ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:01 - 02/12/2019

خومەینی و سیستانی.. عادل عەبدولمەهدی و شاپووری بەختیار‌

پەیسەر

بە دەستلەکارکیشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داوای عەلی سیستانی، مەرجەعیەتی شیعە لە عێراق هەنگاوێکی گەورەی نا لە دەستتێوەردانی راستەوخۆی دەسەڵات لە عێراق. پێشتر ئەگەر دەستتێوەردانەکان لەچوارچێوەی راسپاردەو رێزگرتندابووبێ، ئەوا لەمەودوا سەردەکێشێ بۆ فەرمان دەرکردن.
پێشتر سیستانی چەندینجار ئاماژەی بەوەداوە کە نایانەوێ لە عێراقدا سیستمی ویلایەتی فەقیهـ دابمەزرێنن، بەڵام دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، ئیتر مەرجەعیەت بە جۆرێکی تر دەکەوێتە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانەوە لەم وڵاتەدا.
هەرچەندە رووداوەکان و مێژووەکانیان زۆر دوورن لە یەکترەوە، بەڵام ئەم هاتنە پێشەوەی سیستانی وەکو مەرجەع، لەو کاتە دەچێ کە ٤١ ساڵ لەمەوبەر خومەینی لە ئێران هاتە سەر دەسەڵات.

خومەینی لەسەروەختی شپرزەبوونی دەسەڵاتی شاهەنشاهیی بەهۆی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێرانەوە، پێداگری زۆری دەکرد لەسەر لە بڕیار و راسپاردەکانی خۆی. بەهۆی ئەوەی کەسایەتی هەرە بەرزو خۆشەویستی شۆڕشی گەلانی ئێران بوو، هەرچی دەگوت دەبوو جێبەجی بکرایە.
شاپوور لە ئێران
دوای ئەوەی شای ئێران ناچارانە وڵاتی بەجێهێشت، شاپووری بەختیار کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی دێرینی شا کرایە سەرۆکوەزیرانی ئێران و دەسەڵات تەواو بەو درا.
شاپوور دەیویست کۆتایی بە سەڵتەنەتی شاهەنشایی ئێران بهێنێ و رژێمێکی نوێ بهینێتە سەر کار. بڕیاریدا هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات و نەرمتر مامەڵە لەگەڵ شۆڕشگێڕ و خۆپیشاندەرانی توڕەی ئێراندا بکات. بەڵام بەهۆی ئەوەی گەلی ئێران لەسەر رێگای گۆڕانکاری گەورەبوون، زیاتر گوێیان بۆ قسەکانی خومەینی دەگرت.
کاتێک خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران، بە دەنگێکی توڕەوە دەیگوت " دەبێ شاپووریش بڕوات چونکە ئێمە دەوڵەتێکی ئیسلامیمان دەوێ" شاپووری بەختیار زۆر هەوڵیدا بەرامبەر خومەینی بووەستێ و ئەو رژێمە دابمەزرێنێ کە خۆی دەیویست. بەڵام لە کۆتاییدا قسەی خومەینی سەریگرت.
لە گەرمەی "دەبێ بڕۆی" ی خومەینی و "ناڕۆم"ی  شاپووری بەختیاردا، دوای ٣٧ رۆژ لە سەرۆکوەزیری، رۆژی ١١ی شوباتی ١٩٧٩ شاپوور بە هەلیکۆپتەرێک لە کۆشکی دیوانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوەو هەرگیز لە ئێران نەبینرایەوە تا لە ساڵی ١٩٩١ لە فەرەنسا تیرۆرکرا.
بە رۆیشتنی شاپووری بەختیار و بێلایەنی سوپای شاهەنشاهیی لە خۆپیشاندانەکاندا، دەسەڵاتی خومەینی کە دواتر بە ویلایەتی فەقیهـ گۆڕا، لە ئێراندا بە یەکجاریی چەسپا و تائێستا کە ٤١ ساڵ تێدەپەڕێ، ئەو رژێمە لەسەر حوکمە.
عادل لە عێراق
عادل عەبدولمەهدی کە وادیارە پیاوێکی نەرمڕەو و ریفۆرمخوازە، شاپوور و عادل لەوەدا لە یەکتر دەچن کە لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا و لەسەر پێداگری دوو پیاوی ئاینیی ناچار کران دەسەڵات بەجێ بهێڵن. هەردوولایان دەیانگوت کە چاکسازیی دەکەن لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا. گەندەڵیی و رۆتین کەم دەکەنەوەو هەلیکار دەڕەخسێنن.
شاپوور میراتێکی دەوڵەمەندی بۆ بەجێمابوو لە ستەمکاریی سەڵتەنەتی شای ئێران، کاتێکیش کە دەسەڵاتی کەوتە دەست، وڵات نقوم بووبوو لە گێژاوی شۆڕش و خۆپیشاندانەکاندا، عادل عەبدولمەهدیش کەوتبوو بەسەر میراتێکی زۆر دەوڵەمەند لە گەندەڵیی، هەژاریی، بێکاریی و لە هەمووی خراپتر حکومەتێکی لەرزۆک و دانەمەزراو. ئەویش کەوت بەسەر گێژاوی خۆپیشاندان و پشێویدا.
هەردووکیان کۆتایی دەسەڵاتەکانیان لەسەر داوای پیاوانی ئاینیی و مەرجەعیەت بوو. بەڵام جیاوازی گەورە ئەوەیە ئێرانییەکانی ئەو کات ئەزموونی ویلایەتی فەقیهیان لە بەردەستدا نەبوو بۆیە تامەزرۆی بوون. ئایا ئێستا عێراقییەکان دەچنەوە سەر ئەو ئەزموونەی کە ٤١ ساڵ لەمەوبەر ئێرانییەکان پێیان تێی خزا و ئێستا ماندوون بە دەستییەوە؟
کاتێک یەکێتی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٩١ هەڵوەشایەوە، نووسەرێکی روسی نووسی: تەنیا دەسکەوتی یەکێتی سۆڤێت بۆ مرۆڤایەتی ئەوەبوو کە سەلماندی، ئێمە بە ڕێگەیەکی هەڵەدا ڕۆیشتین ئێوە بە هامان ڕێگەدا مەڕۆن!
سەرگرتنی قسەکانی سیستانی لە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیدا، هەمووی نا، بەڵام بەشێکی زۆری وەڵامەکەی داوەتەوە بە جیاوازییەک لەوەی، عێراقی ئەمڕۆ هەمووی گوێڕایەڵی مەرجەعیەت نییە وەکو لە ئێرانی دوێنێدا بۆ خومەینی وابوون.