ڕاپۆرتی کوردستانی

05:40 - 30/11/2019

ئەو کوردەی لە جێگری ئەتاتورکەوە بۆ بە سەرسەختترین دوژمنی‌

پەیسەر

ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانییی و دەسپێکردنی یەکەمین جەنگی جیهانیی لە ساڵی ١٩١٤ و تا دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ بە قۆناغێکی  "پڕ لە خیانەت و بەڵێنی درۆ بە کورد" دادەنرێت.

 دامەزرێنەری کۆماری تورکیا مستەفا کەمال- ئەتاتورک لە شەڕی تورکەکان بەرامبەر زلهێزەکانی جیهان، سەرکردە کوردەکانی ناو سوپای عوسمانیی بەکارهێنا و بەڵێنی پێدان ئەگەر لە شەڕی دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا یارمەتی بدەن، ئەوە کۆماری تورکیا موڵکی گەلی کورد و تورک دەبێ.

 

بەڵام دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، ئەتاتورک خیانەتی لە سەرکردە کوردەکان کرد و بەڵێنەکانی نەبردە سەر.

لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی، شێخ و مەلا، ڕیشسپی و فەرماندەی سەربازیی پلە بەرزی کورد لە کۆمارەکەی تورکیای کەمالیستی هەڵگەڕانەوە و دەستیان بە خەبات و تێکۆشان بۆ مافی نەتەوەیی کرد.

یەکێک لەو کەسانە فەرماندەی پلەبەرزی سەردەمی عوسمانیی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان (ئەکرەم جەمیل پاشا) بوو.

ئەکرەم پاشا لەسەر بەڵێنی تورکەکان، بۆ کۆمارێکی هاوبەشی تورک و کورد، لەدژی وڵاتانی ڕۆژئاوا شەڕی کرد. دوای پەروەردەی سەربازیی ئەکرەم جەمیل پاشا بەشداری لە شەڕەکانی (چانەکالە، مووش و ئەرزەڕۆم) کرد.

لە هەمان کاتدا مستەفا کەمال ئەتاتورک سەردانی شارەکانی باکووری کوردستانی کردبوو و داوای پشتگیری لە کوردەکان دەکرد. ئەتاتورک لە ئامەد سەردانی دیوانی جەمیل پاشا باوکی ئەکرەم پاشا دەکات و لەگەڵ سەرکردە و سەرۆکهۆزەکان کۆدەبێتەوە.

 

بەپێی هەندێک بەڵگەی مێژوویی، ئەتاتورک لە دیوانی جەمیل پاشا دەستی ژمارەیەک شێخ و ڕیشسپی کوردی ماچکردووە و داوای کردووە لە شەڕی دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیری سوپای تورکیا بکەن.

لەو کاتەدا ئەکرەم پاشا بە شێوەیەکی زۆر توند قسە دەکات و داوای مافی نەتەوەیی دەکات، بەڵام دوای ماوەیەک بە سەختی بریندار دەبێ. کوردەکان ئەتاتورک وەک بەرپرسیاری هێرشەکەی سەر ئەکرەم پاشا لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەتاتورک خۆی لە هێرشەکە بێبەری دەکات.

لە بەرامبەر ئەو رووداوەدا، ئەکرەم پاشا وەک یاریدەدەری خۆی لە ویلایەتی ئامەد - باکووری کوردستان دادەنێ و لەسەر کاغەز رێککەوتن لەگەڵ ئەکرەم پاشا و هیزەکەیدا مۆر دەکات.

دوای ماوەیەک هەندێک رێککەوتنی نهێنی لەنێوان روسەکان و تورکەکان دەبەسترێ،  وردە وردە واتای رێککەوتنی نێوان ئەتاتورک و کوردەکان لە بەرەی شەڕی باکووری کوردستان بە زمانی تورکەکان (ڕۆژهەڵاتی تورکیا) نامێنێ و ئەتاتورک بەپێی رێککەوتنەکە ناجولێتەوە و لە یەکتری دووردەکەونەوە.

ئەکرەم پاشا لە ئەتاتورک بێهیوا دەبێ و بە شێوەیەی سەربەخۆ دەست بە خەباتی نەتەوەیی بۆ کورد دەکات
دوای ئەو ڕووداوانە، ئەکرەم پاشا لقی (کۆمەڵەی کوردستان) کە ناوەندەکەی لە ئیستەنبوڵە، لە ئامەد دەکاتەوەو لەگەڵ هەندێک هاوڕێ و خزمیدا دەست بە بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکات.

 

ئەکرەم پاشا ڕۆژنامەیەک بە ناوی گازی (بانگەواز) بە زمانی کوردی و زاراوەی کورمانجی دەردەکات. بەڵام ئەتاتورک وردە وردە دەست بە دوژمنایەتی ئەکرەم جەمیل پاشا دەکات.

لەو کاتەدا ئەتاتورک گروپێک لە کوردی خۆفرۆش (جاش) پێکدەهێنێ و ئەرکیان پێدەسپێرێت کە ئەکرەم پاشا، کامەران بەدرخان و جەلادەت بەدرخان بکوژن و سیناریۆیەک دروست بکەن کە هەندێک بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەرمەن ئەو کارەیان کردووە.

بەهۆی هەندێک پیلانی تیرۆرکردنەوە، ئەکرەم جەمیل پاشا لە ساڵی ١٩٢١ بە ناچاری ئامەد بەجێ دەهێڵێ. لە دەوروبەری ئامەد کەسێک بە ناوی عەبدولکەریم ئاغا لە هۆزی هەڤەرکی کە برکێگیراوی ئەتاتورکە دەستگیری دەکات و بە ٥٠ لیرەی ئاڵتون ڕادەستی سوپای تورکیای دەکاتەوە.

ئەکرەم پاشا لە ئەنقەرە بۆ ماوەی ساڵیک زیندانی دەکرێ و بەهۆی ناڕەزایی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و سەرۆکهۆزە کوردەکان بە مەرجێک کە لە ئەنقەرە نەچێتە دەرەوە، ئازاد دەکرێت.

بەشدارکردن لە شۆڕشی شێخ سەعید
ئەکرەم پاشا لەڕێی هەندێک دۆستیەوە، لە ئەنقەرە خۆی دەدزێتەوە و دەچێتە شاری ئامەد. خۆی دەگەیەنێتە لای شێخ سەعید و بە نهێنی بەشداری لە شۆڕشەکەیدا دەکات. لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشدا پەیوەندیەکانی لەگەڵ شێخ سەعید ئاشکرا دەبێ و بە فەرمانی ئەتاتورک خۆی و خانەوادەکەی جارێکیتر دەستگیر دەکرێنەوە.

ئەمجارە لە یەکەم دانیشتنی دادگادا ١٠ ساڵ سزای زیندانی بەسەردادەسەپێنیرێ و سێ ساڵ لە زیندانی شاری کاستامۆنیای تورکیا بەند دەکرێ. بەڵام دوای سێ ساڵ بە پارەیەکی زۆر ئازاد دەکرێ.

 

بەپێی هەندێک بەڵگە، بەو پارەیەی خانەوادە و دۆستەکانی بۆ ئازادکردنی کۆیان کردووەتەوە، ئەتاتورک فڕۆکەیەکی پێ کڕیوە. بەڵام ئەکرەم پاشا خۆی دژی ئەوەبوو پارەیان داوە  لە پێناو ئازادکردنیدا.

ئەکرەم پاشا تا ساڵی ١٩٢٩ لەژێر چاودێرییەکی وردەی دەوڵەتی تورکیادا ماوەتەوەو لە هەندێک ناچەی تورکیا و باکووری کوردستان، درێژە بە ژیان دەدات. بەڵام دەوترێت هەوڵیداوە بەشداری لە (شۆڕشی ئاگری)دا بکات و بەو هۆیەوە ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری دەوڵەت بووەتەوەم ئەمجارە خۆی بەدەستەوە نادات و بۆ سوریا هەڵدێت و لە شام نیشتەجێ دەبێ.

ئەو کاتە سوریا لەژێر داگیرکاری فەڕەنسادا بووە و فەڕەنسیەکان هەوڵ دەدەن ئەکرەم پاشا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە کار بۆ فەڕەنسییەکان بکات.

لە غەریبیدا منداڵانی کورد فێر دەکات
فەڕەنسیەکان ئەکرەم پاشا بۆ گوندێکی دوورەدەستی دیمەشق کە هەندێک هۆزی کوردیان تێدا نیشتەجێکرابوون دووردەخاتەوە. لەو گوندەدا خانوویەک دروست دەکات و تراکتۆرێک و هەندێک زەوی و زار دەکرێت و دەست بە کاری کشتوکاڵ دەکات.

 

دوای ماوەیەک پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ خێزانە کوردەکان دروست دەکات و بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و هۆشیارکردنەوەی کوردەکان، دەست بە خەبات دەکات.

منداڵانی کورد فێری نووسین و خوێندنی زمانی کوردی دەکات و وای لیدێت لە ناوچەکانی تریشەوە کوردەکان پەیوەندی لەگەڵدا دروست دەکەن. بەڵام لە سەر داوای دەوڵەتی تورکیا، دەسەڵاتدارە عەرەبەکان لە ناو حکومەتدا دەست بە سەر موڵک و زەوی و زارەکەیدا دەگرن و هەموو جورە چالاکییەکی لێ قەدەغە دەکەن.

پرۆفایلی ئەکرەم جەمیل پاشا
رۆژی ٢٢ی شوباتی ١٩٨١ لە ناوەندی شاری ئامەد لەدایک بووە. ڕۆشنبیر و تێکۆشەر لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی کوردە. کوڕی دەسەڵاتداری کوردی ئامەد ئەحمەد جەمیل پاشا و نەوەی قاسم بەگی ئامەدە.

لە منداڵیەوە پەروەردەیەکی زۆری بینیەوە. مێرمنداڵ بووە کە بە مەبەستی خوێندن نێردراوە بۆ ئیستەنبوڵ. لەوێ ژمارەیەک خەباتکار، ڕۆشنبیر و هونەرمەندی کورد دەناسێ و بە پشتگیری (خەلیل خەیالی بەگی مۆتکی) بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد (کورد تەلەبە جەمعیەتی) و لە دەرکردنی گۆڤاری (هێڤی) دا بەشدار بووە.

دوای ماوەیەک لەگەڵ کوڕی مامی، بۆ خوێندنی ئەندازیاری دەچێتە شاری لۆزانی سویسرا و لەگەڵ هەڵگیرسانی یەکەمین جەنگی جیهانیی، گەڕاوەتەوە بۆ ئیستەنبوڵ.
ئەکرەم جەمیل پاشا ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە لە غەریبی و بە هەژاری کۆچی دوایی کردووە.