ڕاپۆرتی کوردستانی

03:38 - 05/12/2019

کوژرانی زیاتر لە ٣٥٠ کەس لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی پشتڕاست کراوەتەوە‌

پەیسەر

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ حەفتە بە سەر ڕێپێوانەکانی ئیڕان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ١٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و دوابەدوای گرانکردنی لەناکاوی بەنزین هاتە ئاراوە، کەچی هێشتا کاربەدەستانی ئێران خۆیان لە ڕاگەیاندنی ئامارێکی دروست و باوەڕپێکراوی ژمارەی قوربانیانی ئەم ڕاپەڕێنە دەبوێرن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک دەستگیر دەکەن و هەڕەشەی کوشتن و لەسێدارە دانیان لێدەکەن.

 

لە کاتی سەرهەڵدانەکاندا بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتەیەک هێڵی ئینتەرنێتیان پچڕاند و دەرفەتی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی دروستی هەواڵی خۆپیشاندانەکان نەما. کەچی لە دوای ئەوەی هێڵی ئینتەرنێت کرایەوە، هەندێک فایلی دەنگی و ڤیدیۆیی نوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە ئاماژەبوون بۆ ئاستێکی گەورەی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی.

 

بە چاوخشاندنێک بە ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا دەردەکەوێت کە رەهەندەکانی سەرکوت و به کار‌هێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە  لە ئاستێکی زۆر گەورەدا بووە. ڕێکخراوای لێبوردەیی لە یەکەم ئاماردا ژمارەی کوژروانی بە ٩١ کەس و دواتر بە ١٠٦ کەس و دواتر ١١٥ و دوای ئەوەش بە ١٤٣ و لە ئامارێکی دیکەدا بە ١٦١ کەس و لە دوایین ئاماری ڕاگەیەنراویشدا بە ٢٠٨ کەسی مەزندە کردووە. کەچی هێشتا ئەم ئامارە بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە و پێدەچێ بە پیی ئەوەی ئامارە نافەرمییەکان باسی دەکەن تا نزیکەی ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ کەسیش کوژرابن.

بە پێی هەندێک ئامار کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە و هەندێکیان لە سەرچاوەی بڕواپێکراوەوە وەرگیراون، تەنیا لە ما‌هشەهر لە پارێزگای خوزستان زیاتر لە ١٣٠ کەس لە ناو قامیشەڵان و زەلەکانی دەوروبەری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمنییەکان کوژروان. ڕەهەندەکانی سەرکوت و کوشت و کوشتار لەم شاردەدا هێندە بەرفراوانە کە تا ئێستاش ژمارەی قوربانی و گیراو و برینداران ڕوون نییە. بە وتەی ماڵپەڕی "کەلیمە" کە ماڵپەڕێکی نزیک لە میرحوسەینی مووسەویی یەک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوزە، و لە سەرچاوەیەکی جێ‌متمانەی خۆیەوە وەریگرتووە ژمارەی قوربانییانی راپەڕینی بەنزین زیاتر لە ٣٦٦ کەسە، تەنیا لە تاران زیاتر لە ١٥٦ تەرم ڕادەستی مردووشۆرخانەی "بەهەشتی زارا" کراوە. هەر بەپێی ئامارەکانی  ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش  زیاتر لە ٩٠ کەس کوژراون.

 

هەندێک لە شارەزایانی سیاسەتی ئێران پێیانوایە کۆماری ئیسلامی ئەزمونێکی زۆری هەیە لە شێواندنی ئامارەکان و شێواندنی راستییەکان، هەربۆیە  پێدەچێت لە ماوەی داهاتوودا ئاشکرابێت کە ژمارەی کوژراوەکان زۆر زیاتربێت لەوەی تا ئێستا زانراوە.

هەرچەندە کاربەدەستانی پلە باڵای تاران بەردەوام خۆیان لە ڕاگەیاندنی ئامارێکی دروست دەدزنەوە و تەقەکردن لە خەڵک بە کاری ئاژاوەگێڕان و سیخوڕانی سعودیا و ئیسراییل و ئامریکا لە قەلەم دەدەن، بەڵام هەندێک لە کاربەدەستانی پلەی خوارتر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەوان ڕێگەیان بە هێزە سەرکوتکەرەکانیان داوە کە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن.

بۆ نموونە قایمەقامی شارۆچکەی ئەندیشەی تاران (قەڵای حەسەن خان) لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە خۆی راستەوخۆ ڕێگەی بە هێزە ئەمنییەکان داوە کە تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن. قایمەقامی ماهشەهر لە پارێزگای خووزستانیش لە لێدوانێکدا کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامی بڵاو بووەوە باسی لەو کردبوو کە تەقەکەرانی ئەو شارە کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕ و سیخوڕ بوون کە لە ناو قامیشەڵانەکانی دەوروبەری ئەو شارەدا تەقەیان لە خەڵک کردووە نزیکە ٢٨ کەسیان کوشتووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە شایەتحاڵان و ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە بە ڕوونی پیشانی دەدەن کە یەکەم تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە خەڵکی خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بووە و بە چەکی قورسی وەک دۆشکە تەقە لە خەڵک کراوە و ئامارە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی زیاتر لە ١٣٠ کەس لەنێو ئەو قامیشەڵان و زەلانەی دەوروبەری ئەم شارە دەکەن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەی کوژراوان و قوربانیانی ئەم ڕاپەڕینە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە بە ٥٠ کەس مەزندە کراوە لە حاڵێکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم ژمارەیە ڕووی لە هەڵکشانە و تەنیا بە کوژراوانی ناو خۆپیشاندانەکانەوە نەوەستاوە و بێسەروشوێنکردنی گیراوانیشی دەچێتە سەر. شایەتحاڵان باس لە دۆزینەوەی چەندین تەرم لە ناو زبڵدانی شاری مەریوان دەکەن کە لەناو دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکاندا بوون و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.

 

شایەتحاڵێک بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند کەشی شاری مەریوان تا ئێستاش هەر کەشێکی ئەمنییە و هێزە ئەمنییەکان بەرەبەیانان زوو هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتیان و دەستبەسەریان دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی مەریوان بە پەیسەر پرێسی ڕاگەیاند کە لە دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە و زاڵکردنی کەشێکی توندی ئەمنی بە سەر ئەم شارەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە ڕەشبگیریی لە ناو شار و گوندەکانی دەوروبەری شار کردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە. ئەم کەشە بەسەر زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە و لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی گیراوان کە زۆربەی هەرە زۆریان خوێندکاری ناوەندی و دوا ناوەندین، هێندە زۆرە کە نە زیندانی گشتیی شارەکان و نە زیندانییە کاتییەکانی دەزگای هەواڵگری و سپای پاسداران و پۆلیس، جێی گیراوانی تێدا دەبێتەوە.

ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی تەرمی کوژراوان ڕادەستی خێزانەکانیان ناکەنەوە و لە چەندین حاڵەتیشدا رێگریان کردووە کە تەرمی کوژراوەکان بە خاک بسپێردرێن. ڕێکخراوی لێبوردەیی نێونەتەوەییش لە ڕاگەیاندنەکەیدا باس لەوە دەکات کە داوای پارەی ئەو فیشەک و گوللانەی لە خێزانەکان کردووە کە منداڵەکانیانیان پێ کوشتوون. شێوازێک کە ساڵانی هەشتاکان بۆ کوشتاری زیندانییە سیاسییەکان ئەوکات باو بوو.

 

دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران، پشتیوانیی لە بڕیاری گرانکردنی بەنزین کرد و خۆپیشاندەرانی  بە ئاژاوەگێڕ ناساند، تەلەڤزیۆنەکانی ئێرانیش چەندین بەرنامەیان دروست کرد کە تێیدا خەڵکی ئاسایی و هەژار بە کۆمەڵێک چەکداری ئاژاوەگێڕ پێناسە دەکەن کە خەریکی کاری تێکدەرانەن و خەسار و زیان  بە موڵکی گشتی دەگەیەنن و تەقە لە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

 

بەڵام چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ پێیانوایە هەموو جارێک کە خۆپێشاندانێک لە ئێران ڕوودەدات کۆماری ئیسلامی خەڵکە ناڕازییەکە کە سیخوڕی دوژمنانی ئێران تۆمەتبار دەکات و هەندێک کەس دەهێنێتە سەر تەلەویزیۆنەکان و لەژێر ناوی دانپێداناندا دەڵێن کە بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل خۆپیشاندانیان کردووە. ئەمجارەش بە وتەی حەسەن روحانی بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کۆمەڵێک دانیپێدانانی لەم جۆرە بڵاوبکریتەوە، بەڵام بەپێی کاردانەوەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستاوە زۆرینەی خەڵکی ئێران باوەڕ بەم دانپێدانانە ناکەن.