ڕاپۆرتی کوردستانی

03:19 - 03/12/2019

سێ سەرۆکە بەهێزەکەی ئەوروپا لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی یەپەگەیە‌

سێ سەرکردەی گرنگی ئەوروپا (مێرکڵ، ماکرۆن و جۆنسۆن) بەر لە کۆبوونەوەکەی ناتۆ ئەرۆدغانیان بۆ کۆبوونەوەیەک بانگهێشتی لەندەن کردووە  و بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەش کوردە.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هەندێک میدیای جیهانی بڵاوکراوەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێت لە زاری ئەردۆغانەوە بزانن، ئایا تورکیا کەی و بە چ شێوەیەک سەربازەکانی لە سوریا دەکێشێتەوە. دوای کشانەوەکە پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد لەسەر چ بنەمایەک دەبێت. ستراتیژی تورکیا بەرامبەر شەڕی دژی داعش لە چ ئاستێکدا دەبێت و بە چ میکانیزمێک دیلە ئەوروپیەکانی داعش ڕادەستی وڵاتانیان دەکرێنەوە.

 

ماڵپەڕی دۆیچەڤێلای ئەڵمانی لە زاری دیپلۆماتکارێکی تورکیا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەشدەکرێت، دوای كشانەوەی تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەتوانرێت هێزێکی هاوبەشی ئەوروپی لە سنورەکان جێگیر بکرێت.

ئایا تورکیا ئامانجەکەی بەدەست دەهێنێت؟
ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکە رازیکردنی وڵاتانی ئەوروپایە بۆ ئەوەی  یەپەگە و پەیەدە بخرێنە لیستی تیرۆری ناتۆوە. دۆیچەڤێلا لە زاری بەرپرسانی ئەڵمانییەوە دەڵێت، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هیزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ئاوێتەی یەکتری بوون و هاوپەیمانی سەرەکی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعشن. لە لایەکی ترەوە تورکیا یەپەگە وەک هێزێکی سەر بە پەکەکە دەبینێت و حکومەتی ئەڵمانیا بە هۆی ئەو کێشەیەوە لە دۆخێ سەختی بڕیارداندایە.

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕووسیا ناتۆ خەریکی پلانێکی نوێی بەرگرییە و دەیانەوێت وڵاتانی بالتیک و بە تایبەتی وڵاتی پۆلۆنیا لە مەترسی ڕووسیا بپارێزن.

تورکیاش کە وەک هێزی دووەمی ناتۆ دەناسرێت، لەم پلانە نوێیەی وڵاتانی ناتۆدا بەشدارە، بەڵام مەرجێکی هەیە. تورکیا ڕایگەیاندووە بە مەرجێک ئیمزا لەسەر ڕیککەوتنەکە دەکات کە ناتۆ یەپەگە و پەیەدە بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

 

لەنێوان ناتۆ و تورکیادا ئاڵۆزیەکی گەورە دروست بووە و وڵاتانی ئەوروپا یەپەگە و پەیەدە وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی وڵاتانیان نابینن و پێناچێت هەوڵەکانی تورکیا سەربگرێت، لەبەر ئەوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی یەپەگە لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە قبوڵنەکراوە.

پلانی نوێی بەرگری ناتۆ لەبارەی وڵاتانی بالتیک بۆ ناتۆ پلانێکی چارەنووسازە. وڵاتانی بالتیک دوای شەڕی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر باکووری ئەوروپا دەزانن و نزیکایەتی تورکیاش لە ڕووسیا و ڤیتۆکردنی پڕۆژەکە بووەتە هۆکاری ئاڵۆزییەکی نهێنی بەڵام گەورە لەنێوان تورکیا و ئەوروپا و ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکییەکان زۆرتر دەبن.

تورکیا دوو بابەتی لەیەک دوور و جیاوازی تێکەڵ کردووە کە وڵاتانی ئەوروپا بە سیاسەتێکی جوداکارانە لەقەڵەمی دەدەن و پرسی بە تیرۆریست ناساندنی یەپەگە وەک کارتێکی فشار لەدژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت.

پێش بەڕێکەوتنی بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە فرۆکەخانەی ئەنقەرە رایگەیاند، "وڵاتانی ناتۆ پشتگیری ئێمەیان نەکرد لە هێرشەکان بۆ سەر باکوری سوریا، بۆیە ئێمەش پشتگیری پلانی ئەوان ناکەین بۆ بەرگریکردن لە وڵاتانی بەڵتیک و هۆڵەندا."

 

ئەردۆغان وتی، "ئەگەر رێکخراوی ناتۆ یەپەگە بە گروپێکی تیرۆریستی نەناسێنێت، ئەوە ئێمەش دژی پلانی پاراستنی وڵاتانی بەڵتیک و هۆڵەندا دەوەستینەوە."

هاوکات وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، مەرج نیە ئەوەی بۆ تورکیا هەڕەشەبێت بۆ هەموو وڵاتانی ناتۆ وابێت، بۆیە پشتگیری لە هیچ بڕیارێک ناکەین یەپەگە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

ناتۆ لە قەیراندایە و بەشێکی زۆری قەیرانەکە تورکیایە
ئەمڕۆ ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ٧٠ ساڵ بەسەر هاوپەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور ناتۆ تێدەپەرێت.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو، مێشکی ناتۆ مردووە و ئاماژەی بەوەکردبوو، پێویستە ناتۆ لە ڕووی بەرگریەوە سەربەخۆ ببێت و پیشنیازی کردبوو، ناتۆ ناوەندی ئەتۆمی دابمەزرێنیت. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ گۆڕانکاری پەیوەندی نیوان ناتۆ و ئەمریکا.

 

ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ئەوەی خستبووەڕوو، پێویستە ناتۆ پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەهێزبکاتەوە، لەبەرئەوەی ناتۆ بێ ئەمریکا ناتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.

تورکیاش کە لە ڕووی سەربازیەوە هێزی دووەمی ناتۆیە، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و لەگەڵ هاتنەسەردەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکەپە ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکیەکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ قوڵتر دەبنەوە. وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لە پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ رووسیا هەیە. لەبەرئەوەی دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا، تورکیا بە هیچ شێوەیەک بە پێی بەرژەوەندییەکانی ناتۆ نەجووڵاوەتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و پێگە جۆگرافیاکەی وەک کارتێک بەرامبەر ئەوروپا بەکارهێناوە.

لە ئەنجامی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و تورکیادا دەردەکەوێت، هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکان کوردە. ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن لەم سەدەیەشدا پاشەکشێ بە کورد بکەن و رێگری لە پێگە و ستاتۆی کوردی بگرن، بەڵام وادیارە ئەوروپیەکان وەک جاران لەگەڵ ئەم پلان و دوژمنایەتیەکی تورکیادا نین.