ڕاپۆرتی کوردستانی

05:46 - 01/12/2019

لە پلانی بەرگری نوێی ناتۆدا یەپەگە و پەیەدە تیرۆریست نین‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە و تا ئێستا، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) وەک باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەناو دەکات و هەموو هەوڵێکی ئەوەیە، جیهان یەپەگە و پەیەدە وەک دوو هێزی تیرۆریست بناسن و هەوڵە دیپلۆماسیەکانی بۆ ئەم مەبەستە تا ئێستاش بەردەوامە.

بەپێی هەندێک زانیاری لە پلانی نوێی بەرگری هاوپەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور (ناتۆ) دا یەپەگە و پەیەدە بە تیرۆر لەقەڵەمنەدراون و هەرچەندە لە شەڕی دژی ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕووسیا و ئەمریکاش گلۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکرد، بەڵام ئەو دوو زلهێزەش یەپەگە و پەیەدە بە تیرۆریست نازانن.

پلانی نوێی بەرگری ناتۆ و پرسی یەپەگە
لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا ناتۆ خەریکی پلانێکی نوێی بەرگرییە و دەیانەوێت وڵاتانی بالتیک و بە تایبەتی وڵاتی پۆلۆنیا لە مەترسی ڕووسیا بپارێزن.

 

تورکیاش کە وەک هێزی دووەمی ناتۆ دەناسرێت، لەم پلانە نوێیەی وڵاتانی ناتۆدا بەشدارە، بەڵام مەرجێکی هەیە. تورکیا ڕایگەیاندووە بە مەرجێک ئیمزا لەسەر ڕیککەوتنەکە دەکات کە ناتۆ یەپەگە و پەیەدە بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ناتۆوە بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ناتۆ داواکەی تورکیایان قبوڵنەکردووە و تورکیاش هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئیمزا لەسەر پلانی بەرگری نوێی ناتۆ ناکات.

بەرپرسێکی ناتۆ کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دەبێت هەموو دوو ساڵ جارێک پلانی نوێی بەرگری ناتۆ نوێ بکرێتەوە و بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٠دا وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتیە کۆببنەوە و پلانەکەیان نوێ بکەنەوە، بەڵام تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دانیشتنەکە نەکرێت و بەرپرسانی ناتۆش هەوڵەکانی تورکیا بۆ پەیوەندییە شاراوەکانی لەگەڵ ڕووسیا دەگەڕێننەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی دۆیچەڤێلای ئەڵمانی پێشنیارەکەی تورکیا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی یەپەگە و پەیەدە لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڤیتۆ کراوە و قبوڵنەکراوە. هەروەها تورکیاش پلانی نوێی بەرگری ناتۆی بۆ پاراستنی وڵاتی پۆلۆنیای بەرامبەر هەژمونی ڕووسیا ڤیتۆ کردووە.

دیپلۆماتکارێکی تورک بە دۆیچەڤێلای راگەیاندووە کە لەنێوان ناتۆ و تورکیادا ئاڵۆزیەکی گەورە دروست بووە و باسیشی لەوەکردووە، وڵاتانی ئەوروپا یەپەگە و پەیەدە وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی وڵاتانیان نابینن و پێناچێت هەوڵەکانی تورکیا سەربگرێت.

ڕووسیا و ئەمریکاش یەپەگە بە تیرۆر نازانن
دیپلۆماتکارەکەی تورکیا هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، هەوڵەکانی تورکیا بۆ بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی یەپەگە لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە قبوڵنەکراوە.

هەروەها دەڵێت، " لە ڕێککەوتنەکانی ئەنقەرە، ئاستانا و سوچیدا ڕووسیا یەپەگەی وەک هێزێکی تیرۆریست لەقەڵەمنەداوە. لە دانیشتنەکانی تورکیا _ ئەمریکا و تورکیا _ ڕووسیادا، نوێنەرانی هەردوو وڵات، هیچ کاتێک یەپەگەیان وەک تیرۆریست بەناو نەکردووە، بە تەنیا وەک یەپەگە ناویان هێناوە و ئەمەش بەرپرسانی تورکیای نیگەران کردووە.

وڵاتانی ناتۆ لە تورکیا دوور دەکەونەوە
پرۆفیسۆر دکتور سەرهاد گوڤەنچ مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی نێودەوڵەتی قادر هاس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دۆیچەڤێلا دەڵێت، " تورکیا دوو بابەتی لەیەک دوور و جیاوازی تێکەڵ کردووە کە وڵاتانی ئەوروپا بە سیاسەتێکی جوداکارانە لەقەڵەمی دەدەن. بەم سیاسەتە تورکیا ناتوانێت هیچ شتێک بەدەست بهێنێت. بە هیچ شێوەیەک وڵاتانی ئەوروپا یەپەگە و پەیەدە ناخەنە لیستی تیرۆرەوە".

هەروەها باسی ئەوەش دەکات، پلانی نوێی بەرگری ناتۆ لەبارەی وڵاتانی بالتیک بۆ ناتۆ پلانێکی چارەنووسازە. وڵاتانی بالتیک دوای شەڕی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر باکووری ئەوروپا دەزانن و نزیکایەتی تورکیاش لە ڕووسیا و ڤیتۆکردنی پڕۆژەکە بووەتە هۆکاری ئاڵۆزییەکی نهێنی بەڵام گەورە لەنێوان تورکیا و ئەوروپا و ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکییەکان زۆرتر دەبن.

 

ناچۆ سانچیزڕ بەرپرسی دۆسیەی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا کرد و وتی، " تورکیا ئەردۆغان نییە و ئەردۆغانیش تورکیا نییە. پێویستە لە دەرەوەی ئەردۆغان مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکرێت. پێویستە ئەوروپا تورکیا بەجێنەهێڵیت.

لەلایەکی ترەوە ئاڵۆزییەکی زۆر کەوتووەتە نێوان فەڕەنسا و تورکیا. لە دوایین لیدوانیدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا لە سوریا گرت و وەک هەڵوێستێک لەبەرامبەر بێدەنگی ناتۆ بەرامبەر کردەوەکانی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ ڕایگەیاندبوو" مێشکی ناتۆ مردووە". ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش وڵامی ماکڕونی دایەوە و وتی، "ماکرۆن پێویستە سەیری مێشکی خۆی بکات بۆ ئەوەی بزانێ ماوە یان مردووە."
لە ئەنجامی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و تورکیادا دەردەکەوێت، هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکان کوردە. ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن لەم سەدەیەشدا پاشەکشێ بە کورد بکەن و رێگری لە پێگە و ستاتۆی کوردی بگرن، بەڵام وادیارە ئەوروپیەکان وەک جاران لەگەڵ ئەم پلان و دوژمنایەتیەکی تورکیادا نین.