ڕاپۆرتی کوردستانی

05:04 - 04/12/2019

ئایا پاریس قەرەبووی رابردوو دەکاتەوە؟‌

پەیسەر

ساڵی ١٩٢١ بەشێکی کوردستان (رۆژئاوای کوردستان) کەوتە بندەستی فەرەنسا و تا ساڵی ١٩٤٥ سوریا و رۆژئاوا لەژێر ئیتدابی فەرەنسیدا مانەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ــەوە تائێستا، فەرەنسا وەکو دۆستێکی سەرڕاستی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەبینرێ.
لەو ساڵانەی کە سوریا و رۆژئاوای کوردستان لەبندەستی فەرەنسییەکاندابوون، کورد دوچاری گێرمەوکێشەی زۆربوویەوە. بەشێکی گەورەی ئەو نەهامەتییانە دەستی فەرەنسییەکانی تێدابوو یان یاریدەی دوژمنانی کوردی دەدا بۆ سەرکوتی بزووتنەوە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی کورد لە سوریا.

 
کردنەوەی دەرگای خێر
سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٩١ کاتێ کورد لە باشوور کەوتنەوە بەردەم هەڕەشەی سوپای دڕندەی بەعس و کۆڕەوی ملیۆنییان کرد، فرانسوا میتەرانی سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا دەستبەجێ پیشنیازی دروستکردنی ناوچەی ئارامی کرد بۆ هەرێمی کوردستان.

بەوپێیەی فەرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، پیشنیازەکە بە هەند وەرگیرا و رۆژی ٥ی نیسانی ١٩٩١ بڕیاری ٦٨٨ دەرچوو کە ئەمە بە یەکەم بڕیاری نێودەوڵەتیی دادەنرێ سەبارەت بە کێشەی نەتەوەیی کورد لە دوای پەیمانی سیڤەر.

فەرەنسییەکان دوای دروستبوونی هەرێمی کوردستان، لەڕێی کەسایەتییە دیارەکانی وەک دانیال میتەران کە بە "دایکی کوردان" ناوی دەبرێ و بێرنارد کۆشنێر کە دواتر بوو بە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراو کریس کۆچێرا.هەروەها لەڕێی میدیا و رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە بەردەوام یارمەتی دەگەیاندە هەرێمی کوردستان.

لە کاتی شەڕی ناوخۆو دوای شەڕەکەش، ئەو دۆستە فەرەنسییانەی کورد، پێیان لە کوردستان نەدەبڕی و بەردەوام تێدەکۆشان تا سەرکردەکانی کورد رازی بکەن بەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنن.

ئەم یارمەتی و هاوکارییە تەنیا بۆ باشووری کوردستان نەبووە، بەڵکو بەگوێرەی توانا، یارمەتیش پێشکەشی کوردانی رۆژهەڵات و بزووتنەوە سیاسییەکەی کراوە. بەڵام لە چوارچێوەو سنوورێکی دیاریکراودا.

یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی رۆشنبیری کورد کە (ئەنستیوتی کورد لە پاریس)ـە، چەندین ساڵە چالاکی خۆی بەردەوامەو چەندینجار دەوڵەتی فەرەنسا لەلایەن ئێران و تورکیاوە خراوەتە ژێر فشارەوە تا دابخرێ، بەڵام فەرەنسا نەچووەتە ژیرباری ئەو فشارانەوە.

باوەشکردنەوە بۆ ئینتدابی دوێنێ
فەرەنسییەکان ئەزموونێکی لە پێشینەیان هەیە لە باکووری سوریا، چونکە نزیکەی ٢٥ ساڵ لەژێر ئینتدابی خۆیاندابوو. کاتێکیش رەوشی سوریا تێکچوو لە ساڵی ٢٠١١ پاریس لەڕێی رۆژئاوای کوردستانەوە چاوی خستەوە سەر کۆنە ئیتدابییەکەی خۆی.

ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە بە تایبەت هێرش و داگیرکاری داعش بۆ سەر کۆبانێ، (کۆشکی ئەلیزێ) بەشێوەیەکی ئاشکرا، دەرگای بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان خستە سەرپشت و چەندینجار بە رەسمی پیشوازی لە شاندەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووە.
فەرەنسییەکان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، سەربازەکانی خۆی نارد بۆ باکووری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) و تائێستاش ئەو سەربازانە لەوێ ماونەتەوە.

لەو کاتەی تورکیا هێرشی دەستپێکرد بۆ داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، دەوڵەتی فەرەنسا لە هەمووان زیاتر دژی ئەم داگیرکارییە وەستایەوەو داوای دەکرد هەرچی زووترە رابگیرێ.

هەروەها فەرەنسا بە سەرۆکایەتی ئیمانوێڵ ماکرۆن، بە روون و راشکاو داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە نابێ رێگە بدرێ تورکیا هێرش بکاتە رۆژئاوای کوردستان و دیمۆگرافیای ناوچەکە بشێوێنێ.

هەروەها ماکرۆن رازی نابێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، یەپەگە و یەپەژە بە دوو رێکخراوی تیرۆرستیی بناسێنرێ وەکو ئەوەی تورکیا داوا دەکات.

دۆستی دوای شکستەکان


لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، کاتێ هەرێمی کوردستان بە تەواوی تەریک و تەنیا کرا، ئەوە تەنیا فەرەنسا و ماکرۆن بوون کە مانگێک دواتر بە ڕەسمی پێشوازییان لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی کردو لەو میزانەی بۆ کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی دانرابوون، ئاڵای کوردستانیان لە پشتەوە دانرابوو هەروەها بە زمانی کوردی لەسەریان نووسرابوو ئەمەش وەکو ئیعترافێک و پشتیوانییەک لە ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

فەرەنسییەکان لەگەڵ کورد ئەزموونی تریان هەیە سەبارەت بە جێنەهێشتنی دۆستەکەی خۆیان.

فەرەنسا لانکەی مردووەکانی کورد
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە زۆرترین سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردی لێ ژیاوە. رەنگبێ ئەم هۆگرییەش پەیوەندی بەوەوە هەبێ کە چ وەکو دەوڵەت و چ وەکو رۆشنبیر و رۆژنامەنووسە فەرەنسییەکان، بەڕاستی دۆستایەتی کوردیان قبوڵە و لە هیچ سەردەمێکدا دۆستایەتییەکە نەکەوتووە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە.

ئێستا گۆڕی هەریەکە لە: شەهیدان عەبدولڕەحمان قاسملوو و شەهید سادق شەرەفکەندی هەردوو سکرتێری تیرۆرکراوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، فیلمسازی بەناوبانگ یەڵماز گونەی، گۆرانیبێژی ئەحمەد کایا لە گۆڕستانی بەناوبانگی پێرلاشێز لە پاریس نێژراون.

تەرمی ئەم کەسایەتییانە لەکاتێکدا لەوێ نێژراون، کە بەهۆی سیاسەتی نکوڵیکردن لە کورد، نەتوانراوە بگەڕێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان. بەڵام پاریس بۆ هەمیشە بووەتە مەسکەنی ئەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی کورد.

ئێستا دوای ٢٨ لە دەرکەوتنی فەرەنسا وەکو دۆستێکی کورد، ئایا پاریس دەیەوێ قەرەبووی ئەو هەڵانە بکاتەوە کە لە کاتی ئینتدابییەکەی لە سوریا کردی، یان قوربانی گەورە دەدات بەو دۆستایەتییەی کورد کە کەم وڵات ئامادەیە دۆستی راستەقینەی بێ؟