ڕاپۆرتی کوردستانی

05:57 - 08/12/2019

ئەو قسانەی پێویست بوو بیانکات و نەیکرد‌

پەیسەر


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ٢٤ خولەک قسەی کرد، بەڵام زۆر شتی نەوت. زۆر شتیشی وت کە ئەبوایە نەیوتبایە.
وتارەکەی مەسرور بارزانی سەبارەت بە دەستکەوتەکانی ١٠٠ رۆژی کابینەکەی مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە. وەک لەناو میدیا و سۆشیال میدیا دەردەکەوێت ئەوانەی پشتگیری لێ دەکەن زیاتر لایەنگرانی پارتین، ئەوانەشی رەخنەی لێ دەگرن لایەنگری حیزبەکانی دیکە و یان خود بێ لایەنن.

هیچ ئاماژەیەکی بە ناوەڕۆکی یاسای چاکسازی نەکرد

لە یەکەم رۆژەکانی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، یەکەم چاوەڕوانی خەڵک لەم کابینەیە ئەوەبوو بە زووترین کات یاسای چاکسازی تێپەڕێندرێت. هەرچەندە سەرۆکی حکومەت رایگەیاند پڕۆژە یاساکە ئامادەیە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ناوەڕۆکەکەی نەکرد. بۆ خەڵک ناوەڕۆکی پڕۆژەکە گرنگە، نەک تێپەڕاندنی یاسایەک کە ناوەڕۆکەکەی بە دڵی خەڵک نەبێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک نیگەرانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە دروست بووە. جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن بەر لە چەند رۆژ لە کۆڕێک لە مێرگەسور نیگەرانی خۆی دەربڕی بەوەی کە پڕۆژە یاساکە بەو جۆرە نییە کە لەسەری ڕێککەوتوون. لە دوای وتارەکەی سەرۆکی حکومەتیش ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە هەمان نیگەرانی لێ دەخوێنرێتەوە و بە ئاشکراش دەڵێت، هەنگاوەکانی چاکسازی لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نییە.

نە راپۆرتی مانگانەی سامانە سروشتییەکان ماوە و نە کۆمپانیای دیلۆتیش

ئەوەی لە وتەکانی مەسرور بارزانی زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، ئەو بەشە لە وتەکانی بوو سەبارەت بە شەفافییەت کە رایگەیاند، ئێستا هەر هاوڵاتییەکی هەرێم دەتوانێت بزانێت کە داهاتی حکومەتی هەرێم چەندە. شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە نووسیوویەتی: نەک هاوڵاتییەکەی ئاسایی، بەڵکو خۆزگە وەزیرەکانی حکومەت بە وەزیری دارییەوە، ئاگاداری داهات و خەرجی حکومەت بووایەن.

هەر بە وتەی شێرکۆ جەودەت، دیوانی چاودێری دارایی بە فەرمی پێی راگەیاندووە کە رێگری لێ دەکرێت، بۆ وردبینی لە داھات وخەرجی وگرێبەستەکانی چەند وەزارەتێکی حکومەتی ھەرێم وەک وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان.
لە ساڵانی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگانە راپۆرتێکی هەناردەکردنی نەوتی بڵاودەکردەوە کە زۆربەی خەڵک متمانەیان بەو راپۆرتانە نەبوو، کابینەی رابردوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆت کرد بۆ وردبینی لە داهاتی نەوت و کۆمپانیاکەش جارێک راپۆرتێکی وردبینی خۆی بڵاوکردەوە. بەڵام ئێستا کە سەردانی ماڵپەڕی سامانە سروشتییەکان دەکەی لە ساڵی ٢٠١٨وە ئاپدەیت نەکراوەتەوە. نە راپۆرتی مانگانەی سامانە سروشتییەکان ماوە و نە کۆمپانیای دیلۆتیش لەو ماوەیەدا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە.

پێویست بوو  داهاتی ناوخۆی چەند مانگی رابردووی ئاشکرا بکردایە

رێگەیەکی دیکە بۆ شەفافییەت و ئاگاداربوونی خەڵک لە خەرجی و داهاتی حکومەت پڕۆژە یاسای بودجەیە، کە شەش ساڵە هەرێمی کوردستان بەبێ بوودجە بەڕێوەدەچێت. هەربۆیە لە ئێستادا کە نە بوودجە هەیە و نە راپۆرتەکانی سامانە سروشتییەکان، پرسیارێک رووبەڕووی سەرۆکی حکومەت دەبێتەوە هاوڵاتییەکی ئاسایی چۆن دەتوانێت ئاگاداری داهات و خەرجی حکومەت بێت؟ ئایا پێویست نەبوو سەرۆکی حکومەت بە لایەنی کەم بە چەند رستەیەک تەنیا داهات و خەرجی ئەو سێ مانگەی حکومەتەکەی ئاشکرا بکردایە؟
هەر سەبارەت بە پرسی شەفافییەت باسی لەوەکرد، کە بەسەدان فەرمانبەری وەهمی و بندیواریان سڕیوەتەوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە بە چ میکانیزمێک سڕدراونەتەوە. ئایا مەبەستی ئەو ٥٠ هەزار فەرمانبەرەیە کە لە کابینەی پێشوودا بەپێی سیستمی بایۆمەتری سڕدرانەوە؟
باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کرد بەوەی تا رادەیەکی زۆر گەندەڵی کۆنتڕۆڵ کراوە و دۆسیەی چەندین بەرپرسی حکومەت و خاوەنکار دروانەتە دادگا. لێرەدا پێویست بوو سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان متمانە بە وتارەکەی بکەن بەلانی کەمەوە ئاماژەی بە چەند دۆسیەیەک بکردایە بۆ ئەوەی میدیاکان لەمەودوا بەدواداچونیان بۆ بکەن و راستییەکە بۆ خەڵک روون بکەنەوە.

سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ، مەسرور بارزانی هەواڵێکی گرنگی راگەیاند کە وتی تا کۆتایی ئەمساڵ لەڕێی رێکخستنی باجەوە، بە نیازن داهاتی ناوخۆ بە رێژەی لەسەدا ٥٠ بەرز بکەنەوە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام گرنگی ئەم بابەتە ئەو کاتە دەردەکەوێت کە خەڵک بزانن ئێستا داهاتی ناوخۆ چەندەیە. پێشتر بە شێوەی نافەرمی هەندێک پەرلەمانتار باسیان لەوە دەکرد کە داهاتی ناوخۆ لەنێوان ١٢٠ بۆ ١٥٠ ملیار دیناری مانگانەیە. بەڵام پێویست بوو لەچوارچێوەی ئەو شەفافییەتەی سەرۆکی حکومەت باسی دەکات خۆی داهاتی ناوخۆی چەند مانگی رابردووی ئاشکرا بکردایە.

جگە لەوەش کاتێک باسی لە رێکخستنەوەی سیستمی باجی کرد، رایگەیاند حکومەت هەموو ئەو رێکارانەی راگرتووە کە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک کۆمپانیا خۆیان لە پێدانی باج بدزنەوە. ئەمەشیان هەنگاوێکی گرنگە. بەڵام لە ئێستا ٢٢ هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ئایا ئەو ٢٢ هەزار کۆمپانیایە ئێستا باج دەدەن بە حکومەت؟ ئایا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک کار و قەیوان باج بە حکومەت دەدەن؟ بۆچی سەرۆکی حکومەت تەنیا بۆ نمونە ژمارەی ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ رای گشتی ئاشکرا ناکات بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک بە حکومەت زیاتر بێت.

لەبارەی پەرەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە نزیکەی نیو ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی هاتووەتە هەرێمەوە، کە ئەمەش بۆ ماوەی سێ مانگ ژمارەیەکی بەرزە و هەنگاوێکی گرنگە. بەڵام روونی نەکردەوە کە ئەم وەبەرهێنەرانە بەپێی پلان و بەرنامەی کابینەی نوێ هاتوون یان نا، هەروەها ئاماژەی بە تەنیا پرۆژەیەکی ئەو وەبەرهێنەرە بیانیانە نەکرد. باسی ئەوەی نەکرد کە بەو نیو ملیار دۆلارە چەند هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی هەرێم رەخساوە. 

 خۆی لە هێنانەوەی ژمارە و داتا دەپاراست

لەم رۆژانەدا کێشەیەکی گەورەی خەڵک کێشەی کارەبایە. مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ دا، کە ئەوەیش ئەوەیە ئێستا بۆ بەرهەمهێنان زیاتر گاز بەکاردەهێنن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە. 

ئەگەر پلانه‌كه‌ی  حكومه‌ت به‌مشێوه‌یه‌ بێت، دەبێت ئەمساڵ خەڵک کەمتر نیگەرانی کارەبا بن، چونکە لەلایەکەوە هەرێمی کوردستان ئێستا لەڕێی کۆمپانیای دانەغازەوە گاز بەرهەمدەهێنێت و بەمەش بە ئاسانی دەتوانرێت سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر لە هەر حاڵەتێکدا نەتوانرا گاز بەپێی پێوسیت دابین بکرێت، ئەوا دەتوانرێت لەو یەک ملیار دۆلارەی کە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت بەشێکی بۆ دابینکردنی گازوئیل تەرخان بکرێت.
بەڵام کەچی بەپێچەوانەی وتەکانی سەرۆکی حکومەت  بە وتەی بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی، لەسەدا ٥٠ی خواست لەسەر کارەبا زیادبووە و ئەگەر بەرهەمهێنان زیاد نەکەن ئەوا ناتوانن زستانی ئەمساڵ کارەبا بدەن بە هاوڵاتیان. واتە دۆخەکە لە ساڵانی رابردوو مەترسیدارترە.

دەستکەوتە راستەقینەکان
لەوانەیە تا ئێستا بۆ ئەم کابینەیە دوو دەستکەوت هەبێت کە خەڵک هەستی پێ بکەن، یەکەم رێکخستنەوەی کارکردنی فەرمانبەران بە تایبەت لە هەولێر و دهۆک. ئاستی رەزامەندی هاوڵاتیان لە فەرمانگە حکومییەکان زیاتر بووە، بەوەی کارەکانیان زووتر رایی دەبێت.
دەستکەوتی دووەمیش ئەوەیە لەم کابینەیەدا موچە بۆ ١٢ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت گەڕێندرایەوە.
خەڵکی کوردستان هەست بەم دوو دەستکەوتەی حکومەت دەکەن. سەرۆکی حکومەتیش کاتێک باسی خاوەنپێداویستییەکانی کرد باسی ژمارەی ئەو ١٢ هەزار خاوەنپێداویستییە تایبەتەی کرد کە موچەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، کەچی کاتێک باسی داهات و خەرجییەکانی دەکرد خۆی لە هێنانەوەی ژمارە و داتا دەپاراست.