ڕاپۆرتی کوردستانی

02:21 - 03/12/2019

پایتەختی خۆکوژەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندایە!‌

پەیسەر

بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی قورس لە خۆکوشتندا لەسەر ئاستی ئێران، پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان نازناوی "پایتەختی خۆکوشتن"ی پێدراوە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی چاودێری و هەماهەنگی کاروباری لاوانی ئێران، ساڵی رابردوو لە پارێزگای ئیلام زیاتر لە ٨٠٠ هەوڵی خۆکوشتن تۆمارکراوە. کە ئەمە بە ئامارێکی زۆر ترسناک دادەنرێ.هەر بەگوێرەی ئاماری ئەو ناوەندە، ساڵی ٢٠١٨ حاڵەتەکانی خۆکوشتن یان هەوڵی خۆکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە هەزار و  ٣٩٥ حاڵەت کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی پیشووتر، زۆر زیادیکردووە.بەگوێرەی قسەی ئەو کەسانەی بۆ ئەم راپۆرتە لێدوانیان لێ وەرگیراوە، کێشەکۆمەڵایەتییەکان و بێکاریی، لە ریزی پیشەوەی پاڵنەرەکانی خۆکوشتنن لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ساڵی ٢٠١٨ حاڵەتەکانی خۆکوشتن یان هەوڵی خۆکوژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە هەزار و  ٣٩٥ حاڵەت

نەجیبە ناوی خوازراوی ژنێکە لە شاری ئیلام دەڵێ پێش چەند ساڵێک کوڕێکی خۆی، هەوڵی خۆکوشتنی داوە. بەڵام ئەم نەیهێشتووە ئەو کارە بکات. نەجیبە وتی:"دایکان و باوکان ناوێرن مێرمنداڵێک بە تەنیا لە ماڵەوە جێ بهێڵێن. من کوڕەکەی خۆم پۆلی دووی دواناوەندی بوو دەیویست خۆی بکوژێ. ئەگەر درەنگتر بگەیشتبامە سەری ئەو ئێستا مردبوو. لە دوای ئەو ڕووداوە زۆر ئاگامان لێیەتی. لێرە زۆربەی لاوەکان خۆیان دەکوژن. هەمووشی هی ئەوەیە بێکارن. هیچ سەرقاڵییەکیان نییە. تەواو پارێزگاکە بگەڕێی سینەمایەکی تێدا نابینی. منداڵەکانی ئێمە بە درێژایی تەمەنیان جارێکیش نەچوونەتە سینەما".

خۆکوشتن دیاردەیەک نییە تایبەتبێ بە ناوچەیەکی دیاریکراو، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە و بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ساڵانە لە جیهاندا لە نێوان ٨٠٠ هەزار تا یەک میلیۆن کەس خۆیان دەکوژن.

لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵێکدا ٨٠٠ حاڵەتی هەوڵی خۆکوشتن تۆمار کراوە

شاردنەوەی ژمارەکان
ئێران کە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکە لەم وڵاتە، یەکێکە لەو وڵاتانەی ئاماری خۆکیژیی تێیدا لە ئاستێکی بەرزدایە. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەراورد بە ستانداردی جیهانیی، خۆکوژیی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.
پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی دەوڵەت، توێژەران و کۆمەڵناسان هۆشداریی دەدەن کە ئاستەکە گەیشتووەتە رادەیەکی مەترسیدار. ئەگەرچی لە ئێراندا به گەلێک هۆکاری جیاواز ئامارەکان وەک خۆی، ڕاناگەیەنرێ.

د. ئیحسان تەوەکولی، پزیشکی دەروونیی و دانیشتووی کرماشان، سەبارەت بە شاردنەوەی ئامارە راستەقینەکانی خۆکوشتن و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەم دیاردەیە، بۆ پەیسەر دەڵێ، شاردنەوە یان کەم نیشاندانی رێژەکەی لە ئێراندا، یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم توێژەران. کاتێ وردەکارییەکانی ڕاناگەیەنرێ، ناکرێ بەپێی ئەو ئامارانەی هەن لێکۆڵینەوە بکرێ یان کاری پسپۆڕانە ئەنجام بدرێ.

پاساوی بەرپرسانی ئێران لە کەم نیشاندانی ئامارەکان، بۆ ئەوەیە هۆکارەکانی پێ دابپۆشرێ. چونکە بەشێکی گەورەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن هۆکارەکەی بێکاریی یان هەژارییە.
د. ئەردەشیر بەهرامی بۆ خۆی کۆمەڵناسە و کتێبێکیشی بەناوی  (کولتوور، پەرەسەندن و خۆکوشتن) نووسیوە، دەڵێ: کاربەدەستانی ئێران پێیانوایە ئەگەر ڕێژەی ئامارەکان وەک خۆی بڵاو نەکرێتەوە و دەستکاری بکرێ، ئەوا خودی کێشەکان دەشاردرێنەوە و نامێنێن.

منداڵەکانی ئێمە بە درێژایی تەمەنیان جارێکیش نەچوونەتە سینەما

د. ئەردەشێر بۆ پەیسەر وتی:" ئامارە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێ روون و راشکاوبن تا زانایان و توێژەران لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکار و پاڵنەرەکانی بکەن. تیۆرییەکان تاقی بکەنەوە و ڕیکارەکان ڕابگەیەنن، دواتر لە پڕۆسێسێکی گشتی و هاوبەشدا هەوڵی کەمکردنەوەی کێشەکان بدەن".
بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە تایبەت بایەخ بە رەوشی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات، لە مانگی ئازاری ٢٠١٨وە تا مانگی ئازاری ٢٠١٩ لانیکەم ١٠٠ ژن و کچ خۆیان کوشتووە. لەم ١٠٠ کەسە ٤٢ کەس لە ورمێ، ٢٧ لە سنە، ١٧ لە ئیلام و ١٤ حاڵەتیش لە کرماشان تۆمار کراون.
 کۆمەڵناسان پێیانوایە خۆکوشتن دیاردەیەکی شاراوەیە و تەنانەت ئەگەر ئامارێکی فەرمیش بخرێتە ڕوو، هێشتا ئامارێکی ورد و باوەڕپێکراو نییە. چونکە بەشێک لە خزمان و کەسوکاری خۆکوژ، هەوڵ دەدەن خۆکوشتنەکە وەک مردنێکی سروشتی پیشان بدەن و به هۆی عەیبە و حەرامبوونی خۆکوشتن لە ئایینی ئیسلامدا، بیشارنەوە.

لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هۆکارەکانی خۆکوشتن لە ئێران بە گشتیی و رۆژهەڵات بە تایبەت بەمشێوەیە پۆلێن کراون: خۆکوشتن بە هۆی کێشەی خێزانیی، هەژاریی و بێکاریی، نەخۆشی و کێشەی دەروونیی، ڕیگریکردن لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و بەشوودانی زۆرەملێ. خۆ دەستبەسەرکردن و گوشاری هێزە ئەمنییەکان.

د.حەسەن غەریبی دەروونناس و مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە هۆکارەکانی خۆکوشتن دەڵێ: "خۆکوشتن لە ڕوانگەی دەروونناسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دیاردەیەکە پەیوەندی بە سێ هۆکاری گرنگەوە هەیە؛ هۆکارە ناوچەییەکان وەک بێکاریی، جەنگ و ئەو کێشانەی کە هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە. هۆکارە شەخسییەکانی وەک ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکان. یەک لە سەر سێی خۆکوشتنەکان لە لایەن ئەو کەسانەوە ئەنجام دەدرێ کە لە ناکاو ڕووبەڕووی ڕووداوێکی دڵتەزێن دەبنەوە و ناتوانن چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە. سێیەم هۆکاریش هۆکاری کەسێتییە. هەندێک کەس به هۆی کێشە خێزانییەکان و هەلومەرجی ژیانی منداڵییان، دڵیان ناسکترە و زۆر زوو لە بەرامبەر ڕووداوە دەرەکییەکاندا دژکردەوە دەنوێنن".
غەریبی پێیوایە زۆربەی لێکۆلەران سەبارەت بەم سێ هۆکارە هاوڕان، هەرچەندە تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگە و دەڤەرێک دەتوانێ رۆڵی یەک لەم سێ هۆکارە زەقتر و بەرجەستەتر بکات.

د، ئەردەشیر بەهرامی ئەم هۆکارانەی تر زیاد دەکات بۆ سەر قسەکانی د. غەریبی و دەڵێ: " خۆکوشتن لە ڕوانگەی ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە پەنابردن و داوای کۆمەک و یارمەتیی. ئەوانە تەنیا لەبەر هۆکاری دەروونیی نییە خۆیان دەکوژن، بەڵکو هۆکارگەلی وەک هەست بە شەرم و تاوانکردن، ترس، بێ‌هیوایی، بێ‌وەفایی، ئازار و تەنانەت خەمۆکیش دەبنە هۆی خۆکوشتن. خۆکوشتن هەڵقوڵاوی تێکچوون و داڕووخانی سیستمی ژیان و لەناوچوونی چوارچێوەکان و پچڕانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە"

بە پێی لێکۆڵینەوەکان تەمەنی ئەو پیاوانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان دەکوژن لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ و لە ژنانیشدا لە نێوان ١٦ بۆ بیست ساڵە.

خۆکوشتنی ژنان و منداڵان
لە جیهاندا ئاماری خۆکوشتن لە نێوان بە ساڵاچووان و پیاواندا ڕێژەیەکی زۆری تۆمارکردووە و زیاتر پیاوان خۆیان دەکوژن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لاوان و بە تایبەت ژنان خۆیان دەکوژن؟
د. ئەردەشێر لەمبارەیەوە دەڵێ: بە پێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی من ٧٠%ی ئەوانەی خۆیاندەکوژن، تەمەنیان ٢٤ ساڵانە. واتا قوربانییەکان بە گشتی لە نێوان ١٥ تا ٣٠ ساڵاندان.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بە تایبەت لە پارێزگای ئیلام، ژنان زیاتر بە شێوەی خۆسووتاندن خۆیان دەکوژن ئەمەش سەرنجی لێکۆلەران و تەنانەت میدیاکانیشی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە.

دوکتور شەهلا ئەعزازی، کۆمەڵناس سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان پێیوایە، هەڵبژاردنی شێوازی مردن لە خۆکوشتندا لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ژنان توندترین ڕێگەکان هەڵدەبژێرن. ئەو پێیوایە خۆسووتاندن کارەساتبارترین شێوازی خۆکوشتنە و تەنانەت ئەگەر کەسەکە نەشمرێ لە داهاتوودا تووشی کێشە زۆر زیاتر دەبێتەوە. ئەعزازی دەڵی ئەوەی کە بۆچی ئەم شێوازە هەڵدەبژێرن بەڕاستی دیار نییە و بۆ منیش نامۆیە.

شاردنەوە یان کەم نیشاندانی رێژەی خۆکوشتن لە ئێراندا، یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم توێژەران

چنوور فەتحی چالاکوانی مەدەنی کە کتێبێکی بە ناوی (توندوتیژیی خێزانیی.. چەند ڕەهەند و لایەنی شاراوە و باسنەکراو) نووسیوە، هەندێک لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ئەم شێوازی خۆکوشتنە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و دەڵی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری خۆسووتاندن ڕێژەیەکی زۆرە، بەڵام شارەکانی مەریوان، سەقز، پیرانشار، کامیاران و ئیلام زیاترین ڕێژەی خۆسووتاندنی تێدا دەبینرێ"

فەتحی پێیوایە گرنگترین هۆکارەکانی خۆسووتاندن لە ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ هەژاریی ئابووری، هەژاریی کولتووریی، توندوتیژیی خێزانیی و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر.

هەرچەندە خۆکوشتن لە ئێراندا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەیەکی زۆری تۆمار کردووە، بەڵام لە ئێران تا ساڵی ٢٠١١ش هیچ ڕێکخراوێکی حکومیی نەبوو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بکەن سەبارەت بە دیاردەیە. لە ساڵی ٢٠١١وە ڕێکخراوی (پێشگرتن بە خۆکوشتن) دامەزراوە و لە هەندێک شوێن دەستی بە کار کردووە. بەڵام دەروونناسان و چالاکوانان دەڵێن، ئەم دامەزاراوەیە رۆڵی نەبووە لە کەمکردنەوەی دیاردەی خۆکوژیی،