05:11 - 09/12/2019
شۆفێران ته‌ڵه‌ى كامێراكانى هاتوچۆ ده‌ته‌قێنن
گرووپى ڤایبه‌رى شۆفێران، دانه دانه ته‌ڵه‌ى كامێراكانى هاتوچۆ پوچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه. هه‌زاران شۆفێر له‌كاتى لێخوڕیندا سه‌رنجى له‌سه‌ر ده‌نگى نامه‌ى ڤایبه‌ره‌كه‌یه‌تى تا له سزاى دارایى كامێرا‌كان پارێزراو بێت. ئه‌وان پێشوازى له‌م شێوازى هه‌ماهه‌نگى نێوان خۆیان ده‌كه‌ن. هاتوچۆ ده‌ڵێت، گرفتیان نییه له‌گه‌ڵ گروپه‌كانى ڤایبه‌ر. به‌ڵام چالاكوانانى بوارى هاتووچۆ باس له مه‌ترسى گروپه‌كان و زیانه‌كانى ده‌كه‌ن و كه‌یفیان پێى نایه‌ت.
گروپ چات و ره‌ماش، رێگه‌چاره‌ى ده‌ربازبوونن له داوى كامێرا‌كان
هۆكارى نیوه به‌ره‌وژوورى رووداوه‌كانى هاتووچۆ تیژڕه‌وییه، سیسته‌مى هاتوچۆى هه‌رێم كامێراى تاقوته‌راى كامێرا بۆ به‌رگرتن له خێرایى به‌كارده‌هێنێت و كامێراى جێگرى نییه، یاخود كارى پێناكات. شۆفێران شوێنى كامێرا‌كان نازانن بۆیه‌ش په‌نا بۆ رێگه‌ى جۆراوجۆر ده‌به‌ن بۆ راوكردنى كامێرا‌كان و خۆبه‌دورگرتن له پێبژاردنى سزاكان. گروپ چات و ره‌ماش لێدان، رێگه‌چاره‌ى ده‌ربازبوونن له داوى كامێرا‌كان.
به‌پێى ئامارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى هاتوچۆى هه‌رێمى كوردستان، له دوو ساڵ و شه‌ش مانگى رابردوودا ١٠هه‌زارو ٧٨٩رووداوى هاتوچۆ تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه ٦ هه‌زارو ٣٢٧ یان به‌هۆى تیژڕه‌وییه‌وه روویانداوه. ئه‌و ژماره قه‌بانه شۆفێرانى نه‌ترساندووه، زۆرینه‌یان له‌بیرى ئه‌وه‌دان بێ سزا كامێرا‌كان تێپه‌ڕێنن. ئه‌وان پێیان وایه كامێرا‌كان ته‌نها بۆ حكومه‌ت سودى هه‌یه و پاره بۆ حكومه‌ت كۆده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌رنا سیسته‌مى هاتوچۆیان رێكنه‌خستووه.
ده‌بێ كاسبى بۆ ئه‌وان بكه‌ین
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌هه‌ر شارێكى هه‌رێمى كوردستان گروپێكى ڤایبه‌رى تایبه‌ت درووستكراوه، شۆفێران تێیدا یه‌كترى له كامێرا‌كان و مه‌فره‌زه‌كانى هاتوچۆ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه. ژماره‌ى به‌شداربووانی گروپه‌كان به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندان، گروپى ڤایبه‌رى شۆفێران له سلێمانى له‌ماوه‌ى ته‌نها سێ مانگى رابردوودا ژماره‌ى به‌شداربووانى بووه‌ته ٤٨ هه‌زار به‌شداربوو. رۆژانه ١٢٠ بۆ– ١٦٠ نامه‌ى ده‌نگى تێدا بڵاوده‌كرێته‌وه له‌باره‌ى هه‌بوونى كامێراكانه‌وه.
عه‌لى فه‌تاح شۆفێری ته‌كسییه‌و له‌مۆبایله‌كه‌یدا ئینته‌رنێتى به‌رده‌وام هه‌یه، عه‌لى بۆ په‌یسه‌ر قسه‌یكردوو گوتى، زوو زوو ته‌ماشاى مۆبایله‌كه‌ى ده‌كات، تا بزانێت نامه‌ى نوێى بۆ هاتووه له گروپى شۆفێرانى هاوڕێیه‌وه یاخود نا،"ئه‌و رێگایانه‌ى كامێرایان تێدان، خۆمیان لێ لاده‌ده‌م یا به‌هۆشیارییه‌وه شۆفێرى ده‌كه‌م، خۆ كامێرا كات نازانێت، به‌رده‌وام و له‌پڕ له‌شه‌قامه‌كاندا هه‌ن".
هه‌زارو ٧٤٦ کەس لە دووساڵ و نیودا گیانیان لەدەستداوە
به‌پێى ئاماره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كه ته‌مووزى ئه‌مساڵ بڵاویكرده‌وه، له‌كۆى ئه‌و ١٠هه‌زار و ٨٧٩ رووداوه‌ى كه روویان داوه، پێنج هه‌زارو ٦٠٢ رووداویان له‌ڕێگاكانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان بوون، پێنج هه‌زار و ١٨٧ رووداوى دیكه له‌ناوشاربوون.
شۆفێران ته‌نها به گروپ چاته‌كانى ڤایبه‌ره‌وه په‌یوه‌ست نین، به ره‌ماش لێدانیش یه‌كدى له هه‌بوونى كامێرا ئاگادارده‌كه‌نه‌وه، یاخود چوارى ئۆتۆمبێله‌كانیان هه‌ڵده‌كه‌ن. حسێن مه‌حمود، شۆفێرى ته‌كسییه‌و بۆ هێڵى ده‌ره‌وه‌ى سلێمانى له (تێرمیناڵى شاره‌زوور) كار ده‌كات، حسێن بۆ تیژڕه‌وییه‌كه‌ى بیانووى هه‌یه‌و ده‌ڵێت"به‌هێواشى بڕۆین كاره‌كه‌مان وه‌ك پێویست نابێت، زۆرجار سه‌رنشینه‌كان داواده‌كه‌ن خێرا بڕۆین، ئه‌گه‌ر كامێرا بمانگرێت ئه‌وپاره‌یه‌ی ده‌ستمان ده‌كه‌وێت ده‌بێت دوو ئه‌وه‌نده‌ى بخه‌ینه سه‌رو بیده‌ینه كامێراكانى هاتوچۆ، واته ده‌بێ كاسبى بۆ ئه‌وان بكه‌ین".
به‌گوته‌ى حسێن، له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌رچوونێك شۆفێران په‌یوه‌ندى به شۆفێرى پێش خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و پرسیار له هه‌بوونى كامێرا ده‌كه‌ن. له ساڵانى (٢٠١٧ و ٢٠١٨) و شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵ، زیاتر له هه‌زارو ٧٤٦ کەس له‌هه‌رێمى كوردستان، به‌رووداوه‌كانى هاتوچۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه، ٢١هه‌زارو ٣٧٧كه‌س بریندار‌و كه‌مئه‌ندام بوون.
گوته‌بێژى هاتوچۆى سلێمانی ده‌ڵێت، ئه‌وان گرفتیان نییه له‌گه‌ڵ گروپ چاته‌كان، ئه‌وه‌ى بۆئه‌وان گرنگه، كه شۆفێره‌كان ئۆتۆمبێله‌كانیان هێواش بكه‌نه‌وه، ره‌تیشیكردووه، له‌سه‌ر گروپ چاته‌كان سزاى كه‌سیان دابێت. كاروان سدیق گوته‌بێژى هاتوچۆى سلێمانى بۆ په‌یسه‌ر گوتى،"ئێمه ئاگادارى هه‌بوونى گروپه‌كان و رێگاكانى دیكه‌ى ئاگاداركردنه‌وه‌ى شۆفێرانین، بۆیه ئێمه هیچ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ گروپه‌كان نییه‌و به‌دواداچوونمان بۆیان نه‌كردووه، به‌ڵام داواده‌كه‌ین له‌كاتى شۆفێریدا مۆبایل به‌كارنه‌یه‌ت، ئیتر با بۆ سه‌یركردنى ئه‌و گروپانه‌ش بێت، چونكه مرۆڤ به‌وهۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بێت سه‌رنجی نامێنێت".جه‌ختیكرده‌وه، هۆكارى سه‌ره‌كیى رووداوه‌كانى هاتوچۆ، تیژڕه‌وی و پابه‌ندنه‌بوونى شۆفێرانه به‌و خێراییه‌ى بۆ شه‌قامه‌كان دیاریكراوه.
غه‌رامه‌كردن حاڵه‌تێكى زۆر ئاسایى و شارستانییه
گروپه‌كانى ته‌قاندنى ته‌ڵه‌ى كامێرا‌كان له‌فه‌یسبووكیش هه‌ن، هه‌ڵۆ عومه‌ر ئادمینی یه‌كێك له‌و گروپانه كه خاوه‌نى نزیكه‌ى ١٠٠هه‌زار به‌شداربووە، پێى وایه هه‌وڵى ئه‌وان مه‌ده‌نییه‌و پێچه‌وانه‌ى یاسا نییه، به‌ڵكو له‌به‌رژه‌وه‌ندیى جێبه‌جێكردنى یاساكانى هاتوچۆیه."شوێنى مه‌فره‌زه‌كانى پشكنینی هاتوچۆ ئاشكراناكه‌ین، ئامانجمان هۆشیاركردنه‌وه‌ى شۆفێرانه، ده‌مانه‌وێت فشار درووست بكه‌ین له‌سه‌ر هاتوچۆ و شاره‌وانى، ئاگادارى كه‌موكورتییه‌كان بن به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو داهاته‌ى هه‌یانه، چونكه داهاتێكى خه‌یاڵییه‌و خزمه‌تیشی پێ ناكرێت، دانانى كامێرا له به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵك نییه" ئه‌و ده‌پرسێت، چ سودى هه‌یه شۆفێران دوو خوله‌ك خێرایی كه‌م بكه‌نه‌وه، دواتر زیادى بكه‌نه‌وه؟
ئه‌و بڕه پاره‌ى بۆ سزاى تیژڕه‌وى دیاریكراوه، به‌پێى یاساى ژماره ٨٦ى ساڵى ٢٠٠٤ دیاریكراوه، به‌پێى یاساكه هه‌ر شه‌قامێك خێرایى دیاریكراوى ٦٠ بێت، ئۆتۆمبێلێك به‌خێرایى ٨٠ بڕوات، ٨٠هه‌زار دینار پسوڵه‌ى سه‌رپێچیى بۆ ده‌كرێت.
شاره‌زایه‌كى بوارى هاتوچۆ بڕى سزاكه به زۆر نازانێت و ده‌ڵێت"كه‌مه". قادر سدیق سه‌رۆكى رێكخراوى رۆشنبیریى و سه‌لامه‌تیى هاتوچۆ بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"غه‌رامه‌كردن حاڵه‌تێكى زۆر ئاسایى و شارستانییه، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش وه‌رده‌گیرێت، له‌به‌رامبه‌ر سه‌رپێچى و تیژڕه‌ویدا كه‌مه، به‌راورد به‌یاساكانى وڵاتانى ئه‌وروپا، كه بۆهه‌ر سه‌رپێچییه‌ك ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دۆلار وه‌رده‌گرن".
غەرامەکە کەمە
به‌بڕواى ئه‌و دانانى كامێرا رووداوه‌كانى كه‌مكردووه‌ته‌وه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندیى هاوڵاتیاندایه، "به‌ڵام به‌راستى دیارده‌یه‌كی ناشارستانییه، به‌شێك له شۆفێران له‌رێگه‌ى ره‌ماش یان ئیشاره‌ت یان ته‌له‌فۆنه‌وه یه‌كتر ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه له‌هه‌بوونى كامێرا، جارێ ئه‌سڵه‌ن ته‌له‌فۆنه‌كه له‌كاتى لێخوریندا هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه، ئه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ش فێڵه‌و شۆفێران خۆیان له‌خۆیانى ده‌كه‌ن".