ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:54 - 02/12/2019

په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و به‌غدا به‌كوێ ده‌گات؟‌

پەیسەر پرێس

نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی كه‌سێك، كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك به‌ ته‌كنۆكرات ناوده‌برا، پێكهێنرا. كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی گرته‌ ده‌ست، میراتێكی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی پێش خۆی بۆ مابووه‌وه‌. ده‌نگی ناڕه‌زایی دژی گه‌نده‌ڵی گه‌یشتبووه‌ ئاستێكی فراوان، ته‌نانه‌ت پێش عه‌بدولمه‌هدیش كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بوو، چه‌ندین خۆپیشاندان دژی گه‌نده‌ڵی و بێدادی كۆمه‌ڵایه‌تی و بێكاری به‌ڕێوه‌چوون، زۆرینه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ڕه‌وتی سه‌دریان له‌ پشته‌وه‌ بوو كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر شه‌قامی ده‌جوڵاند.

دوای مامه‌ڵه‌ی توندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ حزبه‌كان، دروشمه‌كان گۆڕان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌

ساڵێك دوای ده‌ستبه‌كاربوونی عادل عه‌بدولمه‌هدی جامی توڕه‌یی دژی گه‌نده‌ڵی به‌سه‌ر ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌دا ڕژا، خۆپیشاندانه‌كان زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كانی عێراقیان گرته‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر خۆپیشانده‌ر كوژران و برینداربوون. سه‌ره‌تا دروشمی خۆپیشانده‌ران نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستبه‌ركردنی كار و خۆشگوزه‌رانی بوو، به‌ڵام دوای مامه‌ڵه‌ی توندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ حزبه‌كان، دروشمه‌كان گۆڕان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.

په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و به‌غدا پێش عه‌بدولمه‌هدی چۆن بوو؟
له‌سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیراندا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و به‌غدا هه‌ندێك جار باش و هه‌ندێك جاریش ئاڵۆز بوو. له‌و كاتانه‌دا كه‌ هه‌ردوولا له‌ سه‌نگه‌رێكدا شه‌ڕی دژی داعشیان ده‌كرد و پێویستیان به‌ یه‌كتر بوو په‌یوه‌ندیه‌كانیان باش بوو، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ناركردنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ خاڵی ناكۆكی نێوان ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته‌ بوو. به‌ڵام كه‌ داعش نه‌ما و هه‌رێمی كوردستان ڕیفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كرد، سه‌رجه‌م هێزه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان به‌بێ جیاوازی هه‌موو قورسایی و سه‌ربازی خۆیان دژی كورد به‌كارهێنا، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی به‌غدا سوپا و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ پێشتر پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی داعشیان ده‌كرد، بباته‌ سه‌ر كه‌ركوك و شاره‌كه‌ به‌ زه‌بری هێز له‌ كورد بستێنێته‌وه‌. له‌و ماوه‌یه‌دا حكومه‌تی ناوه‌ندی نزیكه‌ی 52%ی خاكی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌وه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆی.

په‌رله‌مانی عێراق له‌ 27ی ئه‌یلولی 2017دا و دوو ڕۆژ دوای ڕیفراندۆم و له‌ دانیشتنێكی نائاساییدا زنجیره‌یه‌ك بڕیاری دژی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ركرد و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌رپشككرد له‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌كاربهێنێت تا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و سه‌رجه‌م دامهوده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت. یه‌كێكی تر له‌و بڕیارانه‌ لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی بوو له‌و كه‌سانه‌ی له‌ پشت ڕیفراندۆمه‌كه‌وه‌بوون به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ داخستنی ئاسمان و زه‌وی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌دا.

به‌ هێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنووریه‌كان، ئیدی ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی

به‌ر له‌م هه‌نگاوه‌ش، به‌غدا له‌سه‌ر ناكۆكیه‌كانی له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیبوو، به‌ هێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنووریه‌كان، ئیدی ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی.

به‌هاتنی عه‌بدوله‌هدی چی ڕوویدا؟

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ 2004 تا 2005 له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاویدا وه‌زیری دارایی بوو، به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی به‌ له‌ 17% ده‌ستنیشانكرد

كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ 2004 تا 2005 له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌لاویدا وه‌زیری دارایی بوو، به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی به‌ له‌ 17% ده‌ستنیشانكرد، دواتر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ لای ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی هه‌رێم جێگیركرا و له‌ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای هه‌موو ساڵێكدا كورد داوای ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ به‌غدا ده‌كات. كاتێكیش عادل عه‌بدولمه‌هدی بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، تا ڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ ڕۆیشتن، زۆربه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریكردبوون هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی دوو سكاڵای دژی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردبوو، یه‌كێكیان سكاڵا بوو دژی توركیا كه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕێته‌وه‌، ئه‌م سكاڵایه‌یان له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تۆماركرابوو. سكاڵای دووه‌میش له‌ دادگای فیدراڵی عێراق تۆماركرابوو و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ درابوو كه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ناده‌ستووریه‌. سكاڵای یه‌كه‌میان له‌لایه‌ن عه‌بدولمه‌هدیه‌وه‌ كشێنرایه‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق چاوه‌ڕوانبوون ته‌نها له‌و سكاڵایه‌دا 26 ملیار دۆلار ببه‌نه‌وه‌، یاسای دووه‌میش له‌ 4ی نیسانی 2019دا له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵیه‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردرا، له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێنه‌ری هیچ كام له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان كۆنووسی خۆیان له‌باره‌ی سكاڵاكه‌وه‌ پێشكه‌ش دادگاكه‌ نه‌كردووه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ 23ی ئازاری ڕابردوودا و له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی له‌وه‌كرد كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕی ترلیۆنێك و 600 ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زیادكردووه‌، كه‌ به‌ نزیكی ده‌كاته‌ 50%ی ئه‌و موچه‌یه‌ی له‌سه‌ردامی خۆیدا و دوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كرا.

دوای ده‌ستبه‌كاربوونی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌غدا داوای ڕێككه‌وتنێكی نوێی له‌ كورد كرد، تا ئه‌ویش بتوانێت به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم به‌ به‌رده‌وامی ڕه‌وانه‌ بكات. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان تا دره‌نگ به‌ده‌م ئه‌م داوایه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ نوێیه‌كه‌ی به‌غداوه‌ نه‌چوو

له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی عه‌بدولمه‌هدیه‌وه‌ به‌غدا داوای ڕێككه‌وتنێكی نوێی له‌ كورد كرد، تا ئه‌ویش بتوانێت به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم به‌ به‌رده‌وامی ڕه‌وانه‌ بكات. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان تا دره‌نگ به‌ده‌م ئه‌م داوایه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ نوێیه‌كه‌ی به‌غداوه‌ نه‌چوو. له‌و كاته‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، ئه‌و به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ڕه‌وانه‌ كردووه‌. به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترا سیستمی پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگیرا و جوڵه‌ی بازاڕ له‌ هه‌رێم زیادیكرد و خه‌ڵكه‌كه‌ ئاهێكیان به‌به‌ردا هاته‌وه‌.

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی
له سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا خۆپیشاندان دژی گه‌نده‌ڵی و بێكاری له‌ به‌غدای پایته‌خت ده‌ستیپێكرد و هه‌رزوو چه‌ند ناوچه‌ و پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراقی گرته‌وه‌، به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی توندی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و میلیشیا چه‌كداره‌كانه‌وه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی 500 كه‌س كوژراون و هه‌زارانی دیكه‌ش برینداربوون. كوژرانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ و داواكاری بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕووی له‌ زیادبوون كرد، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ له‌ ڕۆڵه‌ ئاینیه‌كه‌ی ده‌ربچێت و ڕۆڵێكی سیاسی ببینێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هه‌ینی ڕابردوو مه‌رجه‌عیه‌ت داوای له‌ په‌رله‌مان كرد چاو به‌و حكومه‌ته‌دا بخشێنێته‌وه‌ كه‌ خۆی متمانه‌ی پێداوه‌. عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕیاریدا گوێڕایه‌ڵی داواكه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت بێت و ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستكه‌وتێكی دیموكراسیه‌؟
 ڕاستە یەکەمین جارە لە عێراقی دوای سه‌دام حسێندا پێش تەواو بوونی وادەی دەستووری کابینەیەك سەرۆك وەزیرانەکەی دەست لە کاربکێشێتەوە، بەڵام ناكرێت كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ وه‌ك وەرچەرخانێکی سیاسی ببینرێ و بە خاڵێكی دیموکراسی لە قەڵەم بدرێت، چونكه‌ ئه‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ هێنده‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری بڕیارێكی سیاسیانه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تدا بوو هێنده‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی خۆپیشاندانه‌كاندا نییه‌، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی له‌دوای بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ش خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامن.

دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق بەرەو سیستەمێکی مەزهەبی تەواو هەنگاو دەنێت. لابردنی عادل عەبدولمەهدی بە ئاماژه‌یه‌كی سیستانی جەوهەری ڕاستەقینەی ده‌سه‌ڵاتی له‌ عێراقدا بۆ هەموو لایەک دەرخست

به‌ بڕوای پرۆفیسۆر جه‌بار قادر، دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق بەرەو سیستەمێکی مەزهەبی تەواو هەنگاو دەنێت. لابردنی عادل عەبدولمەهدی بە ئاماژه‌یه‌كی سیستانی جەوهەری ڕاستەقینەی ده‌سه‌ڵاتی له‌ عێراقدا بۆ هەموو لایەک دەرخست. ئێستا هەموو کەسێک دەزانێ نە دەستور و نە ئەنجومەنی نوێنەران و نە هەموو دامەزراوەکانی تری دەوڵەتی عێراق بەرگەی یەک قسەی سیستانی ناگرن. ئه‌م سیستمه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهه‌ له‌ ئێران، ئەوەی کاربەدەستانی ئێران لە دەستوردا جێگیریان کردووە و بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندوویانە، سیستانی و لایەنگرانی دەیانەوێ لە سێبەری دەستورێکی دیموکراتیدا بەسەر گەلانی عێراقدا بیسەپێنن.


په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و به‌غدا چی لێدێت؟
ڕۆژی 13ی تشرینی دووه‌م نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا كۆبووه‌وه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك دۆستێكی نزیكی كورد خۆی نیشانداوه‌ و نیگه‌رانی له‌وه‌ نیشاندابوو كه‌ كورد یه‌كگرتوو نین و په‌رته‌وازه‌ن، داوایكردبوو ئه‌گه‌ر مافى كوردیان ده‌وێت، به‌ یه‌كڕیزى بچنه‌ به‌غدا، باسی له‌وه‌شكردبوو كه‌ یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر هه‌موارى ده‌ستوورو چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكۆكن، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا  شاند ده‌نێرێت و بۆچوونه‌كانیشیان لێك نزیك نین.

حكومه‌تى عێراق و لایه‌نه‌ شیعه‌كان، ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی هه‌مواری ده‌ستووره‌وه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر كورد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێشتنه‌وه‌ی سیستمی فیدراڵیان له‌ ده‌ستوردا به‌وه‌وه‌ گرێداوه‌ كه‌ كورد ده‌ستبه‌رداری بیرۆكه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ بێت

دیارترین مه‌ترسی كه‌ له‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد و سیستمی فیدراڵی عێراق ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراق و لایه‌نه‌ شیعه‌كان، ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی هه‌مواری ده‌ستووره‌وه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر كورد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێشتنه‌وه‌ی سیستمی فیدراڵیان له‌ ده‌ستوردا به‌وه‌وه‌ گرێداوه‌ كه‌ كورد ده‌ستبه‌رداری بیرۆكه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ بێت و دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ ته‌واوی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، ئه‌گه‌رنا فیدراڵیه‌ت له‌ ده‌ستوردا هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌.

ڕۆژی 23ی مانگی ڕابردوو بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێم و دیاریكردنی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق، شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا كۆبوونه‌وه‌، بۆ یه‌كه‌مجار بوو كه‌ شاندی كورد سه‌رپشك بكرێت له‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی نیشان بدات ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بكات.

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و داوای له‌ شانده‌كه‌ كردبوو واژۆكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دوابخرێت بۆكاتێك حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌ستبه‌كارده‌بێت

بڕیاربوو له‌ 30ی تشرینی دووه‌مدا شاندی كوردی بچنه‌وه‌ به‌غدا و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام ڕۆژێك به‌ر له‌و واده‌یه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و داوای له‌ شانده‌كه‌ كردبوو واژۆكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دوابخرێت بۆكاتێك حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌ستبه‌كارده‌بێت. به‌ڵام حكومه‌تى هەرێم داوایکردووە، سەردانەکە بکرێت و رێککەوتنه‌كه‌ واژبکرێت، بۆ ئەوەی بودجە تێپەرێنرێت و کابینەی داهاتوو پێوەی پابەندبێت. به‌غداش به‌هۆى بارودۆخى عێراق و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیه‌وه‌ ئاماده‌یى بۆ واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ تێدا نه‌بووه‌.

ڕۆژانێکی پڕ لە کێشە و بگرە و بەردە چاوەڕوانی کورد دەکەن لە باشووری کوردستان، به‌جۆرێك ئەوەی لە ١٦ ئوکتۆبەر ڕوویدا شتێکی ئەوتۆ نابێت لە چاویاندا

به‌ بڕوای پرۆفیسۆر جه‌بار قادر ڕۆژانێکی پڕ لە کێشە و بگرە و بەردە چاوەڕوانی کورد دەکەن لە باشووری کوردستان، به‌جۆرێك ئەوەی لە ١٦ ئوکتۆبەر ڕوویدا و عێراق 52%ی خاكی هه‌رێمی خسته‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه‌ شتێکی ئەوتۆ نابێت لە چاویاندا.
ده‌شڵێت دەبێ کورد بەرگری لە داهاتووی خۆی بکات و شیعە لەوە تێبگەیەنێت کە ناکرێت مەرجەعییەتی بەشێک لە دانیشتوان بڕیار لە سەر چارەنووسی هەموو خەڵک بدات و بۆ ئەمەش داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا بکات کە ڕێگری لەم ڕەوتە ترسناکە بکەن.