ڕاپۆرتی کوردستانی

07:57 - 06/12/2019

لە زماوەندی شاری سەقز چی ڕوویدا؟‌

پەیسەر

شەوی ڕابروودا لە هۆڵیکی زەماوەند لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به هۆی ئاگر کەوتنە و تەقینەوەی بوتڵی غاز ١١ هاوڵاتی کوژران و ٤٩ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم کارەساتە لە کاتێکدا ڕووی دا کە لە هۆڵی مانگەشەو کە هۆڵێکی تایبەت بە زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانە، داوەتی لوقمان و ... بەڕێوە دەچوو.


بە وتەی شایەتحاڵان، بۆ گەرمکردنی هۆڵەکە لە سۆبەیەکی غازی کە بە بوتڵی غاز کاری دەکرد، کەڵک وەرگیرابوو کە بە هۆی دزەکردنی غاز لە یەکێک لە سۆندەکانەوە، سەرەتا ئاگر لە بوتڵێک و دواتر لە بوتڵەکانی دیکە کە پێنجن، بەردەبێت و خەڵکی بەشداربووی شاییەکە کە ژمارەیان زیاتر لە ٨٠٠ کەس بووە، دەشڵەژێن و دەوکەنە هەوڵی خۆ ڕزگار کردنەوە.


محەمەد دەوڵەتی، بەرپرسی ناوەندی ئاگرکوژێنەوە شاری سەقز سەبارەت  بە هۆکارەکانی ڕووداوە بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند؛ دوێنێ شەو و لە کاتی بەڕێوەچوونی شایی و زەماوەند لە هۆڵی مانگە شەوی سەقز کە کەوتووەتە سەر ڕێگەی ئاوایی مەلقەرەنی لە باکووری رۆژئاوای سەقز، سەعاتی ٩ی شەو، سۆبەیەک کە بە بوتڵی غاز کاری کردووە، بە هۆی دزەکردنی غازە ئاگری تێبەربوو و کەسانی نێو هۆڵەکە کە گرمەی ئاگر دەیبستن لە ترسی تەقینەوە، دەشڵەژێن و هەوڵی دەدەن خۆیان دەرباز بکەن کە بە هۆی زۆریی حەشیمەتەوە خەڵکێکی زۆر دەکەونە ژێر دەست و پێ. دەوڵەتی هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە بە هۆی خودی ئاگرەکەوە هیچ کەسێک نەسووتاوە و تەنیا هورووژم هێنانی خەڵک و هەبوونی بۆنی غاز و دووکەڵ لە نێو هۆڵەکەدا کە تەنیا دەرگایەکی بۆ چوونەدەرەوە لێیە، بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی کەسەکان کە زۆربەیان ژن و منداڵن.


کامیل کەریمیان، جێگری پارێزگاری کوردستان و قایمەقامی شاری سەقزیش کە لە یەکەم ساتەکانی بەربوونەوەی ئاگر لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوو، باس لە کوژرانی ١١ هاووڵاتی و برینداربوونی ١٧ هاوڵاتی دیکە دەکات و دەڵێ؛ ڕووداوەکە لە کاتژمێر ٢١:٥٥ دا بە ناوەندی ئاگرکوژێنەوە ڕاگەیەنراوە و تیمەکانی فریاگوزاری و ئیسعاف هەر زوو خۆیان گەیاندووەتە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام بە هۆی قەرەباڵغی و زۆربوونی حەشیمەتەکەوە، تیمەکان وەکوو پێویست پێڕانەگەیشتوون و زۆربەی کوژراو و بریندارەکانیش بە هۆی ئەوەی بوون بە ژێر دەست و پێوە، ئەم کارەساتە خوڵقاوە.


بەشێک لە پسپۆڕانی بواری بیناسازی و موهەندیسانی مێعماریش پێیانوایە زۆربەی هۆڵەکانی زەماوەند و شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پێی ستانداردەکانی بیناسازی دروست نەکراون و بەشێکیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی گەرمبوونی بازاڕی هۆڵی زەماندەوە، کراوانەتە هۆڵ، لە حاڵێکدا پێشتر کێڵگەی پەلەوەی و شوێنی ئاژەڵداری و شتی لەو چەشنە بوونە و خاوەنەکانیان بە پێدانی بەرتیل و چەورکردنی سمێڵی کاربەدەستان ئەو کێڵگانەی گۆڕیوە بۆ هۆڵی زەماوەند.


بە پێی ستانداردەکانی بیناسازی، پێویستە هەموو هۆڵێک کە بە مەبەستی کۆڕ و کۆبوونەوە گشتی ساز دەکرێت، لانیکەم دوو دەرگای بۆ چوون و هاتن هەبێت و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و سیستەمی ئالارم و شتی مودێڕنی هاوشێوەی تێدا بەکار هێنرابێت.

 

هەروەها ستانداردەکانی باس لە پێویستیی هەبوونی ئاگرکوژێنەوەی زیرەک دەکەن کە لەگەڵ بەرزبوونەوە ئاستی گەرما و یان هەستکردن بە هەبوونی دووکەڵ، ڕاستەوخۆ بکەوێتە ئیش و بەشێوەیەکی زیرەک، ئاگرەکە بکوژێنێتەوە. کەچی لە هیچ کام لەو هۆڵانەی ئێستا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن، هیچکام لەو پێش مەرج سەرەکییانەی تێدا پێشبینی نەکراوە، و لە ئەگەری دروستبوونی هەر ڕووداوێکدا، پێدەچێت کارەساتی وەک ئەوەی شەوی ڕابردوو لە سەقز ڕووی دا، لێبکەوێتەوە.


بەرپرسی ناوەندی تەندروستیی سەقز، دوکتور ئەنوەر بەهرامی لە لێدوانێکدا بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، لە کارەساتە خەمبارەکەی شەوی ڕابردووی سەقزدا، پێنج منداڵی تەمەن ٤ بۆ ٨ ساڵ، پێنج ژنی تەمەن ٣٥ بۆ ٦٠ ساڵ و پیاوێک بوونەتە قوربانی. بەهرامی هەروەها ئاماژەی بە ژمارەی زۆری بریندارانی ڕووداوەکە کرد و گوتی ٤٩ برینداری لێکەوتووەتەوە کە سێ کەسیان مەترسییان لە سەر و هەر شەوی ڕابردووش منداڵێکی ٨ ساڵانیان بە کۆپتەر گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سنە.


دوکتور خالید تەوەکولی لە یادداشتێکدا کە لە کاناڵی تێلگرامیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی، ئەم هۆڵانە هێمایەکی زەقن لە جێبەجێنەکردنی یاسا و هەرکەسە بۆ خۆیدا کە هەر کەس پێیخۆش بێ دەتوانێ کێڵگەی پەلەوەر و ئاژەڵدارییەکەی بکاتە هۆڵی زەماوەند.


تەوەکولی لە درێژەی بابەتەکەیدا ئاماژە بە لاوازیی دەسەڵاتی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ قەیرانەکان و بەڕێوەبەرایەتی قەیران دەدات و دەڵێ؛ لە ساڵانی ڕابردوودا لافاوەکان و بوومەلەرزەکان ئەو ڕاستییەیان ئاشکرا کرد کە دەسەڵاتی توانای ڕووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی نییە. تەوەکولی پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی قەیران دەبێ بە جۆرێک بێت کە تێچووەکان کەمتر بکاتەوە و نەهێڵێ خەساری گیانیی لێبکەوێتەوە. لە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی سەقزیشدا، ئەوەی ڕووی دا و بوو بە هۆی ئەو کارەساتە، لە ناخی خۆیدا قەیرانێکی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی و لاوازی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیراندا، بوو بە هۆی ئەو کارەساتەی کە ئەمڕۆ کوردستانی خەمبار کردووە.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ؛ هەینی، پارێزگاری کوردستان لە لەگەڵ لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەکە و سەرەخۆشی لە خەڵکی شاری سەقز، گەیشتە ئەم شارە و سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و بەڵێنی بەدواداچوونی جیددی ئەم بابەتەی بە لێقەوماوانی ڕووداوەکە دا.


لەسەرناوی پەیسەرپرێس هاوخەمی خۆمان بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی سەقز دەردەبڕین و پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری کوژراوانی ڕووداوەکە دەکەین و ئاواتەخوازین کارەساتی لەم چەشنە لە هیچ شوێنێکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە.