بكات لە كاتێكدا ئەوكاتە ناوبراو وەزیری گواستنەوەبوو لە حكومەتی عێراق. جگە لەوەش راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەو كاتەی عامری  لەكابینەی دووەمی مالیكی وەزیری گواستنەوە بوو (2006_ 2010)، خۆی و رێكخراوەكەی درێغییان نەكردوە لە ئاسانكاریی گواستنەوەی كۆمەك و پیتاكی ئێرانی بۆ سوریا لە رێگای وشكانی و هەروەها فڕۆكەخانەی بەغدا، بەڵام بۆ رەواندنەوەی تۆمەتی پاشكۆیەتی ئێران هادی عامری لە هەندێك بۆنەدا دشداشەو عەگاڵی عەرەبیی دەپۆشێت و شانازیی بەوەوە دەكات كە رەچەڵەكیان دەگەرێتەوە بۆ هۆزە عەرەبییە رەسەنەكانی بیابان. 

هاتنە دەرەوە لە ژێر عەباكانی ماڵی حەكیم  
لەپاش تیرۆركردنی محەمەد باقر حەكیم (2003) و مردنی عەبدولعەزیزی برای (2009)، رایەڵەكانی پەیوەندیی هادی عامری بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییەوە لاوازبوون، سەرەنجام لە 2012 بەشێوەیەكی ئاشتەوایی هەردوولا بریاری جیابونەوەیان لەیەكتر راگەیاند، زۆربەی شرۆڤەو بۆچوونەكانیش لەسەر ئەوەن لایەنگریی مالیكی و ناكۆكیی لەسەر كارنامەی مالیكی سەركردەكانی رێكخراوی بەدرو هادی عامریی لە ئەنجومەنی باڵا دورخستەوەو رایكێشا بەلای ئیئتیلافی "دەوڵەتی یاسا" ی مالیكیدا، هەر ئەم پەیوەندیی و كەین و بەینەش وەهایكرد نوری مالیكی هیچی پێ نەكرێت لە ئاست فەزیحەی فڕۆكە لوبنانییەكە (2014) كە حكومەتەكەی تووشی شەرمەزارییكرد لەبەرچاوی هەموو جیهان، هۆكاری ئەم شەرمەزارییەش لەوەوەهات كاتێك فڕۆكەیەكی لوبنانی سەر بە كۆمپانیای (الشرق اڵاوسگ) لەبەر دواكەوتن لە وادەی دیاریكراوی سەركەوتن، كوڕە گەورەی هادی عامریی وەزیری بەرگریی لەبەیروت بەجێهێشتبوو، دەستوپێوەندی وەزیر وەكو تۆڵەیەك لەفڕۆكەخانەی بەغدا رێگەی نیشتنەوەیان بەفڕۆكەكە نەدا، دواتر حكومەتی عێراق ناچاربوو پۆزش بهێنێتەوە بۆ حكومەتی لوبنان.

هەندێ زانیاری و ئاماژەیتر دەریدەخەن لە پاش تیرۆركردنی باقر حەكیم و مردنی عەبدولعەزیزی برایەوە ، هادی عامری رازیی نەبوو لەسایەی  عەممار حەكیم ـ دا كار بكات، سەرەتا بە جیابوونەوە لە ئەنجومەنی باڵا دەستیپێكردو دواتر لە هەڵبژاردنی 2014 بوو بە یەكێك لە پێكهێنەرەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، لەناو ئەم هاوپەیمانێتییەشدا 22 كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا. ئێستاش كە عەمار حەكیم ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەجێهێشت و ڕەوتی حیكمەی پێكهێنا، عامری لە مەجلیسەوە نزیكترە بەو پێیەی لە "شیعە راستڕەوەكان" ی دۆستی ئێرانن و لەكابینەی عەبادیشدا عامری زۆر تێكۆشت بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام ڤیتۆی ئەمەریكی رێگەی نەدا، لەكۆتایی ئەو كابینەیەشدا گروپەكانی حەشدی شەعبی و باڵە سیاسییەكانی هاوپەیمانێتی "فەتح" یان پێكهێنا و عامری بەسەرۆك دیاریی كرا، ئەم لیستە نوێیەش لەپاش لیستی سائیرونی موقتەدا سەدرەوە پلەی دووەمی بەدەستهێنا (47 كورسی) و بەهۆی نفوزی چەك و پاڵپشتی ئێرانییشەوە وەك یەكێك لەگەورەترین دەمڕاستەكانی كابینەی عەبدولمەهدی كاردەكات و راسپاردنی عادل عەبدولمەهدیش بۆ سەرۆكایەتی وەزیران بەرهەمی لێكگەشتنی سەدر و عامرییە كە بازیان بەسەر "الكتلە اڵاكبر" ی دەستوردا دا و بەبێ یەكگرتن بەهاوكاریی مەرجەعیەتی نەجەف بڕیاریان لە پۆستی سەرۆك وەزیران دا. 

عامری وەك پاسەوانی دیالەو بەغدا 
كە مەترسیی لەسەر بەغدا دروستبوو (2014)، شیعەكان زۆر ئاتاجی شارەزایی و توانای سەربازیی رێكخراوی بەدر بوونەوە وەك هێزێكی كۆن و خاوەن ئەزموون و عەقیدەیی تایفەكەیان، هەر لەبەر ئەمەش كردیانە یەكێك هەوێنەكانی پێكهێنانی حەشدی شەعبی. بەهۆی ئەوەشی هادی عامری خۆی لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگای دیالەیە بەشێوەیەكی بەرچاو چالاكی خۆی و هێزەكەی لە سنوری دیالەدا چڕ كردۆتەوە كە لا كەلەكەی ئێرانەو كۆنترۆڵكردنی زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە.

جگە لەوەش زۆرجار هادی عامری وەكو سەركردەیەكی مەیدانی و خاوەن نفوزی عێراق كە زۆرترین دەركەوتنی لەگەڵ قاسم سلێمانیدا هەیە لەجیاتی خۆیان قسەی دڵی ئێرانییەكان دەكات و ئێستاش بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی كابینەی عەبدولمەهدی، چاوەكان لەسەر بڕیار و هەڵوێستی هادی عامرین بەتایبەت پاش ئەوەی لەپەیامێكی بەناوبانگدا ڕوبەڕوو بەسەدر رایگەیاند، ئامادەیە پێكەوە هاوكاربن بۆ گەشتنە دەرچەیەكی گونجاو لەكاتێكدا خۆپیشاندانەكان بەردەوام پەرەیان دەسەند و زۆریان بۆ كابینەكەی عەبدولمەهدی هێنا.