ڕاپۆرتی کوردستانی

04:01 - 07/12/2019

ئەو ڕێكخراوەی دەیانویست لە كەركوكەوە سەربەخۆی بۆ كوردستان بەدەستبهێنن‌

پەیسەر

جیهان ئەوكاتە وەكو ئێستا بچووك نەبوو، بە دەگمەن دەست دەگەیشت بە هەموو زانیارییەك، كۆمەڵە خوێندكارێك هەوڵیاندا بەسەرپەرشتی "دڵداری شاعیر" كۆمەڵەیەك وەكو چاولێكەری كۆمەڵەی كاربۆنیریا  ئیتاڵیا دابمەزرێنن تاوەكو بتوانن سەربەخۆی بەدەست بهێنن. بەڵام بەهۆی ناكۆكیان لە ناویەكتریدا نەتوانرا بەردەوام بن. هەروەكو یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەكە دەڵێت" گەلێك خەڵك هاتنە ناوییەوە، چونكە ئەو قوتابیانەی كە لە هەولێر و سلێمانی و قەزا و ناحییەكانەوە هاتبوون ئەوان لە وچانی نیوەی ساڵدا كە دەگەڕانەوە بۆ شارەكانی خۆیان باسی دامەزراندنی كۆمەڵەكەیان دەكرد، ئەوەبوو كۆمەڵە گەورە بوو، تەنیا لە سنووری قوتابیاندا نەما، بەڵكو مامۆستایانیش هاتنە ناویەوە، هەروەها خوێندنگا دینیەكانیش هاتنە ناوی، بیرمان كردەوە كە ئیدی كۆمەڵە لەوەدا نەماوە ئێمە بتوانین ئیدارەی بكەین، بیركرایەوە كە ئەم كۆمەڵەیە ببێتە حیزبێكی سیاسی و شەخسێكی سیاسی كوردستان تەكلیف بكرێت كە سەركردایەتی بكات ."

ناوی كۆمەڵەكە لە چیەوە هات؟ 
هەرچەند ئەوانەی بیریان لە دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە كردەوە، هیچیان پەیوەندیان بە خەڵۆز و دارفرۆشییەوە نەبوو، بەڵام دەكرێت بزانین بۆچی ناویان نا كۆمەڵەی داركەر؟ موكەڕەم تاڵەبانی دەڵێت" لە كاتێكدا بوو كە گەلێك لە مامۆستایانی رەگەزپەرستی سووری و لوبنانی و فەلەستینی لە عێراق لە دەوری مەلیك غازی كۆببوونەوە، وایان تێگەیاندبوو كە دەتوانێ ببێتە بسماركێك بۆ وڵاتە عەرەبییەكان و عێراقیش ببێتە بروسیا، لە دەرسی مێژوودا كە كەسێك پێیدەگوتین، ناوی محەممەد شوخەیر بوو، ئەندامی یەكێك لە حیزبە رەگەزپەرستەكان بوو لە لوبنان، هەمیشە لەسەر ئەوە تەئكیدی دەكردەوە كە چۆن یەكێتی وڵاتە عەرەبەكان وەك یەكێتی ئەڵمانیا دروستبكات، كەسێكی وەكو بسمارك كە مەلیك غازییە ببێتە سەرۆك، ئەمە كاردانەوەیەكی لەناو ئێمەدا دروستكردبوو، یەكێكی رەگەزپەرست لەناو قوتابخانەیەكدا بێت كە زۆربەی كورد و توركمان بێت، دیارە كوڕی ئەفسەرە عەرەبەكانیشی تێدا بوو ئەو قوتابخانەیە. مامۆستا هەمیشە باسی لەو شتانە دەكرد. بە نیسبەت ئێمەی كوردیشەوە نە بسماركێكمان هەبوو نەهیچ كە بتوانێ وڵاتی كوردستانی دابەشكراو لە نێوان ئەم حكومەتانەدا كۆبكاتەوە و بیانكاتە یەك دەوڵەت، ئەوەی كە بە بیرماندا دەهات یەكخستنی ئیتالیا بوو لەلایەن گاری باڵدی و كۆمەڵەی كاربۆناری بە واتای (خەڵوزفرۆشان)، بۆیە لەسەر ئەو بیرۆكەیە كۆمەڵەیەكمان دامەزراند بە ناوی كۆمەڵەی (داركەر).

بیركرایەوە كە ئەم كۆمەڵەیە ببێتە حیزبێكی سیاسی و شەخسێكی سیاسی كوردستان تەكلیف بكرێت كە سەركردایەتی بكات

دڵداری شاعیر و سەرۆكایەتی كۆمەڵەكە
  ئێوارەیەکی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٧ یونس رەئووف (دڵدار)، کۆمەڵیک لە قوتابیانی ناوەندی مەرکەزی کەرکوکی لە ماڵی شاكر بەگی جلال کۆکردووەتەوە و دوای بگرەوبەردەیەکی زۆر، بڕیاریان لەسەر دامەزراندنی 'کۆمەڵی دارکەر' داوە. دڵدار، لەو کۆبوونەوەیەدا، دۆخی تراژیدی هەر چوار پارچەی کوردستانی بۆ ئامادەبووان روون کردووەتەوە و باسی لە پێویستی رووبەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخەی  بۆ کردوون.

دواتر ئەرکی خۆیانی وەک رۆڵەی ئەو نیشتمانە بۆ شیکردوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ئامانجی کۆمەڵەکە دراوە، کە بریتی بووە لە رزگار کردنی کوردستان و یەکخستنەوەی پارچەکانی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. دروشمی 'بژی کورد و کوردستان'یان کردووەتە دروشمی سەرەکی، هەروەها بڕیاردراوە چالاکییەکانیان بەرفراوان بکەن و لقی کۆمەڵەکەیان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستاندا بکەنەوە. 
وەک چۆن ئەم کۆمەڵە لاوە حەماسییە ئاشنای رێبەرایەتیی کۆمەڵگایەکی سیاسی نەبوو، بەهەمان شێوە کۆمەڵگای کوردیش تا ئەو کاتە ئاشنایی ئەم جۆرە کردە سیاسییە رێکخراوەییە نەبوو. 

ئەو قوتابیانەی كە لە هەولێر و سلێمانی و قەزا و ناحیەكانەوە هاتبوون، ئەوان لە پشووی نیوەی ساڵدا كە گەڕاونەتەوە بۆ شارەكانی خۆیان و باسی دامەزراندنی كۆمەڵەكەیان کردووە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردستان پەیوەندییان پێوە کردوون و كۆمەڵە لە ماوەیەکی کەمدا گەورە بووە، تەنیا لە سنووری قوتابیاندا نەوەستاوە، بەڵكو مامۆستایانیش چوونەتە ریزەکانییەوە، هەروەها فەقێی حوجرەکانیشی تێیدا بوونەتە ئەندام.

بە ئامانەت دەیڵێم ئەوەی كە ئێمەی كۆكردەوە بۆ دامەزراندنی كۆمەڵەیەك، یونس رەئوف دڵدار بوو

موكەڕەم تاڵەبانی سەبارەت بە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەكە دەڵێت" بە ئامانەت دەیڵێم ئەوەی كە ئێمەی كۆكردەوە بۆ دامەزراندنی كۆمەڵەیەك، یونس رەئوف دڵدار بوو كە لە كۆیەوە هاتبووە كەركووك. ئێمە پێنج كەس بووین كە ئەو كۆمەڵەیەمان دامەزراند (مەبەست كۆمەڵەی داركەرە)، ئەوانیش من و یونس رەئوف دڵدار، كاكە حەمەی سەید ئەحمەدی خانەقا، بورهان حامید بەگی جاف و یەكێكیش خەڵكی هەولێر بوو وابزانم ناوی جەلال قادر بوو كە چووە كۆلێژی سەربازی و بووە ئەفسەر، بەڵام بە گەنجی ئەمری خوای كرد، لەوكاتەدا زۆربەی قوتابیانی كوردستان لە كەركووك كۆدەبوونەوە، ئەو كۆمەڵەیەش كە لەوێ دامەزرا."
  
کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵی دارکەر 
دوای نزیکەی نۆ مانگ لە کارکردن و پەیوەندیکردن بە خەڵکانی دیکە و کردنەوەی لق لە شارەکانی کوردستان، دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵ بڕیاری لەسەر بەستنی یەکەمین کۆنگری خۆی داوە. حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٨ لە باخچەی 'ام الربیعین' کە دەکەوێتە باکوری کەرکوکەوە، بە ئامادە بوونی شەست لە ئەندامەکانی کە لە لقە جیاجیاکانی کۆمەڵەوە هاتبوون، کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە دەستی بە کارەکانی کردووە. لە کۆنگرەکەدا، سەرەڕای قسەکردن لەسەر کاروباری کۆمەڵە و دانانی پەیڕەوی ناوخۆ، بە هۆی زۆربوون و بەرفراوان بوونی کۆمەڵەکەوە، بڕیاردراوە ئەندامان تەنها لە چوارچێوەی خوێندکاراندا قەتیس نەکرێن و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کوردستانیش بۆیان هەبێ تێیدا ببن بە ئەندام. کۆمەڵگای کوردی هەرچەندە پێشتر ئاشنای خۆرێکخستن لە چوارچێوەی رێکخراو و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیدا نەبوو، بەڵام ئامادەکارییەکی چاوەڕوان نەکراوی تێیدا بووە، بۆیە ئەم رێکخراوە بچووکە لە ماوەیەکی کەمدا هێندە گەورە بووە، لاوەکان هەستیان کردووە توانای ئیدارەدان و ئاراستەکردنیان نییە و لە وزە و توانای ئەوان بەدەرە . بۆیە بڕیاریانداوە لە نێوان محەمەد ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، رەفیق حیلمی، مەعرووف چیاووک، ماجید مستەفا و جەمال بابان کە لە سیاسەتمەدارە ناودارەکانی ئەو دەمە بوون، یەکێکیان رابسپێرێن بکرێن بۆ سەرکردایەتیی کۆمەڵەکەیان. 

سەرۆکی کۆمەڵە
رەفیق حیلمی ئەو کاتەی لە ئەستەمبووڵ بووە، بووەتە ئەندامی "جەمعییەتی هێڤی"،  کە لە ساڵی ١٩١٠ لە لایەن عومەر جەمیل پاشا و قەدری جەمیل پاشاوە لە ئەستەمبووڵ دامەزرابوو. پاشان ساڵی ١٩٢٠ ئەرکی هەڵسووڕاندنی کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستانی لە لایەن حەمدی بەگی بابانەوە پێ سپێردراوە، لە دوای گەڕانەوەی مستەفا پاشا یامولکی و دامەزراندنی "جەمعییەتی کوردستان" تەمووزی ١٩٢٢دا، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی جەمعییەتەکە بوە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن. 
هاتنی رەفیق حیلمی بۆ ریزەکانی کۆمەڵی دارکەر، گوڕ و تینێکی زۆری بەخشی بە کۆمەڵەکە

هەموو ئەوانە ئەزموونێکی باشی سیاسی و رێکخراوەییان لە لای دروست کردبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشخانە سیاسییە، رای زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەی دارکەر لەسەر رەفیق حیلمی گیرساوەتەوە کە رووی لێبنرێ ببێ بە سەرۆکی کۆمەڵەکەیان. "بە هۆی هەڵوێستە پتەوەکانییەوە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی و بەرگریکردنی لە گەلی کورد، هەروەها بە هۆی ئەوەی زۆربەی ئەو قوتابیانە کاتی خۆی پەروەردەی دەستی رەفیق حیلمی بوون، بۆیە رای زۆرینە ئەوە بووە قسە لەگەڵ ئەودا بکرێت بۆ سپاردنی سەرۆکایەتی کۆمەڵە. یونس رەئووف 'دڵدار' و کاکە حەمەی خانەقا راسپێران، لە بەغدا پەیوەندییان پێوە کردووە و بڕیاری کۆنگرەیان پێراگەیاندووە، ئەویش بە خۆشحاڵییەوە داواکەی قەبووڵ کردووە".

گومان لەوەدا نییە کە رازی بوونی روناکبیر و مامۆستایەکی گەورەی وەک رەفیق حیلمی، کە ساڵانێک لە پێناوی بڵاوبوونەوەی بیری کوردایەتی لەناو کۆمەڵگا بە گشتی و خەڵکە خوێنەوارەکە بە تایبەتی تێکۆشابێت، نەک هەر شەرعیەتی بەو رێکخراوە بەخشی، بەڵکو پایەکانی هێندەی تر پتەوتر کرد.

لە کۆمەڵی دارکەرەوە بۆ حزبی هیوا
هاتنی رەفیق حیلمی بۆ ریزەکانی کۆمەڵی دارکەر، گوڕ و تینێکی زۆری بەخشی بە کۆمەڵەکە، بە داوای ئەویش ناوی کۆمەڵ گۆڕاوە بۆ حزبی هیوا. مەبەستی رەفیق حیلمی لەوەدا ئەوە بووە، درێژە بەو خەباتە بدات کە 'کۆمەڵەی هێڤی قوتابیان کورد'، لە ساڵی ١٩١٢ لە ئەستەمبووڵ دەستی پێکردبوو و خۆی تێیدا ئەندام بووە. "ئامانج و خەونی نەتەوەیی مامۆستا رەفیق حیلمی لەگەڵ رووخانی حکومەتی شێخ مەحموددا کۆتایی نەهات. پارتی هیوا درێژە پێدەری هەمان ئەو ئامانج و خەونە نەتەوەییە بوو کە مامۆستا لە ئەستەمبووڵەوە لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە کوردستان". 

حزبی هیوای زۆر بەخێرایی بوو بە گەورەترین رێکخراوی سیاسی کە تا ئەو کاتە کۆمەڵگای کوردیی بە خۆیەوە دیبوو، "هەزاران رۆشنبیر و کاسبکار و بازرگان و سەرۆک خێڵ، هاتنە ریزی حزبەوە و بە هۆیەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئەو نسکۆیانەی تێپەڕاند کە لەسەردەمی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود (١٩١٩-١٩٣٠) تووشیان هاتبوو، جارێکی دیکە متمانە گەڕایەوە بۆ دەروونی جەماوەری کورد، تا هۆشیاریی نەتەوەیی لەسەرتاسەری کوردستان بڵاوبکاتەوە و گەلی کورد ئامادە بکات بۆ بەرپاکردنی جەنگە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی لە داهاتوودا". 

لیژنەی مەرکەزیی حزب لە یەکەم کۆبوونەوەی حزبدا پێکهێنراوە کە بریتی بوون لە:
رەفیق حیلمی، سەرۆکی باڵای حزب
نوری شاوەیس، جێگری سەرۆک
یونس رەئوف (دڵدار)، سکرتێر و بەرپرسی دارایی
ئەحمەد خانەقا، ئەندام
بورهان جاف، ئەندام
موکەڕەم جەمال تاڵەبانی، ئەندام
مستەفا عەزیزی، ئەندام
رەشید باجەڵان، ئەندام
رۆستەم جەباری، ئەندام
فەتاح جەباری، ئەندام


زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حزبی هیوا پەیڕەو و پرۆگرامی نووسراوەی نەبووە، "تەنیا بەرنامەیەكی گشتیی هەبوو بۆ كوردستان، ئەوانەی دەڵێن بیری نازییەتیان هەبوو، راست ناكەن، چونكە رەفیق حیلمی بیری نازیزمی نەبوو، بەڵكو بیری بەرەو بریتانیا دەچوو نەك نازیزم، بەڵام ئەندامانی حزب لەوكاتەدا كە بیری نازیزم لە جیهاندا بڵاوبوو، جۆرە لاساییەكیان هەبوو نزیك بوو لە نازیزمەوە، بەڵام بیری نازێتی نەبوو، یەعنی بڵێین لەناو قوتابیانیشدا بیری نازێتی هەبووبێ، هیچ پێوەندییەكی بە نازیزمەوە نەبوو. ئەوە نەبوو چاوەڕێ بن ئەڵمانیا شتێك بۆ كورد بكات.

شێوازی ئەندام وەرگرتن لەناو هیوادا بە ڕێوڕەسمێک دەکرا، ئەو کەسەی متمانەی پێدەکرا کە لە ریزی حزبدا وەربگیرێت، دەبوایە سوێندی بە قورئان و خەنجەر و ئاڵای کوردستان بخواردبایە، کە تا لە ژیاندایە خیانەت لە کورد و کوردستان نەکات و ئامادە بێ گیانی خۆی لە پێناویدا بەخت بکات.

ئەو ئاڵایەی کە حزبی هیوا باوەڕی پێی هەبوو، لە رەنگەکانی سپی و سەوز و سوور و زەرد پێکهاتبوو. ئارمی حزبەکەش بریتی بوو لە شاخێکی سەوز، خۆرێک لە پشتیەوە لە ئاسمانێکی شیندا هەڵدەهات.

حزبی هیوا رێکخستنەکانی خۆی لەسەر بنەمای شانەی (٦-٧) کەسی و هێشوویی رێکخستبوو. هەر شانەیەک ناوی نهێنیی خۆی و هەر ئەندامێکیش ژمارە و ناوی نهێنیی خۆی هەبوو. بەشەکانی حزبیش پێکهاتبوون لە:
قوتابیان
ئەفسەرەکان
فەرمانبەران
عەشائیر و سەرۆک خێڵەکان.

دوای نزیکەی نۆ مانگ لە کارکردن و پەیوەندیکردن بە خەڵکانی دیکە و کردنەوەی لق لە شارەکانی کوردستان، دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵ بڕیاری لەسەر بەستنی یەکەمین کۆنگری خۆی داوە

 داهاتی حزب لە ئەندامانی حزب کۆ کراوتەوە، دەبوو هەر ئەندامێک مانگانە ٣٥٠ فلسی بدابایە بە حزب، ئەو ئەندامانەشی کە باری داراییان باش بووە، هاوکاری زیاتری حزبیان کردووە. بارەگای سەرەکی حزب بە پێی هەلومەرج دەگۆڕا، سەرەتا بارەگای سەرەکی لە کەرکوک بوو، دوایی کە رەفیق حیلمی چووەتە بەغدا ئەوێ بووتە بارەگا و کە بۆ سلێمانی گوزاراوەتەوە، دیسانەوە سلێمانی بووەتە بارەگای سەرەکی.

ئەو ماوەیە بە هۆی نزیکی لە کوردستان و پەیوەندی راستەخۆی بە خەڵک و ئەندامانی حزبی هیواوە توانیویەتی ئیدارەی حزبی هیوا بکات. جگە لەوە، هەڵگیرسانی دووەمین جەنگی جیهانی لە ساڵی ١٩٣٩ و سەرقاڵ بوونی بریتانیا بە جەنگەکەوە، دەرفەتێکی باشی بۆ حزبی هیوا رەخساندوە تا رێکخستنەکانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو ئەفسەر و فەرمانبەر و سەرۆک هۆزەکانی کوردستاندا گەشە پێبدات. بەشێوەیەک کەم کەس هەبووە پەیوەندیی بەو حزبەوە نەبێت. هاتنی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ باکوری ئێران و ئازاد بوونی بەشی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ترسەی لای حکومەتی بریتانیا و عێراق دروست کردووە کە دۆخی کوردستانی باشوریان لە دەست بچێت. بۆیە لە پاڵ هەندێ هەنگاوی سەرەتایی بۆ ئاوەدان کردنەوەی کوردستان، تا ڕادەیەکیش چاوپۆشییان لە چالاکییە سیاسییەکانی حزبی هیواش کردووە.

"حزبی هیوا بە گەورەترین و بەهێزترین تەنانەت حزبە ئاشکراکانی عێراقیش دائەنرا، خوێنەوارانی کورد، ئەفسەران، سەرۆکانی عەشایەر و کاربەدەستان لەناو جوغزی ئەم حزبەدا، بەشیان هەبوو، مەرکەزی حزبەکە لە بەغدا بووە، پەلی بۆ هەموو وڵاتەکانی کوردەواری هاویشتبوو، تەنانەت بۆ ئێران و سوریاش، ئەتوانێ بوترێ ئەم حزبە تا ئەو مێژووە گەورەترین حزبی کوردی بووە.

1. کۆمەڵەی كاربۆنيريا – Carboneria یان خەڵوزداگیرسێنەرەکان کە ئەندامەکانی پێیان دەوترا Carbonari، کۆمەڵەیەکی ئیتاڵی نهێنی بوو، لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم لە شاری ناپۆلی دروست بوو، ئامانجی سەرەکی ئەو کۆمەڵەیە بریتی بوو لە سەربەخۆیی ئیتالیا. لە یەکخستنەوەی ئیتالیادا رۆڵێکی گەورەی گێڕا. لە ژێر کاریگەری ئەم کۆمەڵەیەدا چەندین کۆمەڵەی هاوشێوە لە ئیسپانیا، فەرەنسا و پورتوگال و تەنانەت روسیا دروست بوو، کۆمەڵەی دارکەریش لە ژێر هەمان کاریگەری و بۆ هەمان ئامانج لە کوردستان دروست بوو.
2 موكەڕەم تاڵەبانی/ چاوپێكەوتن لەگەڵ كەناڵی ڕووداو
3 بۆ ئەم راپۆرتە سوود لە كتێبی ڕەفیق حیلمی پۆرترێتی مونەوەرێكی كورد/ مەجید ساڵەح وەرگیراوە.